حۆریەکانی کۆبانێ

Saturday, 02.13.2016, 20:28

4316 بینراوە


کاکە میرەی دارتاش لە دوای پەیکەری کەرێکی بۆیناخ لە مل، پەیکەری کچە، شەرەڤانێکی حۆریمان لۆدەکات.
کاکە میرە کەوا تێگەشتبو کەسانی بۆینباخ لەمل ڕۆشنبیرن، ئەوا وادیارە بەم کارەی تری، پێمان دەڵێت کە کچە شەرەڤانەکان حۆرین یان پەری .
دوای ئەوەی نادیە موراد؛ ئەو کچە ئێزیدیەی کە ماوەیەکی زۆر وەک کۆیلە لەلایەن داعشەوە هەڵسو کەوتی لەگەڵ کرابو، لەدەستی داعش هەڵهات، وەک کەسێکی چاونەترس بەهەمو جیهاندا دەگەڕێت بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدیەکان،  پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی عەربیش، بە ئەقڵی ڕۆژهەڵتی خۆیەوە وای دەزانی ئەم کچە بەدوای مێردا دەگەڕێت لەبەر ئەوەی ئابڕوی چوە یان کچێنی لەدەست داوە بۆیە ئامادەیی خۆی پیشان دا کەگوایە دەتوانێت ببێتە مێردی ئەو کچە.  کورد وتەنی ؛ کەرە لە کوێ کەوتویت و کونە لە کوێ دڕاویت. بەهەما ن شیوە ئەوەی کچە شەرەڤانەکان هەوڵی بۆئەدەن ئەوەیە کە وەک حۆری و پەری نەبینرێن و دوربن لە هەمو تێڕوانینێکی ڕۆمانتیک و و دینی، وەک کەسانێکی ئازادیخواز کەبەرگری لە نیشتمانەکەیان و لە مافی ئافرەتان دەکەن و مۆدێلێکی نوێ بۆ ئافرەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیشان دەدەن، بەلام کاکی میرە ڕیسەکەی بۆ کردنەوە بەخوری. لەبەر ئەوەی میرە وەک پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی ناتوانێت شەرەڤانان وەک خۆیان ببینێت بۆیە دەیان کاتە حۆری و پەری باڵدار.
پێش ئەوەی بێینە سەر باسی پەیکەری حۆریەکە،  با چەند نمونەیەک بهێنینەوە لە هونەردا کە سادەو ساکاری و یەک جەمسەری فکری ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی ئیسلامی نیشان دەدەن، کەچۆن لەهەمو بواری  هونەردا  تینی بیرکردنەوەیان لە سەری لوتیان تێپەڕناکات، تەنانەت لە مۆسیقاشدا بەهەمان شێوە؛ ئاوازێک کە پێک هاتوە لە دێڕێکی سادەی مۆسیقا لە نۆتێکەوە دەستپێدەکات دەڕواتو هەر خێرا دێتەوە سەر هەمان نۆت لەبەر ئەوەی هیچیان نیە کە خۆیانی پێوە بگرسێننەوە لە بۆشایدا.
کاتێک ڕواداوەکەی شارلی ئێبدۆ رویدا، لەهەمو جیهاندا، کەسانی هونەرمەند بە کارەکانیان هاوخەمی خۆیان بۆ شارلی ئێبدۆ دەربڕی، سەرنجی هەمو ئەو کاریکاتۆرانەم دا کە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کردبویان، هەمو کارەکانیان پێکهاتبو لە ؛ خوێن، قەڵەم. دەفتەری خوێناوی و هیچی تر. بێگومان نمونەکان زۆرن من لێرەدا دو نمونە دەهێنمەوە ؛
لە کاریکاتۆری هونەرمەندە ڕۆژهەڵاتیەکە وەک هەمو هونەرمەندەکانی دنیای ئیسلامی ، هەر بەبینینی خێرا دەیخوێنینەوە کە  روداوەکەمان بەسادەیی وەک خۆی پیشان دەدات ؛ دەستێک. قەلەمێک، چەند دڵۆپە خوێنێک، ئەم وێنەیە هیچ شتێکمی زیاترمان پێناڵێت لەوەی دەیزانین ؛  چەند کەسانێک کە کاریان وێنەکردن و نوسین بوە و کوژراون. دەستو قەڵەمەکەش بەشیوەیەک نەکراون کە شتێکی ترمان پێ بڵێت ؛ دەستێکی خاو و خلیچک کە هیچ مەسجێکمان ناداتێ، بەڵام ئەگەر زۆتر وردبینەوە لەوەدەچێت کە پاندانەکەی چەند دڕکێکی تیژیان پێوەبێتو دەستەکەی بریندار کردوە، هەرچەندە زۆر گرنگی نەدراوە بەو دڕکانە و بۆچی لەویادان بەلام خێرا بۆمان دەردەکەوێت کە نوسین هۆکاری ئەو خوێنەیە.
ئەگەر ئەم وێنەیە بکەین بە ڕستەیەک، ئەوا دەبێتە؛ دەستێک خۆی بریندار کردوە بە دڕکی پێنوسەکەی، بێگومان ئەمە مانا نزیکەکەی، وەئەگەریش مانا دورەکەی ببینین دەبێتە ؛ ڕۆژنامەگەرەکان، یان کاریکاتۆریستەکان بەهۆی کارەکەیانەوە کە نوسینە، توشی کارەساتێکی خوێناوی بوون، بەڵام خۆشی نایبینێت کە هۆکاری ئەوکارەساتەی خستۆتە ئەستۆی قەلەمەکە خۆی کە دڕکەکانە، چونکە بە مانا نزیەکەکی قەڵەمەکە هۆکارە لە بەر ئەوەی دڕکاویە بەمانا دورەکەشی بەهۆی نوسینەوە توشی ئەو کارەساتەبون، لەهەردو بارەکەدا تێڕوانینێکو بۆچونێکی بەڕاستی گەمژەییە.
سەرنج ئەدەین کە چەندە فکرەیەکی ساکارە و هیچ قوڵبونەوەیەکی تیا نیە و هیچ داهێنانێکی تیانیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕوداوە کاریگەریەکی گەورەی هەبو لەسەرهەمومان، بەجۆرێک کەهەمومانی توڕەکردبو، خستبوینیەوە ناو گێژاوی بیرکردنەوە و توڕەبون و هەندێک جار بیری سەرپەلیش. وادیارە کاکی کاریاکتۆریست، بڕیاری نەداوە چی بکات لەبەر ئەوەی فکرەکەی لەوە و بەر هەبوە  بۆی ئامادەکراوە، وەک چۆن لە کوردوستان بۆتاقیکردنەوەی بەکالۆری مامۆستاکان ئینشایەکی زۆریان بۆ ئامادەدەکردین، هەندێک لە ئینشاکان بۆ چەند باسێک دەبون، ئەم دیاردەیەش لە هەمو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا هەبو، هەمو تەلەبەیەک چەند ئینشایەکی لەبەر دەکرد و وەزیری پەروەردەش ئاگاداری ئەمە بو، وەزیری پەروەردە، لەوانەشە هەر خۆشی داهێنەری چەند ئینشایەک بوبێت. ئەمە ئەوە دەگەیەنیت کە ئێمە پێش ئەوەی پرسیارەکەمان لێبکرێت لەسەر باسێک، وەڵامێکمان بۆ ئامادەکردوە کە وەڵامی کەسێک نیە بۆ پرسیارێک بەڵکو وەڵامی هەمومانە بۆ هەمان پرسیار ، هەمومان پێکەوە هەمان وەڵاممان هەیە، ئەم دیاردەیەش بە پێی ئەقڵی دیکتاتۆری واتە هەمومان یەکگرتوین، چونکێ وەک یەک بیردەکەینەوە.  بۆیە ڕيخنە گر  بە بێڕیز وەردەگرن و ئەوکەسەشی بە جیاواز بیربکاتەوە بە لوتبەرزو لە خۆبایی لەقەڵەم دەدەن.
کاکی کاریکاتۆریست وادیارە  بینەر بە کەڕو کوێر و بێ مێشک دێتە بەرچاوی، وەک ئەوەی هونەر بۆ ئەو ئەوە بێت کە لە تواناتا هەبێت وێنەی قەڵەمێک یان دەستێک بکێشیت. ئەگەرکاری هونەرمەند ئەمە بێت ئەی جیاوازی لەنێوان من و ئەودا چیە؟  لەبەر ئەوەی ئەو دەزانێت نەخشی قەلەمێک بکات یان دەستێک ؟ نەخێر کاری هونەرمەند ئەوەیە کە ئەوەمان بۆ دەربڕێت کە منو تۆ بیرمان لێکردۆتەوە بەڵام نەمانتوانیوە دەریبڕین، خۆ هەمومان دەزانین کە   ئەم دیمەنە هیچ هەستێکی بیرکردنەوە لای تۆی بینەر نابزوێنێت، هیچ بیرت پێناکاتەوە، بۆچی ؟ چونکە هونەرمەمەند خۆی بیری نەکردۆتەوە و سەری خۆی نەیەشاندوە بیری خۆی نەهروژاندوە بە گەران بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا، بگرە هەر پرسیاریشی لەخۆی نەکردوە.  پرسیارەکانیش ئەوەیە؛  بۆچی ئەو کارەساتە رویدا ؟  دەرئەنجامی چی بو ؟ ئایا ئەوانە خەتابارن ؟ ئایا مافی ئەوەیان هەبو ئەو کارەبکەن  ؟  من وەک هونەرمەند چ چارەسەرێک دەبینم  ؟ چی بە بیرما هاتوە بە بیستنی ئەو ڕوداوە ؟  وەلامەکەی هەر خێرا دەزانین ؛  نە چارەسەرە نە بیرکردنەوە،  تەنها پیشاندانی ئەوە نەبێت کەوەک خۆی بینیومە، خەمباریشم خەمباریەکە کەهەمومان پێی ئاشناین و جیاوازی نیە لەگەڵ خەمباریەکی تر.  وەک چۆن لە وڵاتانی عەرەبیدا هەر کارەساتێک ڕوبدات هۆکارەکەی دەزانین چیە، ئەگەریش ناڕەزایەکان هۆکاری بێکاری و برسیەتی بێت بەڵام بۆ ئەوان هەموی هۆکارەکەی ئیمپریالیزم و سیۆنیزمە،  ئەمە سادەو ساکاری فکری تاکی ڕۆژهەڵاتیمان پیشاندەدات لە کەڵچەری ئیسلامیدا، کە خۆیان خاوەنی بڕیاردانو بیرکردنەوە نین، ئەمە کەڵچەرێکە کە هەر لەکۆنەوە ڕێگەی  لێگرتوین لە بیرکردەنەوە،  بەوە فێربوین کە وەڵامەکان تەنانەت بۆ ڕوادوێکی شازیش هەر هەمان وەڵامبن. بێگومان لە وتارێکی ترمدا دێمەسەر ئەم هۆکارە کە بۆچی کەسانی کەڵچەری ئیسلامی بیرکردنەوەیان یەک جەمسەریە.
بەڵام کە دێینەوە سەر کاریکاتۆرەکەی تر کە هونەرمەندێکی کەنەدی کردویەتی، پۆستاڵێکە، بەیەکەم تێڕوانین وادەزانین پۆستاڵێکی عەسکەریە بەڵام کە لێی ورد دەبینەوە وانیە،  ژێرەکەی بە قەڵەمی تیژ چێنراوە،  وا خەریکە دو تێرۆریستەکە پان دەکاتەوە، پۆستاڵەکە زیاد لە پێویست گەورەیە بە نیسبەت دو تێرۆریستەکەوە، قەڵەمەکان ژمارەیان زۆرە و ئێجگار تیژن، ڕیزکراون وەک سەربازی لەکاتی نمایشکردندا، تیرۆریستەکان زۆر بچوکن و بە نیسبەت پۆستاڵەکەوە بە داماوی و لاواز دەبینرێن.   بە بینینی ئەو دیمەنە موچڕکەت پیادا دێت، هەر کەسەیری دەکەیت جارێکی تر سەیری دەکەیتەوە، چونکە هەستو نەستی هەمومانی دەربڕیوە لەو کاتەدا ؛ هەمومان لە ڕوداوەکەی شارلی ئێبدۆدا زۆر توڕەبوین و ئاواتی هێزێکی عەسکەری و بگرە دیکتاتۆریمان دەخواست بەرامبەر ئەو کارە ناڕەوایە، بەڵام هٶشمەندیمان ڕێگریمان لێدەکات لەوەی ببینە هێزێکی دیکتاتۆری وەک هێزە ئیسلامیەکان، بۆیە هەر خێرا ژێری پۆستاڵەکان دەبن بە پێنوس،  دەشزانین کە ئەو هێزە عەسکەریە، ئەو ‌هێزە  دیکتاتۆریە وەک پۆستاڵێک هیچ ئامانجێک ناپێکێ و هیچ جارەسەرێک نیە بۆ کەسێکی هۆشمەند  ئەوە نەبێت کە بەردەوام بین پێکەوە هەمومان لە  نوسین بەزمانێكی توندو تیژ و پڕ لە رەخنە کەدەبێتە هێزێکی مەزن.  ئەم فکرەیە لەوە و بەر ئامادە نەکراوە وەک قەڵەم و دەفتەرە خوێناویەکە، بەڵکو هونەرمەند لەدەرئەنجامی توڕەیی خۆی و لێکدانەوەی بۆ ڕوداوەکە بە بیریا هاتوە، فکرەیەک نیە کەلەوە و بەر بینرابێت، بەمەرجێک هەیچ شکڵیکیان نامۆ نین بە ئێمە؛ پۆستاڵ، قەڵەم، تێرۆریست، بەڵام مارەیی کردنی ئەم شکڵانە گرنگن،  کە چۆن گونجاندونی پێکەوە بۆ بەدەستدانی وێنەیەکی پڕمانا کە هەستی خۆمانی تیا دەبینینەوە.
بەشیوەیەکی گشی لەوسەردەمەدا سەرنجی هەمو ئەو کارە هونەریانەم دا کە بۆ شارلی ئێبدۆکرابون، هیچ کارێکی هونەرمەدێکی ڕۆژهەڵاتیم نەبینی قوڵبونەوەیەکی تیابێت، جگە لە خوێن و دەفتەرو قەلەمی خوێناوی نەبێت. 
بابێینەوە سەر کاکی دارتاش و حۆریەکەی کۆبانی. شەڕەڤانەکانی کۆبانێ کە هەمو جیهانیان سەرسامکردوە بە جوانی و چاونەترسیانەوە، بە هێزی بەرگری و ئەو مۆدێلە نوێیەی کە پیشانی ئەدەن بۆ جیهان و لەهەمان کاتا بۆ ئافرەتان، نەک تەنها بۆ کوردوستان، بەڵکو بونەتە ئاواتێک، مۆدێلێک، بۆ ئافرەتانی جیهان. ئەوان کە هەمو ئاواتیان ئەوەیە کە خەڵکی نە وەک حۆری نە وەک پەری و نە وەک وێنەیەکی ڕۆمانتیکی بیانبینن، بێگومان  لە رەمزی پەری و حۆری ناکۆڵینەوە تەنها ئەوە نەبێت کە هەمومان دەزانین کە پەری لە سایکۆلۆژی هەموماندا سەمبۆلی دینی و ڕۆمانتیکی هەیە، کەسێکی خراپەکار نیە، بەڵام ڕاستیەکی نەسەلمێنراوە و زیاتر لەخەو خەیاڵەوە نزیکە، لە کاتێکدا کجە شەڕڤانەکان ڕاستیەکن .
بە بینینی ئەم کارە دارتاشیە، هەر خیرا تێدەگەین کە پێش ئەوەی کاکی دارتاش بیر بکاتەوە لەوەی کە چۆن باسی کچە شەرڤانەکانمان بۆ بکات، فکرەکەی وەک ئینشاکەی بەکەلۆری بۆی ئامادەکراوە؛ هەرکەسێک کاری باش بکات کەواتە حۆری و پەریە، ئیتر بۆچی سەری خۆم بیەشێنم و بچم بەدوای فکرەیەکدا بگەڕێم کە مێشکی ژەگاویم لە توانایدا نیە ؟ چونکە دەمێکی هەر هەمان ئینشا و هەر هەمان ئاواز دەڵێمەوە، کە گەشتۆتە ئاستی هێڵنجدانو ڕشانەوە و بێزاربون بە بینینیان ؟ 
ئەمە دوهەمجارە کە دارتاشەکانی کوردوستان کاری دارتاشیان دەخەنە خزمەتی کچە شەرەڤانەکانی ڕۆژئاوا، دارتاشێکی تریش کارێکی خۆی بۆ ئەم مەبەستە کرد کە کاتی خۆی وتارێکم لەسەر نوسی، ئەویش کچێکی شەرڤانی کردوە و لەسەر شێرێکی دۆشەکەڵە دایناوە وەک دەربڕینی شکۆمەندی کچە شەرڤانەکان.
 دەبینین کە هەردو کارەکە بەرهەمی هەمان کەڵچەرن؛ کەڵچەری ئینشا لەبەرکردن و دۆزینەوەی ڕەمزەکان لەناو قاموسێکی ژەنگاویدا، ئێوە کە لەتواناتانا نیە باسەکانمان بە زمانێکی هونەری بۆ دەربڕن ئەوا بەلایەنی کەمەوە هەوڵبدەن وەک خۆیان پیشانیان بدەن. 
ئەی نایبینن ئەو کچانە هەندێکیان بەدەستێکیان کڵاشنیکۆفێک و بەدەستەکەی تریان شیر دەدەن بە منداڵەکانیان ؟  ئەی نایان بینین چۆن  لولەی قەناسەکانیان لە کونی دیوارێکی ڕوخاو چاوەروانی دوژمنانن بە خەندەوە ؟ ئەی نایان بینن چۆن پێشڕەوی پیاوان دەکەن ؟ 
چۆن لەگەڵ گیانەوەرە کێویەکاندا یاری دەکەن ؟ چۆن داعشەکان لێیان تۆقیون ؟
نەخێر ئێوە ناتوانن ئەمانە ببینن چونکە وادیارە لە پیاوەتیتان پلەیەک دەتان هێنێتە خوارەوە، چونکە ئەگەر چی وا باوەڕتانە کە ئێوە کەسانێکی پێشکەوتوخوازن و هەڵگری ئالای یەکسانین، بەلام هەر هەمان مۆنتالیتێی مەسعودبارزانیتان هەس. چونکە بڕوا ناکەم ئەگەر کوڕە شەرڤانێکتان بکردایە، هەمان پەیکەرتان بۆ بکردایە، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوکیان بە هەمان کار هەساتاون، بڕوا ناکەم کوڕە شەرڤانێک بکەن بە پەری یان لەسەر شیرێک داینێن، لەبەرئەوەی لە سایکۆلۆژی ئێوەدا پیاو خۆی شێرە چ پێویست ئەکات بیخەینە سەر شیریک، پیاو دەچیت بۆ ئاسمان بۆلای حۆریەکان، ئیتر چ پێویست ئەکات بیانکەم بە پەری و بەحۆری ؟
ئەم جۆرە کارانە یان بیرکردنەوانە میراتی سیستەمێکی دیکتاتۆرین، سیستەمێک کە هەمومان یەک بریکردنەوەمان هەیە، یەک خواو یەک کتێب و یەک ئاینمانمان هەیە، ئەوەی وەک من بیر نەکاتەوە دوژمنی منە و بێڕێزیم پێدەکات، هەتا دەگاتە ئەوەی کە ئەوکەسە بەلوتبەرزو لەخۆ ڕازی ببینرێت لە کۆمەڵگادا، بۆیە دەبێت بێ نان بکرێت و ڕێگەی لێبگرن لە بڕیاردان .
هەر لە مێژویەکی دێرینەوە دەوری هونەر هەمیشە پەلهاویشتن بوە بۆ داهاتویەکی نوێ، هەمیشە پێشڕەو بوە، بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەک،  دەر گایەک، ڕێگایەک لەم دارستانە چڕەدا، هەمیشە هونەرمەند ڕەخنەی لێگیراوە لەبەر ئەوەی پێشڕەو بوە لە تێڕوانینی بۆ باسەکان، بۆ ژیان، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا و لەهەرێمی کوردوستان بە پێچەوانەوە، هونەرمەندان وەک میزی حوشتر دەمان بەن بەرەو دواوە، ئیتر پرسیار مەکەن کەبۆچی ئەم هەرێمە هەرناچیتە پێشەوە،خەتا تەنها لە مەسعورد بارزانیەوە نیە لە کاتێکدا کە ئێوە وەک  ئەو بیردەکەنەوە و کارەساتەکەش ئەوەیە کە هۆشمەند نین پێی. 




(دەنگدراوە: 13 . زۆرباشە: 4/5)