ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

کۆسرەت رەسوڵ ئەو بەرپرسە ناپاکەی، کە نابێت هەروا بە ئاسانی جێمان بهێڵێت!

Tuesday, 02.02.2016, 22:49

17676 بینراوە


تێبینی و نوێژەنکردنەوە: چەند کەسێک وەکو سەرچاوە بۆ راستکردنەوەی هەندێک بڕگەی نێو نووسینەکەم، پەیوەندییان بە ستافی کوردستانپۆستەوە کرد، یەکێک لەوانە وای راگەیاندبوو، کە زاوای کۆسرەت ناوی جەلال ساڵحە و مامی تەحسین شاوەیسیش هەر ناوی ساڵحە.بەڵام ئەم دوانە ئامۆزای یەکتر نیین. هەرچەندە هەردووکیان لە عەشرەتی رۆژبەیانین. زانیارییەکانی دیکە هەموویان پشتراستکرانەوە، داوایان لێکردم کە بە نووسینەکەدا بچمەوە و چەند زانیارییەکی دیکەشیان خستبووە سەر ئەو نووسینە. هەڵبەت خەڵکی بەم رەفتارەی دەسەڵاتدارە دزەکانی کورد نامۆ نیین، کە گیرفانی خۆیان پڕ بووە و هەندێک لەو پارە و سامانانە بە ناوی پرۆژەی جیاواز و بازرگانیی و شتی دیکەوە، دەخەنە سەر خزم و کەسوکاری خۆیان، ئیستا لە دەرەوەی کوردستان هەموو کەسوکاری ئەم بەرپرسانە وەکو پادشا دەژین و پرۆژە و کاری بازرگانییان بەدەستەوەیە، بە داوای لێبوردنەوە، بە پێویستمزانی بە نووسینەکەدا بچمەوە.
-------------------------------
وەکو بیرخستنەوەیەک، ئەو پرسیار و گومانە باوانەی کە دوای هاتنەوەی ئەو سەرکردە و بەرپرسانەی کورد بۆ ناو شار، جارێکی دیکە لیرەدا دەمەوێت بنووسمەوە، لەوێوە دەست پێبکەین، کە بۆچی کاتی خۆی زۆربەی پێشمەرگە ئازا و دڵسۆزەکان شەهید دەبوون، یان کاتێک بۆ چالاکیی و کاری حیزبی دەچوونە شار دوژمن پێیانی دەزانی، دەکەوتنە نێو تەڵەی ئیستیخبارات و ئەمن و هێزەکانی حکومەتەوە؟ نەک تەنیا ئەمە، بەڵکو زۆر کەس لەسەر بچوکترین تۆمەت دەگیران، ئازار و لە سیدارە دەدران، هەشبوو بە نامە و بەڵگەوە دەگیرا، دوایی ئازاد دەکرا، دەچووە شاخ رێزی لێدەگیرا و بەرپرسیارێتی گەورەی پێدەدرا. زۆر دوور نەڕۆین باوکی پێشمەرگە، یان ئەندامیک ناوی ئاشکرا دەبوو، زوو ئەمن و ئیستیخبارات دەچوونە سەریان، ماڵیان بە شۆڤل دەڕوخاند و کەسوکارەکانیان سەرنگوم دەکردن؟! نهێنی ئەمە لە چییدابوو، کە زۆر لە کەسوکاری بەرپرسەکان، ئەوانەی لە شار بوون حکومەت دەستی بۆ نەدەبردن. شێخ حسام الدینی باوکی تالەبانی لە کەرکوک دادەنیشت بۆ هیچیان لێنەدەکرد؟. زۆر لە کۆنەپێشمەرگەکان ئەوە دەگێڕنەوە، لە کاتێکدا فڕۆکەکانی بەعس بوردومانی ناوچەی پێشمەرگەیان دەکرد، جەلال تالەبانی لە ژیر چادرەکەی خۆی نەدەهاتە دەرێ، فڕۆکەکان بە سەریدا دەسوڕانەوە و تەقەیان نەدەکرد! ئایا هەر ئەم خائینانە نەبوون لە ژێرەوە دەستیان لەگەڵ حکومەتدا تێکەڵ کردبوو، ئاگاداری حکومەتی بەعسیان دەکردەوە؟ گومانەکان زۆرن، تەنانەت شەهیدبوونی زۆر لە پێشمەرگە ئازا و دلسۆزەکان، گوایە هەر ئەمان لە دواوە گوللەشیان پێوە نابن، یان بە مەبەست بۆ ناوجەرگەی شەڕیان دەناردن تا زوو شەهید بن و لە ناوبچن!
ئەمە بەشێکە لەو پرسیارانەی دوای هاتنەوەی ئەم بەرپرسانە لای خەڵکی کوردستان دروست بوون و بوونە جێگای گومان و پرسیاری لەسەر دەکرێت!؟ ئەو گومانانەش لە ئاکامی ئەوەوە سەریان هەلداوە، کە ئەم ناموبارەکانە لەماوەی ٢٥ ساڵی دەسەلاتیاندا، جگە لە پیسخۆریی و دزیی و دەستدرێژییکردنە سەر ناموسی کچ و ژنانی کورد، بە ئاشکرا دەستیان لەگەڵ دوژمن و داگیرکەراندا تێکەڵ کردووە، خیانەتی گەورەی نەتەوەییان ئەنجام داوە. رابەر و بەرپرسانی ئەم حیزبانە کە ئەمرۆ وا دەبینرێن کاردانەوەی مێژووی رابردووشیانە هەمووی بۆتە جێگای گومان. من لێرەدا دەمەوێت بەشێک لەو گومانانە لە رێگای هەڵدانەوەی لاپەرەی یەکێک لەو کەسانە، کە مێژووی کۆسرەت رەسوڵە هەڵبدەمەوە، وەڵامێک بخەمە جێگای گومانەکان، کە ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوونم بۆی کردووە. لە قسەیەکی کۆسرەت رەسولەوە دەست پێ دەکەم، کە بۆ خۆشی نەیشاردۆتەوە لە زۆر کۆڕ و دانیشتنی ناو خزم و دۆستەکانییدا ئەمە دەڵێتەوە: (لە شاخ مبادئ، لە شاریش مصالح) واتە (لە شاخ بیروباوەڕ، لە شاریش بەرژەوەندی). ئەم قسەیەی کۆسرەت رەسوڵ پێناسەی خۆیەتی کە بەم شێوەیە دەریبڕیوە، ئەمەش قسە زۆر هەڵدەگرێت، تا رادەیەک بەسە بۆ ئەوەی بزانین ئەم کابرایە کێیە و چۆن بیردەکاتەوە و چی لە ناخیدایە، چی پێیە و چی دەوێت، دەمەوێت ئەوەش بسەلمێنم، وەلامی ئەم قسەیەشی بدەمەوە، کە کۆسرەت لە شاخیش بیروباوەڕ و تێڕوانینی بۆ شۆڕش، بۆ وڵات و نیشتیمان دڵسۆزانە نەبووە، رەفتارەکانی ئەمڕۆی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە کۆسرەت کەسێکی بێ موڕاڵ بووە، خۆپەرست و ناپاک بووە، لە پێناو خۆی و ماڵ ومنداڵییدا ملی دەیان دۆست و هاوڕێی خۆی شکاندووە. وەک لە خوارەوە ئاماژە بە بەشێکی دەدەم، دەمەوێت ئەوەش باس بکەم، کە چوونی کۆسرەت بۆ شاخ بەشێک بووە لە پلان و راسپاردەی دوژمن؟ ئەم بەرپرسانە، بە سەرانی کوردیشەوە، وەک مەلا مستەفا و کوڕەکانی، جەلال تالەبانی و کەسوکارەکەی، گرێبەستی خیانەتیان لە ژێرەوە لەگەڵ داگیرکەر و دوژمناندا هەبووە، رۆڵەی ئەو خەڵکەش بە پلانی ئەمان لەناو دەبراون و تیاچوون!
هەولێرییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر کۆسرەت رەسوڵیان کردبووە سیمبوڵی خۆیان، تەنانەت زۆر کەس منداڵی خۆیان بە ناوی کۆسرەتەوە ناو دەنا، بەسەری کۆسرەت سوێندیان دەخوارد، سرود و گۆرانییان بەسەردا هەڵدەدا، کۆسرەت کرابوو بە سیمبوڵی ئازایەتیی و پاڵەوانێتی و داستانی پێشمەرگە ئازاکانی دەشتی هەولێر، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٩٧ هێدی هێدی کۆسرەت بچوک بوویەوە، بینرا کە چۆن بۆ پلە و پۆست چۆنی بۆ لای جەلال تالەبانیی و دواییش لای مەسعود بارزانی دەچەمییەوە! هەموو سوکایەتییەکی قبوڵ بوو تەنیا ئەوەی بێ قبوڵ نەدەبوو کە دەسەڵات و پلە و پۆستەکانی بچوک بێتەوە، لە کێڵگە نەوتییەکان دوور بخرێتەوە. کاتێک ئەم بەناو جێگری سەرۆکی هەرێم بوو، پارتیی کەرامەتیان شکاند و لە هێڵی پشکنینی دێگەڵە نەیانهێشت پێ بنێتە ئەو دیو، ئەمە سووکایەتیەکی دیکەش بوو نەک تەنیا بە خۆی نا، بەڵکو سووکایەتیی بوو بە هەولیرییەکانیش، بۆیە دوای ئەمە ئەو هەولێریانەی تا ئەو کاتە مابوونەوە ئەوانیش بە تەواویی دەستیان لێی شۆری و هیوایان نەما، چونکە پێشتر کۆسرەتیان وەک نوێنەری راستەقینە و سیمبوڵی شارەکەیان دەبینی! 
لە هەڵبژاردنەکاندا کورەکەی کۆسرەت تەنیا ٦٠٠ دەنگی هێنا، بورهان سەعید سۆفی، کە لە هەرە کەسە نزیک و دڵسۆزەکانی کۆسرەت بوو، کۆسرەت لە پێناو کورەکەی ملی بورهانی شکاند و خیانەتێکی گەورەی بەرامبەر بە بورهان کرد، کوڕەکەی خۆی وەک براوە هێنایە پێشێ و شەرمی پێنەبوو پشتی کردە بورهان سەعید سۆفی، هەر لەبەر ئەمەش بوو، کە ١٠ کادیری یەکێتی لە هەولێر هەڵویستیان وەرگرت و دەستیان لە کار کێشایەوە. کۆسرەت رەسوڵ کەسێکی بێ موڕاڵ و بەدنمەکە، هێندەی خەریکی خۆی و ماڵ ومنداڵەکانێتی، نیو هێندە ئاوڕ لە کەسوکاری ئەو پێشمەرگە شەهیدانەی نەداوەتەوە، کە سەردەمانێک بۆ خاتری شۆڕش نا، بەڵکو بۆ خاتری کۆسرەت خۆیان بۆی بە کوشت دەدا و نەیان دەزانی کۆسرەت ئەم نمونە ناشرینەی ئەمڕۆی لیدەردەچێت.
کۆسرەت رەسوڵ وەک خۆی!
بۆ خوێندنەوەی بەشێک لە سیڤییەکەی کۆسرەت رەسوڵ، کە بە فەرمی یەکێتیی و هەندێک لە سایتە سێبەرەکانی دەسەڵات باسیان لێوە کردووە، دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە بخوێننەوە، لێ من ئەو بەشەیتان بۆ دەنووسمەوە کە تا ئیستا بۆی نەنووسراوەتەوە:
https://ckb.wikipedia.org

• لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، پێش ئاشبەتاڵەکە، کۆسرەت رەسوڵ کاری بۆ دەزگای پاراستن دەکرد، تەنانەت ئەوەندە جێگای بڕوابوو، بارەگای بارزانی بۆ خوێندن ناردیان بۆ بولگاریا!
• دوای رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق/ ئێران ساڵی ١٩٧٤، کە بە رێککەوتنی الجەزائیر ناسراوە، بەدوایدا مەلا مستەفا ئاشبەتاڵی راگەیاند، کۆسرەت یەکێک دەبێت وەک زۆربەی ئەوانەی دەگەڕێنەوە و خۆی تەسلیم دەکات.
• خوشکی گەورەی کۆسرەت لە ساڵی حەفتاکاندا مێرد بە کەسێک دەکات بەناوی (جەلال ساڵح رۆژبەیانی). تەحسین شاوەیسیش لە عەشرەتی رۆژبەیانییە، مامێکی هەبوو بە ناوی ساڵح، لە سەرەتادا وایان پێ گووتم کەوا ئامۆزای یەکترن، بەلام لەبەر ئەوەی بۆم ساغ نەبوویەوە، بۆیە ناچار وازم لەمەیان هێنا، بەدواداچوونم لەسەر ئەمە بەردەوامە، ناتوانم زیاتر لەسەر ئەمە قسە بکەم.
• لەبەر ئەوەی کاتی خۆی کۆسرەت رەسول سەر بە دەزگای پاراستن بووە و هەندێک چالاکیی ئیستیخباراتی ئەنجام دابوو، لە بولگاریاش خوێندوویەتی، لەگەڵ چەند هۆکارێکی دیکە، وەک دەڵێن ئەمانە و گومانی دیکەی لەسەر بوو، کە پەیوەندیی بە یەکێتییشەوە کردووە، ئەمانە دەبێت بە هۆکاری گرتنی کۆسرەت رەسوڵ و لە هەولێرەوە رەوانەی (هیئة خاصة)ی کەرکوک دەکرێت. دوای ئەوە بە چەند مەرجێک بەڕەلای دەکەن!. سابیر رەسوڵ یەکێکە لە کەسە ناسراوەکانی شاری هەولێر، وتوویەتی، کەسوکاری ئێمە و دەوروبەرەکەم کە لەگەڵ کۆسرەتدا گیرابوون هەموویان لە سێدارە دران، بەڵام نازانم بۆچی کۆسرەت هیچی لێنەکرا و بەرەیان دا؟!
• گومان زۆرە کۆسرەت رەسوڵ، وەکو زۆربەی سەران و بەرپرسانی دیکە، دوای بەربوونیی دەرگای پەیوەندییەکی لەگەڵ حکومەتدا کردبێتەوە، ئەمەش لە هەلسوکەوت و مامەڵەکردنی رۆژانەی کۆسرەت لە شاخدا دەبینرا، تەنانەت وەک دەیان پێشمەرگەی دەشتی هەولێر قسەی لەسەر دەکەن، رقی لە هەر کەسێک بوایە، رەوانەی شەڕی دەکرد، لە دواوە خۆی، پلانی بۆ دادەنا تا لە شەڕەکە نەگەڕێتەوە و بکوژرێت! د. هیوا کە بەرپرسی بەشی سیاسیی بوو لە ئاسایشی هەولێر پلانی کوشنی بۆ دانا. چەند جارێک پلانی تیرۆرکردنی ئاسۆ ئەڵمانیشی دانابوو، چونکە کۆمەڵیک نهێنی کۆسرەتی لەلابوو! بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٩٧ کە پارتی تورکیای هێنایە باشوور. پێشمەرگەیەکی دیکە بە ناوی (رێباز) رەوانەی بادینان و ئاکرێ کرا، تا لەوێ بە کوشتی بدات، رێباز خۆی لە ناو پێشمەرگەکاندا ددانی پێداناوە و وتوویەتی، ناردنی من بۆ ئێرە جێگای گومانە و کۆسرەت دەیەوێت بە کوشتم بدات! کۆسرەت رەسوڵ ماوە ماوە ئەو کەسانەی دەوروبەری خۆی لەناو بردووە، بە تایبەت ئەوانەی مەترسی لێیان هەبووبێت! 
ئەو سەرچاوانەی کە لە سەر کۆسرەت رەسوڵ زانیارییەکانی پێداوم، دەڵێت کۆسرەت کەسێکی پاک دڵسۆز نەبووە، هەر لە سەردەمی شاخییشەوە، دەتوانرێت لەسەر قسەکەی خۆی ئەمە بگووترێت (لە شاخ بەرژەوەندیی و لە شاریش هەر بەرژەوەندی)، هیچ کات خاوەنی بیروباوەڕێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی نەبووە! ئەم کەسە لەپاڵ داستان و شەهیدبوونی پێشمەرگە قارەمانەکانی دەشتی هەولێردا ئەو مێژووەی بۆ خۆی نووسیوەتەوە.
• مناڵەکانی کۆسرەت ئەوانەی، لە ژیاندا ماون:
دەرباز: کراوە بە وەزیری ئاوەدانی حکومەتی هەرێم.
شاڵاو: ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە.
شاکێو: لە ئەمریکا دەخوێنێت، خانوویەکی گەورەی بۆ کڕیوە، جگە لە مەسرەفی ساڵانە کە دەکاتە دوو سێ ملیۆن دۆلار ئەویش بۆ خوێندن و خواردن و خواردنەوە و رابواردن.
رێناس: کچی کۆسرەت، زیرەک نەبوو لە قوتابخانە ئەو نمرەیەی نەهێنابوو، بەلام بە زۆر و فشاری کۆسرەت دەریانچواند دوایی لە کۆلێژی پزیشکی دانرا. کۆسرەتی بۆ کچەکەی وای دانابوو، کە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی یەکسەر بیکات بە وەزیری تەندروستی، چەند جارێکیش ئەو پێشنیارەی خستە بەردەم مەسعود و نێچیرەڤان بارزانی، ئیستا رێناس دکتۆرە و شوی کردووە بە کوڕێ (شاڵاوی عەلی عەسکەری)، کۆسرەت لە هەولێر خەستەخانەیەکی گەورەی بۆ دروست کردووە، بە ناوی نەخۆشخانەی (پار).
پار پێکهاتووە لە سێ پیت، هەر پیتەی سەرەتای ناوی سێ کوڕی دیکەی کۆسرەت رەسوڵە، کە لە ژیاندا نەماون. (پێشڕەو، ئاراس، رێباز). ئاراس و پێشڕەو بە گوڵلەی دەستی ڕێبازی برایان کوژران، لەو کاتەدا رێباز یاری بە چەک دەکرد و فیشەکی لە دەست دەرچوو، هەر دوو براکەی خۆی کوشت، بەلام کۆسرەت وا پروپاگەندە دەکات گوایە لە سماقوڵی بە بۆردومانی هێلکۆپتەر لە ساڵی ١٩٨٦ شەهید کراون. رێبازیش کە هەردوو براکەی خۆی کوشت دوایی بۆ خۆشی کەوتە  ناو ئاوی دوکانەوە و خنکا.
• سێ کوڕی جەلال ساڵح ی زاوای کۆسرەت،  کە دەکاتە خوشکەزای خۆی لەم شوێنانە کار دەکەن: 
 کاروان لای دەربازی کوڕی کۆسرەت کار دەکات.
 گۆڤان لای شالاو کاری دەکرد، ئیستا لە هەولێر بۆتە جێگری بەڕێوەبەری بازرگانی هەولێر.
دڵۆڤان لای کۆسرەت خۆی کار دەکات، واتە خوشکەزا و کوڕی پورەکانی خۆیان لای خۆیان دامەزرێنراون، ئەمە لە کاتێکدا هەموویان ناسنامەی سویدییان هەیە، خاوەنی دەیان دوکان و خانوو و رێستۆرانن لە هەولێر و سلێمانی و شوێنی دیکەی کوردستان و دەرەوەی کوردستان.
• کاروانی خوشکەزای کۆسرەت، کە لە سەرەوە ناوم هێناوە، دیسان لەم خەستەخانەیە دەستی دەڕوات، گروپێکی مافیای تێدا دروست کردووە، ئەو کرێکارانەی لەوێندەرێ دادەمەزرێن و کار دەکەن، دەبێت سەرانەی پێ بدەن، واتە هەر کرێکارێک مانگانە کە موچە وەردەگرێت، دەبێت (٥٠) دۆلار بە کاروان بدات، دەنا دەردەکرێت. ئەمە مەرجی دانان و بەردەوامبوونی کرێکارەکانە لەو خەستەخانەیە. (بۆ بینین و زانیاریی لەسەر خەستەخانەکە کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە)

پەیوەندی فازیل میرانیی و کۆسرەت رەسوڵ



• پەیوەندی کۆسرەت رەسوڵ و فازیل میرانی وەک پەیوەندی پەنجەکانی دەستە لەگەڵ یەکتری، پەیوەندی دوو هاوڕێی گیانی بەگیانییە، لە زۆر لاوە پەیوەندیی و بەرژەوەندییەکانیان تێکەڵ و پێکەوە گرێ دراون، بەلای کەسەوە سەیر نەبێت کاتێک کۆسرەت لە سویدەوە دەگەڕێتەوە، فازیل میرانی دەچێت پێشوازی لێدەکات و قۆڵ دەکات بە قۆڵێیدا.
کۆسرەت رەسوڵ بەر لە سێ مانگ (١١/٢٠١٥) لەو کاتەدا کە خەڵکی بە دەست بێموچەیی و قەیرانی بێ پارەوە دەیناڵاند و تا ئیستاش بەردەوامە ، ئەم ناچێتە خەستەخانەکەی خۆی لە هەولێر، ئەو دەرمانانە بەکار ناهێنێت کە تاقمە مافیاکەی خۆی دەیهێنن بۆ کوردستان، بەلام خۆی کوردستان جێ دەهێڵێت و بۆ چارەسەر دەچێتە سوید، کۆسرەت لەو کاتەدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە پیاوەکانی خۆی، کە پێک هاتبوون لە سکرتێری تایبەتی خۆی (شوان بانیمارانی)، ئیسماعیل مەحمود (ئەندام پەرلەمان)، شالاوی کوڕی (ئەندامی سەرگردایەتی یەکێتیی)، لاوە حاجی ئەحمەد (بازرگان و قاجاخچی دەرمان لە کوردستان) ئەوانە یاوەری بوون. سەرچاوەیەکی نزیک لەو کەسانە ئەوەی پێڕاگەیاندم کە نرخی تێچوونی ئەم سەفەرە و لەگەڵ سەردان و پشکنینی پزیشکی پارەیەکی زۆری تێچووە، ئەم سەفەر و پارە سەرفکردنە لا کاتێکدایە، کە لە زیاتر لە چوار مانگە موچەی مامۆستا و فەرمانبەرانیان نەداوە. لە کاتی گەڕانەویاندا لە فڕۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولیر فازیل میرانی پێشوازی لێکرد. وێنەکە ببینە وەلامی زۆر پرسیار وەردەگریتەوە.
• کۆسرەت رەسوڵ پەیوەندیی و بەرژەوەندی خۆی لەسەرو هەموو شتێکەوە گرتووە، لە هەرێمی کوردستاندا دوو گروپی مافیا هەن، بازرگانی بە دەرمانەوە دەکەن: فازیل میرانی و کۆسرەت رەسوڵە، پشکی نێچیرەڤانیش لەم بازرگانییەدا هەیە، ئەویش هاوردەی دەرمان و کەسەرەستەی پزیشکییە بۆ هەرێم، هەموو ئەو دەرمانە ئێکسپایەرانەی کە دێنە کوردستانەوە و تەندروستی هاولاتییانیان خستۆتە مەترسییەوە: ئەم گروپی مافیایە لێی بەرپرسیارن.
• بازرگانیی و هێنانی دەرمان لەبەشەکەی پارتی، (عەلی قەمبور) بەڕێوەی دەبات، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە فازیل میرانییەوە هەیە. دووەم (لاوە حاجی ئەحمەد داربەسەری)، کوڕی خاڵی کۆسرەتە، زۆربەی دەرمانەکان (عەلی قەمبور) و (لاوە حاجی ئەحمەد داربەسەری) لە هیندستان، ئوردون، چین، بە کەمترین و هەرزانترین نرخ دەیهێننە کوردستان، هەروەها دەرمانی ئێکسپایەر لە تورکیا و ئەردەن و شوێنی دیکەوە دەهێنن. د. مەجید کە دەکاتە هاوەڵزاوای دەربازی کوڕی کۆسرەت، پێشتر وەزیری تەندروستی عێراق بوو، ئەمیش شەریکە دزیانە و پشکی داو و دەرمانی هاوردەش بەر ئەم دەکەوێت.
• بەرپرسی پاسەوانەکانی کۆسرەت ناوی لیوا (فەریق زراری)یە، ئەم کەسە لە کاتی سەردەمی سەددامدا هەمان پۆستی لای (ئیبراهیم زەنگەنە)ی پاریزگاری هەولێر هەبوو، ئەو ئیبراهیم زەنگەنەیەی کە سەردار سەعید سۆفی تەقەی لێکرد.
لە کۆتاییدا هیچی وامان لە هەگبەکەدا نەما تا بۆ کاک کۆسرەتی هەڵڕێژین، تەنیا ئەوە نەبێت کە بپاڕێینەوە و بڵێن: ئاهی ئەو زوڵم و زۆرەی، کە ئێوە لەم کوردەی دەکەن، هیوادارم خوا بە دەردێکتاندا بەرێت، ئەو خۆشییەی ئیستا هەتانە، بەهۆی خیانەت و ناپاکییتانەوە، بە خۆت و بنەماڵە و کەسوکارتەوە قارو قیڕتان تیبکەوێت، نەتانپەرژیت هاوار و پاڕانەوەش لە زارتان دەربچێت.
هەندێک نوسین و بابەتی پێشووتر لەسەر کۆسرەت:









(دەنگدراوە: 32 . زۆرباشە: 4/5)