خەونەکانی ئەردۆگان و کلکەلەقێی پارتی..!

Thursday, 31/12/2015, 19:35

2860 بینراوە


 تورکیا، لەدیرۆکی هاوچەرخی خۆیدا هیچکات هێندەی ئێستا، گۆشەگیرو دوورەپەرێزو بێ دۆست و هاوپەیمان نەبووە. دۆستەکانی تورکیا ئەمڕۆ بریتین لە: وڵاتی قەتەر، بزووتنەوەکانی ئیخوانوالموسلمین، تێرۆریستانی سوریاو عێراق، و پارتی دیموکراتی کوردستان. بەڵام سەبارەت خۆرئاواو ئەندامانی ناتۆ، لە ڕاگرتنی پەتی پەیوەندییەکان وکۆمەڵێک پرەنسیپی وپرۆتۆکۆل بەولاوە شتێکی تر نییەو هەر چاوەدێرێکی سیاسیی بەئاسانی دەتوانێ پەی بە ناڕەزایی و توڕەیی خۆرئاوا لەتورکیا ببات. ویەکێک لەو بەڵگانەی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت، ئەمەیە کە تورکیا هەرچیەکی کردووەو دەکات بۆ قەناعەتپێکردنی خۆرئاوا بۆ دژایەتیکردنی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و یانیش لانیکەم، پشتیوانی نەکردنی شۆڕشە شکۆمەندانەکەی، و ڕەوایی بەخشین بەکۆمەڵکوژییەکانی باکوری کوردستان، و لەشکرکێشیەکەی بۆ ناو خاکی عێراق... نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنەو سەکۆنەکردن بۆتەوە. هەرلەبەر ئەمەیە کە واجارێکی تر ئەردۆغان هەوڵدەدات هاوپەیمانە کۆنەکانی خۆی لە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی بەدستبخاتەوە.
پارتی کە بۆخۆی باوەڕی بەو چەمکە نییە کەپێی دەگوترێت ئیرادەی گەل، وئامرازی ڕاکێشانی خەڵک لای ئەو تەنیا زۆرداری، یان کڕین و دەمچەورکردن، ولەباشترین حاڵەتیشدا زیندووکردنەوەی عاتیفەیەکی ساختەیە، پێیوایە ئەمڕۆ ناسبەی تورکیا هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە پاکتاودەکات. کەواتە ئەو وەک سیاسەت و نەریتی هەمیشەیی دەبێ لەگەڵ بەهێزو سەکەوتوودابێت، تا لەگۆڕەپانەکە نەکرێتە دەرێ. و زۆر ڕوون و ئاشکرا لەنێوان کوردو حکومەتەکەی ئەردۆگان وپڕۆژە پاکتاوکارییەکەیدا، ئەمەی دووەمیانی هەڵبژاردووەو شەوو ڕۆژ هەروا خەریکی خۆڵ لەچاوکردن وفریودانی خەڵکە: تورکیا لەشکێشی دەکات، کەچی پارتی گوناهەکەی دەخاتە ئەستۆی پەکەکە. ئەمەش هەروەک ئەمەوایە کەسێک دزی کردبێت و بڵێین خەتای دزەکە نەبووە، بەڵکو خەتای خاوەن ماڵ بووە کەبۆ نموونە باش دەرگای دانەخستووە. یان پیاوێک دەستدرێژی جنسی کردبێتە سەر ژنێک و دیسان بڵێن، پیاوەکە بێتاوانە، خەتای ژنەکەبووە، خۆی نیشانی ئەوداوە...
لەخۆرئاوای کوردستان (ئەنەکەسە)ی پەیڕەوی ڕێبازی بارزانی، تائێستا یەک دانە دڵۆپ خوێنی سادەیان لەپێناو بەرگریکردن لەخاکی ئەوبەشەی کوردستان خەسارنەکردووەو تاکە فیشەکێک چییە بەدەستدرێژکارانیانەوە نەناوە، کەچی کوردایەتی بەئاڵای کوردستانەوە دەکەن، دەیکەنە هەرا کەئاڵایەکی ٢٠٠ مەتریان درووستکردووەو نایەڵن بەرزی کەنەوە.
بۆخۆیان هێزێکی ساختەیان بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا درووسکردووە، کەجلی ئوتوکراو، وعەتروئۆدکلۆن پێداکراویان لەبەرکراوەو کچەکانیش بەلاساییکردنەوە لە شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژن، بەڵام بەئارایشت و سوراو وسپیاوەوە،  دەخوازن بەهاوکاری ئەردۆگان ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستانیان پێ تێکوپێکدەن، کەچی ئاڵایەک بە یەزیدیەکانی شەنگال ڕەوا نابینن و بەو خەباتکارانەی، خەڵکی شەنگالیان جێ نەهێشت و  بەخوێنی ئاڵی هەڤاڵانیان پێشیان بەتێرۆریستانی هاوپەیمانی ئەردۆگان گرت دەڵێن: بڕۆنەوە وڵاتی خۆتان.
تورکیا ڕەشەکوژیەکی کەموێنە لەباکوری کوردستان پەیڕەودەکات، ژن و منداڵ و پیرونەخۆش دەکوژێت و ماڵوسامانی خەڵکی کورد دەسوتێنێت و وێران دەکات، هەرلەم کاتەشدا نێچێرڤان بارزانی، بێباکانە دەچێتە ئەنکەرەو خوێنی کورد بەپارەی نەوت وگاز دەگۆڕێتەوە کەچی سوکەپەیوەندییەکی پەکەکەی، لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆگان شیاوی بەراوردکردن نییە، پێ تەحەمول ناکرێت.
ئەمڕۆش، کە لەسەر ئاستی ناوخۆ، پارتی و مەسعود بارزانی چیتر شەرعیەتی دەسەڵاتدارێتیان نەماوە، یاری و جادووگەرییەکی تریان بەناوی ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی کوردستان هێناوەتە گۆڕێ. ئیتر دەبێ کێ هەبێت سەربەخۆیی کوردستانی نەوێت، و مل بۆ پەیامبەری ئەو سەربەخۆییە کەمەسعودبارزانییە کەچ نەکات؟ بەڵام نەخێر! کەسێک کە تاکەسەربازێکی عیراقی لەهەرێمەکەیدا نەبێت، و بۆخۆی وەپێش لەشکری تورکیا بکەوێت تاوڵاتەکەی داگیربکات، ناتوانێ ڕاسگۆبێت لەبانگەشەی سەربەخۆییدا!
 پارتی وەک ئەو هەر لەشفرۆشێک، (بەداوای لێبووڕدن لەلەشفرۆشان لەم وێكچواندنە) کێ پارەی بداتێ کراسەکەی هەڵدەداتەوەو دەچێتە باوەشی. ئیتر لەوە دەرچووە، کە هیوای ئەوەمان پێی هەبێت، دەست لەم پیشەیە هەڵگرێت. و هەرکەسێکیش لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم پێیوابێ پارتی، دەوڵەتی کوردی درووستدەکات، تەنانەت دیموکراسی پەیڕەودەکات، یان لەئاکامی هەر هەرهەڵبژاردنێکدا ئەگەر بدۆڕێنێت، دەستاودەستی دەسەڵات قبوڵدەکات، زۆر هەڵەیە. پارتی بەرلەهەرشت دەخوازێت قەیرانی سەرۆکایەتی و بەڕێوەبردنی دەسەڵات بەدرووشمی ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی داپۆشێت. ولەمەگرنگتریش دەخوازێت هەرێمی کوردستان لە عێراق داپچڕێ و بەناوی دەوڵەتێکی سەربەخۆوە پێشکەشی تورکیای بکات. بەڵام ئەو کەوەک مشکی بەردەمی پشیلە، بەتوڕەبوونێکی ئەردۆگان هەڵدەلەرزێت و بە بەڵێنێکی هاوکاری دەکەوێتە هەلەکەسەما، نازانێ کە شتێکی تریش هەیە پێیدەگوترێت ئیرادەی گەل. ئەو ئیرادەیەی کە پتر لەسی و پێنج ساڵە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیای دەستەپاچەکردووەو لەکۆبانێ وشەنگال ئەفسانەی خۆڕاگریی کردەواقیعێک وجیهانی سەرسام کردو ئەمڕۆش لەسوری ئامەدو فارقین و وان و جولەمێرگ و نسێبین... شکۆمەندانەتر دووبارە دەبنەوە. ئیرادەیەک کە مەرگێکی شکۆمەندانە، بەدەسەڵاتێکی سەرشۆڕانە ناگۆڕێتەوە، هەرگیز تێکناشکێنرێت و سەردەکەوێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە