ئایا ڕاپەڕین چارەسەرە!؟

Monday, 01/02/2016, 19:14

2408 بینراوە


خەڵکی هەرێم بەگشتی و بەتایبەتیش چینوتوێژەکانی خوارەوە وەک سواڵ کەریان لێ هاتوە لە سایەی سەری ئەو حکومەتە حیزبیەی هەیەتی. چونکە حکومەت بەئارەزوی خۆی کەی بیەوێت موچە دەدات هەرکاتێکیش بۆی نەلوێت دەڵێت خوا بت داتێ! ئەوە چ قەشمەر بەزاڕیەکە وا ئەو خەڵکە بەئەمەکەی گەیاندە ئەم ڕۆژگارەو بەو ئەندازەیە بچوکی کردەوە؟
ئاخۆ هۆکار بەحیزبی کردنی تاکی کۆمەڵگایە؟ ئاخۆ تاوان جیای دیالیکتیکی نێوان سۆران و بادینانە وا خەڵکی بێ ئیرادە کردوە لەبەرانبەر هەیمەنەی حیزب و حکومەتدا؟ ئاخۆ نائامادە بوونی کۆمەڵگا بۆ ڕاپەڕین لەم قۆناغەدا ترسە لە ئایندە یان نەبونی ئەلتەر ناتیڤێکی دروستە؟ ئاخۆ ڕاپەڕین پێویستی دەبێت یان چاوەڕوانی بۆ چاک سازی لەنێو کۆی جومگەکاندا لەڕێی ئەم حکومەتە حیزبیەی کە هەیە؟
دەسەڵاتدارانی هەرێم کە پێکهاتەی نێو حیزبەکانن،پێ ناچێت لەبێ ئاگای و گێلێتیەوە بوبێت کە لەم قەیرانەدا،پێشتر هیچ خوێندنەوەیەکیان بۆی نەبوبێت،چونکە گەر ئەو دەسەڵاتە هێندە گێل بێت،ئەی چۆن توانیویەتی خۆی بسەپێنێت بەسەر خەڵکێکی زیاد لەپێنج ملیۆنیدا! ئایا گەر دەسەڵاتەکە گێل بێت یانی کۆمەڵگا لەو گێل تر نیە؟ خۆ گەر وانەبێت دەبوا بیستوچوار ساڵ بەس بێت بۆئەوەی یەکیان ئەوی تریانی بهێنایەتە سەر ڕێگا.
دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆخۆیان گەلێک وریان و بازرگانێکی باشیشن بۆ حاڵی خۆیان،ئەوان ئێستا بوون بەچینێکی چەوسێنەر و ئەرکیان بەپێی ماهیەتەکەیان جێ بەجێ کردنی گەوجاندن و برسی کردن و هەژارتر کردنی زیاتری کۆمەڵگایە. ئەوان کاتی خۆیشی دەیان زانی گەر گرنگی بدەن بەئاوەدان کردنەوەی گوندەکان و کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری ببەنە پێشەوە،لەوێشدا مانای بوژاندنەوەو زیاتر گرنگی دان دەبوو بەلەسەر پێ وەستاندن بەبێ دەست درێژ کردن بۆ حیزب. بۆیە حیزب ژیر بوو،هات گوندی خستە پەراوێزەوە و هەلومەرجێکی وای دروست کرد خەڵکی نەگەڕێنەوە نێو گوندەکانیان و بچنە نێۆ داخوازیەکانی حیزبەکانەوە. ئەو بەشەیش کەلەشارەکاندا دەژیان و بەپێی ڕشتە جۆراو جۆرەکانیان دابەش دەکران.
ئەحزابی کوردی تەواوی پێگەی کۆمەڵگای بەرەو بەرخۆری بردو،پێگەی کۆمەڵگایەکی بەرهەم هێنەری نەهێشت و بگرە بۆیەکجارەکی کوشتی. ئاخۆ گرنگی کارێکی وا لەکوێدایە؟
بێگومان لەنێو کۆمەڵگای بەرهەمهێنەردا،کۆمەڵگا چاوی لەدەست ڕەنجی خۆیەتی و تێ دەگات ئەوە خۆیەتی ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت و زیادیشی دەکات،لەوێدا ئەو چینە باش دەزانێت خێری پێ ناکرێت و بەری ڕەنجی خۆی دەخوات.بۆیە لەو کاتانەدا هەروا ئاسان نیە کۆمەڵگا نان بڕاو بکرێت،بەڵام لەکاتێکدا کومەڵگا دادەبڕێنرێت لەبەرهەم هێنان و چیتر وەک بونەوەرێکی بەسود سەیر ناکرێت،ئیتر لەوێدا یاری کردن پێی کارێکی زەحمەت نابێت. ئەحزابی ناسیۆنالیست دینی کوردی،هاتو کۆمەڵگای بەرەو ئەو بەرخۆریە برد. ئەو بەرخۆریەش کارێکی وای کرد تاکەکانی بەرەو بێ ئیرادەی بردوە. ئەگەر وانەبوایە،لە کام دەوڵەت و حکومەتدا هەیە، پێنج مانگ موچە نەدرێت و هێشتا پێت بڵێت چاوەڕوان بە! کارێکی وا گەلێک زەحمەتە. دڵنیابن،گەر دەسەڵاتداران و حکومەتەکەیان بیان زانیبایە ئیرادەیەکی سەرتاسەری هەیە و بێ گوێدانە کاری حیزبایەتی و لایەن گرێتی لەنێو جەماوەردا،ئەوکات نەک هەر موچە دوا نەدەکەوت،بەڵکو خۆیشیان جورئەتی ئەوەیان نەدەکرد بەئارەزوی خۆیان پارە بدزن.
ئێستا،ڕۆژانە ئاستی بێزاری و وڵات بەجێهێشتن و لێرەو لەوێ وەستاندنەوەکان دەبینین و حکومەتیش زۆر بێ باکانە دەڵێن؛ببورن پارە نیە و نرخی نەوت دابەزیوە. ئەو وەڵامە زۆر گاڵتە جاڕیانەیە. ئەوان خۆیان بەشدارن لەگەڵ ئەوانی تردا کەداعشیان بەرهەم هێنا. داعش تەنها ئامرازی بەکار هێنانە. تۆ ئەگەر ناڕازیت و دەتەوێت من بڕوخێنیت ئەوا داعش دێت و وێرانتان دەکات. لێرەدا گەر تۆی کۆمەڵگاش خاوەنی ئەرلتەناتیڤی ڕوون و دروستی خۆت نەبیت،ناچار هەر بۆڵە بۆڵ دەکەیت و دەڵێیت ؛هەرکەسی تریش بێت هەروەک ئەم دەدزێت،جاباشترە باهەر ئەم بێت. خۆ دەسەڵاتداران هەر ئەوەیان لەتۆی هاوڵاتی دەوێت،ئەمە لەکاتێکدا کە تۆ خۆت ناناسیت و خاوەنی خەتی سیاسی خۆت نیت،دیارە لەکاتێکی وایشدا دەست بڕدنت بۆ ڕاپەڕین،تەنها دەتوانێت خەڵتان کردنی خۆت ببینیتەوە لەنێو خوێنی خۆتدا،چونکە تۆ ئەگەر پێشمەرگەیش بیت و ئێستا دژی داعش لەسەنگەردا بیت تا ئەو کاتە جوامێریت کە دژی دەسەڵاتداران نەبیت،بەڵام بۆ ئەوان زۆر گرنک نیە تۆ بێخۆراک و بێ موچە بیت،کاتێک بچیتە نێو خەڵک و ڕاپەڕین بکەیت،ئێتر تۆ ڕاستەوخۆ دەبیت بە خائین و وەک داعش دەبینرێیت،ئەوە ئەمەک دارێتی دەسەڵاتدارانە.
دیارە بەنیسبەت مامۆستایەک و فەرمانبەرێکیشەوە هەر وایە.
لێرەدا دەبێت بگەینە ئەو دەرئەنجامەی؛ تائەو کاتەی ئەم حیزب و دەسەڵاتدارانە بکەیت بەفریاد ڕەسی خۆت،دەبێت بەسواڵکەر بوونی خۆتت پێ ڕەوا بێت. گەر ئەمەشت پێ ڕەوا نیە، ئەوکات دەبێت بەبەرچاو ڕونانەوە،بەدوای ئەڵتەرناتیڤێکی واقعیانەدا بجوڵێیت، تا کۆتایی بەم هەلومەرجەی ئێستا بهێنرێت. بڕوام وایە گەر کۆمەڵگای ناڕازی خاوەنی ئەلتەرناتیڤێکی واقعیانە نەبێت،ئەوا هەرچ توڕەی نواندنێک و دەست بردن بۆهەر ڕاپەڕینێک،ڕەنگە سودەکەی بچێتە گیرفانی ئەحزابێکی دیکەی ناسیۆنالیست بۆرژوازیەکی دینیەوە. بەڵام چەندێک ڕێکخراو بوون و هەماهەنگی نێوان چین و توێژەکان بوونی هەبێت،بەو ئەندازەیەش سەرکەوتن دەتوانێت چاوەڕوانیت بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە