پرسیارەکانی منداڵەکانتان پشتگوێ مەخەن

Thursday, 03/12/2015, 1:22

5192 بینراوە


منداڵ کە لە دایک دەبێت هیچ نازانێت .. لە جیهانێکی فراوانی زۆر سەیر و سەمەرەی جەنجاڵ و سیخناخدا، چاوەکانی هەڵدێنێت و، گەشتی ژیانی دەست پێدەکات .. بە هەموو لایەکدا دەڕوانێت .. رۆژ لە دوای رۆژیش گەشەدەکات و، ئاسۆی بیر و هۆش و خەیاڵی فراوانتر دەبێت .. دەجووڵێت و هەڵپەدەکات .. ئەندامە هەستەوەرەکانی بەکاردەهێنێت .. بە چاوەکانی شتەکان دەبینێت و .. بە گوێیەکانی قسەکان دەبیستێت و .. بە دەستەکانی شتەکان دەگرێت .. بە هۆش و ئەندێشەی شتەکان لێک دەداتەوە .. وشە و رستە و زمان فێردەبێت .. دەدوێت و دەپرسێت .. رۆژانە دایک و باوک و کەسوکار و دادەکان و مامۆستاکانی پرسیارباران دەکات : بۆچی ؟ چـۆن ؟ کەی ؟ لە کـوێ ؟ بۆ ؟ کـام ؟ کـێ ؟ چەند ؟ چما ؟ لـۆ ؟ ئایا ؟ ... هتد . ئەم پرسیارانەش سروشتین، چونکە منداڵ دەیەوێت دەەربارەی دەوروبەرەکەی و رووداوەکانی ئەم جیهانە بپرسێت و، بزانێت و، بناسێت و ، شارەزایی لە بارەیانەوە هەبێت .. مەبەستیش لە پرسیارەکانی منداڵ، بریتییە لە شرۆڤەکردن، کە منداڵ لە شێوەی پرسیاردا گۆزارشتیان لێدەکات .. لە کەسانی گەورە دەپرسێت، کە پرسیارەکانی پێویست بە وەڵامدانەوە و شیکردنەوە و گفتوگۆ دەکەن . 
منداڵ بەوە ناسراوە، کە زۆر دەپرسێت و، هەموو جۆرە پرسیارێکیش دەکات .. منداڵی زۆرپرسیش منداڵێکی زیرەک و بلیمەت و بەهرەمەند و هەڵکوتوو و داهێنەرە، چونکە خۆش هیوایە و، دەیەوێت دەربارەی شتەکانی دەوروبەری زۆرترین زانیاری بزانێت .
منداڵ بەرهەمی رۆشنبیریی دەوروبەرەکەیەتی، لە میانەی وەڵامی پرسیارەکان لە دایک و باوکی یا بەخێوکەر و هاوڕێ و دادەکان و مامۆستاکانییەوە فێردەبێت و دەزانێت .. کورد وتەنیش : ( کەس لە سکی دایکیدا فێری شتێک نەبووە ) .
پێویستە هەردەم هانی منداڵەکانتان بدەن کە شەرم نەکەن و بە ئەوپەڕی ئازادییەوە بپرسن و..  بپرسن .. هەر هۆشێک کە بە بەردەوامی بپرسێت .. هۆشێکە کە توانای  چارەسەری داهێنانەی ئەو گرفت و کێشانەی هەیە کە دێنە رێی .. داهێنانیش کاتێک گەشەدەکات، کە هۆش و بیرکردنەوە رووماڵی هەموو لایەنەکان بکەن .. لە گۆشەی جیاوازیشەوە لە کێشەکان بڕوانن و .. بە دوای چارەسەری ناباودا بگەڕێن .. توانای پرسیارکردنیش ئەم مەبەستە دەهێنێتەدی .. مێشکی منداڵان و گەورەکانیش پڕن لە پرسیار، هەر بۆیەش نیشانەی پرسیارکردن ( ؟ ) لە سەر شێوەی سەری مرۆڤ دایە. 
پرسیارەکانی منداڵانیش بەپێی ئەو کۆمەڵگایەی لێی دەژین و، بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە دەوروبەرییانەوە وەریان دەگرن جیاوازیان هەیە .. ئەگەر لە منداڵانی لادێی و کۆچەرییەکان بڕوانین، دەبینین ئاستی زانستی و شارەزاییان سنووردارن، تەنها سەرچاوەی رۆشنبیرییان خێزانەکانیان و هاوڕێکانیانن لەو ژینگە تەسکەی لێیدەژین . بە پێچەوانە منداڵانی شار و شارستانی، کە لە ئاستێکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی فراوانتردا دەژین و .. کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و سەتەلایت و پلەیستێشن و ئایفۆن و جۆرەها بابەتی تەکنۆلۆژیای تازە لە بەردەستیان دایە و سوودیان لێوەردەگرن .. دیارە ئەمان لە منداڵانی لادێنشین و کۆچەرییەکان زۆرزانترن و چاوکراوەتر و رۆشنبیرترن .

کۆمەڵێک پرسیاری کلاسیکی باو هەن، کە نەوەکانی ئەمڕۆش ئەو پرسیارانە دەکەن و دووبارەیان دەکەنەوە .. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکاری و تەکنۆلۆژیای تازە و سروشتی ژیانی ئەم سەردەم و رۆژگارەدا، پرسیاری تازەش دێنە کایەوە .. پرسیارەکانی منداڵانی نەوەی ئینتەرنێت و سەتەلایت و ئایفۆن و فەیسبووک و ... هتد . جیاوازییان لەگەڵ پرسیارەکانی منداڵانی حەفتاکان و پەنجاکانی سەدەی رابردوو و پێشتريش هەیە .. بێگومان منداڵان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، بە قۆناغی پرسیارکردندا تێدەپەڕن .. بێ ئەوەی کە بێزاربن پرسیار لە دوای پرسیار دەکەن .. چونکە هۆگر و وێڵی دوای زانست و زانیاری و شارەزایین .. بۆ وەڵامی پرسیارەکانیشیان پشت بە دایک و باوک و دادەکان و مامۆستانیان دەبەستن .. بە تایبەتیش منداڵان لە دوو ساڵییەوە تا پێنج ساڵی کە قۆناغی پێش قوتابخانەی بنەڕەتییە و، بە ( قۆناغی پرسیار) یش ناودەبرێت، چونکە منداڵان لەم قۆناغەدا زۆر دەپرسن، دواتر بەرە بەرە پرسیارەکانیان کەمتر دەبنەوە . 
منداڵان لاسایی کوێرانەی هەموو ئەو شتانە دەکەنەوە کە دەیان بینن، لە نێوان لاسایی کردنەوە و بیرکردنەوەدا، بە سەدان پرسیار دێنە کایەوە .. لە قۆناغی منداڵیدا، منداڵان خەیاڵیان فراوانە و، راستی و خەیاڵ تێکەڵ دەکەن .. لە ناخی دڵە پاکەکانیانەوە، رۆژانە بە دەیان پرسیاری سەیر و راماناوی و هەلەق و بەلەق دەپرسن .. بەڵام لە راستیدا ئەم پرسیارانەیان زۆر گرنگن .. لەسەر بنەمای وەڵامە راست و دروستەکانی ئەم پرسیارانە هۆشی منداڵان پێکدێن و، داهاتووی هۆشیان دیاری دەکرێن .. تا وایان لێدێت ئیتر زۆر بە کەمی پرسیار لە دایک و باوکیان دەکەن .
( ئۆروک ) دەڵێت : " لەوەوە بزانە، کە منداڵەکانت گەورە بوونە، کە چیتر دەربارەی چۆنییەتی هاتنیان بۆ ژیان پرسیارت لێناکەن و.. پێشت ناڵێن کە بۆ کوێ دەڕۆن " 
منداڵ بۆ دەپرسێت ..؟
زاناکانی بواری پەروەردەی منداڵان، پرسیارەکانی منداڵان بۆ ئەم هۆیانە دەگەڕێننەوە :
١ـ ئارەزوو و شەیدایی منداڵان بۆ زانین و دۆزێنەوە .. چونکە دەربارەی ژینگەکەیان و رووداوەکانی دەوروبەریان نەشارەزان و .. دەیانەوێت دەربارەیان بزانن و بیاناسن و زۆرترین زانین و شارەزاییان لە بارەیانەوە هەبێت .. پرسیارکردن و زانینیش مافێکی سروشتیی منداڵانە .. گەر لە لایەن گەورەکانەوە وەڵام نەدرێنەوە، هەست بە رامان و بە نائارامیی دەروونییان دەکەن .
٢ـ منداڵان پێویستییان بە تێگەیشتن و شارەزایی هەیە .
٣ـ پێویستیی منداڵان بۆ بەشداری کردن و خۆدەرخستن و خۆسەلماندن .
٤ـ ئارەزووی منداڵان بۆ چاولێکردن لە گەورەکان .
٥ـ گەشەکردنی توانای زمانی منداڵان و، هەست کردنیان بەوەی کە دەتوانن بە باشی گوزارشت بکەن و لەگەڵ کەسانی تردا گفتوگۆ بکەن و تێبگەن و وەرگرن و ببەخشن 
٦ـ ترس و دڵەڕاوکێی منداڵان : زیاتریش دەربارەی ئەو شتانەی کە لێیان دەترسن دەپرسن .. داوای هەست کردن بە دڵنیایی و ئارامی و ئاسوودەیی دەکەن لە مەترسییە نادیارەکان .. بۆ نموونە : کە هەورە تریشقە چەخماخە دەدات و شریقەی دێت .. منداڵان دەترسن و دەپرسن .. حەزدەکەن دڵنیایان بکەنەوە کە هەورە تریشقە ئازاریان نادات و زیانیان پێ ناگەیەنێت .. زۆربەی منداڵانیش لە سەگ و گورگ و لە دز و تاوانبار و سۆاڵکەر و شێت دەترسن .. تەنانەت کە هیچ ئازارێکیشیان پێنەگەیاندووبن.
٧ـ بۆ ئەوەی سەرنجی کەسانی تر بۆ لای خۆیان رابکێشن و ئاوڕیان لێبدەنەوە و بایەخیان پێبدەن و بە هەندیان بزانن و، شوێنیان لە شیکردنەوەدا هەبێت .
٨ـ منداڵان هێزێکی تێبینی و سەرنجدانی ورد و بەهێزیان هەیە .. بە باشیش خۆیان دەردەخەن و دەپرسن .. ئەوان دەربارەی راستییەکانی ژیان دەپرسن و، بیر لە ناخی ئەم راستییانە دەکەنەوە .
٩ـ منداڵان خاوەنی خەیاڵێکی فراوانن .. بەبێ سنوور و سانسۆر، بە سەدان پرسیار بە خەیاڵیاندا دێت .. ئەو منداڵانەش کە زۆر دەپرسن سروشتین، بەڵکو زیرەک و گەشبین و داهاتوو گەش و روونن .. بێگومان هەندێ لەو پرسیارانەی کە دەیان کەن .. جێی سەرسووڕمان و ڕامان و دامانن بە لای گەورەکانەوە .. جاریش واش هەیە بەشێک لە پرسیارەکانیان لە گوێرەی خۆیان زیاترن .. یا پرسیاری فەلسەفی و بوونی و چۆنییەتی دەکەن، کە وەڵامدانەوەیەکی ژیرانەیان دەوێت .. وەکو :
من لە کوێوە هاتووم؟ خوا لە کوێیە ؟ بۆ خوا خۆی پێشانمان نادات ؟ ئاسمان بۆ شینە ؟ ژمارەی ئەستێرەکان چەندن ؟ باڵندە چۆن دەفڕێ ؟ ئێمە زیندووین یا خەونە ؟ بۆ پیاو منداڵی نابێت ؟ لە بەهەشتدا گەزۆی سلێمانی هەیە ؟ باپیرەم بۆ مرد ؟ رووح چییە ؟ چۆن لە لەش دەردەچێێت ؟ دایکە من لە شاییەکەی تۆدا لە کوێ بووم ؟ بۆ ئۆتۆمبیل ناتوانێت وەکو فرۆکە بفڕێت ؟ ئەی ئەو هەموو خەڵکە زۆرە چۆن لەو تەلەفزیۆنە بچووکەدا جێیان دەبێتەوە ؟ ئەمانە و بە سەدان پرسیاری سەیری لەم جۆرە .
١٠ـ زۆر جاریش منداڵان بە پرسیارکردن دەیانەوێت گەورەکان تاقیبکەنەوە . 
ئەو هۆیانە و بە دەیان هۆی تر هەن، بۆ ئەوەی کە منداڵان بپرسن و وەڵام بدرێنەوە .
بەداخەوە هەندێ لە دایکان و باوکان و مامۆستایانی نابەڵەد و بێ ئەزموون .. منداڵی زۆرپرس، بە منداڵێکی چەنەباز و بێزارکەر ناودەبەن و .. وەڵامی پرسیارەکانیان نادەنەوە و بێدەنگ دەبەن، یا بە ئەنقەست بە ( نـازانم ) وەڵامیان دەدەنەوە .. یا لێیان تووڕە دەبن، بۆ ئەوەی واز لە پرسیارکردن بهێنن .. بێ ئەوەی کە ئەوە بزانن کە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە هەڵە و نادروستەیان، چ زیانێکی دەروونی و، چ کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی نەرێنی و خراپی لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکانیان دەبێت. 
بێگومان هەموومان ناوبانگی کەڵە زانا و داهێنەری ئەمریکی ( تۆماس ئەدیسۆن ) ی داهێنەری گڵۆپی کارەبایی و بە سەدان داهێنانی تر، بیستوومانە .. ئەدیسۆن منداڵێکی زۆرپرس بوو .. کە منداڵ بوو لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیان دادەنیشت .. هەر کەسێک بە بەردەمیدا رەتبوایە ئەدیسۆن پرسیارێکی لێدەکرد .. تا گەیشتە ئەو رادەیەی کە خەڵکی لێی بێزاربوون و بە ( نـازانین ) وەڵامیان دەدایەوە .. بەرانبەر بەم وەڵامە هەڵەیەش، دیسان ئەدیسۆن لەو کەسانەی دەپرسی : " ئـەی بۆ نـازانن .؟"
ئەدیسۆن کە چووە قوتابخانەش، بەردەوام بوو لەسەر پرسیارکردن .. تا مامۆستاکانی لێی بێزار بوون و بە گەمژە و مێشک بۆگەن ناویان برد .. تەنها چەند رۆژێکی کەم لە قوتابخانەدا بوو .. رۆژێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی دەری کرد و پەیامێکی بۆ دایکی پێادا نارد کە تێیدا نووسیبووی : " باشتر وایە کە کوڕەکەت لە ماڵەوە دابنیشێت چونکە گەمژەیە " دایکی لە باوەشی کرد و وتی : " کـوڕەکەم گەمـژە نییە .. بەڵکو ئـەوان گەمژەن " وتیشی : " بچکۆلەکەم گەر هەموو کەسێک نکووڵی لە زیرەکی تۆ بکەن، ئەوە بۆ تۆ بەسە کە من بڕوام بە زیرەکی تۆ هەیە، تۆ منداڵە بلیمەتەکەمی  .. لێیان گەڕێ چی دەڵێن بابڵێن .. گوێ لەمن بگرە کە چی دەڵێم، تۆ زیرەکترین منداڵی لە جیهاندا "
بۆیە ئەدیسۆن دەڵێ : " دایکم بوو کە فێری کردم، چونکە ئەو رێزی دەگرتم و باوەڕی پێم هەبوو، ئەو هەستەی پێبەخشیم، کە من گرنگترین کەسم لە بووندا، بوونی من بوو بە پێویستییەک لە پێناویدا .. بەڵێنم بە خۆم دا، کە شەرمەزاری نەکەم، هەر وەکو ئەو کە هەرگیز شەرمەزاری نەکردم " شایانی باسیشە کە هۆی داهێنانی گڵۆپیش لە لایەن ئەدیسۆنەوە، هەر دایکی بوو .. چیرۆکەکەش بەم شێوەیەیە : شەوێکیان دایکی زۆر نەخۆش دەکەوێت .. ئەدیسـۆن دەیـبات بۆ لای پزیشـکـێک .. پزیشـکەکە پێی دەڵـێت : " دایکت پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام ئێستا شەوە و تاریکە، ناتوانم بەم تاریکییە نەشتەرگەریی بۆ بکەم، پێویستە چاوەڕێی بەیانی بکەین " .. ئا لێرەوە کەڵکەڵەی داهێنانی دروستکردنی ئامێرێک کەوتە خەیاڵی ئەدیسۆنەوە، کە بتوانێت ئامێرێکی ئەوتۆ دروست بکات تاریکی روو اک بکاتەوە . ئەوەبوو لە (٩٩٩) جاری تاقیکردنەوە بۆ دروستکردنی گڵۆپ شکستی هێنا .. بەڵام ئەدیسۆن بڕوابەخۆ بوو، کۆڵی نەدا و سووربوو لەسەر دروستکردنی گڵۆپ .. نەشی دەوت شکستم هێناوە، دەیوت: " لە (٩٩٩) تاقیکردنەوەمدا، نەبوونە هۆی دروست کردنی گڵۆپ " دوای هەر شکستییەکیش، ئەدیسۆن دەیوت : " رێگایەکی تر بۆ سەرکەوتن هەیە " درێژەی بە تاقیکردنەوەدا .. تا لە (١٠٠٠)  رەمین جاری تاقیکردنەوەکانیدا سەرکەوت و، گڵۆپی دروست کرد .. شۆڕشێکی تەکنۆلۆژیا و وەرچەرخانێکی نەمری مێژوویی پەرپاکرد . 
بەڵێ ئەو تۆماس ئەدیسۆنە زۆرپرسەی، کە مامۆستاکانی بە گەمژەیان دەزانێ .. بوو بەو کەڵە داهێنەرەی کە تا هەتایە مرۆڤ قەرزاری داهێنانەکەی ئەون و.. تا هەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە و، سەرجەم ئادەمیزادیش بە رێزەوە ناوی دەبەن و یادی دەکەنەوە . 
مەبەستیشم لەو کورتە باسە دەربارەی ئەدیسۆن ئەوەیە، کە ئێوەی دایکان و باوکان و مامۆستایانی کورد .. پێویستە پرسیارەکانی منداڵەکانتان پشتگوێ نەخەن و، بە دڵێکی فراوانەوە وەڵامیان بدەنەوە .. منداڵانی زۆرپرسیش بە جەنەباز و بە گەمژە مەزانن . 
پرسیارەکانی منداڵانیش، بەپێی قۆناخەکانی تەمەنیان جیاوازیان هەیە .. بۆ نموونە :
لە پرسیاری : ئەمە چییە ؟ بۆ پرسیاری : ئەمە چۆن ؟ بۆ پرسیاری : ئەمە بۆچی ؟ بۆ پرسیاری : ئەی دوای ئەوە ؟ پرسیارەکانی منداڵانی قۆناغی پێش چوونە قوتابخانە و، منداڵانی مێردمنداڵ و هەرزەکار جیاوازییان هەیە .. وەڵامی پرسیارەکانیش، پێویستە لەگەڵ قۆناخەکانی منداڵیدا بگونجێن.
گرنگی دان بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵان گەلی سوودی پەروەردەییان هەیە .. منداڵان هەست بەوە دەکەن کە ڕێز لە راکانیان دەگرن و، پێیان خۆشە کە بەشداری لە گفوگۆدا بکەن .. منداڵان زیاتر بڕوایان بە خۆیان دەبێت، وەڵامی دروست یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردنی دەروونی دروست ، بۆ گەشە و توانای زمانی، بۆ سازانی کۆمەڵایەتی .
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵەکانتان ئەم راستییانە لەبەرچاو بگرن :
١ـ نابێت وەڵامی پرسیارەکانیان بە درۆ یا بە ناتەواوی یا بە شێوازێکی دیبلۆماسی ناراست بدەنەوە .. چونکە منداڵان هەستیارن ئەگەر بۆیان دەربکەوێت کە ئێوە راستان پێنەوتوون .. بە درۆزنتان دەزانن و، بڕوایان پێتان نامێنیت و، وەڵامە هەڵەکانیشتان لە ئەمڕۆ و لە ئایندەشدا زیانیان پێدەگەیەنن، ئێوە و ئەوانیش باجی ئەو هەڵانە دەدەنەوە .
بۆ نموونە : ئەگەر منداڵێک لە دایکی پرسی : " من لە کوێوە هاتووم ؟ " نابێت دایکی وا وەڵامی بداتەوە : " تۆمان لە سوپەرمـارکێتێک کڕی " زوو ئەم وەڵامە درۆیە، بۆ منداڵەکەی ئاشکرا دەبێ و دایکی بە درۆزن دەزانێت و بڕوای بە وەڵامەکانی نامێنێت . 
٢ـ پێویستە وەڵامەکانتان بە پێی تەمەنی مندالەکانتان بن .. بۆ منداڵانی قۆناغی یەکەم سادە و ساکار بن و وشە و رستەکانتان بەپێی فەرهەنگی زمانی ئەو قۆناغە بن .
٣ـ هەرگیز لە زۆرپرسینی منداڵەکانتان بێزار مەبەن .. بەڵکو زۆر دڵخۆشبن، چونکە زۆرپرسین نیشانەیەکی زیرەکی و دۆزینەوە و داهێنان و ئایندە گەشییە .
٤ـ ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەتان لەو کاتەدا نەزانی .. دەتوانی بە منداڵەکەت بڵێیت : پرسیارەکەت جوانە .. بۆیە دەمەوێت وەڵامێکی جوانت بدەمەوە .. مۆڵەتم بدەری با بیربکەمەوە ، یا با سەیری کتێبێک بکەم و .. وەڵامەکەت بۆ بدۆزمەوە .. بەڵێنت دەدەمێ کە وەڵامت دەدەمەوە و.. لە بیری ناکەم .. یان پێی بڵێ : با باوکت بێتەوە لەوانەیە ئەو وەڵامێکی باشی پرسیارەکەت بداتەوە .
٥ـ هەندێ لە دایکان و باوکان پێیان وایە، کە زانینی راستییەکان لە تەمەنێکی بچووکدا  کاریگەرییەکی نەرێنی  لێدەکەوێتەوە .. بەڵام ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە .. لە جیاتی ئەم بۆچوونە هەڵەیە .. با بە شێوازێکی ئەرێنیی گونجاو و، بەپێی تەمەن و ئاستی زیرەکیی منداڵەکانتان راستییەکانیان بۆ روون بکەنەوە .
٦ـ ئەو پرسیارە رامانهێنەرانەی کە منداڵان دەربارەی رەگەزی ( جینسی ) دەیان کەن .. نابێت پشتگوێ بخرێن و .. ناشبێت ئەو منداڵانەی پرسیاری جینسی دەکەن بە بێ ئەدەب و بە بێ ئابڕوویان بزانن .. پێویستە هەر لە منداڵییەوە، پەروەردەیەکی جینسی دروست بکرێن .. چونکە ژیانی جینسی بەشێکی بنەڕەتییە لە ژیانی گەورەکاندا .. بەڵام زۆر جار گەورەکان لە روو دادەمێنن لە باسکردنی ئەم بابەتانە لەگەڵ منداڵەکانیاندا .. لەوە دەترسن کە کاردانەوەی لە گەشەکردنی منداڵ و لە ژیانی جینسیی داهاتوویان هەبێت .
من ( نووسەری ئەم بابەتە) لە بەشی منداڵان لە کتێبخانەی گشتیی شاری ( بێرگن ) لە نەرویج، بە دەیان کتێبی رەنگاورەنگی وێنەدارم دەربارەی ئەندامنی لەشی نێر و مێ و چۆنییەتی دووگیان بوون و لە دایک بوون بۆ منداڵانی قۆناغەکان هەن .. هەن کە بە شێوە و بە زمانێکی ساکار و سادە بۆ منداڵان چاپکراون .. رۆژانەش منداڵانی چەند باخچەیەکی ساوایان یا قوتابیانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان، تەنانەت خێزانەکانیش لەگەڵ منداڵەکانیان کە هەر هەموویان تێکەڵاون، دەیان هێنن بۆ بەشی منداڵانی کتێبخانەکە و، ئەو کتێبانە جینسییانە دەخەنە بەردەستیان و وێنەکانی ئەندامانی لەشی نێر و مێیان پێشان دەدەن .. تا لە منداڵییەوە لە بارەی جینس و دووگیان بوون و، لە دایکبوون، منداڵان نابەڵەد نەبن و بزانن .. هەروەها چەندین فیلم و سیدی و کاسێتی ڤیدیۆیی و میمۆری لە هەمان کتێبخانەدا و، دەربارەی هەمان بابەت هەن . دایک و باوکان دەیان خوازن و لە ماڵەوە پێشانی منداڵەکانیانی دەدەن .
٧ـ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵان لە لایەن دایکان و باوکانەوە .. مایەی بەخشینی پێخۆشحاڵییە بە منداڵەکانیان .. منداڵەکانیان ئەو هەستەیان لا دروست دەبێت، کە دایک و باوکیان فەرامۆشیان نەکردوون و، بەشداریی هەست و سۆز و ویژدانیان دەکەن .
٩ـ هەندێ جار دایکان و باوکان دەتوانن بە وێنەی رەنگاوڕەنگی دووتوێی کتێبەکان یا وێنەی گەورەی پەیوەند بەم بابەتە .. وەڵامی هەندێ لە پرسیارەکانی منداڵان بدەنەوە .
١٠ـ پێویستە دایکان و باوکان و بەخێوکەر و دادەکان و مامۆستاکان، هەردەم بە باشی ئامادەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵەکانیان بن .. تا منداڵان بە نەزانیان نەزانن و پەنا بۆ کەسانی تر نەبەن .. ئەوەش لەبەرچاوبگرن کە ئەم منداڵانە لەسەر رۆشنایی ئەو وەڵامانەی کە ئێوە دەیان دەنەوە، باوەڕ و هەست و هەڵویستەکانیان بنیات دەنێن . لەم روانگەیەوە، ئەوە بزانن کە وەڵامدانەوەی راست و دروستی پرسیارەکانی منداڵان چەند گرنگن و، چ رەنگدانەوە و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵە چاوگەشەکانی کوردستانی شیرینمان دەبێت .
بۆ نموونە : کە منداڵێک لە دایکی دەپرسێت : " دایکە من لە کوێوە هاتووم ؟ " دایکی ژیر و وریا پرسیاری منداڵەکەی پشتگوێ ناخات .. دەتوانێت بە شێوازێکی ساکاری لۆژیکی و راست و دروست وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە .. بۆ نموونە دەتوانێت بەم شێوەیە وەڵامی منداڵەکەی بداتەوە: 
ئازیزم، لە دنیادا هەموو گیان لەبەران نێر یا مێن .. مرۆڤیش ( ژن یا پیاو) ن .. یا ( کچ یا کوڕ) ن .. کە عازەب و گەورە دەبن .. کچ و کوڕ هاوسەرگیری پێکدەهێنن .. واتا دەبنە بووک زاوا و یەکتریان خۆشدەوێت .. من و باوکیشت هاوسەرگیریمان کرد و یەکتریمان خۆشدەوێ .. لە شوێنێک لە سکمدا کە پێی دەڵێن " منداڵدان " تۆ دروست بوویت .. ماوەی نۆ مانگ لە سکمدا گەورەبوویت و.. کاتی ئەوە هات کە لە دایک بیت .. بە هۆی کەناڵێکەوە کە ( بۆڕییەکی گۆشتینە) پێی دەڵێن ( کەناڵی لە دایک بوون ) تۆ لە دایک بووی .. شیر و خواردنم دایتێ تا بووی بەم منداڵە جوانکیلە خۆشەویستەم . خۆ ئەگەر منداڵەکەی لێی پرسی : ئەی من چۆن لە منداڵدانی تۆدا دروست بووم ؟ دایکی دەتوانێ پێی بڵێت : " بە هۆی تنۆکێکی شل لە لەشی من و تنۆکێکی شلی تر لە لەشی باوکت، لە منداڵدانمادا هەردوو تنۆکەکە یەکیان گرت و تۆیان لێ دروست بوو " .. دەشتوانێت بە هۆی وێنەی روونکردنەوەی رەنگاوڕەنگی نیۆ کتێبە جینسییەکانەوە، زیاتر وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ منداڵەکەی روون بکاتەوە .. یان بە هەر شێوازێکی تر کە کە ئەم دایکە خۆی بە باشی بزانێت، بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە .
لە کۆتاییدا دووبارەی دەکەمەوە، پێویستە پرسیارەکانی منداڵەکانتان پشتگوێ نەخەن و خۆتان لێیان نەدزنەوە .. هەرگیز بە هەڵەش وەڵامیان مەدەنەوە .. هەردەمیش هانیان بدەن بۆ ئەوەی کە پرسیاری زیاتر بکەن .. بەبێ پێچ و پەنا و، بەبێ شەرمکردنیش بە روونی وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە .. بە تایبەتیش ئەو پرسیارانەی کە رامان و دامانتان دەکەن .. یا ئەو پرسیارە جینسییانەی، کە بە زەق و رووتیان دەزان .. چونکە گەر ئێوە وەڵامیان نەدەنەوە .. لەوانەیە لە کەسانی تر یا لە منداڵێکی لە رێ دەرچوو بپرسن و، کۆمەڵێک وەڵامی هەڵە و گوماناوی زیانبەخشیان بدەنەوە و کاریان تێبکەن .. ئۆباڵی ئەم ئاکام و ئەنجامە نەخوازراوەش، لە ئەستۆی ئێوەی دایکان و باوکان و بەخێوکەر و فێرکەر و پەروەردەکار دایە .. هەردەمیش پێویستە ئێوەی دایکان وباوکان و دادەکان و مامۆستاکان، ببنە نموونەیەکی باش و بەرز بۆ منداڵەکانتان، چونکە منداڵان چاولێکەرن و میراتگری رەفتار و هەڵسوکەوت و کارە جوانەکانی ئێوەن . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە