دەست پێشخەریەکی گرنگ بۆ حکومەت!

Wednesday, 03/02/2016, 16:13

1977 بینراوە


ئێوە بەڕێزانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرە جۆراو جۆرەکان. هەموان ئاگاداری ئەو قەیرانە دارایەین کە نەک حکومەتەکەتان بەڵکو کۆمەڵگای تێکەوتوە و کۆی جومگە خزمەت گوزاری و ئیداری و پەروەردەییەکانی تێک شکاندوە. گەلی باشور قەرزاری ئێوە نەبوو،تا بەو دەردەی ببەن،بەڵکو ئەوە نیشانەی ڕێزو حورمەتی گەل بوو کە بەئێوەی بەخشی،بەڵام ڕاستی ئێوەو حیزبەکان فرە نمەک حەرام بوون و هیچ ڕێزێکتان نەبەخشیە ئەو ڕێزەی گەل پێیدان.
ئێستا،ئێوە هیچ متمانەیەکتان لای خەڵکی ئازادیخواز و هەژار کراو نەماوە،بەڵکو ئێوە لەچاوی گەلدا لەچەتەیەک و ڕێگرێک بەو لاوە نین. ئاخۆ لێرەدا دەتوانن چۆن یان بەکام ڕێگا متمانەی خۆتان بگەڕێننەوە؟ ئاخۆ لەڕێی سەرکوت و پەلاماری ئازادیخوازانەوە یان لەڕێی مەلاکان و درۆ کردنیان بۆ کۆمەڵگا یان لەڕێگاکانی ترەوە؟ ئاخۆ ئێوە هەست بەشەرمەزاری دەکەن،لەکاتێکدا پێشمەرگەی هەژار کراو ماڵ و منداڵی بەبرسێتی بەجێهێشتوە و لە بەرانبەر پیسترین و دڕندەترین جۆری ئیسلامی سیاسیدا دەجەنگێت کە داعشە؟ ئاخۆ بۆ ئامادەن بەری جەبهە بدەن بەپێشمەرگە بەڵام ئامادە نین خۆتان و کوڕەکانتان بچنە جێگاکانی پێشمەرگەو ژیان لەگەڵ ئەواندا بکەن؟ ئێوە کام جۆری ئیدارەتان بەکۆمەڵگا بەخشی؟ ئەرێ بیرێکتان لەوە کردۆتەوە هیچ مێژوویەک،هێندەی مێژووی چەتەی، بێڕێز نیە، لەنێو کایە سیاسیەکاندا؟ ئاخۆ خیانەت و کۆمەڵگا فرۆشتن هەر هێندەی دزی کردن و بەفیڕۆ دانی پاروی دەمی کۆمەڵگا نیە؟ کەواتە ئێوە هەم دزن و هەم کۆمەڵگا فرۆشن،لەبەرئەوەی کۆی داهاتی کۆمەڵگاتان بەفیڕۆ داوە و کۆی ژێر زەمینەکەیشیتان بەتورکیا فرۆشتوە بەبێ ئاگاداری کۆمەڵگا.
ئێستا لەهەموو کات زیاتر خەڵکی ئەو کۆمەڵگایە لەئێوە بێزارەو بەکۆی ئومێدەکانی،دەخوازێت چرکە ساتێک بێت و ئیتر تاهەتایە ئێوە و حیزبەکان نەبینێتەوە.
دەستپێشخەریەکەی من ئەوەیە،کە لەدەرەوەی ئێوە و لێژنە موفتە خۆرە حیزبیەکانتانەوە،خەڵکانێکی جوامێر و بەئەمەک لەدەرەوەی ئێوە هەیە و ئامادەیە بێتە نێو چارەسەر کردنی ئەوەی ناوی قەیران و نەبوونی پارەیە. گەر ئێوە دەخوازن بڕێک حورمەت و متمانە بۆخۆتان بگەڕێننەوە،بێن و داوایەکی وا بخەنە بەردەم کۆمەڵگا،جا ئەوکات ببینن،بزانن چەندین کەسایەتی بەڕاستی جوامێر هەیە کە ئامادەیە بێتە نێو لێژنەکانتان و کۆی داهاتەکان بەباشی بخرێتە ژێر چاودێری دەست پاکیەوە. لێژنەکانی ئێوە حیزبین و هەروەک ئەندامانی پەرلەمانی لێ هاتوە،کە هێندەی بۆ بەرژەوەندی حیزب کار دەکەن،هیچ کات ئامادە نەبوون لەپێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگادا هەڵسوڕێن،بۆیە ئاستی لێوەشاوەییەکانیشیان هەر هێندەی باڵای حیزبەکانیانە.
من دەست پێشخەریەکی وادەکەم و پێتان نەنگی نەبێت،چونکە مرۆڤ کاتێک لەبەردەم هەیمەنەی پارەدا بچوک دەبێتەوە،ئیتر ئاسان نیە کە هەیبەتی خۆی بەدۆڕاندا نەدات،جا ئێستا حکومەتەکەی ئێوە و حیزبەکانتان،ئەو هەیبەتەی خۆی دۆڕاند لەبەرانبەر هەیبەتی پارەدا،بۆیە لەکاتێکی واشدا هەستانەوە ئاسان نیە تا بتوانرێت جوامێری وەدەست بخرێتەوە. ئێستا کۆمەڵگا لە هەلومەرجێکی دژواردایە و ڕۆژانە ئاستی بێزاریەکانی زیاتر و زیاتر دەبێت،ئەو کارەیش هەروا ناتوانێت درێژە بکێشێت، چونکە حوکمی مێژوو وایە کە لەچرکە ساتێکدا وەک لرفەی دەریا هەموو بەردەمی خۆی ڕادەماڵێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە