باڵوێزخانەی ئێراقی نمونەیەکی تری گەندەڵی و بێنرخکردنی هاوڵاتیان

Thursday, 21/01/2016, 22:25

2796 بینراوە


شتێکی نوێ نیە کە سیاسەت و شێوازی کاری دەزگا و کەسایەتیەکان و فەرمانبەرانی وڵاتێك لە دەرەوەی سنورەکانیوڵاتەکە ڕەنگدانەوەی خودی وڵاتەکە و سیستەم و کەسایەتیەکانیەتی. ئێراق بە هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی مەڵبەندیەوە لە چەندین لایەنی سیاسی و ئاسایشی و فەرمانبەری و گوزەرانی خەڵکەوە خۆی نمایش کردووە کە دەوڵەتێکی فاشیل و سیستەمێکی گەندەڵ و ناڕەوا فەرمانڕەوایی دەکات. تەواوی ئەمانەش لە سیاسەت و کەسایەتیەکان و فەرمانبەرانی دەرەوەی وڵاتدا ڕەنگی داوەتەوە.
ئێراق دوهەمین وڵاتە لە دوای سوریا کە بە لێشاو هاوڵاتیانی بەجێی دەهێڵن و نەفرەت لەو ڕۆژ و قیسمەتە دەکەن کە لەو سەرزەمینەدا هاتونەتە دونیاوە. بەڵام هەرهەمان ئەو هاوڵاتیانە بە هۆی ڕابوردوی ئێراقی یان کوردستانی بونیان ناچارن کەم تا زۆر بۆ هەندێك کاروباری فەرمانبەری ڕوبکەنەوە هەمان ئەو دەزگا پر لە گەندەڵی و ڕسوایی و بێئاگا لە نزخ و ڕێزدانان بۆ هاوڵاتیانی و ڕەوەندی وڵاتەکەی.
قونسوڵگەری باڵوێزخانەی ئێراقی لە برۆکسل بە ڕادەیەك لە رەوەندی کوردی و ئێراقی بە نزم دەڕوانێت کە تەنها بە زمانی زبر و بێڕیزی ڕوبەڕویان دەبێتەوە و بۆ تەنها پەیوەندیەك و گۆڕینەوەی چەند ووشەیەك هاوڵاتیان ناچار دەکات لە نێوانی یەك تاکو سێ کاتژمێر لەسەر هێڵی تەلەفۆن بمێننەوە و ڕایان دەگرێت. پاش کۆتایی دەوامی فەرمی ئەوسا هێڵی تەلەفۆن دەکەنەوە و وەڵامیان تەنها ئەوەیە کە ئیتر کاتی دەوام کۆتایی هاتووە. ئەمەش ئەنجامی ئەوەیە کە ژمارە تەلەفۆنی هێڵە فەرمیەکانی سەر ماڵپەڕەکان بۆ کەسانی ئاساییە و چەندین هێڵ و ژمارەی پشتی پەردە و نافەرمی تریان هەیە کە بۆ کەسانی ناسیاو و پەیوەندیە تایبەتیەکان کراوەیە. ئەمڕۆ بە بەرواری ٢١ی ١ کەسێك کە هەمیشە دژ بە واستەو واستەکاری بووە، بۆ دوهەم ڕۆژ و ڕۆژانە پاش دوو کاتژمێر ڕاگرتنی لەسەر هێڵ ناچار سەردانی باڵوێزخانەی کرد و پاش گفتوگۆی توند و لە ئەنجامدا کاردانەوەی توندی کەسەکە ڕۆژی ٢ی ٢ یان بۆ چاوپێکەوتن بۆ دیاری کرد. هەرهەمان کەس لە ڕێگای ناسیاوێکی قونسوڵگەریەکەوە ٢٢ی ١ واتە سبەینێیان بۆ چاوپێکەوتنەکەی بۆ دیاری کرد. لە ئەنجامدا ئەو کەسە تەواوی چاوپێکەوتنەکەی خستە دواوە. دیارە ئەم مامەڵە ناپیشەیی و ناڕەواییە بە هەموان هەزم ناکرێت و لەگەڵ ئاراستە کردنی هەر ڕەخنەیەکیش ئیتر کاتی کەم و ئەرکی زۆر دەکەنە پاساوی بێ بنەما.
باڵوێزخانەی ئێراقی چەندین دیاردەی گەندەڵی و ناڕەوایی تیادایە. لەبەرچاوترینیان ئەمانەن کە پەنجەیان بۆ رادەکێشم.
 تەواوی فەرمانبەرانی باڵوێزخانەکە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێراقیەوە دادەنرێن. بەڵام ژمارەیەکی کەم لە فەرمانبەران و کارگوزەرانی باڵوێزخانەکە لە لایەن خودی باڵوێزەوە دادەنرێن. جێگای سەرنجە ئەو فەرمانبەر و کارگوزەرانە بە پێی یاسای بەلجیکی پێویستە وەکو موچەخۆر تۆماربکرێن و پارەی تەئمین و زەمانی کۆمەڵایەتیان بۆ بدرێت، کە لە هەندی حاڵەتدا نزیکەی لەسەدا هەفتای موچەکەیە. لە زۆربەی حالەتەکان دا باڵوێز و قونسوڵ خۆیان لەو لایەنە یاساییە دزیوەتەوە. ئەمەش بەو پاساوەی ئەو خەرجیانە بگێرنەوە. بەڵام ئایا ئەو خەرجیانە بۆ خەزینەی دەوڵەت دەگەڕنەوە یان بۆ گیرفانی خۆیان؟ ئەوە شتیکە پێویستی بە یەکلایی کردنەوە هەیە .ئەو موچەخۆرە نایاساییانەش سودمەندن لەو گەندەڵکاریە و لە پاڵ موچەی نایاسایی باڵوێزخانەکە پارەی سواڵی سۆسیال یان بێکاری یان خانەنشینی وەردەگرن . خۆشیان بە پارێزراو دەزانن لەبەرئەوەی لە شوێنێکدا کاری ڕەشی نایاسایی دەکەن کە حەسانەی دبلۆماسی هەیە و کۆنترۆڵی دەوڵەتی بەلجیکایان ناچێتە سەر، ئەگەرچی چەندین ڕێگای تر هەیە بۆ ئاشکراکردنی ئەو کارە نایاساییانە.
هەلی کار لە باڵوێزخانەی ئێراقی بە گشتی و بەشی قونسوڵگەری بە تایبەتی هەرگیز بە شێوازی دروست و لە ڕێگای بواری یەکسان بۆ هەموان و کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو و پێشکەشکردنی سی ڤی و ڕەوتی ئاسایی و یاساییەوە نەبووە. هەمیشە دەستی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و حیزبی و سیاسیەکان لە کاردا بووە و ڕۆڵی خۆی بینیوە. هەر بۆیە بەو شێوازە بووە چونکە هەمیشە مۆرکی نایاسایی و ناشەرعیانە بە دامەزراندن و خستنەکارەوەکانەوە  هەبووە و هەیە و نەویستراوە بەتاڵبونی شوێنەکانی کار بۆ گست ئاشکرا بکرێت. بۆ نمومە خاتونێکی سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان بە ناوی شایان محەمەد تاهیر لە باڵوێزخانەی بەلجیکا بە پیشەی (پاککەرەوە) کاری دەکرد، لە هەمانکاتدا هاوکاری سۆسیالی لە حکومەتی بەلجیکی وەردەگرت. شایان خان لە ڕاستیدا دەرچوی ئەندازیاری بولە زانکۆیەکی ناسراوی بەلجیکا، ئەگەرچی بە ناوی پاککەرەوە دامەزرێنرابو بەڵام بە کرداری کاری قونسوڵگەری ئەنجام دەدا. پاشان شایان خان گەڕایەوە بۆ کارکردن لە پارێزگای سلێمانی و بە پشتیوانی دانای ئەحمەد مەجید پارێزگای ئەو سەردەمەی سلێمانی ناوی خرایە لیستی سەرەوەی کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوەش بوە هۆکاری ئەوەی بە ئەندامی پەرلەمانی ئێراقی هەڵبژێردرا، ئەگەرچی هیج ڕابوردویەکی سیاسی و خەبات و لەخۆبوردویی نەبو. شایان خان بەدوای خۆیدا مێردەکەی بە ناوی (ئاری) لە باڵوێزخانەی ئێراقی لە جێگاکەی خۆی دانا. شایان خان پاش جێگیرکردنی خۆی لە کوردستان، وەك ''گۆڕانخوازێك!'' کاری بەڕیوەبەرایەتی بۆ مێردەکەی دۆزیەوە. ئیتر بەم شیوازە بە ڕێگای ناسیاو و ناسیاوکاریەوە کارەکانی ناو باڵوێزخانە و قونسوڵگەری لە ژێر ناوی تردا پر دەکرانەوە. ئێستاش کەسێك بە ناوی (ئیڤار هەورامی) کە دەرچوی کۆلێژی پزیشکی دانە و ئەندامێکی دیاری بزوتنەوەی گۆڕانە لە بەلجیکا، ئەویش وەك ''گۆڕانخوازێكی تر !!'' بە هەمان شێوازی ناسیاوی و واستەی کۆمەڵایەتی خراوەتە کارەوە و لەبری خوێندنی زیاتر و پاشان کارکردن لە بوارەکەی خۆیدا لە قونسوڵگەری برۆکسل لە کاردایە و نەیتوانیوە کەمترین کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر ئەو بێنرخکردنەی ڕەوەندی کوردی و ئێراقی بەلجیکا لە لایەن قونسوڵگەریەکەوە.
قونسوڵگەری باڵوێزخانەی ئێراقی لە برۆکسلی ناوەندی ئەوروپا و پایتەختی یەکێتی ئەوروپا ڕەنگە لە شێوازی بێنرخ ڕوانین لە هاوڵاتیانی ئێراقی کەم نمونە بێت. لە ئاستی دزی و ڕوتکردنەوەی ڕەوەندی ئێراقی جێگەی سەرنجی دەزگا بەلجیکیەکانە و فەرمانبەرانی بەلجیکی ئەو ڕاستیە ناشارنەوە کە باڵوێزخانەی ئێراقی لە بەلجیکا یەکێکە لە سەرچاوەکانی تەزویر و ساختەکاریەکان و کارەگرنگەکان لە ڕێگای پەیوەندیە تایبەتی و حیزبیەکان یان بەرامبەر بەرتیل و پارەی نەقدی بۆ ئێراقیەکان ئەنجام دەدات. هەر لە سەردەمی قونسوڵی ناسراو بە (ئوستاد غالب) کە ئێستا قونسوڵی ئیراقیە لە باڵوێزخانەی ئێراقی لە پاریس فرۆشتنی جەوازیG  بە بڕی ٧٥٠ حەوت سەد و پەنجا ئێرۆ و جەوازی S بە بڕی ١٠٠٠هەزار ئێرۆ دیاردەیەکی ئاسایی و بازاڕێکی گەرمی هەبو لە بەلجیکا و وڵاتانی دەور و بەری. ئەم مامەڵەیەش لە ڕێگەی فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئێراقی و نەقیبێکی سوپای ئێراقی سەر بە ڕەوتی سەدر ئەنجام دەدرا. تاکو هۆشداریدانی چەندجارەی بەلجیکا بە باڵوێزخانەی ئێراقی ئەمە بوبوە سەرچاوەیەکی دەسکەوتی بەردەوامی کەسانێکی دەسڕۆیشتوی ناو باڵوێزخانەکە.
سەردانەکانی بەرپرسانی ئێراقی بۆ بەلجیکا و چاوپێکەوتنەکانیان لە باڵوێزخانەی ئێراقی هەر لە سەردانەکانی مەحمود مەشهەدانیەوە (لە پاڵ سەردانی بەردەوامی مەشهەدانی بۆ لای ژنە سیغەکەی دانیشتوی بەلجیکای) تاکو دوا سەردانی ئوسامە ئەلنوجەیفی جۆرە مۆرکێکی قاچاخچێتی بە خۆوە گرتبو. هەمیشە زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی لەژێرناوی ئەندامانی شاندی ئەو وەفدانە کاتێ دەگەیشتنە بەلجیکا بە مەبەستی داواکردنی مافی پەنابەری دەمانەوە، بە پێی زانیاری ڕاستەوخۆم لەو کەسانەوە بۆ هەر کەسێك لە لایەن فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوە و باڵوێزخانەی ئێراقی لە برۆکسل لە نێوان ١٥ تاکو ٢٠ هەزار دۆلاریان لێ وەردەگیرا بەرامبەر هێنانیان بۆ برۆکسل بە ناوی ئەندامانی شاندەکانەوە و ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بۆ برۆکسل.
 زۆر لە قونسوڵ و فەرمانبەرانی باڵای باڵوێزخانەی ئێراقیش لە بەلجیکا پاش کۆتایی چوار ساڵی فەرمانبەریان لەبری بردنەوەی هاوسەر و منداڵەکانیان بۆ ئێراق، سیستەمی پەنابەری ئەم وڵاتە ئیستیغلال دەکەن و هاوسەر و منداڵەکانیان دەنێرنە دەزگاکانی پەنابەری و داوای مافی پەنابەری دەکەن و خۆیان بە جیابۆوە لە مێردەکانیان لەقەڵەم دەدەن.
ئگەرچی باسی تر زۆرەو و گەندەڵی و خراپکاریەکانی باڵوێزخانەی ئیراقی لە برۆکسل کۆتایی نەهاتووە و بۆ نوسینی تری دادەنێم  بەڵام هیوادارم قونسوڵگەری و فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئێراقی کەمترین سود لە سیستەمی فەرمانبەری وڵاتی خانەخوێ وەرگرن و نرخ و ڕێز بۆ هاوڵاتیانی کورد و عەرەب و تورکمان و کەمەنەتەوەییەکانی تر دابنێن و دۆزەخی ئێراقیانن بە یاد نەهێننەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە