با بێ ھەڵوێست شاھێدی مەرگی لەسەرخۆی بریندارەکانی جزیر نەبین

Tuesday, 09/02/2016, 0:56

2173 بینراوە


ھێرشی ھێزە ئەمنیەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شارە کوردیەکانی باکوری کوردستان بە گشتی و بریندارانی ژێرزەمینەکەی شاری جزیر بە تایبەتیی تائێستا بەردەوامە و ئەمڕۆ یەک شەممە ٠٧/٠٢/٢٠١٦ نۆیەم ڕۆژە کە ھیچ ھەواڵێک لەبارەیانەوە نیە و ھەموو پەیوەندیەک لەگەڵ ئەو بریندارانە پچڕاوە.
ماوەی زیاتر لە دوو ھەفتەیە ٢١ بریندار و ٩ ھاوڵاتی کە ئاگایان لەو بریندارانەیە، لەگەڵ٧ تەرم، لە ژێر زەمینی مالێکدا لە ناوچەی جزیری شرنەخدا گیرماون و دەوڵەتی تورک رێگە نادات ئەو بریندارانە بگەیەنرێنە نەخۆشخانە و تەرمەکانیش بنێژرێن، ژمارەی ئەو بریندارانە سەرەتا ٢٨ بریندار بوو، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە رێگە نەدرا بگەیەنرێنە نەخۆشخانە، ٧ یان گیانیان لەدەستدا
. ئێمە لەرێکخراوی چاودێری کوردۆساید-چاک، نارەزایەتی و نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەو مامەڵە نامرۆڤانەیەی ھێزە ئەمنیەکانی دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر مافی ژیانی ئەو بریندارانە. ڕاشی دەگەیەنین کە بە بەردەوامیی لەرێگەی راگەیاندنەکەمانەوە، چاودێریی رەوشەکە دەکەین و بەپێی زانیاریەکانیشمان، دادگای مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا، بریاریدابوو کە دەبێ ئەو بریندارانە بگەیەنرێنە نەخۆشخانە، بەڵام حکومەتی ئاکەپە، گوێیان بەو بریارەی دادگای مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپاش نەداوە و نایدەن.
چاودیری کوردۆساید-چاک، جگە لەشەرمەزارکردنی ئەو ھەڵسوکەوتە نامرۆڤانەیە، ھاوکات پشتیوانیی بەرخۆدانی رەوای گەلی کورد دەکەین لەپێناو بەدەستھێنانی ماف و ئازادیەکانیان لە وڵاتی تورکیا،و داواش لە راگەیاندنە کوردیەکانی باشوریش دەکەین کە گرنگی بەو باسە بدەن و کوردانی باشوری وڵاتی لێ ھۆشیاربکەنەوە.
رێکخراوی چاودێری کوردۆساید-چاک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە