چی گۆڕاوە و دەبێ چی بکەین؟

Wednesday, 17/02/2016, 21:43

1909 بینراوە


"لە هەموو مانگرتنێکدا دراگنێکی شۆڕش هەیە" 
فۆن بوتکامر،وەزیری ناوخۆی بروسیا
چی گۆڕاوە؟
ئەگەر ١٧ شوبات لەژێر کاریگەری فاکتەرە دەرەکی و ناوچەییەکان ،شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە تونس و میسر و ناوچەکەدا تەقیەوە ئەوا بایکۆت و مانگرتنەکانی ئێستا لە ژێرکاریگەری فاکتەرە ناوخۆییەکان واتە قەیرانی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمەوە شکڵی گرتوە. ئەگەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات تەنیا ناوچەی سلێمانی گرتەوە ئەوا ناڕەزایەتی و بایکۆتی ئێستا هەولێر و دهۆک وزۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتۆتەوە. ئەگەر ١٧شوبات شێوەی ناڕەزایەتیەکان تەنیا لە مەیدانەکانی شار و شارۆچکەکاندا بوو ،مانگرتن و بایکۆت ئێستا لە بەشێکی زۆر لە فەرمانگە وخوێندگا و شوێنەکانی کاردایە. ئەگەر دوێنێ گۆڕان و حزبە ئیسلامیەکان خواستی ریفۆرمی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیان زاڵ کردبوو بەسەر خۆپیشاندانەکاندا و خۆیان کردە نوێنەری ١٧ شوبات بۆ گفتوگۆ و کەوتنە ساتوسەودا لەگەڵ دەسەڵاتدا،ئەوا ئەمڕۆ خواستی ڕاستەوخۆی خەڵک کە موچە و گەڕانەوەی داهاتی ئاودیوکراوی کوردستان زاڵە و مانگرتن و بایکۆتەکان قسەکەری ڕاستەوخۆی خۆیان لە فەرمانگە و شوینەکانی کارکردندا ڕوو بە حکومەت و بڕیاری بڕینی موچە وەستاون. وە ئەگەر تادوێنێ هێزی پۆلیس لەپاڵ ئاسایش و زێڕەڤانی و دژە تیرۆردا وەستابوو ،ئێستا ئەم بەشە لە هێزی سەربازی بوەتە بەشێک لە مانگرتوەکان و خەڵکی نآڕازی.
 ئەگەر تا دوێنێ خەڵکی کوردستان ئاگاداری داهات و مەسرەفی کوردستان نەبوو و هێشتا بەشێک لە خزمەتگوزاریەکان و موچە هەبوو بەڵام ئێستا زیاتر لە سەرچاوەیەک هەیە بۆ پەیداکردنی زانیاری لەسەر داهاتی نەوت و بودجە وچۆنیەتی سەرفکردنی لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە و مەجالی فریو و کڵاولەسەرنانی کەم کردۆتەوە. 
جیاوازیەکی سەرەکیش ئەوەیە کە ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی دارایی و ئابوریدایە کە لە دەیەی ڕابردودا وێنەی نەبوە و ڕادەی هەژاری لە ٪٣ ەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٪١٢ و بەردەوام زیاتر دەبێ. ئەم دەسەڵاتە سەرمایەدارە دەیەوێت لەم قەیرانە ڕزگاربێ بە پاراستنی سەرمایەی کەڵەکراوی و هێرشکردنە سەر موچە وەک بەشی چینی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لە بودجە و داهات . بەمەش لەدوای ئەزمەکە بتوانێ بە کەمکردنەوەی موچە بەشە داهاتی خۆی زیاد بکا و لەم قەیرانە سود وەرگرێ بۆ سەپاندنی سیستەمی هەژارکردنی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەت. 
ئەم واقعیەتە هەمو هەوڵە ناوەنجگیری حزبەکانی نێودەسەڵاتی بۆ ڕازیکردنی بەم دوبەرەیە بە ریفۆرمی کڵێشەیی توشی بن بەست کردوە. لەلایەک پارتی و یەکێتی ڕازی نابن بە کەمکردنەوەی داهاتی خۆیان و هێشتنەوەی موچە و سەرفکردنی بودجە بۆ بەشە خزمەتگوزاریەکان و لەلایەکی تریشەوە خەڵک ناتوانن دەستبەرداری موچە بن و ڕازی ببن بە کەمکردنەوەی موچە و خزمەتگوزاریەکان چونکە موچە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ئەم چەند ملێۆنە ئینسانەیە و بڕین و کەمکردنەوەی ڕازیبونە بە بڕیاری مەرگیان. 
دەبێ چی بکرێ؟ 
 بە گشتی دەبینین لەم ناڕەزایەتیانەدا بەرژەوەندی مادی بزوێنەری ئەو چین و توێژانەیە کە هێرشی حکومەت بۆ سەرموچەکانیان ڕێگای مانگرتن و بایکۆتی خستۆتە بەردەمیان. بەڵام ئەم کاردانەوەیە خۆبەخۆ و ناڕێکخراوە و هێشتا بە ئامڕازەکانی پێشووی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەبرێ و هێشتا وەسیلە نوێیەکانی فشارهێنان و هێزکۆکردنەوە دەستی بۆ نەبراوە. هەربۆیە دوای مانگێک لەم ناڕەزایەتیانە دەبینین کە توانای فشاردانانیان لەسەر حکومەت نیە و بایکۆت و مانگرتنەکان ئەنجامێکی فەوری نادا بەدەستەوە.
ئەمە پێویستە جێگای هەڵوێست گرتن و لێکۆڵینەوەبی.ئایا بە ئامڕازە کۆنەکانەوە دەتوانین شێوازی تازەی ناڕەزایەتیەکان بەرەو پێش بەرین. بۆنمونە لە نێو مامۆستایاندا هێشتا دەستەی مامۆستایانی ناڕازی شوێنی کۆبونەوەی نوێنەرانی مامۆستایانی زۆربەی قوتابخانەکانی سلێمانی نیە نەک هەموو کوردستانیش. یاخود قسەکەری ناڕەزایەتیەکانی پۆلیس بەڕێوەبەری پۆلیسە نەک نوێنەران و کۆمیتە و دەستەی فەرمانگەی سلێمانی و شارۆچکەکان. لە خەستەخانەکان و فەرمانگەکانی تریش بەهەمان شێوەیە و یەکێتی و سەندیکاکانی حزبەکان زیاتر ڕێکخراوی سەرتاسەرین کە دەخاڵەت لەم ناڕەزایەتیانەدا دەکەن. هەرچەند هەوڵ هەیە بۆ خۆدەرخستنی چالاکوانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە چەشنی "دەستەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک" بەڵام ئەم هەوڵانە بەرتەسک و بێ پەیوەند و کاریگەرن لە خودی ئەو ناڕەزایەتیانە لە فەرمانگە و ناوەندەکان. 
تەجروبەی ئەم مانگە لە مانگرتن و بایکۆت ئەوە دەسەلمێنن کە وەسیلە و شێوازی تر پیویستە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی حکومەتی هەرێم و بڕیار و هەنگاوەکانی. لەگەڵ هەر هەنگاو و گۆڕانکاریەک لە ناڕەزایەتیەکاندا پێویستە شێواز و ئامڕازی ناڕەزایەتیەکانیش بگۆڕدرێن و پێش بکەون. ئەمڕۆ مانگرتن و بایکۆت و خۆپیشاندان لە ناوەندەکاندا پێویستی دروستبونی کۆمیتە و دەستەی نوێنەرایەتی ئەو ناڕەزایەتیانەی هێناوەتە ئاراوە . ئەمانە  وەک قسەکەر و بڕیاردەری ڕاستەوخۆی ناڕەزایەتیەکان بەپشت بەستن بەبڕیاری کرێکاران و کارمەندان و پۆلیس و  مانگرتوانەکان دەتوانن فشاری زیاتر و بەردەوام بخەنە سەر حکومەت. هاوکات کۆبونەوە و یەکگرتوبونی نوێنەرانی ئەم دەستانە لە ئاستی شار و لە ئاستی کوردستاندا ئەو هەنگاوە گرنگەیە کە ئاستی تواناییەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە دەباتە سەر و توانای فشارخستنە سەر دەسەڵاتداران زیاد دەکا. ئەم تۆڕی نوێنەرانە دەتوانن لەسەر خواستی موچە وەک یەک هێز و ڕێکخراوی سەراسەری بڕیاربدەن کە چۆن و لەسەر چی گفتوگۆدەکەن لەگەڵ حکومەت یان بڕیاری مانگرتنی گشتی و سەراسەری دەدەن یان دەست دەبەن بۆ هەر شێوازێکی تر لە دەخاڵەت و کۆنترۆڵی جەماوەری. ناڕەزایەتیەکانی ئێستا لەم ئامڕاز و ڕیکخراوە جەماوەریە چ لە ئاستی فەرمانگەکاندا و چ لەئاستی شار و چ لە ئاستی سەراسەریدا بێ بەریە و ئەمە خاڵی لاوازی مانگرتن و بایکۆت و ناڕەزایەتیەکانی ئێستایە. 
گەیشتن بەم قۆناغە لە پەیدابونی ڕێکخراوەی جەماوەری وسەراسەری و دەرکەوتنی وەک هێزێک بەرامبەر بەدەسەڵات  لەزۆربەی وڵاتانی سەرمایەداریدا خۆی بەرهەمی مانگرتن و بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان بوە . لەم ڕۆژانەی خەباتی شۆڕشگێڕانەدایە کە سەندیکا و کۆمەڵە و شورا جەماوەریەکان دروست بون و توانیویانە هێزی ملێونی ناڕازی کرێکار وکارمەند و هەژاران بکەنە چەکێک کە دەسەلاتی میلیشیایی و عەسکەریش ناچاربکا پاشەکشە بکەن لە بڕیاری هەژارترکردنی خەڵک. زەمینەکانی ئەم کۆمیتە و دەستە وشواریانە هەر ئەو مانگرتن و بایکۆتانەن کە هەن. زەمینەی دروستکردنی تۆڕی نوێنەران و ڕێکخراو لە ئاست شار و شارۆچکەکان و لەئاستی سەراسەریدا هەر ئەو قسەکەرانەی ناو خەستەخانە و زانکۆ و فەرمانگەن کە سەر  شاشەی تەلەفزیۆن و بەردەم مایکی ڕادیۆکان و فەیس بوکەوە دەردەکەون. 
ئەم نوێنەرە ڕاستەوخۆیانەی مانگرتن و بایکۆتەکان دەتوانن کۆتایی بەدەورەیەک بێنن کە لە ١٧ شوباتەوە دەستی پێکرد .دەورەیەک کە خەڵک و جەماوەری ئازادیخواز و کرێکار و فەرمانبەر و لاوان و ژنان بە خۆپیشاندانەکانیان خوازیاری ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابوری بون و فشاریان لەسەر دەسەڵات دروست کردبوو بەڵام گۆڕان وئیسلامیەکان خۆیان کردە نوێنەری ئەم خەڵکە و ئەم خواستانەیان گۆڕی بە پاکێجی چاکسازی و کەوتنە مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتدا لەسەر بەشە دەسەلات و داهاتیان. لە ١٧ شوباتدا حکومەتی هەرێم ئامادەنەبوو کە دان بنێت بە ئەنجومەنی ئازادیدا وەک نوێنەری خۆپیشاندانەکان بەڵام گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوی وەک خاوەنی خۆپیشاندان مامەڵە کرد. ئەو کات ئەنجومەنی ئازادی خاوەنی ئەو ئیرادەی نوێنەرایەتی کردنە نەبوو و هەربۆیە لە کۆتاییدا وەک پاشکۆی سیاسەت و تاکتیکی گۆڕان و ئیسلامیەکان کەوتەوە. ئەو کات ئەنجومەنی ئازادی لە پشتیەوە مانگرتن و بایکۆت لە فەرمانگە و شوێنە حکومیەکاندا نەبوو و هیچ ڕیکخراوێکی جەماوەری و نوێنەرانی ڕاستەوخۆ و دیاریکراوی فەرمانگە و گەڕەک و کارگەی نەبوو و تەنیا دەستەی چالاکوانی ناڕەزایەتیەکان بوون. هەربۆیە ئەنجومەنی ئازادی خاوەن هێز و جەماوەرێک نەبوو کە ڕێگە لە گۆڕان و ئیسلامیەکان بگرێ ئەو خەباتەی بەلاڕێدا بەرن و نەیکەن بە هەدیەی "٤ ساڵ" ئارامی شەقام بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتەکان. بەڵام ئێستا زەمینەی دروستکردنی ئەم بەدیلە جەماوەریەی کە نوێنەرایەتی ئەم ناڕەزایەتیانە بکا لە ئارادایە و پیویستە کاربۆ دروستکردنی بکەین.
گرنگە نوێنەرانی ناڕەزایەتیەکان خاوەنی ستراتیژیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەبن کە بتوانێ وەڵامدەرەوەی ئاستی تواناییەکان و داواکاریەکانی جەماوەری مانگرتو و ناڕازی بێت. بەشێک لەم ستراتیژە چۆنیەتی گۆڕینی دۆخی سیاسی ئێستا و پاشەکشە پێکردنی حکومەتە لە بڕیاری بڕینی موچە و گێڕانەوەی داهاتی ئاودیوکراو. بەڵام لە ئێستادا ئەمانە بەیەک داواکاری و لەیەک کاتدا جێبەجێکردنی مومکین نیە. ئەم ناڕەزایەتیانە پیویستە لە هەنگاوی یەکەمدا بەدەوری موچەدا چەق ببەستێ و هەر پێشڕەویەک لەم ناڕەزایەتیەدا دەتوانێ کاتی هەنگاوی دواتر دیاری بکا. بۆنمونە ئایا لەدەوری موچە توانیومان هێزێکی گەورە و سەراسەری ڕێک بخەین کە توانای مانگرتنی گشتی هەبێ؟ئایا کاریگەریمان لەسەر زۆربەی فەرمانگە و بەشەکانی نەوت و چیمەنتۆ و شار و شارۆچکەکان داناوە؟ئایا کاریگەریمان لەسەر ڕای گشتی لە کوردستان و نوێنەرانی دەوڵەتەکان لە کوردستان داناوە؟ مانگرتنی گشتی دەتوانێ یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی سەرکەوتنی ئەم بایکۆتانەی ئێستا بێت و دەتوانێ ببێتە بەرنامە و نەخشەڕێگایەک کە نوێنەران و دەستەکانی ناڕەزایەتیەکان کۆبکاتەوە و ببێتە پێوەری سەرکەوتن لە هەنگاونان بەرەو خواستە بنەڕەتیەکانی تر لەسەر پرسەکانی گەندەڵی و چاودێری و کۆنترۆڵکردنی داهات و ئازادیەکان. . وەزیری ناوخۆی بروسیا کاتێک دەڵێ "لە هەموو مانگرتنێکدا دراگنێکی شۆڕش هەیە". کەواتە شۆڕش تەنیا ڕوداوی ڕاپەڕین و ڕوداوی خوێناوی نیە. بەڵکو مانگرتنێکی گشتی بۆ پاشەکشەکردن بە بڕیار و هەنگاوێکی حکومەت دەتوانێ هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە بێت و بەشێک لە پرۆسەی ئەو شۆڕشە.
ئاسۆکمال 
ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی لە کوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە