سیاسەت پرەنسیپە، ئەوەی پارتەکان پێویستیان پێی نییە

Friday, 19/02/2016, 9:31

4502 بینراوە


میللەتێک دەستەڵاتی وەکو کێوێک دانابێت، لە پەنایدا سواڵی موچەو ئازادیی بکات، وەکو ئامرازێک نەیبینێت کە بەکار نەهات لایببات، میللەتێکە لە کۆیلەیەتیی بەو لاوە بە هیچی تر ناگات.
------------------------------
لە ناونیشانێکی گەورەی "سایتی سبەی"دا کارەساتی کوردی باشور دەردەکەوێت. سایتەکە هەواڵی هێنانەوەی ٢٥ خنکاو لە دەریای ئیجەدا بڵاو دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا لە ناونیشانێکی تریدا دیوێکی تری کارەساتی کورد دەکەوێتە روو. ئەم دیوەیان راستیی دەستەڵاتی کوردە کە بەرپرسیارە لە کارەسات و نەهامەتییەکانی کورد. سایتی سبەی دەنوسێت کە کونسوڵی ئێران لە هەولێر بە هیوایە پەڕلەمان کارا بکرێتەوە. ئنجا دوپاتی دەکاتەوە: "ئەمە قسەی کونسوڵی ئێرانە لە هەولێر." بە پێچەوانەی قسەی کونسوڵی وڵاتانی دەستێخەرەوە، قسەو خواستی میللەت کێشی نییە لای ئەوانەی یاریی بە تۆپی پرسی کورد دەکەن. بگرە راگەیاندنەکانی پارتەکانی ناو پەڕلەمان بەو هەوایەی کە لە مەڕمیللەتەوە دێت قسە دەکەن نەک لە پرەنسیپی موراڵیی وڵاتپارێزییەوە کە جەماوەر فێری هەڵوێست و سەربەخۆیی بکەن. لە رەفتارو هەڵوێستی ئەم پارتانەدا دیارە کە قسە بۆ گەلێکی بێ ماف دەکەن. بیرکردنەوەکانیان هیچ حسابێکی تیادا نییە بۆ بەرژەوەندیی نیشتیمان و بەهای مرۆڤایەتیی. زیاتر خۆگونجاندنە لەگەڵ "دەستکەوت" کە بە درێژایی مێژوویان وڵاتانی دەستێخەر سەرچاوەکەی بووە.
سایتی سبەی دەنوسێت کە کونسوڵ وتویەتی: "پەڕلەمان سیمبولی دەسەڵاتی گەلە، هیوادارین بە زوترین کات کارا بکرێتەوە." کونسوڵ راست دەکات پەڕلەمان سیمبولە نەک دەستەڵاتی گەل. ئەگەر پەڕلەمان کارتۆنیی نەبووایە کونسوڵ کێشەی دەبوو لەگەڵی. پارتەکان بە پێی ویستی وڵاتانی دەستێخەر خۆیان رێکدەخەن نەک بە پێی موراڵی سیاسیی. گەلی کورد تا ئێستا مەرجی هیچ ویستێکی نەخستۆتە سەر دەستەڵاتی کوردیی. جەماوەر هەمیشە ملکەچیی تازە دەکاتەوە بۆ دەستەڵات. دەستەڵاتیش کە هەموو هەقێکی لە دەستدا بێت لە راستییدا هیچ هۆیەک نییە کە بە ئارەزوی خۆی نەکات. میللەتێک دەستەڵاتی وەکو کێوێک دانابێت، لە پەنایدا سواڵی موچەو ئازادیی بکات، وەکو ئامرازێک نەیبینێت کە بەکار نەهات لایببات، میللەتێکە لە کۆیلەیەتیی بەو لاوە بە هیچی تر ناگات.
جوڵانەوەی چەکداریی کورد لە باشوردا لە ساڵی (١٩٦١)ەوە تا ئێستا، هەر جلێکی لەبەرکردبێت لە ناوەڕۆکدا هێزێک بووە بە پارەو چەکی وڵاتانی ناوچەکەو ئەنجامەکانیشیان بۆ بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە بووە. ئەمە سروشتی جوڵانەوەکانە کە بزووتنەوەی گۆڕانیش نەیتوانیووە لێی دەربچێت.
بزووتنەوەی گۆڕان لە هەموو لایەکەوە هەوڵ ئەدات سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیرە دەرکراوەکانی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. ئەگینا بە حسابی ئەوان پەڕلەمانەکە شەرعیی نابێت و حکومەتەکەش کارا نابێت، پارتیش نەوت ئەدزێت و نایاسایی دەکات. راستیی ئەم قسانەش جاری پێشوو توێکڵەکانی شکا. ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بە پارتی و یەکێتی وت لە دزیی و ناپاکیی نیشتیمانیی بە ئاسانی بەشی ئەوەیان دەکرد کە ببن بە قەپان بۆ کێشانی خۆشی:
بزووتنەوەی گۆڕان ئەو رێکخراوە بوو کە هیچ کام لە لافلێدانەکانی لە پرەنسیپەوە نەبوو تا رێی لێ بگرن نەبێت بە بەشێک لە دەستەڵاتی پیسخۆر، لەو شوێنەدا رانەوەستێت کە بەردەکانی خۆی بۆی دەچن. ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان متمانەی لای خەڵک نەمابێت، ئەوا بە بەردی خۆی سەری شکاوە. ئەگەر جەماوەر جارێکی تر دوای گۆڕان بکەوێتەوە، ئەوا خەڵکیی دەیانەوێت هەڵە دوبارە بکەنەوە.
قەیرانی باشور لەو کاتەوە دەستی پێ نەکردووە کە سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان لە لایەن پارتییەوە دەرکراون. ئەو قەیرانەی کە کوردی باشوری تێکەوتووە چارەسەرەکەی لە دەرەوەی ناکۆکیی "بزووتنەوەی گۆڕان"ە لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا، ئەگەر کێشەیان هەر رواڵەت نەبێت. بە رستەیەکی تر، بزوتنەوەی گۆڕان کە قاچێکی ئەو کورسییەیە کە سەرۆکی هەرێمی لەسەر دانیشتووە، رێکخراوێک نییە بۆ چارەسەری قەیرانی باشور. چارەسەر هەم لە دەرەوەی پارتەکانی ناو پەڕلەمانە هەم بە خۆڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا لە کۆنتراکتێکی سیاسیی نوێدا دەکرێت. پارتەکانی ناو پەڕلەمان تەنها بۆ ئەوە لە پەڕلەمان دێنە دەرەوە کە دەست بەسەر جەماوەردا بگرنەوەو بەر لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بگرن. ئەگینا وەکو لە مێژە وتومە: هەموویان بە رەنگی جیاوازەوە نەفەری یەک شەمەندەفەرن. ئەوەی پارتەکانی ناو پەڕلەمان بە شەڕو ئاشتییانەوە لە ناو خۆیاندا دەیهێنن و دەیبەن تەنها یاریکردنە بە میللەت. بۆ یەکێک ئەگەر نەیەوێت بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداریی بکات لەم یارییەدا، مەیدانی چارەسەر ئەوەتا لە دەرەوەی ئەوان. لە پەیوەندیی بەوانەوە هەر شتێک بوترێت و بکرێت دەڕژێتە ئاشی پیسخۆرییەوە.
سیاسەت پرەنسیپە، بەڵام پارتەکان ئیشیان بە شتێکی تر دەڕوات.

ناسر حەفید
١٧/٠٢/٢٠١٦، سولێمانی

https://www.facebook.com/3kontrakt


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە