هەرێم بە چەکوشەکەی یوسف محەمەد نابێت بە دیموکراتیی

Sunday, 27/12/2015, 1:00

4744 بینراوە


(دەستەڵاتی رەها بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا نییە، بۆ ملکەچیی خەڵکە.)
پارتی هەڵەی نەکردووە سەرۆکی پەڕلەمانی دەرکردووە
ده‌سته‌ڵاتی ره‌ها واته‌ ده‌سته‌ڵاتێک که‌ له‌ سه‌رو یاساوه‌یه‌. ده‌سته‌ڵاتێکه‌ بێ مه‌رج و ئازاد. ئه‌مه‌ سروشتی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌یه‌ که‌ پارته‌کانی ناو پەڕلەمان به‌ هه‌موویان پێکیان هێناوە. ئەم دەستەڵاتە رەهایەش لە سه‌رۆکی هەرێم مەسعود بارزانییدا بەرجەستە بووە. ده‌سته‌ڵاتی ره‌هاش ئه‌رکی فیزیاویی خۆیه‌تی به‌ پێی سروشتی خۆی رۆڵ ببینێت. هیچ شتێک ناتوانێت خۆی نه‌بێت، ناتوانێت بە کاره‌کته‌ری جۆرێکی تر بجوڵێته‌وه‌. بۆیه‌ ئاساییه‌ ده‌سته‌ڵاتی بارزانی هیچ مه‌رجێک قبوڵ نه‌کات. به‌وه‌ رازی نه‌بێت که‌ سنوری بۆ دابنێن هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ر کاغه‌زیش بێت. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ چ تێگه‌شتنێک رێگریی له‌ ده‌سته‌ڵاتێکی ره‌ها ده‌کات که‌ خۆی به‌شداره‌ له‌ دروستکردنیدا؟ ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ تا ئێستا و له‌ سه‌رده‌می (17)ی شوباتیشدا که‌ بە قسە داوای روخانی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ی ده‌کرد هه‌ر له‌ په‌ڕله‌ماندایه‌؟
به‌شداریی و مانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م سیستێمی ده‌سته‌ڵاتدارییه‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات که‌ گۆڕان ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ی قبوڵه‌. که‌واته‌‌ هه‌ڵه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ گۆڕان داواکارییه‌کی له‌ پارتی هه‌یه‌ که‌ پارتی بۆ ئەوەی ئەم داواکارییەی جێبەجێ بکات پێویستە جۆرێکی تر بێت. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی زانسته‌. شتی وا نابێت. تەنها لە کاتێکدا ئەمە روو دەدات کە پارتی ناچار بێت. بەوەشدا کە پارتی دەتوانێت سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان دەربکات مانای وایە ناچار نییە.
یاسا دەستەڵاتی رەهایە
ده‌سته‌ڵاتی ره‌ها به‌ هیچ پێوه‌رێک نانرخێت. چونکه‌ خۆی پێوه‌ره‌و ده‌بێت به‌و بڕیارو کرده‌وه بنرخێت. "ده‌سته‌ڵاتی باڵا" خۆی بڕیار ئه‌دات چ شتێک راسته‌ یان هه‌ڵه‌، باشه‌ یان خراپ. هیچ پێوه‌رێکی تر ناخوات بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌کانی ده‌سته‌ڵاتی باڵای پێ هه‌ڵبسه‌نگێنن. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن پارتی نایاسایی کردووه‌ قسه‌ی بێ بناغه‌ ده‌که‌ن. له‌ ئه‌لف و بێی سیاسه‌ت تێنه‌گه‌شتوون. یاسا سه‌رچاوه‌ له‌ "ده‌سته‌ڵاتی ره‌ها"وه‌ ده‌گرێت نه‌ک له‌ تێکستی فکریی بێ ناوه‌ڕۆکه‌وه‌. مه‌ڕ به‌ یاسای فڕینی له‌قله‌ق باڵ ناگرێت.
ده‌سته‌ڵاتی باڵا بۆ ئه‌وه‌ دروست نابێت کۆمه‌ڵگا ببات به‌ڕێووه‌. به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ پێکدێت که‌ کۆمه‌ڵگا ملکه‌چ بکات. بۆیه‌ ئه‌رکی سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و پارته‌کانی ناو په‌ڕله‌مان گوێڕایه‌ڵییه‌ نه‌ک مه‌رجداریی له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات. پاشای سوید کارڵی 12 کاتێک که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو، په‌ڕله‌مان کۆبوونه‌وه‌ی به‌ بێ ئه‌و کرد، کارڵ تاکێک له‌ پۆستاڵه‌کانی نارده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حوکم به‌ سه‌ر په‌ڕله‌ماندا بدات. کاک یوسف محه‌مه‌د بۆچی ئه‌م قاپه‌ی له‌ ده‌ستدا شکا؟ چۆن و به‌چی پینه‌ی ده‌کاته‌وه‌‌؟ ئه‌مه‌‌ گرفتی ده‌رکراوه‌کان خۆیانه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌سته‌ڵاتی ره‌ها هه‌نگاوێکی تر چووه‌ پێشه‌وه‌. ده‌سته‌ڵاتی ره‌ها ده‌بێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک بونیادی خۆی ته‌واو بکات. ده‌سته‌ڵاتی ره‌ها ده‌رسێکی تری دا به‌ مه‌ڕمیلله‌ت. ئێستا زیاتر ده‌زانرێت سنوره‌کان له‌ کوێدان. واتای ده‌سته‌ڵات زیاتر رون بووه‌وه‌.
بە گوێرەی ئەو تیورییەی خستمە روو کاک یوسف محه‌مه‌د و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پشکدارن لە بڕیاری دەرکردنی خۆیاندا. چونکە ئەو دەستەڵاتە دەریکردوون کە خۆیان بەشێکن لە پێکهێنانیدا. رەخنەو هەوڵدانیش بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان نیشانەی قبوڵکردنی ئەم دەستەڵاتەیە، بۆڵەی بەندەیە بەسەر گەورەی خۆیدا. رێکخراوێک لە شوێنێکی وادا پرەنسیپێک و ئایدۆلۆجییەکی تری هەبێت بۆ رێگایەکی دی دەکەوێتە بەردەمی دوو خاڵ:
یه‌که‌م، داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵک دەکات که‌ به‌ ده‌نگه‌کانی ئه‌وان ده‌سته‌ڵاتێکی له‌و جۆره‌یان دروست کرد کە سەرۆکی پەڕلەمانی دەنگ بۆدراو دەنێرێتەوە بۆ ماڵی خۆی.
دووه‌م، ده‌ست له‌ کارو په‌ڕله‌مان دەکێشێتەوە‌‌.
ئەگەر دەرکردنی سەرۆکی پەڕلەمان دەریخستبێت مەسعود بارزانی دیکتاتۆرە ئەوا هەوڵدانی سەرۆکی پەڕلەمان بۆ گەڕانەوە بۆ جێگاکەی رەواییدانە بە دەرکردنەکەی خۆی. بزووتنەوەی گۆڕان جارێکی تر دەیسەلمێنێتەوە کە یەکێکە لەو قاچە کورسییانەی کە سەرۆکی باڵا لە سەری دانیشتووە. دەستەڵاتێک تاقی کرابێتەوە یاسا پێشێل دەکات هەر بە هەمان پێشێلکردنی یاسا دەتوانرێت لە بوونیادیا بیت.
پەڕلەمان بەشێکە لە بوونیادی پیسخۆریی هەرێم. جێگایەکی باشە بۆ بەرژەوەندیی ئەندامانی. بەڵام بۆ میللەت داخستنی باشترە. نێچیروان بارزانی لە تەلەفیزیۆنێکدا لە باسی دەرکردنی کاربەدەستەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا وتی کە ئەمە شتێکی خراپ بوو. بەڵام ئەم خراپەیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی خراپتر روو نەدات. کێشە فڕی بەسەر دیموکراتییەوە نییە. ئەوەی بەسەر کاک یوسف محەمەد هات وانەیەک بوو بۆ ئەو کەسەی دوای ئەو باشتر ئەرکی خۆی فێر ببێت.
هەرێم بە چەکوشەکەی یوسف محەمەد نابێت بە دیموکراتیی. کاک یوسف محەمەد ئەگەر خەمی دیموکراتییەتی با بچێت لە بەردەمی مزگەوتی گەورەدا مێزێک دابنێت لفکە بفرۆشێت، دڵی لای پەڕلەمانەکەی نەبێت ئیفلیج بووە، پەڕلەمان هەر لە سکی دایکییەوە سەقەت بووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە