باکورى کوردستان گڕى تێبەردەدرێت ...و ...لێرەش..

Saturday, 02/01/2016, 22:44

3850 بینراوە


سوپاى تورکیا دڕندانە کەوتۆتە وێزەى خەڵکى سڤیلى باکورى کوردستان،شارەکان و گەڕەکەکان و ماڵەکان ،وێران دەکات،ژن ، پیاو ، زارۆک ،پیر، خۆرت و کیژۆڵەى کوردان تیرۆر دەکات ، ئەندامەکەى ناتۆ، کە خۆیان لا پارێزەرى مافی مرۆڤ و دیموکراسى و ئاشتى گەلانە ، زۆردارى و نامرۆڤانەو شەڕى ئاشتى خەڵکى ئاشتیخوازى باکورى کوردستان دەکەن، سەگە پۆلیسیەکەى ناتۆ لە رۆژهەڵات ، چۆتە پاڵ تیرۆریستانى داعش و بەناوى شەڕى تیرۆرەوە شەڕى منداڵانى بێنازى باکورو رۆژئاواى کوردستان دەکات ، عوسمانییەکان نوێیەکانو کۆنەکان، هەمدیس بە وێنەى سوڵتانە خوێنرێژەکانى باپیرانیان ، کەوتوونەتە بۆردومان کردن و رووخاندنى قەڵاى کوڕە ئازاو لە خۆبووردوو قارەمانەکانى باکوورى کوردستان ،کەوتوونەتە سوتماک کردنى ماڵ و خانووى قوڕى هەژارو لێقەوماوانى باکورى کوردستان ، پۆلیسە دیموکراتیخوازەکەى ناتۆ،دۆستە ستراتیژییەکەى ئەمریکاى مرۆڤ پەروەر! بە بەرزەقەى چاوانى هەموو دنیا،جینۆسایدى گەلێک دەکەن لە باکوورى کوردستان ، وێنەى داعش،دەیەوێت کچ و ئافرەتانى کورد بکاتە کۆیلەو (سەبایا) و لەبازاڕەکانى ئەوروپاى دیموکراسیخواز بیانفرۆشێت ...
چ شەرمێکە بۆ مرۆڤایەتى ، کە ئەو جینۆسایدە پەردەپۆش دەکات ، چ شەرمێکە بۆ راگەیاندنەکانى بەناو دنیاى ئازاد ،کە چاوییان لە ئاست ئەو شەرمەزارى و ئەو هەموو تاوانانەى عوسمانییە نوێیەکان دەنوقێنن، چ شەرمەزاییەکە بۆ ئەمریکا ،کە بەدەمیدا بێت باسى مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتى بکات ، چ شەرمەزارییەکە بۆ (کۆمەڵگاى) مرۆڤایەتى کە لەسەدەى بیست و یەکەمدا رەفتارەکانى چاخە ناوەڕاستەکان و داگاکانى تەفتیش لە باکوورى کوردستان قبووڵ دەکات !!!
تورکیاى عوسمانییە نوێیەکان ، لە پەناى دروشمە بریقەدارەکانیاندا ، هەمدیس بە وێنەى کەمالییە شۆفینسیتەکان ،( تورکە شاخییەکان ) بە چەکى کیمیاوى و بە تانک و تۆپ و زرێپۆش و فڕۆکەى فانتۆمى ئەمریکى ، بە شارستانى دەکەن! زۆر شەرمەزاریییە، زۆر شەرمەزرایییە،زۆرۆۆۆۆۆۆۆۆۆ شەرمەزاریییە ، بەڵام لە هەموو ئەو شەرمەزارییانە شەرمەزاریتر ئەوەیە کوردێک لە باشوور سوڵتانە دەست بەخوێنەکەى ئەنقەرە بە فریاد رەس تێبگات! لە هەموو ئەو شەرمەزارییانە شەرمەزاریتر ، ئەوەیە وەکورد لە باشوور خەریکى هەژمارکردنى مووەکانى کلکى کەرى دەجاڵ بێت و چاوى چەند بستێک لە خوار لووتییەوە نەبینێت کە براکانیان رەشەکوژ دەکرێن ، لەو هەموو شەرمەزارییانە شەرمەزاریتر ، دەرگاى باشووری کوردستانیش بۆ تورکیا بکەینەوە کە بێت لە داعش و لە براکوردەکانمان رزگارمان بکات ، ئاى چ شەرمەزارییەکە ، مرۆڤ لەسەدەى بیست و یەکەمدا بەو شێوەیە سیاسەت بکاو دنیا ببینێ...چ شەرمەزارییەکە بۆ میدیاى کوردى کە گوێى کەڕ بووەو خەریکى قال و قەوەلەى بەرپرسە ناپاکەکان و قەڵەمە دزێو جنێوفرۆشەکان و قسەى باقو بریقەدارى بەناو رۆشنبیرە هەلپەرستەکانە!
ئەگەر گەلى کورد لەو بێباکییە بەردەوام بێت و تا ماوە چاوى لە جق و نقەکانى باشوور بێت ، تا ماوە کورد فرۆشان و بازرگانانى کوردایەتى و جاش و خۆفرۆشانى رۆم و عەجەم بە سەرکردەو قارەمان و تاکە سەرۆک و رزگاریکەر بزانێت ، ئەوە شایەنى ئەوەیە کە نەک بە تەنیا سەدەى بیست و یەکەم بەڵکو هەموو تەمەنى خۆى لە کۆیلایەتى بەسەر بەرێت ، گەلێک هێندە بێباک بێت و بریارى دابێت کە بەکۆیلایەتى بژیت و تواناى ئەوەى نەبێت کە لە دوورى چەند کلیومەترێکدا چاوى رەشەکوژى و قڕانى براکانى ببینێت ، یاخوا ئەو گەلە دیلى و بن دەستى و کۆیلایەتى پیرۆز بێت !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە