پێش بیستویەکی سێی هەموو ساڵێک!

Tuesday, 26/01/2016, 0:15

2720 بینراوە


دوێنێ و پێرێ و ئەمڕۆ و سبەینێش،گوێم لە دەسەڵاتدارانی کوردیە لەهەرێمدا،دەڵێن دان بەخۆتاندا بگرن و مژدەی سەرکەوتن بەڕێوەیە. مژدەی ئەم جارە دەبێت تا بیست و یەکی سێ چاوەڕوان بن و زیاتر قبوڵی نەهامەتیەکان بکەن،چونکە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ئیتر کۆتای دێنێت بەکۆی نەهامەتیەکانتان! یانی کۆتای گەندەڵی و گیرفان پڕ کردنی تاقمێکی سیاسی و لەجێیدا کۆمەڵکای مەدەنی و بەرقەرار کردنی یاسا دەبێت، وەک ئەوەی گەر دەوڵەتی کوردی ڕاگەیەنرا،ئەوا ئیدارەکەی دەدرێت بەکەسانێک لەنێو ئەم حیزبانەدا نەبن و کۆمەڵگا مافی لێ پێچینەوەی دەبێت لەهەر کەمو کوڕیەک. درۆ کردن زۆر ئاسانە،بەڵام پاساو هێنانەوەی دوای درۆکردن قورسە،کاتێک لە درۆدا ئامانج ناپێکرێت،بەڵکو ڕووی ڕاستی ئەوەی درۆکە دەکات؛هەڵدەماڵرێت.
باشە گریمان لەم بەهارەدا،خۆکوژی کراو ئیعلانی دەوڵەتی کوردی ڕاگەیەنرا،دەتوانێت چی لەهەلومەرجەکە بگۆڕێت کە هەمان ئەحزابی مەوجود ئیدارەی ئەو دەوڵەتە بکەن!
ئای لەو درۆ گەورانە! ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و ژیان کردن لە ژێر سێبەریدا،ئەڵێی ئەو تلیاکەیە کە ڕابەرانی دینەکان ڕۆژانە دەیدەن بەگوێی ژێردەستەکانیاندا. ئاخۆ گەر لەماوەی ئەم بیست و چوار ساڵەی دەسەڵاتدارێتی بەرەی کوردایەتیدا،جوامێریەک هەبوایە لەوەی بەفیعلی دەسەڵاتداران کارەکانیان لەخزمەتی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگادا بوایە،ئەوا خۆبەخۆ کۆمەڵگا دڵی خۆش دەبوو بەو دەوڵەتە کوردیەی ژێر دەسەڵاتی ئێوە.
ئەرێ بەڕاستی ئێوە شەرم لەخۆتان ناکەن،ئەرێ دەوڵەت داری چی باس دەکەن،لەکاتێکدا کە دەرگا سنوریەکانتان لێ بگیرێت ناتوانن ئیدارەی کۆمەڵگا بۆ مانگێک بکەن. ئەوە بیست و چوار بیستویەکی سێ تێ پەڕی و هێشتا هەر دەڵێن دەوڵەت ڕادەگەیەنین! باشە بەڕاستی لەسەر چی وەستاون و ڕاگەیاندنەکە ناکەن! ئاخۆ هێشتا ئەردۆغان ڕازی نیە یان خامینەئی یان ئال سعود! یان ئال ئۆباما! چەند مایەی بەزەین ئێوە ئەی دەسەڵاتدارانی لە دەرەوە ترسەنۆک و لەناوخۆدا خۆ گیڤ کەر.
بڕوا ناکەم لەهیچ شوێنێکی ئەم سەرزەمینەدا،دەسەڵاتێکی وەک ئێوە ناجوامێر هەبێت، دیارە مەبەستم کۆی حیزبەکانی نێو دەسەڵاتی هەرێمە. ئێوە چۆن خۆتان بەگەڕ و گولی هاتنە نێو دنیای سیاسەتەوە،هەر بەو شێوەی خۆیشتان کۆمەڵگاتان توشی گەڕو گولی کرد و داتان ڕزاندن. گەر جوامێریتان هەبوایە،دەبوا بێ ئەوەی کۆمەڵگا لێتان بێتە سەر جادەکان،خۆتان یەخەتان بەدەسەڵاتەکەتان بەردابایە و هەریەکەتان بە خۆی و گوێنیە دۆلارەکانیەوە کۆچی نەگەڕانەوەی بکردایە. بەڵام کوا جوامێریەکی وا لە دەستی ئێوە دێت!
دڵنیام گەر دەوڵەتی کوردیشتان ڕاگەیاند لە باشوردا،ئەوا ژیانی خەڵکی زەحمەتکێش و چین و توێژەکان،لەئێستایان باشتر نابێت گەر مەینەت بارتر نەبێت. چونکە ڕاستە دەڵێن؛مانگ سەر لە ئێوارە دیارە. ئێوەیش خاوەنی مێژوویەکن،ئیتر هیچ ئومێدێکتان لێ چاوەڕوان ناکرێت!
باشە تۆ بڵێی خەڵکیش شایستەی ئەو دەسەڵاتە نەبن! یان نا،خەڵکی لەڕێی ئەو کۆ حیزبەوە بێ ئیرادە کراون و ڕێگای ڕونیان لێ تاریک کردوە. 
حەپی کوردایەتی،هێندەی حەپی دینداری ترسناکە بۆ چین و توێژەکانی خوارەوە. یانی دەمەوێت بڵێم؛ئەوە ناسیۆنالیزم و دین نین کە کۆمەڵگاکان ڕزگار دەکەن لە نەهامەتی و هەژاری،بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە،ئەوە دەرک کردنە بەمەترسی ئەو دوو ئایدۆلۆژیایە کە دەتوانێت کۆمەڵگاکان ڕزگار بکات لەدەستی چەوساندنەوە جۆراو جۆرەکان. کۆمەڵگای هەرێم پێویستی بە گەڕاندنەوەی ئیرادە هەیە،چونکە ئەوە خۆیەتی دەتوانێت ئیدارەی خۆی بدات،نەک هێزێک بخاتە سەر شانی خۆی و خۆیشی لەتوانای ڕۆیشتن بخات.
تاهیر حاجی حەسەن
24/01/2016


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە