بەداخەوە، تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکـان و باوکـان، گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵەکـانیان نـازانن چییە، کە تا چ رادەیەک کاریگەرییان لەسەر بنیاتنانی کەسێتی و بیر و هۆش و ئەندێشە و تەندروستی و دەروون و ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکانیان هەیە و دەبێت .. هەندێ لە دایکان و باوکان، تا رادەیەک وشک و بێباکن و سۆزێکی پێویستی ئەوتۆیان بەرانبەر بە جگەرگۆشەکانیان نییە .. دەشێ هۆی ئەمەش، نابەڵەدییان بێت، لە بارەی گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداكەکانیان، یان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆی نەریتی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و، رانەهـاتنیان لەگەڵ ئەم سۆز و هەستە مرۆییەدا، یان بۆ پەروەردەیەکی هەڵە و نادروست .
منداڵ هەر لە یەکەمین چرکە ساتی لە دایک بوونییەوە، پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە .. منداڵ هەر لەو کاتەوە کە لە دایک دەبێت، بۆن و هەناسە و و خورپە و لێدانی دڵ و دەنگی دایکی خۆی دەناسێتەوە .. پزیشکە پسپۆرەکانی منداڵانیش، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .. کە منداڵ لە کاتی بوونیدا، تووشی جورێک لە زەحمەتی هەناسەدا دەبێت، ئەگەر لەگەڵ بوونیدا دایکی لە باوەشی بکات و بەخۆیەوە بنووسێنێت و .. بە ناسکی و بە نەرم و نیانی دەست بە سەرو لەشیدا بهێنێت .. یەکسەر هەناسەدانەکەی ئاسایی دەبێتەوە و، هەست بە دڵنیایی دەکات .. بێگومان بە پلەی یەکەم، رۆڵێ سەرەکی گۆشکردن و گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایک دایە .. ئەو سۆز و خۆشەویستییەی کە لە دڵ و دەروونی دایکیشدا هەیە، بێوێنەیە و بەو رادەیە لە باوکدا بەدی ناکرێت .. مەبەستیشمان ئەوە نییە کە لە سۆز و لە خۆشەویستی و لە دڵسۆزی باوک بۆ منداڵەکەی کەمتر بکەینەوە .
منداڵ دەگری، گریان تەنها هۆی گوزارشکردنە لە هەست و لە پێویستی و لە داواكانی، چونکە هێشتا ناتوانێت قسەبکات و بە زمان گۆزارشت بکات .. هۆکارەکانی گریانی منداڵێش یا : برسییەتی داوای شیر و خواردن و تێرکردن دەکات .. یا تینوویەتی داوای ئاو و پاراوکردن دەکات .. یا خۆێ پیسکردووە یا میزی بە خۆێدا کردووە و، گۆڕینی و پاکی دەوێت .. یا ئێش ئازارێ هەیە و چارەسەرکردنی دەوێت .. یا هەست بە تەنهایی دەکات و، باوەشکردنی دایک و باوکی و دڵنیای و ئارامی و ئاسوودەیی دەوێت .
لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندن و ماچکردن و دەست بە سەروقژ هاوردن و دەست خستنە سەرشان و ختووکەدانی و بە نەرم و نیانی پێاکێشان بە پشتی منداڵدا .. لە لایەن دایک و باوکییەوە پێویستییەکی گرنگە .. چونکە بە خۆوەساندنی جەستەیی، هۆیەکی راستەوخۆی پەیوەندیە و، مایەی خۆشی و شادی بەخشینە بە منداڵ .. لە باوشکردن منداڵ دڵنیا دەکاتەوە، کە ئەو خۆشەویست و پەسەند و رێـزدار و لەبـەردڵانە لە لای خێزانەکەی .. منداڵ لە هەنـاوی دایکیدا و، لە دنیای رۆشنیشدا .. مەستبوونی سۆز و خۆشەویستی دەوێت .. باوەشی گەرم و نەرم و سۆز و خۆشەویستیی دایک و باوکی دەوێت .. گرنگی لە باوەش کردنی منداڵ .. لە گرنگی و لە پێویستی شیر و خواردن و ئاو و ئۆکسجین و لە شۆرین و نووستن و جلوبەرگی جوان و لە یاری کەمتر نییە .
هەموو ئەو توێژینەوانەی، کە لە زۆر شوێنی جیهاندا، تا ئێستا ئەنجام دراون .. جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە .. ئەو منداڵانەی کە بە سۆز و خۆشەویستی باران دەکرێن و، بە رادەی پێویست چاودێری دەکرێن و، زیاتر لە باوەشن و ماچ دەکرێن .. بە تایبەتیش لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیاندا .. کەمتر دەگـرین و .. زیاتریش ئاسوودە و ئـارام دەبـن.. بە شێوەیەکی باشتریش گەشەی جەستەیی و دەروونی دەکەن .. بەڵام ئەو منداڵانەی کە بێنازن و بێبەشن لە سۆز و لە خۆشەویستی و چاودێری .. لە گەشەکردندا دوادەکەون .
بەیانیان کە منداڵ لە خەو هەڵدەستێت .. پێویستە دایک بە گەرمی و بە زەردەخەنەیەکی ناسک و بە خۆشییەوە باوەشی لێدا و ماچی بکات و بەیانیت باشی لێبکات .. دایک بەم گوزارشتەی .. وەکو ئەوە وایە کە چنگێکی گەورەی گوڕ و تین و چالاکی و خۆشی و خۆشەویستی و هیـوا بە منداڵەکەی ببەخشێت .. منداڵەکەی بە رووخۆشی و دڵخۆشی و گەشی و گەشبینییەوە پێشوازی لە رۆژێکی خۆش دەکات .. کە دەڕوات بۆ قوتابخانەش پێویستە دایکی بە زەدەخەنەیەکی ناسکەوە ماچێکی تری بکات و .. بە رێی بخات .. ئەو منداڵە لە قوتابخانەشدا ئاسوودە و مێشک ئارام دەبێت و .. بە خۆشی و شادییەوە، بە هێمنییەوە، پێشوازی لە هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و، لە وانەکەکانی دەکات و .. هۆش و زەین و بیریشی باشتر ئامادەی وەرگرتن و فێربوونی زانست و زانیارین دەبن.
لە باوەشکردن، ئەو هەستە دەروونییە لای منداڵ دروست دەکات، کە دایکی نزیکترین و خۆشەویسترن کەسە بە لایەوە .. پەیوەندییەکی جەستەیی و رووحی زۆر بەهێز لە نێوانیادا دروست دەبێت .. بە ئاسانی و دڵفراوانیشەوە منداڵەکەی لە کەشوهەوایەکی خۆشەویستیدا، زیاتر گوێدێری رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی دەبێت .. لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندنی جەستەیی، پەیوەندییەکی رەگ قـووڵی ئەوتۆ لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا دروست دەکات .. کە هەرگیز ناتوانرێت لە رەگ و ریشەوە هەڵبکێشرێت .
ئەو لای لایە و لاواندنەوە و گۆرانییانەش کە دایکان لەگەڵ راژەنینی لانک و بێشکە و پاڵنانی جۆلانێدا، بۆ کۆرپە شیرینەکانیان، بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و لە خۆشەویستی و ناسکەوە دەیانڵێن .. شادێ و هێمنی و خاوبوونەوەی دەرونی و جەستەیی و دڵنیایی بە منداڵەکانیان دەبەخشن و.. بە خۆشییەوە دەنـوون .. بە دەم خەویشەوە هەر وا هەست دەکەن کە دایکانیان لە لایانن و ئێشکیان دەگرن .