نەوتی کەرکوک تەنها دوکەڵەکەی بۆ کەرکوکییەکانە

Wednesday, 30/12/2015, 1:22

5325 بینراوە


شاری کەرکوک دەکەوێتە باشووری کوردستان .. یەکێکە لە شارە هەرە دێرینەکانی کوردستان .. مێژووی دروستبوونی بۆ زیاتر لە حەوت هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە .. تا ئەمڕۆش کورد کە دانیشتوانی رەسەنی شارەکەن و گەورەترین رێژەی دانیشتووی شارەکە و پارێزگاکەش پێکدەهێنن .. سەرەڕای نیشتەجێکردنی زیاتر لە (٩٥٠ ) هەزار عەرەب، کە لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هێنراون بۆ بە عەرەبکردنی کەرکوک و، بۆ گۆڕینی دیموگرافیای رێژەی نەتەوەیی لە ناو شار و لە پارێزگاکەدا، ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، بە عەرەبکردنی شاری کەرکوک نەوەستاوە و بە چەندین هۆ و شێوازی نوێ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە درێژەی هەیە .. چونکە حکوومەتی ئێستای عێراقیش کە لە زۆرینەیەکی شیعە پێک هاتووە، هەموو دەسەڵات و بڕیارەکانیان قورخکردوون و تاكڕەوانە بڕیاردەدەن .. ئەمانیش هەر هەمان سیاسەتی رەگەزپەرستی رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعەس پیادە دەکەن، ئەمان هەر بە بەعەرەبکردنی شاری کەرکوکەوە نەوەستان .. بەڵکو هەوڵی بە ( شیعەکردنی ) کەرکوکیش دەدەن .. لە چەند مانگی رابردوودا .. بینیمان کە چۆن ( الحشد الشعبي ) و میلیشیا چەکدارەکانی تری گرووپە شیعە توندڕەوەکان پەلاماری شارۆچکەی (خورماتوو) یان دا کە زۆرینەی دانیشتوانە رەسەنەکەی کوردن، بۆ دەرکردنی کورد لەم قەزایەدا کە پێش ئەوەی رژێمی بەعس بیخاتە سەر پارێزگای سەلاحەدین، سەربە پارێزگای کەرکوک بوو .. بە ناڕەوا و نامەردانە پزیشکێک و چەند گەنجێکی کوردیان لەم شارەدا شەهید کرد .. من لە چەند نووسینێکی ترمدا، باسم لە رەسەنایەتی کوردستانییەتی کەرکوک کردووە .. بۆیە دێمە سەر کرۆکی سەرباسەکەمان، کە بە کورتی دەربارەی ( کەرکـوک و کـورد و نـەوت )ە . 
بوونی نەوتێکی زۆر و گازی سروشتی و کانزای هەمەجۆرە و سەرچاوەکانی زۆری ئاو و زەوی و زاری بەپیت لە هەر وڵاتێکدا، دەبنە مایەی خێروبێر و خۆشی و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و پێشکەوتن بۆ ئەو ڵاتە .. وڵاتانێکی وەک : ( قەتەر ) و ( سعوودیە ) و ( کوێت ) و ( ئیمارات ) ئەگەر نەوت و گازی سروشتی لە وڵاتەکانیاندا نەدۆزرانایەتەوە، دەبوایە تا ئەمڕۆش کۆچەری و وشترەوان بوونایە ـ مەبەستم بێڕێزی نییە بە وشترەوانی ـ بە کولەمەرگی و بە هەژاری و مەینەتی و بە کەساسی بژینایە .. بەڵام دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی و دەرهێنانیان و فرۆشتنیان لە لایەن ئەو وڵاتانەوەوە .. بوونە هۆی خیروبیر و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و پێشکەوتن و رێزگرتن لێیان .. بوونە هۆکاری بنیاتنی ژێرخانێکی ئابووری دەوڵەمەند و بەهێزی وڵاتەکانیان .. توانیان بیابانێکی لماوی و قاقڕی کاکی بە کاکی بکەن بەهشتێکی زۆر جوان و رەنگین، بە رووگەییکی گەشت و گوزاری و، لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە گەشتیاران روو لە وڵاتەکانیان بکەن .. بوونە بەخاوەنی ( بەرزتـرین بـورج ) و خۆشترین ئوتێل و مۆڵ و بازاڕ و چەقی بازرگانی .. بە خاوەنی کۆشک و باڵەخانەی بەرز .. بوونە بە خاوەنی گەورەترین هێڵی ئاسمانی .. لە ئەمڕۆدا ( دەوڵەتی قەتـەر ) ساڵانە بە قەی هەموو بودجەی کوردستان .. تەنها لە ریکلام کردن بۆ وڵاتەکەیان خەرج دەکەن .. سەرەڕای خیروبیری نەوت و گاز، وەکو دوو سامانی سروشتی .. زۆر جاریش نەوت و گاز وەکو کارتێکی سیاسی و فشاریش لە ناکـۆکی و لە شەڕەکاندا بەکاردەهێـنرێن .. لە شەڕی ساڵی ( ١٩٧٣) ی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیلدا، وڵاتانی عەرەبی خاوەن نەوت، نەوتیان وەکو فشارێکی سیاسی و ئابووری لە ژێر ناوی ( نەوت چەکێـکە لە شـەڕدا ) بەکارهێنا .. نەوتیان بەو وڵاتانە نافرۆشت، کە لایەنگر و پاڵپشتی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون . 
کوردستانی ئێمەش لەسەر دەریایەکی نەوت و گازدایە .. دەوڵەمەندیشە لە گۆگرد و مس و جیوە و کانزای تر، سەرەڕای سروشتی جوان و رەنگینی .. شاری کەرکوک یەکێکە لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە بوونی نەوت و گازی سروشتیدا .. لە (٤./.)ی نەوت و گازی سروشتی هەموو جیهان لە کەرکوکدایە .. میژووی بوونی نەوت لە کەرکوکدا دەگەڕێتەوە بۆ پێش زاینی .. گریکەکان ( یۆنانییە کۆنەکان) باسیان لە نەوتی کەرکوک کردووە و سوپاکەیان لە شەڕەکانیاندا سوودیان لێوەرگرتوون .. باو باپیرانی ئێمەی کوردی خەڵکی رەسەنی کەرکوک، دەماودەم باسیان لە مەشخەڵی ئاگرە هەمیشەییەکەی ( باوە گوڕ گوڕ ) کردووە، کە تا ئەمڕۆش بە هەمان بڵێسە و گوڕەوە ئەم مەشخەڵە گڕ و کڵپەی خامۆش نەبووە و، بووە بە سیمبولی شاری کەرکوک .. بەڵکو هەر لە کۆنەوە کەرکوکییەکان ئاگرە هەمیشەییەکەی باوە گوڕگوڕیان بە پیرۆز زانیوە، بە تایبەتیش ژنانی دووگیان کە بەرەوپیری ئاگـرەکەی باوە گوڕ گوڕ دەبوونەوە دەیان، وت : " باوە گوڕ گوڕ .. بەگوڕ هاتین .. بۆ کوڕ هاتین .. " دەچوونە بەردەم ئاگرەکە و بۆ هێنانەدی نیاز و مرازەکانیان نزای خۆیان دەکرد . هەر دەربارەی پیرۆزی باوە گوڕ گوڕ :
باوە گوڕ گوڕ باوە گوڕ گوڕ
جێگای نیازی بۆ کچ و کوڕ
بە نیازی تۆ هاتووم لە دوور
هاتووم بۆ لات بۆ جووتێ کوڕ
هەندێ لە مێژوونووسانی بیانی و کورد، پێیان وایە کە وشەی ( کەرکـوک ) لە وشەی ( گوڕ گوڕ) ی لاسایی کردنەوەی دەنگی گڕەگڕی ئاگرەکەی باوە گوڕگوڕەوە هاتووە. 
بوونی نەوت و گازێکی سروشتی زۆر و زەبەند لە پارێزگای کەرکوکدا، نەک هەر نەبۆنەتە سەرچاوە و مایەی خێروبێر و خۆشی و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و پێشکەوتن بۆ کورد و کوردستان .. بەڵکو بە پێچەوانەوە ، دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی کەرکوک لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بوونە هۆی چەوسانەوە و نەهامەتی و دەرکردن و راگواستنەوەی کورد لە کەرکوکدا .
لە (١ی/ یۆنیو/ ی ١٩٧٢) کە عێراق نەوتی خۆماڵی کرد و دەستی بەسەر بەشەکانی کۆمپانییە بیانییەکاندا گرت .. یەکسەر رژێمی بەعسی عێراق دروشمی ( نەوتی عەرەب بۆ عەرب ) یان بەرزکردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ کورد و پێکهاتەکانی تری عێراق بکەن .. هاوڕێیەکی مامۆستای کوردم هەبوو .. پێکەوە لە لە شەقامی کۆماری لە کەرکوک پیاسەمان دەکرد .. مامۆستایەکی عەرەب کە لەگەڵ مامۆستا کوردەکەی هاوڕێم پێکەوە لە قوتابخانەیەکدا بوون خۆشی بە نووسەر دەزانی .. من نەمدەناسێ .. لە هاوڕێ کوردەکەمی پرسی : " رات چییە لە بارەی خۆماڵی کردنی نەوتەکەمانەوە ؟"
هاوڕێکەم وتی : " هەنگاوێکی باشە " هەمان پرسیاریشی لەمن پرسی، منیش زۆر بە راشکاوی لە وەڵامدا وتم : " بە راستی زۆرم پێم ناخۆشە کە نەوتی کەرکوک خۆماڵی کرا .. ئەوەش بزانە کە نەوتی کەرکوک نەوتی کوردستانە، بەڵام ئێمەی کورد تا ئێستا هیچ سوودێکمان لە نەوتەکەمان وەرنەگرتووە .. لە ساڵی ( ١٩٦٣) وە، ئەو رێژە کەمە کرێکارانەی کورد کە لە نەوتی کەرکوکدا کاریان دەکرد .. هەموویتان دەرکردن و بە زۆرداریش بارتان پێکردن بۆ دەرەوەی پارێزگای کەرکوک .. ژمارەیەکی زۆر کەمی کورد ماونەتەوە .. کەچی عەرەبتان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هێنا و لە نەوتی کەرکوک داتان مەزراندن و خانووتان لە کەرکوکدا بۆ دروست کردن .. ئێوە لەگەڵ یەکەم رۆژی خۆماڵی کردنی نەوتدا، دروشمی ( نەوتی عەرەب بۆ عەرەب ) تان بەرزکردەوە .. ئێستاش پارەیەکی زیاتر لە فرۆشتنی نەوتی کەرکوک دێتە دەستان و .. چەک و تانک و تۆپ و فرۆکەی جەنگی و ناپاڵمی زیاتری پێدەکڕن بۆ کورد کوشتن و کاولکردنی کوردستان .. نەوتەکەمان لە دەست بێگانە بێت باشترە لە ئێوە .. لەگەڵ ئەوەشدا من گەشبینم کە رۆژێک دێت کە نەوتی کەرکوک ببێتە نەوتی کوردستان .. " پێشبیی و بۆچوونەکەم لە شوێنی خۆیدا بوون .. گەر کەرکوک نەوتی لێنەبووایە .. نە کیمیاباران و نە ئەنفال و نە ژینۆساید دەکراین .. کەرکوکیش دەمێک بوو گەڕابۆوە بۆ باوەشی کوردستان .. کەرکوکییەکان هیچ سوودێکیان لە نەوت و گازی پارێزگاکەیان نەبینیوە .. تا ئەمڕۆش نەوت و گازی کەرکوک تەنها دۆکەڵەکەی و بۆنەکەی بۆ کەرکوکییەکانە .. سووودیان تەنها بۆ برای عەرەبی چاوڕەشمانە .. کەرکوکییەکانیش زەقەی چاویان دێت .. وەکو شاعیری گەلەکەمان عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێ :
ئا لێرەدا منداڵێکی چاوگەشی کورد
لە برسا مرد
تا ساڵی ( ٢٠٠٣) رێژەی کرێکارانی کور لە نەوتی کەرکوکدا ( ١./ .) بوو .. لە ئەمڕۆشدا کە پارێزگاری کەرکوک کوردە و، زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کوردن و .. تا رادەیەک بە ناوە کورد باڵا دەست و دەسەڵاتدارە لە کەرکوکدا.. بەڵام لە راستیدا هیچ دەسەڵاتێکیان نییە .. هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کەرکوک سەر بە وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراقن .. کۆمپانیای نەوتی کەرکوکیش کە تا ئەمڕۆش بە ناوی ( کۆمپانیای نەوتی باکوور ) ماوەتەوە، سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە .. دامەزراندن و دەرکردنی فەرمانبەران و بەڕێوەبەرەکانیان قورخکردوون و .. بەبێ ئاگاداری پارێزگای کەرکوک و بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک .. وەزارەتەکانی عێراق لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە عەرەب دادەمەزرێنن و دەیان نێرن بۆ شاری کەرکوک .. لە کاتێکدا سوپایەکی بێکاری دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کەرکوک، بە هەزاران کورد بێکارن و کرێکاریی روژانەشیان دەست ناکەوێت .. لە ئەمڕۆشدا رێژەی کرێـاران لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوکدا بەم شێوەیەیە : رێژەی عەرەب لە سەدا (٦٣ ./ .) تورکمان لەسەدا ( ٢٦./ .) کورد لە سەدا ( ٧ ./ .) کلدۆئاشوری لە سەدا (٤ ./ .) .. بەڕێوەبرەکانی کۆمپانیای نەوت هەر لە نەتەوەی عەربوونە .. ئەمە و بە ڕێوەبەرەکانی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک هەر عەرەبوون .. بە بەڕێوەبەرەکەی ئێستاشییەوە .. بەڵی ئەمەیە برایەتی و دادپەروەریی برای عەرەبی چاوڕەشمان .. کە لە تەمەڵەوە تا سەربانەکەی بۆ خۆیان و .. لە سەربان بە سەرەوەش ( ئاسمان ) بۆ ئێمەی کورد ..؟!
رۆژێک ئەندازیارێکی نەوتی نەرویجی باسی نەوتەکەیانی بۆ کردم .. کە لە ناو دەریای باکووردا دەری دەهێنن .. بۆتە کۆڵەکەیەکی بەهێز بۆ ژێرخانی ئابووریی نەرویج .. منیش باسی نەوتی کەرکوکم بۆ کرد و پێم وت : گەر ئێوە بەو زەحمەتییە نەوت لە دەریا دەردەکەن و .. هەر بەرمیلێک نەوت ( ٢٥) دۆلار لەسەرتان دەکەوێت .. بەڵام لە شاری کەرکوکی کوردستانیدا .. نەوتی خاو بە خڕ و شیوەکانی شارەکەماندا وەک ئاو رێدەکات .. دەرهێنانی هەر بەرمیلێکی نەوتیش (٥) دۆلار لەسەرمان دەکەوێت .. 
دوایی لە دڵی خۆمدا وتم .. ئێستا ئەم نەرویجییە وا تێدەگات .. مادام کەرکوک هێندە نەوتی زۆرە .. رەنگە شاری کەرکوک بە هەشت بێت .. شۆستەکانی شەقامەکانی شەرەکەیان لە بەردی مەڕمەڕبن .. بە دەیان ئاپارتمانی باڵابەرزی تێدابێت و .. تا چاوبڕبکات سەوزایی و باخچەی رەنگین بێت .. خەڵکییەکەی تێر و پۆشتەبن و .. های لایڤ بژین و شەق لە پارە هەڵبدەن .. بەڵام بە داخەوە کە وانییە .. کەرکوک، کەرکوکی وێران و بێ خزمەت و بێ خزمەتگوزارییە .. بێ ئاوە بێ کارەبایە .. خەڵکییەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین .. بێ نازە و بێ کەسە و لێی ناپرسنەوە .. زۆر جاریش پارتە کورییەکانمان، موزایدەی پێوە دەکەن و، بۆ بانگەشی هەڵبژاردن کەرکوکیان بە بیردێتەوە .. بەڵێنی دەدەنێ کە ئەمە و ئەوەی بۆ دەکەن .. دەیکەن بە بووکی شاران .. هەر لە دوای هەڵبژاردنەکاندا، ئەوەی بە بیریان نەیاتەوە کەرکوکە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ستەم و تاوان و زۆردارییەی لە کوردستان بە گشتی و، لە کەرکوک بە تایبەتی کراون و دەکرێن .. کەرکوکییەکان زۆر دڵسۆزن و تا سەر ئێسقان کورد و کوردستان پەروەرن .. وەک لە ئەنفال و ماڵوێرانی و ژینۆساید و دەربەدەریدا پشکی شێریان بەرکەوت .. بە شانازیشەوە دەڵێین، لە دڵسۆزی و کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان و بەرگری و خۆڕاگریشدا پشکی شێریمان هە بووە و هەیە .. لە ئەمڕۆشدا کەرکوکییەکان لە سەنگەرەکانی پێشەوەدان، بە بڕوا و هیوا و بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە، شێرانە و مەردانە و گیانبەخشانە بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن و .. تا ئێستا چەندین گورزی گورچکبڕیان لە داعشی کۆنە بەعسییەکانی ژێر عەبای ئیسلامی داوە .. چەندین سەرکردە و رۆڵەی دلێر و قارەمانی بە جەرگمان شەهید بوون .. ئەو بەڵێنەشمان داوە، کە تا رزگارکردنی دوا بستی خاکی کوردستان و .. تا دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان .. ناسرەوین و سنگمان دەکەین بە قەڵغانی بەرگری کردن لە پاراستنی سنوورەکانی کوردستان .. بە هەڵەش لێمان تێمەگەن .. هەموو شارێکی کوردستان ( ئامەد، مەهاباد ، هەولێر، قامیشلو ، سلێمانی ، ماردین ، کۆبانی ، سنە ، دهۆک ، خانەقین .. هەر هەموو شارەکانی کەی کوردسـتانی نشتمانی جوانـمان ) وەک کەرکوک لە لام شیرین و خۆشەویستن .. ئەوەتا لەسەر ئەرزی راستیشدا، پێشمەرگە قارەمانەکانی هەموو کوردستان ( باکوور، رۆژهەڵات ، باشوور، رۆژئاوای ) کوردستان هاودەنگ و هاوسەنگەرن و .. چەندین داستانی قارەمانییەتییان پێکەوە تۆمار کرد .. سنووری دەستکردی داگیرکەرانیان بەزاند هەمووشمان هاوهیواین و هاوچارەنووسین. 
لە مانگی ( ئاوگوستی / ٢٠١٣) ەوە .. وەک کارتێکی سیاسی فشار حکوومەتی عێراق بەشە بودجەی دیاریکراوی پارێزگای کەرکوکی نەناردووە .. زیاتر لە (٥٠٠) پرۆژەی جۆراوجۆر لەبەر بێ پارەیی کارەکانیان وەستاوندوون .. وا نزیکەی دوو ساڵیشە کەرکوک پارەی ( پەترۆدۆلاری ) وەرنەگرتووە، زیاتر لە ( ٧٠٠) فەرمـانبەری کەرکـوک کە ( بە گرێبەست ) دامەزراون، لە پارەی پەترۆدۆلار مووچەکانیان پێدەدان . پارەی پترۆدۆلاری ئەم دوو ساڵەی کەرکوک زیاتر ( ٦٠٠) ملیۆن دۆلارە .. بێجگە لەوەی کە رۆژانە لە نێوان ( ٥٠ بۆ٦٠) هەزار بەرمیل نەوت بە تەنکەر لە کێڵگەکانی کەرکوک بە ناوی ( فرۆشتنی ناوخۆوە ) باردەکرێن .. کێ دەیفرۆشێ .. ؟ .. پارەکەی چەندە .. ؟ پارەکەی دەدرێ بە کێ .. ؟ هەموو دەڵێن نازانین ..؟! ئەی کێ دەزانێ .. ؟!
سەرباری ئەم کێشانەش زیاتر لە ( ٦٠٠) هەزار ئاوارەی عەرەبی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هاتوونەتە سەروگوێلاکی کەرکوک .. بارگرانییەکی زۆریان خستۆتە سەر شاری کەرکووک .. سەرەڕای ئەوەش ئەم عەرەبانە بە پشتگیری و بە فیتدانی هەندێ لایەنی سیاسی عەرەبی بەڵکو بە پشتگیری حکوومەتی عێراقیش .. نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان و، دەیانەوێت تۆماری باری کەسیان بگوازنەوە بۆ کەرکوک .. ئەمەش شێوازێکی ترە لە بەعەرەبکردنی کەرکوک و گۆڕینی دیموگرافیای پارێزگای کەرکوک .. بەشێکی زۆری ئەو ئاوارە عەرەبانە، شوێنەکانیان لە دەستی داعش رزگار کراون، کەچی تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە .. پێویستە بە زۆر بیان گەڕێننەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان .. چونکە گەر بمێننەوە، رێژەی نەتەوەیی لە کەرکوکدا، لە سوودی عەرەبدا سەنگەلا دەبێت و، رێژەی کورد کەمتر دەکەن .. تا ئێستاش ئەو عەرەبانەی کە بە پێی مادەی ( ١٤٠) قەرەبوو کرانەتەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە .. کەسیان نەگەڕاونەتەوە .. دەسەڵاتدارانی کەرکوکیش بە پارێزگاری کەرکوکیشەوە هیچ فشارێکیان نەخستۆنەتە سەر ئەو عەرەبانە .. کەچی راگەیاند و میدیاکانی لایەنە عەرەبییە شۆڤێنییەکان و، بەرەی تورکمانی، تا ئەمڕۆش زۆڕنای ئەوەمان بۆ لێدەدەن، کە ئێمەی کورد لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوای کوردستانەوە کوردمان هێناون و لە کەرکوکدا نیشتەجێمان کردوون، کەچی تا ئەمڕۆش بە شێکی زۆر لە کوردە دەرکراوە رەسەنەکانی کەرکوک، لە شاری سلێمانی و هەولێردا ماونەتەوە .. لەبەر بێشوێنی و قەرەبوونەکردنەوەیان نەگەڕاونەتەوە . 
وەنەبێ تا ئێستا کەرکوکییەکان تەنها لە نەوتەکەیان خێریان نەدیبێ .. بەڵکو لە ئاوی زێی بچووکیش، کە لە دوای پارێزگای سلێمانی دێتە پارێزگای کەرکوکەوە پێش ئەوەی کە تێکەڵاوی رووباری دیجلە بێت .. زۆر بە کەمی جوتیارانی کورد سوودیان لە ئاوی زێی بچووک بینیوە .. قەزای ( دووبـز ) کە سەر بە پارێزگای کەرکوکە، بەشی هەرە زۆری دانیشتوانەکەی کوردن، سەرەرای هاوردنی بە سەدان ماڵە عەرەب لە موسڵ و شارەکانی تری باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە، بۆ بە عەربکردنی ئەم قەزایەش .. لە سەرووی دووبزەوە لەسەر زێی بچووک ( بەربەستی کونەکۆتر ) دروستکراوە .. بە کەناڵێکی ئاوی ( پرۆژەی ئاودێرێ کەرکـوک) کە دەبوایە ئەو کەناڵە ئاوییە بە ناوچەی ( ساڵەیی ) و ( شوان ) دا تێبپەڕیبایە، بەڵام حکوومەتی بەعسی رەگەزپەرست بۆ ئەوەی کە کورد سوود لەو پرۆژەیە وەرنەگرێت .. نەخشەی رێڕەوی کەناڵەکەیان گۆڕی و خستیانە خوار شاری کەرکوکەوە .. لەوێوە بۆ حەویجە و ناوچەی عوزێم .. بەڵی سوودی ئاوی کەرکوکيش هەر وەکو نەوت و گازەکەمان بۆ برای عەرەبی چاوڕەشمانە و، جووتیارانی کوردیشمان زەقەی چاویان دێت و .. نوێژە بارانە دەکەن، سا بەڵکو خوا لە زستادا چاوێکی لێیان بێت و، چەند گەواڵە بارانێکیان بۆ ببارێنێت .. زۆر وشەکەسالێش سفر بەدەست بوونە .. هەر ئەو عەرەبانەی حەویجە، کە بە ئاوی کوردستان بوونە پیاو .. لە ساڵی ( ١٩٦٣) و (١٩٩١) دا، بە دزی و بە تاڵانکردن و وێرانکردنی ناوچەکانی ساڵەیی و شوان و شێخ بزێنی و قەرەهەنجیر و چەمچەماڵ، پاداشت و پیاوەتی کوردیان دایەوە .. کورد وتەنی : " ئەوانەی پێمان کـردن خێر .. لێمان بوونە بە گورگ و شـێر ) دەک نمەکی کورد بتانگرێ .
لە ئەمڕۆدا، نەوت و گازی سروشتی لە جیهاندا بوونەتە پێویست و جێگرەوەیان نییە .. بوونەتە کارتی فشاریش، بە دەستی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکەرەوە . 
لە رۆژی ( ١٤ی/ ئوکتۆبەری/ ١٩٢٧) یەکەمین بیری هەڵکەندراو لە گێڵگەی باوەگوڕ گوڕ لە کەرکوک دا، لە شەودا تەقییەوە و، بە بەرزی ( ١٤٠) پێ نەوتی خاوی بە ئاسماندا هەڵدا .. روژانەش زیاتر لە ( ٩٢) هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەڕۆیی .. دوای چەند رۆژێک کۆنترۆڵ کرا .. لەو رۆژەوە داگیرکەرانی کوردستان زیاتر چاویان بڕییە سامانی کەرکوک .. کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بە درێژی ( ١٠٥) کیلۆمەتر و بە پانی (١٢) کیلۆمەترە .. تا ئێستا زیاتر (١٥) ملیار بەرمیل نەوت، لە کێڵگەکانی کەرکوکدا دەرهێنراون .. یەدەکی نەوتیش ـ ئەو نەوتەی ماوەتەوە ـ بە (١٦) ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرێت .. لە ئێستادا زیاتر (٣٣٠) بیرە نەوتی بەرهەمهێنەر لە کەرکوکدا هەیە ژمارەکانیشی بەرەو زیادبوون دەچێت ، کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک پێنجەمین گەورەترین کێڵگەیە لە جیهاندا .. گرنگترین کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک ئەمان :
١ـ کێڵگەی کەرکوک (باوە گوڕگوڕ)
٢ـ کێڵگەی بای حەسەن .
٣ـ کێڵگەی جەمبور .
٤ـ کێڵگەی ئاڤان .
٥ـ کێڵگەی جەبەڵ بۆر .
٦ـ کێڵگەی خەباز .
٧ـ کێڵگەی کۆرمۆر .
٨ـ کێڵگەی حەمرین .
٩ـ کێڵگەی گلابات .
١٠ـ لەم چەند ساڵەی دواییشدا کە چەند کۆمپانیایەی بیانی بە دوای دۆزینەوەی نەوتدا لە ناوچەی کەرکوکدا گەڕان .. ئەویان ئاشکرا کرد، کە یەدەیەکی زۆر نەوت و گازی سروشتی لە ناوچەی ( شوان، چەمچەماڵ، قادرکەرم، جەباری، قەرەحەسەن ) دا هەیە .. کە ( ٠ه) ملیار بەرمیل خەمڵێنراون .. گەر بێت و گازەکەی چەمچەماڵ دەربهێنین و هەناردەی بکەین .. کوردستان دەبێتە ملەکەرێکی بەهێزی ئەو وڵاتانەی گاز هەناردەی ئەوروپا و وڵاتانی تر دەکەن، وک ( روسییا ، قەتەر ، کازاخستان ) .
لە ئیستا کێڵگەی نەوتی ( بای حەسەن ) و ( ئاڤـان ) لەژێر دەسەڵات حکوومەتی کوردستان دایە و بەستراون بە هێڵی نەوتی کوردستانەوە .. لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن و، نەوتەکەیان دەفرۆشن .
لە ساڵی ( ١٩٩١) دا نەوتی بەرهەمهێنراوی کەرکوک گەیشتە ( ٩٠٠) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا .. لە توانشدایە کە رۆژانە بگاتە ( یەک ملێون و سەد هەزار ) بەرمیل نەوت .. لە ئێستادا هۆی دابەزینی دەرهێنانی نەوت، لە کێڵگەکانی کەرکوک دەگەڕێنەوە بۆ چەند هۆیەکی تەکنیکی و سیاسی و نا سەقامگیری و شەڕی داعش و بۆ کۆنی و نوێژەنەکردنەوەی ئامێرەکانی دەرهێنان .. هەر لەم مانگەدا داعشی بێڕەوشت چەند بیرە نەوتێکی کەرکوکیان تەقاندە وە ( بیرە نەوتی ژمـارە ـ ٢) لە کێڵگەی خەباز .
ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاری دا کە ناوی ( کۆمپانیای نەوتی باکوور ) بگۆڕن بە ( کۆمپانیای نەوتی کەرکوک ) بۆ ئەوەی لە لایەن پارێزگای کەرکوکەوە بەڕێوەببرێت .. ئەمەش مافێکی یاسایی و دەستوورییە .. بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیار و داواکەیانی رەتکردەوە . 
لە ساڵی (١٩٣٥) دا، بە فەرمی دەستکرا بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بە رێگای بۆڕییە نەوتەکانی ( کەرکوک ـ حەیفا : فەلەستین) و (كەرکوک ـ تەرابلوس : لوبنان ) کە لەلایەن مەلیک (غازی) یەوە کرایەوە .. کە رۆژانە ( ٨٤) هەزا بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا .. بە هۆی شەڕی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی و دەوڵەتی ئیسرائیل ەوە، تا ئەمڕۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بە رێگای ئەم دوو هێڵە نەوتییەوە وەستاوە . دواتر لە ساڵی ( ١٩٥٢) دا بوڕییە نەوتێکی تازە ( کەرکوک ـ بانیاس : سوریا ) کە تیرەکەی (٨٠) ئینجە و، درێژی هێڵەکەش (٧٠٥) کیلۆمەترە .. لە رۆژی ( ١٨ی / نۆڤەمبەری / ١٩٥٢) دا، لەلایەن مەلیکی عێراق ( فیسەڵی دووەم ) لە کەرکوکدا کرایەوە .. لە ساڵی لە ساڵی (١٩٨٣) دا، بە سونگەی ئەوەی کە سوریا پشتی ئێرانی دەگرت لە شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا .. هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری بانیاس تا ئێستا راگیراوە .. لە ساڵی (١٩٧٧) بە هۆی هێڵێکی بۆڕییە نەوتی تازە کە درێژییەکەی دەگاتە (١٠٠٥ ) کیلـۆمەترە و تـیرەی بۆڕییەکـەش (٤٠) ئینجە لە شـاری ( کەرکوک) ەوە بۆ بەندەری( جیهانی ) تورکی راکێشراوە، نەوتی کەرکوک و شارەکانی عێراق لە ئێستادا بە هۆی ئەم هێڵەوە هەناردەی ڤرۆشتن دەکرێت .. نەوتی کێڵگە تازەکانی کوردستانیش بە بۆڕییە نەوتی ( کوردستان ـ جیهان: تورکیا )هەناردە دەکرێت. 
هەر لە بەرواری ساڵی (١٩٣٥) ەوە .. کە نەوتی کەرکوک بۆ فرۆشتن هەناردە کرا ..
هە لەو ساڵەدا، کە حکوومەتی عێراق بۆ دووەمین جار لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق ( یاسین الهاشمي ) یەوە پێکهێنرا، کە مەیلێکی توندڕەوی شۆڤێنی عەرەبی هەبوو .. یاسین الهاشمي دەستیکرد بە بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک .. ئەوەبوو هۆزی ( جبوری) و هۆزی ( عوبەیدی) ی کە دوو هۆزی گەورەی عەرەبن .. لە پارێزگای موسڵەوە هێنانی بۆ قەزای ( حەویجە ) کە سەر بە پارێزگای کەرکوکە .. لەویدا نیشتەجێی کردن .. ئەوە یەکەمین شاڵاوئ بە عەرەبکردنی کەرکوک بوو لە لایەن حکوومەتەی عێراقەوە .. دواتریش چەند هۆزێکی تری عەرەبیان هێنان بۆ پارێزگای کەرکوک وەکو ( لهێـبی، حەمـدانی، نعـێمی، تـەی، بەیـات ) لە کەرکـوک ، لە ( دووبز و حەویجە و داقوق و شاری کەرکوک ) دا نیشتەجێیان کردن .. حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە حکوومەتەکەی ئێستاشەوە .. بە رانبەر بە کەرکوک پیادەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنی عەرەبییان کردوون و دەکەن، وەکو وتمان تا ئەمڕۆش بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک بە تایبەتیش ( شاری کەرکوک ) درێژەی هەیە و نەوەستاوە .. تەنگ بە کورد هەڵدەچنن و رۆژ لە دوای رۆژیش قەیرانی نوێ و کێشەی زیاتر بۆ کورد لە کەرکوکدا دروست دەکەن .. بە سەدان درۆ و بوختانی بێ بنەما و بێ بەڵگە بۆ تاوانبارکردن و ناوزڕاندنی کورد هەڵدەبەستن . 
لە یاسای بودجەی عێراقدا بۆ ساڵی ( ٢٠١٦) لە سەدا حەڤدەکەی (١٧./ .) بەشی کوردستان وەکو خۆی مایەوە ، ئەگەرچی لە راستیدا ئەو رێژەیە نادەن بە کورد .. رێژەکە لە نێوان ( ١٠ـ ١٢./ . ) یە .. ناردنی ئەم بودجەیەیان بەمەجێک بەستۆتەوە هەناردەی نەوتی کەرکوک و کوردستان خرایە سەر ئەو رێژە بودجەیەی کوردستان بەپێی رێکەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا .. دەبێت کوردستان رۆژانە ( ٥٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە ی بەندەری جیهانی تورکی بکات .. کە ( ٣٠٠) هەزار بەرمیل لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکەوە .. ( ٢٥٠) هەزار بەرمیلیش لە کێڵگەکانی تری کوردستان .. ئەگەر کوردستان کەمتر یا زیاتر بنێرن .. یا ئەو بڕە نەوتە نەنێرن کە لەسەری رێکەوتوون .. حکوومەتی عێراق زیاتر لە ( یەک ملیار ) دۆلار لە کوردستان دەبڕێت .. لەوانەشە لە (١٧./ . ) کەش ببڕن .. خۆ ئەگەر کوردسـتان رۆژانە تەنها ئەو (٥٥٠) هەزار بەرمیلە نەوتە بفرۆشێت .. بە پێی نرخی ئێستای نەوت کە لە چل دۆلار کەمترە .. ناتوانێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی کوردستان دابین بکات .. بە رای من لەم رێکەوتنەدا خاڵێکی ئەرێنی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جارە حکوومەتی عێراق رێ بە کوردستان دەدات کە نەوتی کەرکوک بفرۆشێت، ئەمە دانانە بەوەی کە نەوتی کەرکوک بەشێکە لە نەوتی کوردستان و، دانانە بەوەی کە کەرکوک بەشێکە لە کوردستان .. بۆێە پەڕلەمانتارانی شیعەکان بە تایبەتیش پەڕلەمانتارەکانی پارتی ( الدعوە ) ناڕەزاییان دەربڕی و بەشێکی زۆریان دەنگیان لەسەر بودجەی (٢٠١٦) نەدا .. بەم رێکەوتنە و، بە خستەپاڵی نەوتی کەرکوک بۆ سەر بودجەی کوردستان .. نیگەرانن و داوای پێاچوونەوەیان بەم یاسا و بڕیارە کرد .. لە ئێستاشەوە کەوتوونەتە درۆ هەڵبەستن بۆ کورد .. پەڕلەمانتاری عێراقی ( هەیسەم الجبوری ) کە ئەندامە لە ( لیژنەی دارایی ) لە پەڕلەمانی عێراق، لە رۆژی (١٤ ی/ دێسەمبەر/ ی ٢٠١٥) دا وتی : " هەندی لە پەڕلەمانتارانی کورد کە ئەندامن لە ( لیژنەی دارایی ) لە پەڕلەمانی عێراقدا .. ئەوەیان درکاند کە هەناردەی نەوتی کوردستان، رۆژانە دەگاتە ( ٨٠٠) هەزار بەرمیل، نەک وەکو لە یاسای بودجەدا بە (٥٥٠) هەزار بەرمیل دیاری کراوە، ئەم پەڕلەمانتارانە ناتوانن بە ئاشکرا قسەبکەن لەوە دەترسن کە بەند بکرێن " من بڕوام بەم قسەیەی هەیسەم الجبوري نییە .. دەزانم مەبەستی تێکدان و درز خستە نێوان ریزی پەڕلەمانتارانی کوردە لە پەڕلەمانی عێراق .. پەڕلەمانتارانی کوردمان وریان .. سەڕای هەندێ ناکۆکی لە نێوان پارتییە کوردییەکاندا .. بەڵام هەموویان لە ئەودیوی( شاخی حەمرین ) ەوە .. کۆکن و یەکڕیزن و یەکدەنگن .. بەرژەوەندی گەلەکەمانیان لە بەرژەوەندی حیزبی لا لەپێشترە .. ئەو ئازایەتییەشیان هەیە کەبە ڕاشکاوی رەخنەبگرن و، را و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن . 
پێویستە حکوومەتی کوردستان پارەی ( پـترۆدۆلار ) ی نەوتی کەرکوک حەپەلۆش نەکەن کە ( ٥) دۆلارە بۆ هەر بەرمیڵێکی نەوتی فرۆشراو .. کەرکوک بە بڕە پارەی پترۆدۆلار، دەتوانێت مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بدات کە بە گرێ بەست دامەزراون .. دەشتوانێت بۆ کۆمەڵە پرۆژەیەکی بچووکیش سوودی لێوەربگرن .. پێویستە پارەی نەوتی کەرکوک بە روونی و بە داتە بخرێتە بەردەستی خەڵکی کوردستان .. بۆ ئەوەی هیچ قسە و باسێک بە دوای خۆیدا نەهێنێت .
ئەو لیژنەیەش کە لە لایەن لیژنەی سامانە سروشتییەکانەوە، لە پەڕلەمانی کوردستان لە رۆژی (٨ ی/ نۆڤەمبەر/ی ٢٠١٥) پێکهێنراوە و، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیش لە ناو لیژنەکەدا هەیە .. بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵێنەوە لەو بڕە نەوتەی کە لە کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوکەوە هەناردەی جیهانی تورکی کراون .. هیوادارین کە بە دڵسۆزی و راشکاوی ئانجامەکانی لێکۆڵینەوەکانیان رابگەین و بە زمانی داتا بۆ خەڵکی کوردستانی روون بکەنەوە .. بۆ ئەوەی چیتر بڕە پارەی ( پتـرۆدۆلار) ی کەرکوک حەپەلۆش نەکرێت .. هەرکەس و هەر لایەنکیش کە ناپاکی و فێڵ و دزیان لە سامانی کەرکوک کردووە .. رسوا و بە پەنبن .. چونکە بەشی ئەو خەڵکە رەشوڕووتەیە . 
دەبێ ئەوەش بزانین کە کێشەی کەرکوک .. تەنها کێشەی فرۆشتنی نەوت و قەیرانی دارایی نییە .. کێشەی کەرکوک کێشەیەکی نەتەویی و جوگرافی و مێژوویی و سیاسی دیموگرافییە .. کێشەی داگیرکردنی بەشێکی گرنگ و دەوڵەمەندی کوردستانە .. کێشەی خاک و نیشتمانە .. بۆیە پێویستە وریابین و، نابێت کێشەی کەرکوک لە کێشەی داراییدا چڕبکەینەوە .. لە ئەمڕۆدا، پیلانێکی ژێراوژێر و ئاشکراش لە ئارادایە .. نەیارانی کورد و دەستێکی ناوچەیی بە جدی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە پارێزگای کەرکوک بکرێت بە ( هەرێمێکی سەربەخۆ ) .. هەندێ هەلپەرست و بەرژەوەندیپەرستی کوردیشمان لایەنگری ئەم نیازە گڵاوەن .. هەر دەربارەی کەرکوک لە پشت پەردەشەوە قسە لەسەر چەند سینارێوییەکی تر دەکرێت .. دەیانەوێت لە رێی ئەم پیلانانەوە، پارێزگای کەرکوک لە کوردستانی دایک داببڕن .. ئەو هەموو قوربانییەی کە لە پێناوی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان داومانە، بە فێڕۆی بدەن .. نابێت هیچ کوردێک بەمە رازی بێت .. سازشکردن لە سەر کەرکوک ( هێـڵی سوورە ) و ئەوپەڕی ناپاکییە، لە هیچ کوردێکی لایەنگری ئەم پیلانە گڵاوانە قبوڵ ناکەین .. با کەرکوکیش وەکو شاری موسڵ لە دەست نەدەین .. پێویستە هەموو پارتە کوردستانییەکان، لە ئاستی چارەنووسی کەرکوکدا . یەکدەنگ و یەکڕەنگ و یەکهەڵوێست بن . 
خوالێخۆشبوو ( مستەفا بارزانی ) لە یەکێک لە قسەکانیدا، وتی : " نامەوێت بمرم و منداڵە کوردێک بە لای گۆڕەکەمدا تێپەڕێت و، پێم بڵێت بۆ دەستبەرداری کەرکوک بوویت " .. کەرکوک کێشەییەکی سەرەکی نەتەوەییمانە .. کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانمانە .. بە گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان .. کێشەی نەوت و گاز و بەنزین و دارایی و مووچە و هەموو کێشەکانی تریشمان چارەسەردەبن .. هیــوا و خەونی دامەزراندنی ( دەوڵـەتی کوردسـتان ) یش زۆر نزیکتر دەبێتەوە .. ئەمەش خواست و ئاواتی هەموو کورد و کوردستان پەروەرێکە .. تەنها لە سایەی رێکخستنی بە تۆکمەی ناوماڵی کورد و.. یەکێـتی و یەکڕیـزی و یەکڕەنـگی و یەکدەنـگی و یەک وتاری سیاسیدا دێتە دی .. داوا لە هەموو پارتییە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین بەبێ جیاوازی .. کۆتایی بە ناکۆکی و ململانێ و مشتومڕی نێوانتان بهێنن .. لێبووردە بن و یەکتری قبووڵبکەن .. رێکبکەون و بسازێن .. با ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەستی خۆمان نەدەین .. زۆر زەحمەتە کە دەرفەتەتێکی وا دووبارە ببێتەوە .. هەمووشمان باش ئەوە دەزانین .. کە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد .. بە قۆناغێکی زۆر چارەنووساز و هەستیار و مەترسیداردار تێدەپەڕێت .. گەلێ بەرهەڵستی رووبەڕوومان بوونەتەوە .. نەیارانی کورد لە گەلێ لاوە بۆسەیان بۆ ناوینەتەوە .. لە گەلێ لاوە بە ئاشکرا و بە نهێنی پیلان لە دژی یەکگرتنمان و هێنانەدی مافەکانمان دەکێشن .. لە گەلێ رێگاوە هەوڵدەدەن کە درز بخەنە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردەوە .. هەوڵدەدەن بە چەکە کلاسیکییەکە ( پەرتکە و .. زاڵبە ) بە یەکتری قڕمان بکەن .. ئەوسا بە ئاسانی زاڵبن بەسەرماندا .. دڵپاکی و خۆشبڕوایی کوردیان قۆستوونەتەوە .. زۆر جار کەوتوویتە داوی دوژمنەوە .. با مێژووی تاڵمان دووبارە نەبێتەوە .. با هۆشیاربین و پەند و وانە لە هەڵە و شکستی و لە نەهامەتی و بەسەرهاتەکانمان وەربگرین .. تاکەی رۆڵەکانی گەلەکەمان، باجێ نابەڵەدی و هەڵەکان و دوورنەبینی سەرکردەکانمان بدەنەوە .. با بەر شەرمەزاری و نەفرەتی نەوەکانی داهاتوومان نەکەوین .. ئیتر بەسە شەڕە جوێن و قسە و قسەڵۆک و یەکتری سووک کردن .. بەسە پاشەقولدان و ملشکاندنی یەکتری .. بەسە ئەوەی بن بەڕە بخەنە سەر بەڕە .. دڵنیام و گەشبینم کە لە سایەی یەکێتی و یەکهێزی گەلەکەماندا، هێچ هێزێكی داگیرکەر، هیچ سوپایەکی دڕندە، ناتوانن لە بەردەم ئیرادەی پۆڵایین و لە بەردەم شەپۆلەکانی تسۆنامی راپەڕینی گەلەکەماندا خۆیان بگرن.
برایــان .. خوشــکان .. دڵســۆزانی کوردســتان .. تو شیری پاکی دایـکمان .. تو خوێنی ئاڵی شەهیدانمان .. با دەست بخەینە ناودەست .. بۆ یەک هیـــوا و بۆ یەک مەبــەست .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە