هه‌رێم و که‌باب

Thursday, 03/12/2015, 23:47

6512 بینراوە


پرەنسیپی تورکیا ئەوەیە کە نابێت دان بە کورددا بنێت
تورکیا بە دەستکێشەوە تەوقە لەگەڵ هەرێمدا دەکات
ئۆردوگان له‌ تورکیا له‌ چێشتخانه‌و هوتێل به‌ ده‌م که‌باب خواردنه‌وه‌ گرێبه‌ستی نه‌وتی بە دەستەڵاتدارانی هەرێم ئیمزا ده‌کرد. پێشوازیی له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌کرد له‌گه‌ڵ دوو گۆرانیبێژ "شڤان په‌روه‌ر"و "برایم تاتڵیتس"دا. ئه‌مه‌ به‌ مه‌رجێک سه‌رۆکی هه‌رێم یه‌ک سترانی نه‌وتووه‌.
بە گێڕانەوەی د.مەحمود عوسمان کاتی خۆی مه‌لا مسته‌فا له‌ سه‌ر سنور نامه‌یه‌ک ده‌نێرێت بۆ دەستەڵاتی تورکه‌کان. پاش ماوه‌یه‌ک وه‌ڵامی نامه‌که‌ دێته‌وه‌. وه‌ڵامی نامه‌که‌ بریتی دەبێت لە نامه‌که‌ی مه‌لا مسته‌فا خۆی به‌ نه‌کراوه‌یی. کاتێک کورد لەم وەڵامە دەپرسێتەوە، تورکه‌کان ده‌ڵێن: "نامه‌که‌تان بکه‌ینه‌وه‌ مانای وایه‌ دانتان پیادا ده‌نێین."
مانگی یانزەی ساڵی ١٩٩٦ تورکیا ٢٨ لاوی باشوری کوردستانی کوشت کە ویستبوویان لە تورکیاوە بگەنە ئەوروپا. لە ستۆکهۆڵم نوێنەری خۆپیشاندانێک لە بەردەمی سەفارەتی تورکییدا ویستی بچێت و نامەیەکی ناڕەزایی بدات بە سەفارەت. پۆلیسە سویدییەکە لە سەفارەتەوە هاتەوەو وتی: "سەفارەت ئامادە نییە بتانبینێت." نامەکە درا بە پۆلیسەکە خۆی بیداتە دەستیان. پۆلیس لەو سەرەوە هاتەوەو وتی: "نامەکە وەرناگرن." ئەمجارە پۆلیسەکە راسپێردرا کە بیخاتە ناو پۆستەکەیانەوە. دوبارە پۆلیسەکە بە نامەکەوە هاتەوەو وتی: "رێ نادەن نامەکەتان بچێتە پۆستەکەشیانەوە. هیچ شتێک لە ئێوە وەرناگرن." ئەی باشە چی دەکەیت؟ هەموو هەستمان بە ئیهانەیەکی گەورە کرد. وڵاتێکی کەڕ، کوێرو ئیفلیچ هیچ زمانێکی ئینسانیی نایکاتەوە.
پرەنسیپی تورکیا ئەوەیە نابێت دان بنێت به‌ بوونی کورددا. بۆیه‌ ئۆردوگان ویستی پیشانی خه‌ڵکی تورکی بدات که‌ حسابی گۆرانێبێژێک بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌کات نه‌ک حسابی سیاسیی کاتێک کە لەگەڵ دوو گۆرانیبێژدا لەگەڵیدا دەرکەوت. ئه‌مه‌ وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ به‌ ده‌ستکێشه‌وه‌ ته‌وقه‌ لەگەڵ یەکێک بکه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستنوێژه‌که‌ت نه‌شکێت. به‌ڵام ئێمه‌ له‌و زۆڵتر بووین. وا خۆمان پیشان دا که‌ تێناگه‌ین. ئۆردوگان وایده‌زانی خۆی زیره‌که‌. به‌ڵام له‌ راستییدا سه‌رگرده‌کانی کورد له‌وه‌ زیاتر هیچی تریان پێ نییه رێگایه‌کی تری پێ بگرن‌. گه‌لێکی بێ ماف، ملکه‌چ و کۆیله‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌سته‌ڵات له‌ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت که‌ بیفرۆشێت.
سه‌یره‌ که‌ زۆر جار خه‌ڵکیی ده‌پرسن: بۆچی کورد نه‌بووه‌ به‌ هیچ؟ له‌ کاتێکدا ده‌بوو تا ئێستا فێری ئه‌وه‌ ببین کە راستر پرسیار بکه‌ین: ئایا بۆچی ببین به‌ هیچ؟ بۆ هۆیه‌ک هه‌یه‌؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە