خەڵکی کوردستان دوژمنی ئێوە نەبوو!

Saturday, 13/02/2016, 21:17

1545 بینراوە


خەڵکی ئازادیخوازو زەحمەتکێشی باشوور،لەوەتەی لەژێر ستەمی چەوساندنەوەیدا بوە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی دەستیان گرت بەسەر سەرزەمینەکەیدا،خاوەنی خەبات و ناڕەزایەتی بێ پسان بوە. لەپێناو ڕزگار بونیدا هەمیشە چوست و چاڵاک بوە و قوربانی زۆری داوە لەو پێناوەدا.
ئەو چین و توێژەی هەمیشە وەک بەکرێگیراوێک لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانەوە بەکار دەهێنران بۆ سەرکوتی خەڵکی زەحمەتکێشی هاوزمانی خۆیان،ئیتر لەو ساتەوە، ئاستی جیاوازیە چینایەتیەکانیش وەدەر دەکەوتن. چونکە ئەو چین و توێژەی دەبونە زاڵمی سەر خەڵکی زەحمەتکێش،پێک هات بوون لە چینی دەرەبەگ و ئاغاو مەلاکان. ئەو چین و توێژانە هەمیشە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆیان گرێ دەدا بەو بەرژەوەندیانەی دەسەڵاتی داگیرکار هەیبوو. مێژووی ڕابردوی بزوتنەوەی کوردایەتیش لەدژی دەسەڵاتە داگیرکاریەکان،نەیتوانی یان باشترە بێژم نەیان وویست،کۆمەڵگای زەحمەتکێش بەئاگا بهێننەوە تا لەپێناو وەستانەوەیان بەدژی دەسەڵاتی داگیرکار،کارێکی وابکەن کە لە سبەی ڕۆژی ڕزگار بونیدا،بتوانێت خۆی لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ و کۆمەڵگایەکی کراوە و دیموکرات خواز بنیات بنێت. ئەو هۆکارەی بوو بەئیفلیج کردنی ئیرادەی خەڵکی زەحمەتکێش،خودی کاراکتەری بزوتنەوەی کوردایەتی بوو،بەتایبەتیش لەباشوردا،چونکە ئێستا زیاد لە دوو دەیە دەبێت،ئەو خەڵکە خەبات گێڕە بەکرداری،کرداری ئەو بروتنەوەیە دەبینێت. ئەو بزوتنەوە کوردایەتیە،نەک هەر ئامادە نەبوو کۆی خەسڵەتە دزێوەکانی دەسەڵاتی داگیر کەر بسڕێتەوە ڵەنێو پەروەردەی کۆمەڵگادا،بەپێچەوانەوە،لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 وە کار لەسەر تۆخ کردنەوەی ئەو کەلتورە دزێوە دەکات.
ئەویش تەنها بەهۆکارێک،کە دەربڕینی واقعیەتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەسەلمێنێت،کە ئەو بزوتنەوەیە لەناوەڕۆکدا هەڵگری هەمان ئەو خەسڵەتانە بوو کە چین و توێژە دەرەبەگەکان و شێخ و مەلاکان هەڵگری بوون.
خۆ ئەگەر وانەبوایە،ئەوا لەدوای دوو دەیە،دەمان توانی بڵێین ئەو حیزبانەی کە ئێستا دەسەڵاتیان لەژێر دەستدایە،بەتایبەتیش هەردوو حیزبی زلهێز،بڵێین ئێمە بەهەڵەدا چوین لە شرۆڤەکانماندا.
ئەو دەسەڵاتە حیزبیە بەشێک بوون لەو پاگەندانەیش کەلەدەرەوە بۆ خەڵکی کورد زمان دەکراو،بەعەشیرەت یان خێڵێکی شاخاوی ناویان دەهێنا. چەمکی خێڵ و عەشیرەت گەرایی لەنێو هەیکەلەی خەڵکی کورد زماندا،ئینکاری لێ ناکرێت،بەڵام گەر خودی ئەو حیزبانە بیان ویستایە کار لەسەر ڕەوینەوەی ئەو چەمکە بکەن،ئەوا هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە دەیان توانی لەڕێی پەروەردەیەکی مۆدێرن و دیموکرات خواز و ئازادیخوازیەوە،کار لەسەر کۆمەڵگا بکەن و پێکهاتەی شارو گوند بەشێوازێک بەرنە پێشەوە کە کۆی گشت پاگەندەکان لەبەریەک هەڵوەشێنێتەوە. ئەو دەسەڵاتە میلیشیا گەریە،خۆی هەر لە دروست بونیەوە کاری جدی لەسەر پاراستنی ئەو چەمکانە کردوە و بنەماکانی ئاغاواتی و دیوەخانی بردەوەتە پێشەوە. لەبەرئەوەی سودێکیان لێ دەبینی بۆ کورت ماوە.
بەڵام هەرچیان کرد،نەیان توانی پێگە مەدەنیەکەی خەڵکی هەرێم بسڕنەوە و بەسەریدا زاڵ بن،دیارە کاریگەریان هەبوە،بەو ئەندازەی کە ئەوان زاڵن بەسەر پێگەی ئابوری و سیاسی کۆمەڵگادا،لەڕێی بەکار هێنانی زەبرو درۆی کوردایەتیەوە.
ئەو دەسەڵاتە بنەماڵەییە،چینو توێژێکی دزو جەردەی بەرهەمهێناو لە ماوەی زیاد لە دوو دەیە، بوو بەشازی حکومەت لەمێژوودا،شازێک بەمانا پۆزەتیڤیەکەی نا،بەڵکو شازێک لە دزی کردن و فەوتاندنی قوتی خەڵکی زەحمەتکێشدا،ئەوە دەرخەری ئەو واقعیەتەیە کە ئەو کۆ حیزبەی دەسەڵاتیان پێک هێنا،بەڕاستی کێوی بوون و هیچ شارەزاییەکیان لەماناداری شارو پەروەردەی شاریدا نەبوو.
ئەوان هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە،هاتن و کەوتنە تۆڵە لێسەندنەوە لەخەڵکی شار، تۆڵەیەک هەروەک بڵێی گەر ئەوان نەبونایە ئەوا ڕاپەڕین ڕووی نەدەدا،بەڵام هێندە نمەک حەرام بوون،ئەو کۆ قۆناغەیان لەبیر چویەوە کاتێک خەڵکی شارو خاڵکی گوند نشین لەپێناو ئەواندا زۆرترین قوربانیان دا. تۆ ببینە،بزانە لەمێژووی ئەو دوو حیزبە زلهێزەدا کاریان نەکرد بۆ ئەوەی پێشمەرگە پەروەردە بکەن وەک چۆن گەریلایەک و شەڕڤانێک پەروەردە کراون. ئاخۆ هۆکارەکەی چی بوو؟ بۆچی نەهاتن لەشاخەوە ئەکادیمیای پەڕوەردە دامەزرێنن تا ئەو پەروەردەیە کۆی پێشمەرگە زەحمەتکێشەکانیشی بگرتایەتەوە. پەی بردن لە نەکردنی ئەو کارە زۆر ئاسانە،چونکە گەر پێشمەرگەش وەک شەڕڤان و گەریلا پەروەردە بکرایە،ئەوکات ئەوانی چینی سەرەوەی حیزب نەیان دەتوانی ببنە ملیاردێر.
ئەوە کۆمەڵگا نەبوو کە ببێتە دوژمنی ئێوەی دەسەڵاتدار و حوکمەتەکەتان،بەڵکو ئەوە ئێوەی چەتەن خۆتان کرد بەدوژمنی کۆمەڵگای ئازادیخواز و زەحمەتکێش. ئەوە ئێوەی دڕندەن لەپێناو چێژە دڕندانەکانتاندا،هیچ ئاگایەکتان لە هەست و سۆز و مرۆی بوونی کۆمەڵگا نەماو هەر وەک کێویەک پەلاماری گشت لایەکتان دا؛تەنها لەپێناو سەرخستن و دزینی پاروی دەمی هەژاراندا.
چینی کرێکار و زەحمەتکێش و کۆی موچەخۆران،تەنها ئەمەکێک هەیان بێت بیدەن بەئێوە،دەست بردنیانە بۆ بەرپاکردنی شۆڕش و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی کۆی ئەو پەروەردە کێویانەی کە ئێوە پێتان بەخشین. ئێوەی دەسەڵاتداری کێوی شایانی ئەو کۆ جوامێریە نەبوون کە ئەو خەڵکە ئازادیخوازە پێی بەخشین.
بەداخەوە،ئێوە هیچکات شۆڕشگێڕ نەبوون، ئێوە هەر لە دروست بونتانەوە لەڕێی پلانە دەرەکیەکانەوە کران بەشۆڕشگێڕ،بۆیە بۆئەوەی کۆمەڵگا خۆی پاک کاتەوە لەو پەروەردە نامرۆییانەی ئێوە پێتان بەخشی،تەنها لەنێو بردنی ئێوەی دزە. ئاخۆ کام لەئێوەی خاوەن حیزب،نوێنەری گەلن،ئێوە وەک چینێکی بۆرژوازی ناسیۆنالیستیش نین،بەڵکو ئێوە،نوێنەری دەوڵەتی ئەردۆ داعش و نوێنەری کۆماری سێدارەی ئێرانن،بۆیە بەو ئەندازەیە بوون بەدڕندە بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێمەوە. ئێوە بچوکترین جوامێریتان تێدا بوایەو لە موستەشارەکانی سەردەمی سەدام بچوکتر نەبونایە،هەڵبەت،خۆتان،خۆبەخۆ وازتان لە حکومەت و دەسەڵات دەهێنا. بەڵام چونکە تەڕ نابن،ئیتر هیچ ڕێگا چارەیەک نەماوەتەوە لەبەرانبەر جەماوەردا،ئەوە نەبێت کە دەست بوات بۆ بەرپاکردنی شۆڕش بۆ وەدەست خستنەوەی حورمەت و جوامێری دزراوی خۆی. ئێوەدوژمنی گەلن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە