سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان

Tuesday, 23/02/2016, 15:17

5261 بینراوە


( شەکسپیر ) دەڵێ : " لە جیهاندا سەرینێک نییە، کە لە باوەشی دایک نەرمتربێت "
باوەش لە زمانی کوردیدا، سنگ و نیوان هەردوو باڵمان دەگرێتەوە، دەوتـرێ: دایک منداڵەکەی لە باوەش كرد و، وەکو گۆزارشتکردن لە سـۆز و خۆشەویستی خۆی بۆی، بە توندی نووساندی بە سنگی خۆیەوە .
بەداخەوە، تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکـان و باوکـان، گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵەکـانیان نـازانن چییە، کە تا چ رادەیەک کاریگەرییان لەسەر بنیاتنانی کەسێتی و بیر و هۆش و ئەندێشە و تەندروستی و دەروون و ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکانیان هەیە و دەبێت .. هەندێ لە دایکان و باوکان، تا رادەیەک وشک و بێباکن و سۆزێکی پێویستی ئەوتۆیان بەرانبەر بە جگەرگۆشەکانیان نییە .. دەشێ هۆی ئەمەش، نابەڵەدییان بێت، لە بارەی گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداكەکانیان، یان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆی نەریتی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و، رانەهـاتنیان لەگەڵ ئەم سۆز و هەستە مرۆییەدا، یان بۆ پەروەردەیەکی هەڵە و نادروست .
دەروونناسان وا دەبینن، کە باوەش پیاکردن نەک تەنها بۆ منداڵان سوود و چێژێکی دەروونی و گرنگییەکی هەستی هەیە .. بەڵکو لە زۆر لایەنەکانی ژیانیشدا، سوودی بۆ گەورەکانیش هەیە .. بۆ هاوڕێ لە گەڵ هاوڕێکانیدا، بو هاوسەران لەگەڵ یەکتریدا .
(سوقـرات): دەڵـێ " من هیـچ کاتێک دڵنـیا نەبـوومە .. تەنها لەو کـاتەدا کە لە بـاوەشی دایکـمدا بـووم " 
منداڵ هەر لە یەکەمین چرکە ساتی لە دایک بوونییەوە، پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە .. منداڵ هەر لەو کاتەوە کە لە دایک دەبێت، بۆن و هەناسە و و خورپە و لێدانی دڵ و دەنگی دایکی خۆی دەناسێتەوە .. پزیشکە پسپۆرەکانی منداڵانیش، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .. کە منداڵ لە کاتی بوونیدا، تووشی جورێک لە زەحمەتی هەناسەدا دەبێت، ئەگەر لەگەڵ بوونیدا دایکی لە باوەشی بکات و بەخۆیەوە بنووسێنێت و .. بە ناسکی و بە نەرم و نیانی دەست بە سەرو لەشیدا بهێنێت .. یەکسەر هەناسەدانەکەی ئاسایی دەبێتەوە و، هەست بە دڵنیایی دەکات .. بێگومان بە پلەی یەکەم، رۆڵێ سەرەکی گۆشکردن و گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایک دایە .. ئەو سۆز و خۆشەویستییەی کە لە دڵ و دەروونی دایکیشدا هەیە، بێوێنەیە و بەو رادەیە لە باوکدا بەدی ناکرێت .. مەبەستیشمان ئەوە نییە کە لە سۆز و لە خۆشەویستی و لە دڵسۆزی باوک بۆ منداڵەکەی کەمتر بکەینەوە .
منداڵ دەگری، گریان تەنها هۆی گوزارشکردنە لە هەست و لە پێویستی و لە داواكانی، چونکە هێشتا ناتوانێت قسەبکات و بە زمان گۆزارشت بکات .. هۆکارەکانی گریانی منداڵێش یا : برسییەتی داوای شیر و خواردن و تێرکردن دەکات .. یا تینوویەتی داوای ئاو و پاراوکردن دەکات .. یا خۆێ پیسکردووە یا میزی بە خۆێدا کردووە و، گۆڕینی و پاکی دەوێت .. یا ئێش ئازارێ هەیە و چارەسەرکردنی دەوێت .. یا هەست بە تەنهایی دەکات و، باوەشکردنی دایک و باوکی و دڵنیای و ئارامی و ئاسوودەیی دەوێت . 
لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندن و ماچکردن و دەست بە سەروقژ هاوردن و دەست خستنە سەرشان و ختووکەدانی و بە نەرم و نیانی پێاکێشان بە پشتی منداڵدا .. لە لایەن دایک و باوکییەوە پێویستییەکی گرنگە .. چونکە بە خۆوەساندنی جەستەیی، هۆیەکی راستەوخۆی پەیوەندیە و، مایەی خۆشی و شادی بەخشینە بە منداڵ .. لە باوشکردن منداڵ دڵنیا دەکاتەوە، کە ئەو خۆشەویست و پەسەند و رێـزدار و لەبـەردڵانە لە لای  خێزانەکەی .. منداڵ لە هەنـاوی دایکیدا و، لە دنیای رۆشنیشدا .. مەستبوونی سۆز و خۆشەویستی دەوێت .. باوەشی گەرم و نەرم و سۆز و خۆشەویستیی دایک و باوکی دەوێت .. گرنگی لە باوەش کردنی منداڵ .. لە گرنگی و لە پێویستی شیر و خواردن و ئاو و ئۆکسجین و لە شۆرین و نووستن و جلوبەرگی جوان و لە یاری کەمتر نییە . 
هەموو ئەو توێژینەوانەی، کە لە زۆر شوێنی جیهاندا، تا ئێستا ئەنجام دراون .. جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .. ئەو منداڵانەی کە بە سۆز و خۆشەویستی باران دەکرێن و، بە رادەی پێویست چاودێری دەکرێن و، زیاتر لە باوەشن و ماچ دەکرێن .. بە تایبەتیش لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیاندا .. کەمتر دەگـرین و .. زیاتریش ئاسوودە و ئـارام دەبـن.. بە شێوەیەکی باشتریش گەشەی جەستەیی و دەروونی دەکەن .. بەڵام ئەو منداڵانەی کە بێنازن و بێبەشن لە سۆز و لە خۆشەویستی و چاودێری .. لە گەشەکردندا دوادەکەون . 
بەیانیان کە منداڵ لە خەو هەڵدەستێت .. پێویستە دایک بە گەرمی و بە زەردەخەنەیەکی ناسک و بە خۆشییەوە باوەشی لێدا و ماچی بکات و بەیانیت باشی لێبکات .. دایک بەم گوزارشتەی .. وەکو ئەوە وایە کە چنگێکی گەورەی گوڕ و تین و چالاکی و خۆشی و خۆشەویستی و هیـوا بە منداڵەکەی ببەخشێت .. منداڵەکەی بە رووخۆشی و دڵخۆشی و گەشی و گەشبینییەوە پێشوازی لە رۆژێکی خۆش دەکات .. کە دەڕوات بۆ قوتابخانەش پێویستە دایکی بە زەدەخەنەیەکی ناسکەوە ماچێکی تری بکات و .. بە رێی بخات .. ئەو منداڵە لە قوتابخانەشدا ئاسوودە و مێشک ئارام دەبێت و .. بە خۆشی و شادییەوە، بە هێمنییەوە، پێشوازی لە هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و، لە وانەکەکانی دەکات و .. هۆش و زەین و بیریشی باشتر ئامادەی وەرگرتن و فێربوونی زانست و زانیارین دەبن. 
لە باوەشکردن، ئەو هەستە دەروونییە لای منداڵ دروست دەکات، کە دایکی نزیکترین و خۆشەویسترن کەسە بە لایەوە .. پەیوەندییەکی جەستەیی و رووحی زۆر بەهێز لە نێوانیادا دروست دەبێت .. بە ئاسانی و دڵفراوانیشەوە منداڵەکەی لە کەشوهەوایەکی خۆشەویستیدا، زیاتر گوێدێری رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی دەبێت .. لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندنی جەستەیی، پەیوەندییەکی رەگ قـووڵی ئەوتۆ لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا دروست دەکات .. کە هەرگیز ناتوانرێت لە رەگ و ریشەوە هەڵبکێشرێت . 

ئەو لای لایە و لاواندنەوە و گۆرانییانەش کە دایکان لەگەڵ راژەنینی لانک و بێشکە و پاڵنانی جۆلانێدا، بۆ کۆرپە شیرینەکانیان، بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و لە خۆشەویستی و ناسکەوە دەیانڵێن .. شادێ و هێمنی و خاوبوونەوەی دەرونی و جەستەیی و دڵنیایی بە منداڵەکانیان دەبەخشن و..  بە خۆشییەوە دەنـوون .. بە دەم خەویشەوە هەر وا هەست دەکەن کە دایکانیان لە لایانن و ئێشکیان دەگرن .
(لامارتین) دەڵێ : " جوانترین هۆنراوە لە سەراسەری جیهاندا .. لای لایەی دایاکانە "
ئەو بۆچوونەش وانییە کە هەندێ پێان وایە کە خۆشەویستییەکی زۆر منداڵ فێری ناز و نووز دەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە بێنازی و برسی بوونی خۆشەویستی و سـۆزداری، هۆیەکە بۆ ئەوەی کە منداڵ، بڕوای نە بە خۆی و نە بە کەسانی دەوروبەری هەبێت . زۆر جاريش دەبێتە هۆی دڵڕەقی و ئەنجامدانی تاوان و .. هەڵوەشاندنەوەی خێـزان . 
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە زانکۆیەکی ( فەرەنسی ) رای گەیاندووە و .. بە پێی ئەو توێژینەوانەش کە پزیشکانی منداڵان و زانایانی دەرووناسی و پەروەردەیی جەختیان لەسەر کردوونەتەوە .. منداڵ رۆژانە پێوستی بە (٢٤) جار لە باوەشکردن هـەیە : 
١ـ رۆژی( ٤) جار پێویستی بە لە باوەشکرن هەیە، بۆ ئەوەی دەروونی ئاسوودە بێت .
٢ـ رۆژی ( ٨) جار پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە، بۆ ئەوەی بـڕوای بە خۆی بێت .
٣ـ رۆژی ( ١٢) جار پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە، بۆ ئەوەی ببێت بە داهێـنەر . 
گرنکترین سوودەکانی لە باوەشکردن :
١ـ لە باوەشکردنی منداڵ بە بەردەوامی لە لایەن دایکییەوە، زیاتر هەست بە دڵنیایی و رێز و خۆشەویستی دەکات، بوارێکی باش و روونیش بۆ پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان دایک و منداڵدا دەرەخسێنێت .. گەر دایک و باوک منداڵەکەیان پشتگوێ بخەن و، لە باوەشی نەکەن، مەترسییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە .. چونکە ئەو منداڵەی لە باوەشی گەرمی دایکی بێبەش بێت .. گۆشەگیر دەبێت و، بڕوای بە خۆی و دەوروبەرەکەی نامێنێت و، بە گۆمان و ترسەوە دەژی .. دەبێتە منداڵێکی بیرکۆڵ و بە خاوی تێدەگات و فێردەبێت، تووشی خەمۆکی دەروونی و مات و مەلوولی دەبێت بە هۆی نەبوونی سۆزی دایکایەتی و باوکایەتی .. کە باوەشی گەرمی بۆ بکەنەوە و بەخۆیانەوە بینووسێنن . 
٢ـ لە باوەشکردن، رێژەی ئاستی ئۆکسجین لە لەشی منداڵدا بەرزتر دەکاتەوە، ئەمەش چارەسەری هەستکردن بە تووڕەیی و بە تەنیایی یا هەست کردن بە لۆمەکردن دەکات. 
٣ـ لە باوەشکردن بۆ ماوەیەکی زۆر .. ئاستی رێژەی ماددەی ( سیرتـۆنین ) لە لەشدا زیاتر دەکات .. بوونی ئەم ماددەیەش، هۆیەکە بۆ هەستکردن بە خۆشی و شادی و، بۆ رێکخستنی مەزاجی گشتی منداڵ . 
٤ـ لە باوەشکردن، بۆ دڵ بە سوودە و کۆئەندامی بەرگری لە لەشدا زیاتر بەهێز دەکات لە میانەی پاڵپەستۆیەکی هیواش لەسەر چەند بنکەیەکی وزەی گرنگ لە لەشی منداڵدا. 
٥ـ بە پێی هەندێ لێکۆڵێنەوەی زانستی و پراکتیکی مەیدانی، لە بارەی کارتێکردنی لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندن، هاوسەنگییەک بە ( کۆئەنـدامی دەمـاری ) دەدات.  
٦ـ لە باوەشکردن، منداڵ فێری وەرگرتن و بەخشین دەکات .. بەرانبەر بە رێـز و لە باوەشکردن و خۆشەویستی .. منداڵيش خۆشەویستی خۆی بەو کەسە دەبەخشێت . 
٧ـ باوەش وامان لێدەکات کە دەست لە هەندێ هاندەری ئەقڵی و رێبازی بیرکردنەوەی لۆژێکی بهێنین، کە هەندێ جار دەبنە بەربەستێکی نەرێنی .. با تەنها بیر لەم ساتەی ئێستا بکەینەوە .. ئەمە هەستی منداڵەکەت شیرینتر دەکات وای لێدەکات جەخت لەسەر دڵی و هەستی بکاتەوە . 
٨ـ گۆڕینەوەی وزە لە کاتی لەباوەشکردندا لە نێوان دایک منداڵەکەیدا دەگوێزرێنەوە بۆ یەکتری .. منداڵ هەست بە یەکێتی و بە بەشداری لە گەلێ شتەکان دەکات و، لێگەیشتن زیاتر دەکات و، پەیوەندی نێوان دایک و منداڵ قووڵتر و بەردوام و بەهێزتر دەکات .. چونکە لە باوەشکردن، لووتکەی بە خۆوەنووساندنی جەستەییە و، پردێکی گەورەشە بۆ گواستنەوەی هەست و سۆزەکان، لە نێوان دایک و منداڵدا .  
٩ـ لە باوەشکردن، توورەیی و گـرژی و فشاری دەروونی و لە لەشدا ناهێڵێت و.. یارمەتی خاوبوونەوەی ماسوولکەکان دەدات .. ئەگەر منداڵەکەت دووچاری دڵتەنگی و پەستی و ئاڵۆزی بووە .. لە باوشکردن لەم ساتەدا، زۆر شت چارەسەر دەکات . 
١٠ـ هەر لە رۆژەکانی یەکەمی لە دایکبوونی منداڵەوە ..  خێزان بناغەی پەیوەندییەکی هۆشی لەگەڵ منداڵەکەیدا دەست پێدەکات ..لە میانەی لە باوەشکردنی منداڵەکەیانەوە .. باوەش دەبێتە بەڵگەی رێز و بە گوزارشت لە سۆز و خۆشەویستی . لێرەوە پەیوەندییە هۆشییەکانی لە باوەشکردن دەست پێدەکات .. هەرچەند منداڵەکەت لە باوەش بکەیت .. زیاتر دڵنیایی پێدەبەخشێت و، هەست بەوە دەکات کە  خۆشەویست و رێزگیراوە .. ئەم هەستکردنەش بە پێویستییە سەرەکییەکانی منداڵ دەزانرێت .. یارمەتی ئەوەی دەدات کە گەورەبوو، ببێت بەمنداڵێکی هاوسەنگ و دروست و دەروون ئاسایی . 
١١ـ ئەو منداڵەی کە زیاتر لە باوەش دەکرێت .. تەندروستیی باشترە و بەرگری بۆ نەخۆشییەکان بەهێزترە، لەو منداڵەی کە دایکی رۆژانە بە کەمی لە باوەشی دەکات و سۆزێکی کەمی بۆی هەیە .. لەوە دەترسێ کە لەسەر لە باوەشکردن رابێت هەر وەکو پزیشکی منداڵان ئامۆژگاریی کردووە، کە تەنها بایەخ بە تەندروستی جەستەیی دەدەن و، ئاوڕ لە پێویستییە دەروونییەکانی منداڵان نادەنەوە . 
١٢ـ ئەو منداڵەی لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیدا، دەخرێتە دایانگاوە یا، دەدرێتە دایەن یا پەروەردەکار بەخێوی بکات، لەبەر ئەوەی کە دایکی کاردەکات . ئەو منداڵە دەمارگیر و شەڕخواز دەبێت .. چونکە وەک دایکی لە باوەشی ناکەن و، هەست بە دڵنیایی ناکات لە باوەشی دایکی نەبێت .. تووشی گەلێ کێشە و گرێی دەروونی نەخوازراویش دەبێت . 
١٣ـ لێکۆڵینەوە دەروونییەکانی ئەم دواییە، دەربارەی لە باوەشکردنی منداڵ و، دەست هێنان بە سەر و قژیدا و، دەست خستنە سەرشانی و، ماچکردنی و یاریکردن لەگەڵیدا لە لایەن دایک و باوکییەوە .. ئەوە دەسەلمێنن کە ئاستی رێژەی ژیری و زیرەکی منداڵ بەرز دەکاتەوە و .. تێکڕای گەشەکردنی سروشتی منداڵیش بەرزتر دەکاتەوە . 
١٤ـ لە باوشکردن و بە خۆوەنووساندن و دەست لە ملکردنی منداڵ و، بە نەرمی شێلانی و، بە نیانی دەستهێنان بە سەر و قژ و روومەتەکانیدا .. یارمەتیدەرەن بۆ دەردانی ماددەی ( ئەنـدرۆفـین ) لە لەشیدا .. ئەم ماددەیەش گەیەنەرێکی دەمارییە و یارماتیی هێورکردنەوەی تووڕەیی و گرژی و هەڵچوون و، دڵەڕاوکێی دەروونی و، کپکردنەوەی ئازار دەدات . 
١٥ـ لە باوەشکردن منداڵان پەیوەندییەکی گرنگی ئەرێنی بە مۆرکئ کەسێتییەوە هەیە .. چونکە بە رادەیەی زۆر کاریگەریی لەسەر بنیاتنی کەسێتیدا هەیە و .. دەبێت . 
١٦ـ لە باوەشکردن، هەستی هێز و، بڕوابەخۆبوونێکی بێوێنە بە منداڵان دەبەخشێت . 
١٧ـ لە باوەشکردن زمانێکە، بەڵام زمانێکی جیاوزاە، هەستەکانی بەزاندووە و، بووە بە دەریایەکی بێسنووری سوودی رووحی و دەروونی و جەستەیی و ویژدانی و هۆشی .. گەرچی زمانێکی سادەیە، بەڵام واتا و پەیامێکی راست و بەرز و پیرۆز دەگەیەنێت. 
١٨ـ باوەشی دایک گەورەترین قوتابخانەی منداڵە .. کە زۆر شتی لێوە فێردەبێت . 
( کۆرنـای ) دەڵێت : " یەکەمـین قوتابخـانەم .. لەسەر سـنگی دایـکم بوو " 
لە کۆتاییدا دەڵێین باوەشی گەرم و نەرمی دایکان .. خۆشترین و دڵنیاترین شوێنن بۆ منداڵان .. ئەو چێژ و خۆشییەی کە لەسەر سـنگی دایکیدا هەستی پێدەکرێت، لە هیچ شوێنێکی تردا هەست بەو چێژە ناکرێت .. باوەشی دایک بەهەشتێکە .. چارەسەرێکی ئاسان و بە خۆڕاییشە .. بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی نەخۆشی و ناخۆشییەکان . 
لە باوەشکردن و، بەخۆوەنووساندنی جەستەیی منداڵان و خۆشەویستی هەموو رۆژێ .. بۆ ماوەی هەزاران رۆژ .. منـداڵان لە نەخـۆشیی و لە ناخـۆشی دوور دەخەنەوە . 
دایکانی میهرەبان و دڵسۆز و بەسۆز .. کەس گومانی لە سۆزداری و لە خۆشەویستی بێسنووری ئێوەی پیرۆزترین گیانەوەر نییە .. تا دەتوانن جگەرگۆشەکانتان لە باوەشی گەرم و نەرمتان بکەن .. رەنگدانەوەی ئەم خۆشەویستییەتان لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا لە منداڵەککانتاندا بەدی دەکەن .. دایکانی دڵسۆز، هیچ خەڵات و پاداشتێکیش نییە کە هاوتای خۆشەویستی و سۆزداری و میهرەبانی ئێوەی دایکان بێت .. ئێمە هەموومان شەرمەزاری ماندووبوون و شەونوخوونی ئێوەین .. چیتان بۆ بکەین .. چەند پێتاندا هەڵدەین .. ناگەنە تنۆکێکی دەریای بێسنووری سۆز و خۆشەویستیی ئێوەی دایکان . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە