ڕادەست کردنی ڕێزدار ئاپۆ پێش هەڤدە ساڵ بەتورکیا چی بەرهەمهێنا!

Tuesday, 16/02/2016, 18:57

2554 بینراوە


15/02/1999 ڕۆژێک لەنێو دوو لێکدانەوەداو لەنێو دوو وەرچەرخاندا بوو. 
کۆی ئەو دەوڵەت و دەزگا هەواڵگریانەی سیستەمی کاپیتاڵیزمی کە هەماهەنگ بوون لە داڕشتنی پیلانی وەدەرنانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوریادا(لە بەرواری 9/10/1998) دواتر ناچار کردنی بەرەو گەشتێکی نادیار ڕوەو وڵاتانی ئەوروپا،کارەکە هەروا ئاسان نەبوو بۆ ئەو پیلان داڕێژەرانەی هەمیشە بانگەشەی دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ دەکەن، لەوەی چۆن دەستگیری بکەن و وانیشانی جیهانیشی بدەن کە گەورە تیرۆریستێکیان دەست گیر کردوە و ئیتر نابێت هیچ وڵاتێکیش مافی پەنابەرێتی سیاسیشی بداتێ. ئەوی لەو ساڵەدا بینرا سەرکەوتنی ئەو دەوڵەتانە بوو لەئەنجام دانی کارەکە و دەستگیر کردنی ڕێزدار ئاپۆ لەنایرۆبی و ڕادەست کردنەوەی بەدەوڵەتە فاشیە ناسیۆنالیستەکەی مەسعود یەڵمازی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات.
ئەوان،یانی دەستەی هەواڵگری ئەمریکاو ئیسرائیل و بەریتانیاو ئەڵمانیا و تورکیا،ڕەنگە چەندین وڵاتی تریش لەنێو ئەو پیلانە نەگریانەیەدا بوبێتن،چونکە ڕێزدار ئاپۆ لەیۆنانەوە تاڕوسیاو ئیتالیاو بیلاڕوسیو نایرۆبی،هیچ یەکێکیان هێندە خاوەن ئیرادە نەبوون کەبتوانن بەرپەرچی ئەو پیلان گێڕیە بدەنەوە و مافی پەنابەرێتی سیاسی پێ بدەن،مەست بوونی خۆیان ڕاگەیاند و وایان نیشاندا کە چیتر ئەو بزوتنەوەیە مردوو شکستی خواردو وەرچەرخان بەرەو قۆناغێک دەستی پێ کرد،یانی وەرچەرخان بەرەو بێدەنگە کردنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و خودی بزوتنەوەی پێکاکا. ئەوان گەلێک گێل بوون لەو شرۆڤەیاندا،چونکە وا چاوەڕێیان دەکرد کە،کەسایەتی ئاپۆش هەروەک سەرکردە دیکتاتۆرە باوەکانن و لەگەڵ گرتن یان کوشتنی سەرۆکدا ئەوا ڕاستەوخۆ گشت پایەکانی بزوتنەوەکەیش دەتەپێت. بەڵام نەیان زانی کە ئاپۆ کەسایەتیەکی باو نیە و ئەو لەگەڵ بزوتنەوەکەیشیدا،هەڵگری پێگەیەکی هێندە مەزنن و هەڵگری کۆ چەمک گەلێکن هاوردەی پەیامن،یانی ئەوان خاوەن بیروباوەڕێکی مەزنن و بەگرتن و کوشتنیان کۆتاییان پێ نایەت،بەپێچەوانەوە هێندەی تر مەزنتر دەبن هەم لەنێو خۆیاندا و هەم لەنێو گەل و لەنێو ئاستی بزوتنەوە ئازادیخواز و یەکسانیخوازیەکانی جیهانیشدا ناسراوتر بوون. لێرەدا ڕوون دەبێتەوە،ئەو پیلان داڕێژەرانە سەرکەوتوو نەبوون و ئەو هەوڵەیشیان بۆ وەرچەرخانێک بە ئیشتیهای ئەوان بێت،وانەهاتەوە.
ڕێزدار ئاپۆ،لەقۆناغی گەشەکردنی کەسایەتی خۆیدا،خاوەن توانایەکی مەزنەو وەک ئەو کەسایەتیە گەشانەی مێژوو وایە کەتوانیویانە کاریگەری مەزن دابنێن لەسەر ئاڵوگۆڕە ڕیشەیەکاندا کە مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕیون،ئیتر چی لەڕووی شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکانەوە بوبێت یان لەڕێی ئەو کەسایەتیانەی کە لەداهێنانە زانستیەکاندا خاوەنی ئەو کاریگەریە بوون کە وەرچەرخان دروست بکەن. لەکەسایەتی ئاپۆدا،ئەو بلیمەتی و ئاستی ڕابەرایەتیە مێژووییە دەبینرێت. ئەو کاتێک بزوتنەوەی سیاسی پێکاکا دروست دەکات خاوەنی سەلیقەیەکی مێژووی باش بوە لەو ئامانجەی شوێنی دەکەوێت،(ڕەنگە پەرتوکی مێژوویەک لە ئاگر یەکێک بێت لەو پەرتوکە بەسودانەی بتوانرێت شارەزای لەمێژووی دروست بونی ئەو پارتە بدات بەدەستەوە). گەشە کردنی ئەو پارتە و چونە سەری ئاستی بەرفراوانیەکەی ئیعتیماد کردنە سەرخۆ بوە،نەک چاو لەدەستی کۆمەکی ئەم وڵات یان ئەو وڵات،چونکە هەرچ کۆمەکێکی دەرەوە،دەکرێت چاوەڕێی پێدانی بەرژەوەندیش لەخۆ بگرێت کە ئەوکات تۆ ناتوانیت خاوەنی خۆت بیت.
بەهەرحاڵ،زۆرێک لەکۆمەڵگا شارەزای مێژووی پێکاکایە. 
ئەوەی بۆمن گرنگە لەم کورتە نووسینەدا ئیشارەی پێ بدەم،ئاستی جیاوازی خودی کەسایەتی ئاپۆیە لەگەڵ کەسایەتیە سیاسیە باوەکانی تردا،لەناو کوردستان و گشت ناوچەکەیشدا. ئاپۆ خاوەنی فیکرە،هەروەک چۆن مارکس خاوەنی فیکرێکی ماتەریالیزمیە یان چۆن پێغەمبەرەکان خاوەن فیکرێکی ئایدیالیزمین،وە دەبینین تیاچونیان هەروا کارێکی ئاسان نیە،مەگەر فیکرێک لەوان بەهێزتر هەبن تاجێگایان بگرنەوە.
ڕێزدا ئاپۆ،لەدوای گرتنەکەی و ڕادەست کردنەوەی بەدەوڵەتی تورکیا،(خۆش بەختانە نەیان توانی لەسێدارەی بدەن،چونکە یاسای لەسێدارە یاساغ بوو لەتورکیادا،دواتر هەوڵێک درا لای ئەردۆ داعش تا ئەو یاسایە زیندوو بکەنەوە،بۆئەوەی ڕێزدار ئاپۆ و هەڤاڵەکانی لەسێدارە بدەن،بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەگەڕاندنەوەی ئەو یاسا قێزەونەدا) کەسایەتی ئاپۆ نەک هەر تەسلیم نەبوو تا دەگات بەخودی بزوتنەوەکەیشی،بەڵکو بوو بەوەرچەرخانێکی مەزن و باڵاتر کردنی بزوتنەوەکە لەڕوی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە. ئەو پەرتوکانەی ئاپۆ لەزیندانی ئیمراڵیەوە نوسینی وەک بەرگرینامەیەک بۆ دادگای نێو دەوڵەتی مافی مرۆڤی ئەوروپا(مانیفێستۆ لە پێنج بەرگدا وە بەرگری کردن لەگەلێک) هەڵگری پەیامێکی ئینسانی و پێشکەش کردنی ئەلتەرناتیڤێکی مەزن بوو،لەجێی کۆی سیستەمی باوی دەوڵەت نەتەوە. خودی ئەو ئەلتەرناتیڤە یانی بنیات نانی کۆمەڵگای شارستانی دیموکراتی،بوە بە واقیعێک و دەتوانێت چارەسەری کۆی کێشەو ململانێ ناسیۆنالیستی و مەزهەبیەکان بکات.
خۆ ئەگەر گریمان کەسایەتی ئاپۆ هەروەک کەسایەتیەکی سیاسی باو بوایە،ئەوکات گرتنەکەی پێویستی بەو هەڵا گەورەیە نەدەکرد،یان هەرپێویستی بەگرتنیش نەدەکردو بە پێدانی چەند ئیمتیازێک ڕێک دەکەوتن. بەپێچەوانەوە گرتنی ئاپۆ هێندە داڕوخاندنی کێوێکی مەزن سەختە،وە ئەوەتا دەیبینین لەو ساتەوە تا ئێستا و لەدەرئەنجامی ئاڵوگۆڕەکان لەوڵاتانی عەرەبی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتدا،تادێت لەلایەک بەرەی پێکاکا بەربڵاوتر و مەزنتر دەبن،وە لەلایەکی تریش جەنگەڵستانی ئەو پرۆژەی کاپیتاڵیزم بەشوێنیەوەیەتی گەورەتر و ماڵ کاولکەرتر دەبێت. خودی ئەو ئەلتەرناتیڤەی ڕێزدار ئاپۆ داهێنەریەتی،دەتوانێت لەبواری کرداریەوە کۆتای بەگشت چەوساندنەوە قەومی و تائیفی و چەوساندنەوە چینایەتیەکان بهێنێت. شۆڕشی مەزنی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر ئەو ئەلتەرناتیڤەیە،بۆیە گشت بەرەی جەنگی قەومی و دینی دژایەتی دەکەن و دەخوازن بەهەرچ شێوەیەک بێت شکستی پێ بهێنن. بەڵام کارێکی وا مەحاڵە،چونکە کۆمەڵگا پەروەردە کراوەو خاوەنی ئیرادەی مەزنی خۆیەتی.
ئێستا ڕوون دەبێتەوە کە لەو ڕۆژگارەوە ئاپۆ ڕادەست کرایەوە،قۆناغ بەرەو دوو وەرچەرخان هەنگاوی هەڵگرتوە،بەپێی خوێندنەوە سیاسیەکان،گەر وەرچەرخانەکان بەرەو بەرەی پیلان گێڕان بڕوات،ئەوکات لەجەنگەڵستانێک زیاتر نایەتە بەردەم ژیانی کۆمەڵگاکان لەوڵاتانی ڕۆژهەڵات و وڵاتی تورکیاشدا،وەئەگەر وەرچەرخانەکان بەرەو بەرەی ڕێزدار ئاپۆ هەنگاوی هەڵگرت،ئەوکات کۆمەڵگاکان ڕزگاریان دەبێت لەو جەنگەڵستانەی بنیات نراوە لەژێر هەیمەنەی دەوڵەت نەتەوەداو لەجێی ئەودا، بنیات نانی کۆمەڵگای شارستانی دیموکرات جێگا دەگرێتەوە،لەونێوەشدا ژنان ڕزگاریان دەبێت لەکۆیلایەتی و دەبنەوە خاوەنی کەسایەتی خۆیان،وە ناسێۆنالیزم و دینیش ڕزگاریان دەبێت و چیتر وەک کارێکی شەخسی دەبن نەک بەزۆر بسەپێنرێن بەسەر تاک و کۆمەڵگاکاندا.
ئەمەیە جیاوازی کەسایەتی ڕێزدار ئاپۆ لەگەڵ کۆی کەسایەتیە سیاسیە باوەکان لەناوچەکەو جیهانیشدا.
تاهیر حاجی حەسەن
15/02/2016


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە