باڵوێزخانەی ئێراقی نمونەیەکی تری گەندەڵی و بێنرخکردنی هاوڵاتیان
Thursday, 21/01/2016, 22:25
2815 بینراوە
شتێکی نوێ نیە کە سیاسەت و شێوازی کاری دەزگا و کەسایەتیەکان و فەرمانبەرانی وڵاتێك لە دەرەوەی سنورەکانیوڵاتەکە ڕەنگدانەوەی خودی وڵاتەکە و سیستەم و کەسایەتیەکانیەتی. ئێراق بە هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی مەڵبەندیەوە لە چەندین لایەنی سیاسی و ئاسایشی و فەرمانبەری و گوزەرانی خەڵکەوە خۆی نمایش کردووە کە دەوڵەتێکی فاشیل و سیستەمێکی گەندەڵ و ناڕەوا فەرمانڕەوایی دەکات. تەواوی ئەمانەش لە سیاسەت و کەسایەتیەکان و فەرمانبەرانی دەرەوەی وڵاتدا ڕەنگی داوەتەوە.
ئێراق دوهەمین وڵاتە لە دوای سوریا کە بە لێشاو هاوڵاتیانی بەجێی دەهێڵن و نەفرەت لەو ڕۆژ و قیسمەتە دەکەن کە لەو سەرزەمینەدا هاتونەتە دونیاوە. بەڵام هەرهەمان ئەو هاوڵاتیانە بە هۆی ڕابوردوی ئێراقی یان کوردستانی بونیان ناچارن کەم تا زۆر بۆ هەندێك کاروباری فەرمانبەری ڕوبکەنەوە هەمان ئەو دەزگا پر لە گەندەڵی و ڕسوایی و بێئاگا لە نزخ و ڕێزدانان بۆ هاوڵاتیانی و ڕەوەندی وڵاتەکەی.
قونسوڵگەری باڵوێزخانەی ئێراقی لە برۆکسل بە ڕادەیەك لە رەوەندی کوردی و ئێراقی بە نزم دەڕوانێت کە تەنها بە زمانی زبر و بێڕیزی ڕوبەڕویان دەبێتەوە و بۆ تەنها پەیوەندیەك و گۆڕینەوەی چەند ووشەیەك هاوڵاتیان ناچار دەکات لە نێوانی یەك تاکو سێ کاتژمێر لەسەر هێڵی تەلەفۆن بمێننەوە و ڕایان دەگرێت. پاش کۆتایی دەوامی فەرمی ئەوسا هێڵی تەلەفۆن دەکەنەوە و وەڵامیان تەنها ئەوەیە کە ئیتر کاتی دەوام کۆتایی هاتووە. ئەمەش ئەنجامی ئەوەیە کە ژمارە تەلەفۆنی هێڵە فەرمیەکانی سەر ماڵپەڕەکان بۆ کەسانی ئاساییە و چەندین هێڵ و ژمارەی پشتی پەردە و نافەرمی تریان هەیە کە بۆ کەسانی ناسیاو و پەیوەندیە تایبەتیەکان کراوەیە. ئەمڕۆ بە بەرواری ٢١ی ١ کەسێك کە هەمیشە دژ بە واستەو واستەکاری بووە، بۆ دوهەم ڕۆژ و ڕۆژانە پاش دوو کاتژمێر ڕاگرتنی لەسەر هێڵ ناچار سەردانی باڵوێزخانەی کرد و پاش گفتوگۆی توند و لە ئەنجامدا کاردانەوەی توندی کەسەکە ڕۆژی ٢ی ٢ یان بۆ چاوپێکەوتن بۆ دیاری کرد. هەرهەمان کەس لە ڕێگای ناسیاوێکی قونسوڵگەریەکەوە ٢٢ی ١ واتە سبەینێیان بۆ چاوپێکەوتنەکەی بۆ دیاری کرد. لە ئەنجامدا ئەو کەسە تەواوی چاوپێکەوتنەکەی خستە دواوە. دیارە ئەم مامەڵە ناپیشەیی و ناڕەواییە بە هەموان هەزم ناکرێت و لەگەڵ ئاراستە کردنی هەر ڕەخنەیەکیش ئیتر کاتی کەم و ئەرکی زۆر دەکەنە پاساوی بێ بنەما.
زۆر لە قونسوڵ و فەرمانبەرانی باڵای باڵوێزخانەی ئێراقیش لە بەلجیکا پاش کۆتایی چوار ساڵی فەرمانبەریان لەبری بردنەوەی هاوسەر و منداڵەکانیان بۆ ئێراق، سیستەمی پەنابەری ئەم وڵاتە ئیستیغلال دەکەن و هاوسەر و منداڵەکانیان دەنێرنە دەزگاکانی پەنابەری و داوای مافی پەنابەری دەکەن و خۆیان بە جیابۆوە لە مێردەکانیان لەقەڵەم دەدەن.
ئگەرچی باسی تر زۆرەو و گەندەڵی و خراپکاریەکانی باڵوێزخانەی ئیراقی لە برۆکسل کۆتایی نەهاتووە و بۆ نوسینی تری دادەنێم بەڵام هیوادارم قونسوڵگەری و فەرمانبەرانی باڵوێزخانەی ئێراقی کەمترین سود لە سیستەمی فەرمانبەری وڵاتی خانەخوێ وەرگرن و نرخ و ڕێز بۆ هاوڵاتیانی کورد و عەرەب و تورکمان و کەمەنەتەوەییەکانی تر دابنێن و دۆزەخی ئێراقیانن بە یاد نەهێننەوە .