دەوڵەتی ئەردۆ داعش جینۆساید ئەنجام دەدات!

Saturday, 09/01/2016, 23:49

2773 بینراوە


ئەم جینۆسایدەی بەرپا کراوە لەلایەن دەوڵەتە تیرۆریستەکەی ئەردۆ داعش دژ بەخەڵکی سیڤیلی باکوری کوردستان، لەکاتێکدایە گشت جیهانی سەردەست ئاگای لێیەو دەیبینێت و بێ دەنگی هەڵبژاردوە،(هەر وەک چۆن خەڵکی بێ دیفاعی سوریە و عێراق کوشتوبڕ دەکرێن و تەنانەنەت لە برسانیشدا دەمرن و دیسان بەبەرچاوی گشت جیهانی سەردەستەوە ئەو دڕندایەتیە ئەنجام دەدرێت و خودی بکەرانیش هیچ لێ پرسینەوەیەکیان لە بەرانبەردا ناکرێت،بگرە ستایشیش دەکرێن)،نیشانەی ڕاستەوخۆی دەستێوەردانی ئەو دەوڵەتانە دەگەیەنێت کە گڵۆپی سەوزیان داوەتە سوپا دڕندەکەی ئەردۆ داعش بۆ ئەوەی بێ منەتانە کوشتوبڕی خەڵکی ڕاپەڕیوی باکوری کوردستان بکات. دیارە ئەو دەوڵەتانە لە سەروی هەمویانەوە دەوڵەتی زلهێزی ئیمپریالیزمی جیهانی ئەمریکاو گشت ئەو دەوڵەتانەیش کە لەنێو هاوپەیمانی ناتۆدان هاو شەریکن لەو تاوانەدا کە سوپاکەی ئەردۆ داعش دەیکاتە سەر خەڵکی سیڤیل لە باکوری کوردستاندا.
من وای بۆ دەچم کە بێ دەنگی هەڵبژاردنی ئەو دەوڵەتانە لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیانەوێت ئەو ڕاپەڕینە بخەنە ئەستۆی دەوڵەتی ڕوسیەی ڕەقیبی ئەمریکا لەوەی ئەو دەستی هەبێت لەو بارودۆخەدا،چونکە ئێستا دەوڵەتی زلهێزی ڕوسیە ڕاستەوخۆ دەستی وەرداوەتە نێو کێشمەکێشەکان لە سوریاو گشت ناوچەکەداو جۆری هێزە تاک جەمسەریەکەی گۆڕیوە و ئەویش لەپێناو مانەوەی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی دەیەوێت ئایندەی ناوچەکە لەبەرژەوەندی خۆی تەواو ببێت. چونی دەمیرتاش بۆ ڕوسیا و بێ ئیزن وەرگرتن لە دەوڵەت،بەمانای ئەوە دێت بەنیسبەت دەوڵەتەکەی ئەردۆ داعش،کە هەدەپەش چوەتە بەرەی ڕوسیای ئێستای دژی ئەردۆ داعش. ئەم دەوڵەتە هارودڕندانە هەمیشە بەشوێن پاساوێکەوەن تا کارە نامرۆییەکانیان ئەنجام بدەن لە دژی خەڵکی ناڕازی.
هەموان ئاگاداری خەتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی زەحمەتکێشی باکوری کوردستانین و لەکۆی ئازار و قورساییەکانی سەر ژیانیان تێ دەگەین،بەڵام ئەوە دەوڵەتی دیکتاتۆرە کەنایەوێت لەوێ کۆمەڵگا بەمافە ڕەواکانی خۆی بگات و لەژێر پلانی تێوە گلاندا دەست بۆ جینۆساید کردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی شارە کوردیەکانی باکور دەبات. 
دیارە زلهێزانی جیهان کە نوێنەرایەتی لەچینی چەوسێنەری کاپیتاڵیزم دەکەن،هیچ کات لەخەڵەتاندن و یاری کردن بەچارەنووسی گەلانی ژێر دەستە درێغیان نەکردوە،بەڵام هەمیشە دەوڵەت گەلی بەوەکالەتیان لەو کۆمەڵگایانەدا سەپاندوە بەسەر کۆمەڵگاکاندا و دڕندایەتی ئایدۆلۆژیا شۆفێنیستیەکانی وەک ناسیۆنالیزم و ئاینیان برەو پێداوە تا لەو ڕێگایەوە بتوانن درێژە بەدزێوی و دڕندەیەتی دەوڵەتەکانیان بدەن.
تەواوی سەرانی ئێستای دەوڵەتداران کۆیلەی بچوکی بەردەم ئاغاکانیانن کە زلهێزانی جیهانن و خەریکی پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسەکانیانن و لەوێشدا زۆرینەی کۆمەڵگا توشی هەژاری و بێکاری دەکرێن و ناچار دەبێت دەست بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین ببەن و گەر چارەسەریشیان بۆ نەکرا لەو ڕێگایەوە،ئەوا دوا چارەسەر یان تەسلیم بوون دەبێت کە ئەویش بەمانای مەرگی تەواوی دەگەیەنێت یان دەبێت دەست ببەن بۆ بەرپاکردنی ڕاپەڕین و شۆڕش کردن. تا ڕزگاریان ببێت لەو هەژاری و گرانی و کۆ کەموکوڕیەی دەسەڵاتداران سەپاندویەتی بەسەریاندا. لەکاتێکی واشدا کەبەرژەوەندیەکانی زلهێزان بکەوێتە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و تێک شکاندنەوە،ئەوا ڕێگە خۆش دەکەن بۆ وەکیلەکانیان لە ڕێی ڕێگە پێدانی ئەوانەوە دەست ببەن بۆ سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ژێر دەسەڵاتەکانیان. ئاخۆ گەر وانەبوایەو ئەو پارتانەی ئێستا دەسەڵاتیان لەژێر دەستایە نەبونایەتە وەکیلی زلهێزان و پارێزەری بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی چینی سەرمایەدار نەبوونایە بۆچی ئاستی هەژاری بەم قۆناخەی ئێستا دەگەیشت؟ دەوڵەتە چەتەکەی ئەردۆ داعشیش وەک هەر دەوڵەتێکی تری ناوچەکە لەلایەک پارێزەری بەرژەوەندیەکانی ئەمریکایە و لەلایەکی تر پارێزەری بەرژەوەندیەکانی چینی چەوسێنەری خودی دەسەڵاتدارانی تورکیایشە،لەوێدا بۆ شاردنەوەی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان پەنا دەبات بۆ بەرپا کردنی جەنگ دژی خەڵکی سیڤیلی باکور تا لەو ڕێگایەوە پەردەپۆشی قەیرانەکانی پێ بکات و ڕێگا نەدات کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بتەقنەوە و مەیلی کۆمەڵگا پەلکێش بکات بۆ جێگایەکی تر کە لەبنەڕەتدا چارەسەری قەیرانەکان ناکات بەڵکو قوڵتری دەکاتەوە.
ئەلتەرناتیڤی پێکاکا بۆ گشت تورکیایەو ئومێدێکە کە دەتوانێت کۆی توندنتیژیە شۆفێنێستیە ڕەگەز پەرستیە ناسیۆنالیستی و دینیەکە لەبەریەک هەڵبوەشێنێتەوە و لەجێیدا کۆمەڵگایەکی خۆبەڕێوە بەری دیموکراتیانە دابمەزرێنێت کەکۆتایی بەگشت بوارەکانی چەوساندنەوە بهێنێت بەکۆی جۆرەکانیەوە. بێگومان ئەلتەرناتیڤێکی ئاوایش بەنیسبەت سەرانی دەوڵەتەوە کارێکی ترسناکەو لەڕێی تەشەنە نەکردنی ئەو ئەلتەرناتیڤە دێن و بیرۆکەی تیرۆریستی دەخەنە پاڵ بزوتنەوەی سیاسی پێکاکاوە و کۆمەڵگا بەو بیرۆکەیە گێژ دەکەن. لێرەدا ئەوەی جێی ڕەخنە کردنە خودی بزوتنەوە بەناو سۆسیالیستیەکانە لە تورکیادا،کە ئەوان دەبوا لەم بارودۆخەدا نەچونایەتە پشتی پلانەکانی دەوڵەت و بگرە دەبوا کۆمەڵگایان دنە بدایە تابڕژێنە سەرشەقامەکان و دژی ئەو پەلامارە دڕندانەیە بوەستانایەتەوە،چونکە لەدواکاتدا ،سەرکەوتنی سوپاو پیلانە دڕندانەکانی دەوڵەتەکەی ئەردۆ داعش سەری ئەوانیش دەخوات. بۆ ئەو بزوتنەوە جەماوەریانە ناڕژێنە سەرشەقامەکان،لەڕاستیدا جێی پرسیارە!
هەموان،بیرمانە لە ڕاپەڕینی خەڵکی عێراقدا کە هێندەی نەمابوو دەوڵەتە دڕندەکەی ڕژێمی بەعس بڕوخێت لە ساڵی 1991 بەڵام کاتێک دەوڵەتی دڕندەی ئەمریکا هەستی کرد بەوەی کە لەڕێی ڕاپەڕینەوە دەوڵەتی بەعس بڕوخێنرێت دواتر جڵەو کردنی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەو تەواو نابێت،بۆیە زۆر بێ باکانە گڵۆپی سەوزی بۆ ڕژێمی بەعس هەڵکرد تا بەسەر ڕاپەڕیندا زاڵ ببێت و بەئارەزووی خۆی کوشتوبڕی کۆمەڵگایشی کرد. ڕاپەڕینی وڵاتانی عەرەبیش لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەهەمان دەرد برا،یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم خەڵکی ڕاپەڕیویش کە نەیان توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن ناڕێکخراوی بوو لەگەڵ نەبوونی پارتی شۆڕشگێڕ کە ڕابەرایەتی ڕاپەڕینەکان بکات. ئەو خاڵەی ئێستا بەجیاوازتر دەبینرێت لە ڕاپەڕینی خەڵکی باکوری کوردستاندا،خۆش بەختانە ئاستی ڕێکخراو بونیانە وە خاوەنی پارتی شۆڕشگێڕیشن،بۆیە ئومێدی سەرکەوتنەکانیان زیاترە لە ئایندەدا.
کوشتوبڕی دەوڵەتە دڕندەکەی ئەردۆ داعش و هاوپەیمانەکانی کە تووشی حاڵەتی هستێری بوون،دەرئەنجامی سەرکەوتنەکانی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، خودی کانتۆنەکان و بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا لەلایەن خودی خۆیەوە بۆ گشت دەوڵەتانی چەوسێنەری ناوچەکەو زلهێزانی سەرمایەداری جیهان بوە بەجێگای ناقبوڵ کردن،چونکە چیتر لەوێدا چەوساندنەوە لەگۆڕێدا نیەو کۆمەڵگای شارستانی دیموکراتی چوتە جێگای دوێنێی دڕندایەتی چەوساندنەوەی چینایەتی و مەزهەبی و قەومیەوە. لە سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی شۆڕشگێڕی باکوریشدا هێندەی تر ئەو ئەلتەرناتیڤە بەهێزتر دەبێت و قابیلی ئەوەیشە کە تەشەنە بسێنێت بۆ گشت ناوچەکە.
بۆ دەوڵەتانی کۆیلەی زلهێزانی جیهان،تەنها بزوتنەوە دڕندەکانی وەک داعش و ئەوانی لەو دەچن بەکەڵکیان دێت،چون لەوێدا زۆر ئازادانە دەستیان لە دزی و چەتەییدا ئاواڵا دەبێت.
مەرگ و شکست بۆ گشت دەوڵەتانی سەرمایەداری.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە