مەستانی کوچەی (باخی دلاوەر)

Sunday, 20/12/2015, 5:07

2427 بینراوە


مەسعود محەمەد: " شەرەفی مرۆڤ لە ئازادیدایە"
راسل:"خەلک بیانەوێ و نەیانەوێ، لە عیشقیاندا بۆ دەسەڵات، پێوانە رەوشتیەکان ژێرپێ دەخەن"
هەموو سەرۆکە دکتاتۆرەکان پێویستیان بە دوژمن هەیە، هەرەشەی دەرەکی، شەڕی لابەلا، لە کاتێکدا کە ئەمانە هەمووی ئەو نعمەتانەن کە دکتاتۆر ئامادەیە خەزێنەی دەوڵەتی پێبدات
- قەڵەمەکانی دەربار.
-زوڕناژەنانی ئەهریمەن.
یەکێک لەو نەخۆشیە دەروونیانەی کە مرۆڤ بەرە و هەڵدێر دەبات، لە خۆ بای بوون و خۆ بەزل زانینە، خۆ بینینە لەسەرووی  خەڵکەوە، بێگومان ئەم نەخۆشییە دەروونییە ماکی زۆرە و هێدی هێدی دەردەکەون و مەودایەکی فراوان لە بەتاڵی دروست دەکەن لە نێوان ( خۆ بەزل زان) و (خەڵکە ئاساییەکە) دا ، چونکە ئیتر ئەو نائاسایی و رەفتارەکانی عاجباتی دەبن. ئەم کەسایەتیانە لە کۆتایدا تووشی ماخۆلان دەبن و وەهم و خەیاڵی تراویلکەیی سەریان لێدەشێوێنێت وقسەی سەیر و سەمەرەیان لێدەبیستیت، بۆ نموونە: فەتح عەلی شا:  پێی وابوو قۆزترین پیاوی دنیایە ( لە حاڵێکدا قۆڕترین پیاوی دنیای خۆی بوو)، هێتلەر پێی وابوو باڵا بەرزترین پیاوی جیهانە، بۆیە ( ئیڤا براون ) ی بە سوتلی خۆی هەڵبژارد تا لە پشت باڵا بەرزەکەی ئیڤاوە، گورنەتەڵەیی خۆی بشارێتەوە.
ئەم کەسایەتیانە ئیتر پێیان وایە مێژوو لەوانەوە دەست پێدەکات، تەنیا  پێناسە بۆ هەموو رووداوەکان هەر ئەوەی ئەوانە، بۆیە بۆ داپۆشینی خواستە دەروونییەکەیان دەکەونە پاکانە کردن، فرۆم دەڵێت: " لۆجیکی دەسلاتڕانی دەڵێت: من بەرژەوەندی تۆم دەستیشان کردووە، بۆیە فەرمانڕانیت بەسەردا دەکەم سوودی تۆش لەوەدایە بێ سەرپێچی کردن پەیڕەویم لێ بکەیت ". 
فەرمانڕان بە دیوی ناوەوەی ئەم پاکانەیەیدا دەیەوێت بە خەڵک بڵێت: من ئەوندە زانا و دانا و چاک و بێ وێنەم، مافی خۆمە یا بنەماڵەکەمە کە چاوەڕوانی ئەوە لەخەڵک بکەین ببنە پاشکۆمان.
هەر بۆ شاردنەوەو داپۆشینی گرێ دەروونییەکان و ئەو کەم و کورتیانەی کە هەیانە، تۆڕێک ریاکاران لە دەوری خۆیان خڕدەکەنەوە، پەسەنکردنیان زۆر پێخۆشە و لە ناخەوە دڵشادیان دەکات، خۆ دەزانن ریاکاران درۆزنەکانن، بەڵام گرێ دەروونییەکان خەریکە دەیان کوژێت، بۆیە دەیانەوێت ریاکاران درۆیان بۆ بکەن، باس لەو خەسڵەتانە بکەن کە ئەمان نیانە، لەدڵی خۆیاندا دەڵێن، خۆ دەزانم درۆ دەکەیت، بەڵام درۆ بکە چونکە پێویستم بەو درۆیانەی تۆیە، ئەم حاڵەتە لە ژن رووبدات یا لە پیاو، لە ئینسان بوونی دەخات و تەنیا ئاراستە بەرەو هەڵدیرانە، زۆرمان بینی لەو نمونانە و ئیستاش زۆر بەڕێوەن بەرەو هەڵدێران، جیاوازی نییە، لە بەرزترین پلەی فەرمانڕانیدا بیت و ئەم سیفەتانەت هەبێت، یا تاکێک بیت و ئەم سیفەتانەت هەبێت...جیاوازییەکەیان ئەوەیە، کە دکتاتۆر کۆمەڵگایەک بەرەو هەڵدێر دەبات و ژنەکە یا پیاوەکە خۆیان و خیزانەکەیان، کە هەردوکی تاوانە، لە پێوانەی جیاوازدا، هەرچەندە لە حاڵەتی دکتاتۆردا، کۆمەڵگا تاوانبارە لە خەمڵاندنی زەمینەی بەدکتاتۆربوون، ئەم خاڵە گرنگە، روونمان کردۆتەوە کە میللەت قوربانی نییە، ئەو دەبێت هەر  زوو بڵیت: نا ، بۆ دکتاتۆرییەت بەهەر رەنگ و دەنگێکەوە  بێت.
برێشت روو لە دایکانی ئەڵمانی دەکات و دەڵێ:" بۆچی بەرتان بەو شەمەندەفەرانە نەگرت کە کوڕەکانتانی بۆ بەرەکانی جەنگ دەگواستەوە ".
جا هەر سەرۆکێک، کەی بەرژەوەندییەکانی و زەوقی و حەزەکانی جوڵا، شەڕێک دروست بکات بۆ میللەتەکەی! ئەو کەی سەرۆکە و ئەوان کەی میللەتن؟!! هەموو سەرۆکە دکتاتۆرەکان پێویستیان بە دوژمن هەیە، هەرەشەی دەرەکی، شەڕی لابەلا، لە کاتێکدا کە ئەمانە هەمووی ئەو نعمەتانەن کە دکتاتۆر ئامادەیە خەزێنەی دەوڵەتی پێبدات، ئیتر ئەم ناز و فیزە چییە دکتاتۆرەکان، لەکاتی دەرکەوتنیاندا لە پشت کامێراکانەوە، وەک ئەدا و ئەتواری ئاشتیخوازانە پیشانی دەدەن؟!!
جا لەم زەلکاوەی دکتاتۆریەت و پوچبوونەوەی بنەما ئینسانیەکاندا، پەتا و درمەکە دەگاتە لوتکەی مەترسیداری خۆی کاتێک  رابەرانی میللەت ( کە بەناچاری بریتین لە خاوەن قەڵەمەکان و بڕوانامەکان*، جا راست یا درۆ، لەبەر تێکچونی پێوانەکان لە کۆمەڵگای وادا و وەک داستایۆڤسکی دەڵیت: "کە خوا نەبوو هەموو شت رەوایە"، ئەوان دەبنە پێشڕەوی خەڵکەکە و بەرەو دەسەڵات بەکێشیان دەکەن و دەبنە زوڕنا ژەنی ئەهریمەن و ئیتر کۆ لەهیچ پووچ بوونێک ناکەنەوە و مەکینە زەبەڵاحەکەی درۆ و تەفرەدان دەسوڕینن و مەترسی لەسەر نەوەیەک دروست دەکەن کە لەباتی رۆشکردنەوەیان و گێرانەوەیان بۆ سەر راستە شەقامی ئینسان بوون، بەرەو چاڵی ریاکاری و پووچەڵ بوونەوەیان دەبەن...
باشووری کوردستاندا ( کە لەرووی زەوی و دانیشتوانەوە، بەپلەی سێیەم دێت بەبەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری نیشتمانەکەمان) دا، هەموومان دەزانین بە تێکۆشانی بێووچانی نەتەوەکەمان لە هەموو بەشەکاندا (ئێمە ئێستا ئەوەمان لەبەر چاو نییە، کە هەمیشە بارێکی سەنگین و ئەرکێکی زۆر بووین بۆ پارچەکانی تری کوردستان و کاریگەری چەواشەکارانە و تەنانەت نا تەندروستمان هەبووە لەسەر بزووتنەوەکانیان ) ، تارادەیەک بەهۆی ئەو خەباتە و بەهۆی باری سیاسی ناوچەکەوە، دەسەڵات گەڕایەوە بۆ حزبەکانی ئەم بەشە، بەمانای ئەوەی ئێستا هەیە!!! بارودۆخەکە خوڵقاندی بەڵام  پاش ئەوەندە ساڵ، پاش ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشەیە و پاش ئەو هەموو ئاماژانە، مەستانی کوچەی (باخی دلاوەر!!!!) نەهاتنەوە هۆش خۆیان !کە نەهاتنەوە!!!
قەڵەمەکانی دەربار، زوڕناژەنانی ئەهریمەن، پێیان وایە، ئەوەی ئێستا روودەدات، ئەنجامی پەیوەندییەکانی ئێستان، دەبێ وا بڵێن، یا نەزان و کاڵ فامن، یا خۆگێلکەری شەیتان کوڕی ئەهریمەن، نە خاڵە گیان، هۆ و لەدوور ڕا! زۆر  لە دوور ڕا، لەوسەر لە سەر جادەی بێکۆتایی مێژووی کوردا، تارماییەک بەدی دەکەی، هەر رادەکا و هەر رادەکا، ئەوە رۆحی ماندووی تاکی کوردە، ٢٠٠٠ دوو هەزار ساڵ پاش ( کوژرانی – ئەژدەهاک -  بەپیلانی کوردی خاین لەگەڵ خاڵوانی فارسدا)  ئیتر ئەو تارماییە هەر رادەکا و هەر رادەکا، لەدەست دوژمن، لەدەستی دۆست، لە دەستی خۆی، لە دەست هاوسێی، بەتایبەتیش، لەو مۆتەکەی ناونراوە (سەرکردایەتی کورد) بەڵێ گەورەم، چاو رەشی من!!! ئەوەی ئێستا دەقەومێ، لە ناو ماڵان، لە کوچەدا لە قوتابخانە و لە فەرمانگە و شوێنی کاردا، لەناو دوڵ و لە بن دار و لە ئەشکەوت و لەنزاردا، لەناو خوێنی رژێنراودا، لە ئاشتیدا لە شۆڕشدا، هەر ئەمانە روویان دەدا، هەرجارەی جۆرێک خۆی نیشان داوە، جارێ لە چیا، جارێ وەک هەرەس، دەیانجاریش وەکو شەڕی برا کوژی و ئێستاش وەک ئێستا، تەنها  دووجیاوازی بچوک هەیە :
•  تاوانەکان بە ئەندازەی ئەو جوگرافیایە بوون کەلەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بوو.
•  ئەوسا، ئامێرێکی فرەگرنگ، یا نەبوو، یا فرە کەم بوو، مەبەستم ( پارە) یە.
پارە، هێزی دروستکرد، هێزیش پشتیوانی لە زۆربوونی پارە کرد، ئەم هاوکێشەیە، پێکهاتەکانی دەبنەوە بە دایک و فەرزەندی یەکتر ( وەک لە دایک بوونی حزبەکان، خۆ هەموومان ئەو مێژووە تاڵە دەزانین کە بزووتنەوەی کورد بوویەتی و تا ماوەیەکی تریش دەیبێ)، ئێستا ئیتر ئەمە سەرەتای ئەنجامی هەموو ئەو هەڵوەدا بوونانەی مێژوویی کوردە،  بەخێرایی بەرە و ( سیاچاڵەکان) ی پێشەڕۆژ* دەڕوا، ئەگەر وا بڕوا، کە وا پێدەچێ هەروا بڕوا،  ئەمە سەرەتای لە گرێژەنە چوونەکەی نەتەوەیە
– کۆلاپس – هاکا هەموو شتێ لە ناو قەدا پسا.
• سەرۆکی پەرلەمان دەرفەتێکی مێژوویی لەدەست دا
گەڕاندنەوەی سەرۆکی پەرلەمان و قەدەغەکردنی لە چوونی بۆ پەرلەمان، هەر لە سەرەتای چوونیان بۆ ناو فەرمانڕانییەکە چاوەڕوانکراو بوو، تەنیا کاتەکەی نادیار بوو، ئەو رۆمانسییەتە شۆڕشگێڕانەیەی ئەوان بیریان لێدەکردەوە یەک لایەنە بوو، ئەگەر نییەتێکی پاکیش هەبووبێت، کە بێگومان لە ناو هەموو دەستە و رێکخراوەکاندا، ئەو نیەتە باشانە، هەن،  ئەگەر چی ژمارەشیان کەمە، بەڵام "إنما الأعمال بالنيّات ، وإنما لكل امريء مانوى ...." ** لە بازاڕی بەرژەوەندیدا یا بەزاراوە ئەکادیمییەکەی – لە سیاسەتدا- Politics–دا، پێچەوانە دەبێتەوە و ناخوات( ئەوە باری دەروونی ئینسان گەلێکن کە بەرەو پیری چاکە هەررادەکەن، لەگەڵ سیاسەت دوجەمسەری ئاوەژوون)،  هەر لەسەرەتاوە پێیان ووترا ، ئاماژەی پێدرا لەلایەن دڵسۆزە کوردستانییەکانەوە، بەڵام خۆ دەنگی رەسەنی، دڵسۆزانی کوردستانی، دەنگی بێگانە نییە تا ئەمانە گوێی لێبگرن***!!!...ئەمەش ئاساییە و هیچ لە دڵسۆزیی کوردستانییەکان ناگٶڕێت و کاریگەری نابێت لەسەر هەڵوێستی  ئینسانیی ونەتەوەییان...
وەک دەزانین، رێگەنەدان بە سەرۆکی پەرلەمان،  دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ سەرۆکی پەرلەمان و بۆ بزوتنەوەکەی، کە لەسەر هەڵوێستی خۆیان داکۆکیان بکردبایە،  چونکە مەسەلەکە دیار و ئاشکرابوو، تەنها یەک وەڵامی هەبوو، چوونە ناو پەرلەمان بەهەر نرخێک بایە، رۆژ نییە لە سنورەکانی کوردستانی گەوردا  بەدەیان پێشمەرگە شەهید نەکرێن، ئەگەر ئەو بچووبایە، چ دەبوو؟!! لە شەهید بوونی پێشمەرگەیەک گەورەتر دەبوو؟!خۆ بەر لەو قەدەغە کردنە لە باشووردا، لە پارچەیەکی تری گرنگی نیشتمانەکەمان لە باکور، رێگە لە ( رۆلەیەکی بەئەمەکی نەتەوەکەمان کاک سەلاح) گیرا، بەڵام ئەو وەک سیاسییەک کە دەزانێ لەکاتی خۆیدا بدوێ و رەفتاری گونجاو بکات، هەموو دنیا هەڵویستی ئەو ئینسانە کوردەی بینی، کە رێگای ئەسفەڵتایان (قیریان) لێ قەدەغەکرد، ئەو رێگای چییای گرتە بەر و بە ئامانج گەیشت، کاک سەلاح دەرسێکی گرنگی بەلاوانی نەتەوەکەمان فیرکرد، کە کاک یوسف ئەو ئەزموونە سەرکەوتووەی بەهەند وەرنەگرت و دەرفەتێکی گرنگی مێژووی 
لەدەست دا، چوونکە دەنگ و سەدای:
” بەهەرنرخێک بووە دەبێت بچمە پەرلەمان” چەند ئەوەندەی ئەو دەنگدانەوەیەی دەبوو کە لەلایەن جیهانەوە بەهۆی قەدەغەکردنی سەرۆکی پەرلەمان لە چوونی بۆ پەرلەمان، بیستمان.
• ستایڵی فەرمانڕانیی لە کوردستاندا.
ئەوەندی بۆ ووتارێکی رۆژنامەوانی شیاو بێت، دەتوانم بڵێم : ئەم ووشەیە 
( فەرمانڕان)، وەک زۆر ووشەی ترمان، لەبەر بێکەسیمان بە هەڵە بەکاردێت و پێی دەڵێن ( فەرمانڕەوا) جا ئەگەر فەرمانەکانیان رەوا بوونایە ‌حاڵمان بۆ بەم رۆژە دەگەیشت؟!!!!
ساڵانێکی زۆرە، حزب حزبێنە هاتۆتە ناو کوردەوە و ئەمیش حزبی دروستکردووە وەک هەموو میللەتانی تر، ئەوەی ئەم میللەتە جودا دەکاتەوە لە میللەتانی دی، ئەوەیە کە حزبەکان بە زۆری لە هەناوی یەکدییەوە، هاتوونەدەر یەک دایکی ئەوەی ترە، بۆیە فەرزەند لەگەڵ دایکی هەر لە  (ناو) دا جودان دەنا فۆتۆکۆپی  لەگەڵ ئەسڵەکە یەکن و بە موو لە یەکدی لانادەن. 
حزبەکان لای ئێمە خەسڵەتگەلێکیان هەیە لەوانە:
• بەوەفا بوونیان بۆ پۆستەکەیان، کەسی یەکەمی حیزب تا دوا هەناسە بە کەسی یەکەم دەمێنێتەوە، ئەگەر حزب هەموو هەڵوەشێتەوە، کە موعجزەی وا ئیدی روونادات و( شتی وا شورەییە)  ئەوا کەسی یەکەم لەگەڵ براکەی یا ئامۆزاکەی، سەر لە نوێ دروستی دەکەنەوە و یارییەکە دەست پێدەکەنەوە و هەمیشەش بەشی ئەوەندە هەر کۆدەکەنەوە، لە ئینسان! و لە هۆکانی تەفرەدان بەتایبەتی (هۆی یەکەم کە پارەیە) بۆ دەستپێکردنەوە، حیزب هەی حزب، مەگەر حزب دروستکردن بۆ مانگ چوونە؟!
• خەسڵەتێکی تری رەسەن و سونەتی حزبەکان پۆست و ناونیشانە: 
سکرتێر، رابەر، سەرۆک، برا گەورە، ئیدی شتێ لەوانە، ئەم ناونیشانانە بەسەر هەرکەسێکدا بڕا، بەشانی هەرکەسێکدا سوا، ئیدی لێی نابێتەوە و لێی نابێتەوە، ئەگەر رازیش بوو بەوەی پاش ساڵانێکی زۆر، لە شان و بەرۆکی خۆی بکاتەوە، خێرا بەشان و بەرۆکی کوڕ و بڕایدا ... دەسوێ، چونکە هەرئەوان شایان بەو پۆست و مەقامەن و بە نەبوونی ئەوان ئاسایش و چارەنووسی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆ ئەم وەهمە:
هێتلەر دەیوت : بوونی من وەک رابەری ئێوە، پێویستییە، من  ئەوەم بۆ ئاشکرا بووە کە سوودی جیهان لەوەدایە کە نەژادی ئاری فەرمانڕانیان بێت، کەواتە بەرژەوەندی خەلقی ئەڵمانیا کە لە  نەژادی پاکی ئارین لەوەدایە بۆ بەجێگەیاندنی پەیامەکەیان پەیڕەوی لە من بکەن.
ئەمە ستایڵیکی پەیڕەو لێکراو، هەڵبژاردەی یەکەم و لەبەردڵان و خواستی یەکەمی
دروونی کەسی یەکەمی حزبەکانە، ریزپەڕی تێدا نییە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، لە پشتی میکرۆفۆنەوە زۆرترین ووشە کە لێیان دەبیسترێ ( دیمۆکراسییە ).....
دەڵێن ( دەسەڵات)،  دژە دەسەڵات، دروست دەکات، مەرج نییە یەکسان بیت بەو، ئەم دژە دەسەڵاتە بە دوو جۆر خۆی دەنوێنی:
1. گا بەرامبەر بەو دەسەڵاتە سیاسییەی کە هەیە، دەسەڵاتێکی سیاسی تر دروست دەبێ و لەگەڵیدا دەکەوێتە ململانێ، لەبەر ئەم هۆیەشە کە دەسەڵات بە تێپەرینی کات، رەقتر و توندوتیژتر دەبێت، تاکو دژەکانی خۆی زوو بەزوو لەناوبەریت.
2. گا ئەم دژە دەسەڵاتانە لە شێوەی زاخارۆف و سۆڵجەنیتسندا دەردەکەون.
شێوەی یەکەم رەنگە لایەنی ئازادییخوازیی تیدا بێت ( وەک شۆڕشگێرانی فرانسا) ، رەنگە تێشیدا نەبێت و جۆرێک (سەپاندن) بکاتە جێنشینی جۆرێکی تری سەپاندن 
( وەک ئەوەی لینین کردی).
بەڵام شێوەی دووەم هەمیشە لایەنی ئازادیخوازیی تێدایە  و ئەرکی کۆمەڵایەتی ئەدەبیاتیش جگە لەمە شتێکی تر نییە.   
...................................
* پێشەرۆژ، ئەو رۆژانەی لە پێشماندایە، رۆژانێ کە لە ئایندەدا دێن.
** إنما الأعمال بالنيّات ، وإنما لكل امريء مانوى........، فەرمودەی پەیامبەرە (د.خ) لەسەر زاری عومەر کوڕی خەتابەوە.
*** ئیتر ئەوە تا ئێستاش چۆتە خوێنی کوردەوە،  کە لەبەردەم غەوارەدا وەک ......... و بۆ گەلەکەی  خۆیان وەک شێر بن...ئەم نەفرەتە تائێستا بەرۆکی نەتەوەی کوردی بەرنەداوە...ئاماژە گەلێک هەست پێدەکەم، کە هیوادارم ئەو بزیسکانە ببنە مەشخەلان و رێگا رووناک بکەنەوە و کۆتایی بێنن بە گرێی خۆ بەکەمزانین کە نەخۆشییەکە ( لە سەرکردایەتی پیاوانەی کوردەوە تەشەنەی کردوە و هەموو جەستەی نەتەوەکەی گرتۆتەوە)...
ئاماژەکان لە (کۆبانی وخۆراوا و تارادەیەک رۆژهەڵات ) وە و لە سەر دەستی ( ژنە ئازادەکان ) ی  مەیدانی بەرخۆدان و رابوونەوە دێن، نەک لە دوکان و بازاری رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان بە سەرچۆپی پیاوان کە باشووری کوردستان و ئەوروپا و سەر سایت و واڵەکانی ( فەیس بووک) یان پێ پردەکرێتەوە و بریتین لە کۆنفرانسی (وصل و ویصال و لقا و چاوچاوێن و خۆرانان و خۆ گۆڕین و نمایشکردنی جل و جەستە).  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە