بگەڕێ بە دوایا، دەیدۆزیتەوە!

Tuesday, 16/02/2016, 9:38

1881 بینراوە


بۆ پێدانی  تەواوی موچەی فەرمانبەرانی کوردوستان و بەجێگەیاندنی بڕێک عەدالەت  دەبێت ملیاردەها دۆلاری دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردوستان لە بانکەکانی دەرەوە بگەڕنرێتەوە بۆ دەستی خاڵیی خەڵکی کوردوستان. بە دەسپێشخەریی فراکسیۆنی گۆڕان پەرلەمانی عێراق لە ١٠ ی ٢ ی ٢٠١٦ بڕیاری دروستکردنی لیژنه‌یه‌كی دا بە هاوكاریی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ و دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ بۆ کۆڵینەوە وگەڕان و گێڕانەوەی ملیاردەها دۆلاری خەڵکی عێراق بە کوردوستانیشەوە کە بە ناوی چەند دەسەڵاتدارێک یا بە ناوی خزمەکانیان لە بانکە جێبڕوا و گەورە و نێودەوڵەتیە کانی ئەوروپا و ئەمریکا و شوێنەکانی تری دنیا دانراون. ئەم گەڕان و بەدواچونە خەیاڵی نەکردەنیی کۆمۆنیستی و خەونی دادپەروەریی شەوانی تاریک و نائومێدی گەنجێکی کوردی بێکار و بێپارە نیە، چونکە لەدوای ١١ ی سەپتەمبەری  ٢٠٠١ وە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی (ئەلقاعیدە) و هاوشێوە تیرۆریستەکانی ، پارەدانان و پارناردن و کڕینی کۆمپانیا و تەلار و ئوتێل و ... لە ڕیی بانکەکانەوە چاودێریی توند و وردی لەسەرە، بە گشتیش یاسای (ئەمەت لە کوێ بو) لەو وڵاتانە پیادەدەکرێ. بە هۆی ئینتەرنێت و بچوکبونەوەی دونیا بۆ گوندێکی گەردونی دەتوانی سەرەداوەکان بدۆزیتەوە وشوێنیان بکەوی و بە دواچون بۆ هەمو پرۆسە بانکیە کان بکەیت تا دەگەیتە بنەوانەکانیان. پرۆسەکانی پەیوەند بە سامان و پارە لە بانکە نێودەوڵەتیەکان پێویستی بە شایەت و سوێندخواردن نیە چونکە هەموی بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی تۆمارکراون و نافەوتێن.کوردوستان وڵاتی ملیاردوسێسەدملیۆن دانیشتوانی چین نیە کە سەخت بێت شەش حەوت کەسێکی ملیاردێر و دوسەد خزم و کەسانی تری باوەڕپێکراویان کە بەشێکی سەرمایەکانیان بەناویانەوە داناون بیاندۆزیتەوە! دەبێت لیژنەی دارایی و ئابوریی پەرلەمانی کوردوستان ،بە هاوکاری لەگەڵ داواکاری گشتی و لەگەڵ ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق، دۆزینەوە و گیڕانەوەی ئەو پارانە بکاتە ئەرک و واجیبی یەکەمی و هەر لە ئێستاوە بکەوێتە پەیوەندیکردنی فراوان لەگەڵ کونسولگەریی ئەو وڵاتانە لە هەولێر و بەغدا. هەروەها داوا لە ڕەوەندی کوردی بکات بۆ دروستکردنی دەستەی کارا و وریا و دڵسۆز لە هەریەک لەو وڵاتانە  بۆ هاوکاریکردن و کۆکردنەوەی  زانیاری لەمەڕ خزم و دڵسۆزانی دەسەڵاتدارانی گومانلێکراوی کورد  کە لەو وڵاتانە دەژین. دەبێت گەڕان بەدوای ئەو پارانە تورکیا و ئێرانیش بگرێتەوە، کەواتە دەبێت داوا لە کوردانی دڵسۆزی  ئەوانیش بکرێ لەم ئەرکە ئینسانی و نەتەوەییەدا هاوکاریمان بکەن. ئاسنی ساردیش کە بە چەکوشی پۆڵایین هەر کوتات و وازت لێنەهێنا گەرم دەبێت و دەنوشتێتەوە، (بێهودە گەڕان بەدوای دەرزی لە ناو کایەن دا) کاتێک وتراوە کە موگناتیس نەبوە! لە گرتنی سەفارەتی ئەمریکا لە تاران لە مانگی ١١ ی  ١٩٧٩ لە لایەن خوێندکارانی سەر بە خومەینی بەڵگەنامەکانی دەستیان بەسەراگرتبو پێشتر کارمەندانی سەفارەت بە دەسگای تایبەت وەک قیمەی گۆشت هەلاهەلایان کردبون بۆ ئەوەی نەخوێنرێنەوە ، بەڵام بە هەزاران سەعات کارکردنی نەسرەوتانە ودڵسۆزانەی خوێندکارەکان لەسەریان توانیان ئەو بەڵگەنامە بەقیمەی گۆشت کراوانە چاکبکەنەوە و بخوێننەوە ودەیان کتێبیان لێبنوسن لەسەر چالاکیەکانی دەسگای جاسوسی ئەمریکا لە ئێران! لە دوای جەنگی جیهانیی دوهەم جولەکەکانیش توانیان لە بنی دنیاوە دەیان نازیی ئەڵمانی بگێڕنەوە بۆ ئیسرائیل و بۆ ئەو تاوانانەی بەرامبەر جولەکە کردبویان دایانن بە دادگا و بە سزای ڕەوایان گەیاندن. ئێمەش ئەگەر بە ڕاستی بمانەوێ پارەی دزراوی کوردوستان بگێڕینەوە بۆ خەڵکە کەی ، بە کار و کۆششی ڕێخراو و ماندونەنەس و دڵسۆزانە دەتوانین ئەم کارە بکەین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە