ئەنجومەنی ئێزدیەکانی شەنگال 22 بڕیاری گرنگ دەدەن ڕۆژنیوز بڕیارەکان بڵاودەکاتەوە

Thursday, 12.03.2015, 1:30

2998 بینراوە


ڕۆژنیوز - شەنگال
ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال ئه‌نجامى کۆبوونه‌وه‌ى به‌رفراوانى خۆى رایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نه‌که‌ داواى له‌ حکومه‌تى ئێراق و هه‌رێمى کوردستان کردوە که‌ دان به‌ خۆبه‌رێوه‌به‌رى شه‌نگال دا بنێن. داواشى کرد که‌ دادگایه‌ک بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵکوژى شه‌نگال ئاوابکرێت.
کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال رۆژى 29.11.2015 به‌به‌شدارى 250 ئه‌ندامى ده‌زگاکانى سه‌ربه‌ئه‌نجومه‌ن، ته‌ڤگه‌رى ئازادى ئێزیدیان، سه‌ندیکاى مامۆستایان، ئه‌نجومه‌نى ژنان، ئه‌نجومه‌نى گه‌نجان و خه‌ڵکى شه‌نگال به‌رێوه‌چوو، ئه‌نجامى کۆبوونه‌وه‌که‌ش به‌ کۆنفراسێکى رۆژنامه‌وانى بۆ رایگشتى راگه‌یه‌ندرا.
له‌کۆنفراسه‌که‌دا نوێنه‌رانى ته‌ڤدا، سه‌ندیکاى مامۆستایان، ئه‌نجومه‌نى ژنان  و گه‌نجانیش به‌شداربوون، (ساڵح خدر) وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال راگه‌یه‌ندراوى کۆبوونه‌وه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ و ده‌ستنیشانى کرد که‌ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ى له‌ 3ى ئابدا پێکهات هیچ کات له‌بیرناکرێت و وتى:" له‌و جینۆسایده‌دا به‌هه‌زاران مرۆڤ بوونه‌ قوربانى و رفێندران، ئه‌وانه‌ى زۆرترین ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازاریان کێشا دایک و خوشکانمان بوون که‌ به‌دیلی که‌وتنه‌ ده‌ستى چه‌ته‌کانى داعش".
(هێزه‌ چه‌کداره‌کان خه‌ڵکیان ته‌سلیمى داعش کرد)
سالح خدر ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ له‌کاتى هێرشى گروپه‌ چه‌ته‌کانى داعش دا زیاتر له‌ 10 هه‌زار چه‌کدارى سه‌ربه‌ پارته‌ سیاسیه‌کان لێربوون و خه‌ڵک هیواى به‌وان بوو بیانپارێزن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ بێ ئه‌وه‌ى شه‌ڕ بکه‌ن کشانه‌وه‌ و خه‌ڵکى شه‌نگال ته‌سلیمى داعش کران.
(قاره‌مانى له‌بیرناکرێت)
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال رایگه‌یاند که‌ دواى ئه‌و رووداو و کاره‌ساته‌ی رووبه‌رووى کوردانى ئێزیدى بوووه‌وه‌، له‌ 13ى تشرینى دووه‌مدا دۆخه‌که‌ له‌شه‌نگال گۆرا و لەوبارەیەوە دەڵێت:" شه‌نگال رزگاربوو چه‌ته‌کانى داعش له‌و هه‌رێمه‌ وه‌ده‌رنران، ئه‌و قاره‌مانێتیه‌ى له‌ 13ى تشرینى دووه‌م هه‌ر له‌ گردى کۆلیک هه‌تا سۆلاخ به‌رێوه‌چوو، هیچ کاتێک له‌بیر ناکرێت، زیاتر له‌ 170 شه‌هید دران، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌تا ئێستا ته‌واوى شه‌نگال ئازاد نه‌بووه‌، ئێستاش چه‌ندین گوندمان له‌ده‌ستى گروپه‌ چه‌ته‌کانى داعشدان، به‌ڵام له‌کوێ ده‌بێت با ببێت هه‌ر کاتێک یه‌ک بستى خاکه‌که‌مان له‌ژێر ده‌ستى گروپه‌ چه‌ته‌کانى داعش رزگارکرا‌ سه‌ربڵند ده‌بین".
(22 بڕیار دراون)
سالح خدر ئاشکرای کرد که‌ له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رله‌به‌رى ئه‌و بابه‌تانه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر کراوه‌ و وتى:" له‌ئه‌نجامى ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا 22 بڕیارمانداوە، ئه‌و بڕیارانه‌ له‌هه‌مانکاتدا به‌رنامه‌ى کارى ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یه‌ بۆ راگه‌یاندنى خۆبه‌رێوه‌به‌رى شه‌نگال، خۆبه‌رێوه‌به‌رى شه‌نگال لێره‌ به‌دواوه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و خاڵانه‌ کار ده‌کات و به‌رێوه‌ده‌چێت".

بڕیارەکانیش به‌و شێوه‌یه‌ن:
1ــ داوا له‌ یه‌کێتى عێراقى فیدراڵ و هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین که‌ خۆبه‌رێوه‌به‌رى شه‌نگال قبوڵ بکه‌ن و داواکاریه‌کانى خه‌ڵکى شه‌نگال جێبه‌جێ بکه‌ن، خۆبه‌رێوه‌به‌رى دیموکراتى که‌ له ‌14ى کانوونى دووهەمی 2015 دامه‌زرا و بۆ هه‌موو که‌س کراوه‌یه‌ و گه‌له‌که‌مان ده‌توانن بێن و تییادا به‌شداربن و دواى رزگارکردنى شه‌نگال داواى هاوکارى ده‌کات.
2 ــ ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ى له‌شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى حیزبى دامه‌زرابوون، له‌کاتى هێرشى گروپه‌ چه‌ته‌کانى داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمه‌که‌ خه‌ڵکیان به‌ته‌نیا به‌جێهێشت و چوونه‌ شارەکانی دیکەی باشوور یاخود تورکیا و ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق دواى 4 ساڵ ده‌بوو ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ بوه‌ستابان، به‌ڵام به‌هۆى به‌رژوه‌ندییه‌کانیان به‌رده‌وامبوون، هیچ ره‌وایه‌تى و فه‌رمیه‌تى ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ که‌ به‌بێ هه‌ڵبژاردن ماوه‌ى 10 ساڵه‌ به‌رده‌وامن نه‌ماوه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت کارى ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ بوه‌ستێنرێت و شه‌نگالێکى نوێ له‌سه‌ر بنه‌ماى خۆبه‌رێوه‌به‌رى دامه‌زرێت.
3- دەبێت لە شەنگال دادگایەک ئاوابکرێت لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو جینۆسایدە بکات کەبەسەر خەڵکی ئێزدی شەنگالداهات، هەروەها لێپرسینەوە لەو کەسانەش بکات کە بوونە هۆکاری جینۆسایدی ئێزدیەکان.
4- ا / دەبێت شەنگال ببێتە هەرێمی خۆسەر و بەپێی خاڵی 116 و 125 ی دەستووری بناغەیی عێراق کەلەساڵی 2005 ئەرێ کراوە، ماف بدرێتە خەڵکی ئێزدی شەنگال خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، لەو چوارچێوەیەشدا داوا لە گەلەکەمان لە بەعشیق، باجەنان و شارۆچکەی شێخانیش دەکەین خۆبەڕێوەبەری خۆیان ڕابگەیەنن.
ب/ لەساڵی 1920 و 1921 لەوکاتەی حکومەتی عێراق ئاواکرا، شەنگال کرا بە شارۆچکە، بەڵام زۆر پیلانیان لەسەر بەڕێوەبەرد و زۆربەی شارۆچکە و گوندەکانی شەنگالیان دابڕی و بە هەرێمی ترەوە گرێیاندان، ئێمە داوا دەکەین جوغرافیای شەنگال بگەڕێتەوە بۆ سەرەتایی ئاواکردنی خۆی.
5- دەبێت یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) وەک بەرپرسی پاراستنی سنوری شەنگال و ئاسایشی ناوخۆیی سەیربکرێت، هێزەکانی پۆلیس و پێشمەرگەی هاوبەشیش دەتوانن لەژێر فەرماندەیی هاوبەشدا ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن، دەبێت بانگ لە وڵاتان بکرێت هاوکاری سەربازی و ئابووری بداتە یەبەشە.
6- داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ڕێگەی هاتوچۆ لە بەر شەرڤانانی یەبەشە و ئەندامانی ئەنجومەنی کاتی لە باشووری کوردستان نەگرێت.
7- هێزەکانی گەریلای هەپەگە و یەژاستاری شەنگال، دەتوانن ئەرکی پەروەردەی سەربازی شەرڤانانی یەبەشە لە ئەستۆ بگرن تا ئەوکاتەی دەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و بەرگری لە خاک و خەڵکی شەنگال بکەن.
8- ژنان لە کۆمەڵگادا نوێنەرایەتی پاشەڕۆژی ژیانی ئازاد دەکەن، لەبەر ئەوە ڕۆڵی ئەوان لە ئاواکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی و کلتووری دا گرنگ و چالاکە، دەبێت لەهەموو لایەنەکانەوە نوێنەرایەتی و کاریگەری خۆیان هەبێت.
9- ئاواکردنی کۆمیتەی بەدواداچوونی ئەو زیانەکان هاتونەتە ئاراوە و سەرلەنوێ  ئاواکردنەوەی شەنگال لەلایەن بەڕێوبەرانی پێشوەوە ڕەد دەکەینەوە، داوا دەکەین کۆمیتەیەک ئاوابکرێت کە بەشێوەیەکی هاوبەشی نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی شەنگال بکات.
10- هیچ کیشەیەکمان لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای حکومەت یاخود هەرێم یان حزبێکی سیاسی لە شەنگال نیە.
11- دەبێت پشتیوانی ماددی و مەعنەوەی بدرێتە ئەو بنەماڵە و ژنانەی بەدیلگیرابوون، تا سەرلەنوێ ژیانی خۆیان ئاوابکەنەوە و قەرەبوو بکرێنەوە، بۆئەوەش دەبێت ناوەندێکی پەروەردە لە شەنگال بکرێتەوە، بنەماڵەی شەهیدان و کەسوکارەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە، هەموو قوربانیەکانی ئەو کۆمەڵکوژیە وەک شەهید هەژمار بکرێن.
12 – دەبێت ئەوەی لەبەرامبەر ژنانی شەنگال کرا وەک هەوڵدانی پاکتاوکردن و جینۆسایدی بەکۆمەڵ سەیربکرێت و دۆسیەی پەیوەست بەوە ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار بکرێت.
13- لەدەرەوەی ئەنجومەن، دانوستاندن لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە کە بانگەشەی نوێنەرایەتی ئێزدیەکان دەکەن وەک دانوستاندن لەگەڵ ئێزدیەکان قبوڵ ناکرێت، بەڵکو وەک دانوستاندنی شەخستی یان حزبی سەیر دەکرێت، ئەوانەی لەخۆیان ڕادەبینن بابێنە ناو ئەنجومەن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
14- دەبێت داوا لەلایەنی پەیوەندیدار بکرێت هەموو هەوڵی خۆی بخاتە کار بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی ڕفێندراون و بۆ ئەو مەبەستە دەست بەکار و خەبات بکەن.
15- دەبێت هەموو ئەو کەسانە سزابدرێن کە تاوانی کوشتن، حەڵاڵکردن، هاوکاری کردنی چەتەکان، چوونەڕیزی چەتەکان، دانوستاندن لەگەڵ چەتەکانی و هتد،،،، کردوە، نابێت بەبەهانەی ئاینی، نەتەوەیی یاخود مەزهەبی لەهیچ کەس خۆشببن، هەرکەسێک بەپێی بەرپرسیارێتی ئەو شتەی کردویەتی سزاکەی وەریبگرێت، ئەوەش بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤ و سیستمی دیموکراتیک پێکدێت.
16- دەبێت لێدوانێکی بەرفراوان بۆ ئەو دەوڵەت و لایەنانە ئامادەبکرێت کە هاوکاری، مرۆیی، سەربازی و دارایی تا ڕزگارکردنی شەنگال پێشکەشی کۆچبەرانی ئێزدی کردوە تیایدا دەستنیشان بکرێت کە کێ چیداوە و کێش وەریگرتووە.
17- ئێزدیەکان داعش وەک ڕێکخستنێکی تیرۆریستی دەبینێت کە نوێنەرایەتی هیچ دین و مەزهەبێک ناکات، کار و کردەوەی هیچ کەسێکیش کە زیان بگەیەنێتە پەیوەندی مێژووی و ژیانی هاوبەشی نێوان پێکهاتە ڕەسەنەکانی ناوچەکە قبوڵ ناکرێت، ئەو کەسە دەبێت بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی خۆی بەجێبهێنێت.
18- سوپاسی یەکینەکانی پاراستی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) دەکەین کە پشتیوانی مرۆییان لێکردین، گیانی خۆیان لەپێناو ئێمەدا و ڕێڕەوی مرۆییان کردەوە، هەزاران بنەماڵەی ئێزدیان لە چیای شەنگال ڕزگارکرد، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و یەکینەکانی ژنانی ئازاد (یەژاستار) و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) ماوەی 15 مانگ لە چیای شەنگال خەڵکیان لەهێرشی چەتەکان پاراست، نەیانهێشت داعش خۆی بگەیەنێتە ئەو بنەماڵانەی لە چیای شەنگالن و کۆمەڵکوژیان بکەن، ئەو هێزانە لە ڕزگارکردنەوەی شەنگال ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە سوپاسیان دەکەین.
19- سوپاسی حکومەت و گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێکخستنەکانی ڕۆژئاوا، حکومەت و گەلی هەرێمی کوردستان، حکومەت و گەلی عێراق، گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە هاوکاری کۆچبەرانی ئێزدیان کردووە.
20- داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەین، هاوکاری سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی شەنگال و دەوروبەری بکەن و کۆنگرەیەکی نێونەتەوەیی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامبدرێت.
21- بانگ لە هەموو کچ و کوڕانی ئێزدیخان دەکەین بچنە ڕیزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، ئەوانە تاکە هێزن کە دەتوانن نوێنەرایەتی ئیرادەی بەرخۆدان و پاراستنی ئێزدیخان بکەن.
22- داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان دەکەین کە ڕێز لە ئیرادە و داخوازیەکانی خەڵکی ئێزدی بگرن.