خەڵکی باشور پێویستیان بەچاک سازی نیە،بەڵکو پێویستیان بە بەرپاکردنی شۆڕشی کۆتاییە!

Wednesday, 24/02/2016, 23:30

1591 بینراوە


بزوتنەوەی کوردایەتی لە باشوری کوردستاندا،لە چەلەکانی سەدەی ڕابردودا سەری هەڵداو، بنەماڵەی بارزانی لەکۆنترین حیزبی کوردایەتی بنەماڵەی و خێڵەکین لە باشوردا. لە دوای شکستی بەناو شۆڕشی ساڵی ـ1975 چیتر بزوتنەوەی کوردایەتی جێگا ئومێدێک نەبو بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی. دوای ئەوەی لەڕێی شۆڕشی نوێوە،کە تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکرد،بزوتنەوەی سیاسی کوردایەتی دەستی بەخەباتی چەکداری کردەوە دژی ڕژێمە سەرکوت گەرەکانی عێراقی شۆفێنیزمی ناسیۆنالیستی عەرەبی.
ڕاپەڕینی ساڵی1991ی خەڵکی عێراق و باشوری کوردستان،وەرچەرخانێکی نوێ بوو لەمێژوی ڕابردوی عێراقدا. لەڕێی ڕاپەڕینەوە توانرا ڕژێمی دڕندەی بەعس لە کوردستانی عێراق وەدەر نرێت. کومەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ، زۆر دڵ پڕ و قارەمانانە ئامادەی بەخشینی گیان فیدا کاری بوون. ئەوی لەو سەرو وەختەدا ژیا بێت،دەیزانی ئەو کۆمەڵگایە بەچ ئەندازەیەک گیانی شۆڕشگێڕێتی تێدا بڵند بوو. چونکە ئەو خەڵکە زەحمەتکێش و ئازادیخوازە ناهەقی نەبو، زۆر سوکایەتی و چەوساندنەوەی دی بەدەستی پیاوەکانی بەعس و کوردە بەکرێگیراوەکان. (مرۆڤ دەبێت بەویژدان بێت و ئەو خەڵکە زەحمەتکێشە نەداتە بەر ڕەخنە،بەڵکو هەمیشە ئەرکیەتی حیزبە چەتەکانی کوردایەتی بداتە بەر ڕەخنە و بەعس ئاسایان بەسەر بێنێت).
خەڵکی باشوری کوردستان،وا بۆ زیاد لەبیست و پێنج ساڵ دەچێت،بەگۆشت و ئیسقانیەوە،ئەزمونی حکومەتی کوردی بۆرژوازی کوردی دەکات و تادێت جۆرێک لە پەشیمانی پێوە دیارە لەوەی ئاخۆ ئەوان ئەو کۆ قوربانیەیان ڵەپێناو ئاوا ڕۆژێکدا دا؟ ئاخۆ ئەو ئازادیەی کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕێیان دەکردو خەباتیان لەپێناودا دەکرد،ئەمە بوو کە ئێستا لێی بێزار بوون؟ ئایا بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کامە جیاوازیەتی لەگەڵ بزوتنەوە ناسیۆنالیستیە ناوچەیەکانی تردا؟ ئەرێ ئیسلامی سیاسی هەر ئەو ئیسلامەی سەردەمی پەیامبەر نیە؟ کەواتە،چەوساندنەوە،هەر چەوساندنەوەیەو شەقیش هەر یەک شەقەو، سوکایەتیەکەی هیچ جیاوازیەکی نیە لەوەی کێ شەقەکە دەوەشێنێ و سەر بەکام نەتەوەیە!
دەسەڵاتە چێنایەتیە چەتەکەی کوردی خۆماڵی،لەگەڵ دەسەڵاتە چەتەکەی عێراقدا،هەڵگری یەک چەمک و یەک ئامانجن،ئەویش گێل کردنی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش،لەڕێی تۆوی دوبەرەکایەتی قەومی و مەزهەبی ـ ئاینیەوەیە،چونکە لەو ڕێگایەوە،خەڵکانی هەژار کراو دەکەن بەدوژمنی یەکتری و خۆیشیان لەسەرەوە بۆخۆیان دزی دەکەن و ملیاردەکانیان زیاتر دەکەن.
لای من هیچ جیاوازیەک نابینم لەنێو ئامانجی داعش و حیزبە کوردیەکان و دەوڵەتەکەی عەبادی و ئەردۆ داعش و ئەسەد و ئال سعود و ئالەکانی تر و خامینەئیدا. ئەوانە بەکۆ،سەر بەیەک خێزانن و پێکەوە پەیوەندی توند و تۆڵیان هەیە و سەربەیەک خێزانی چینە چەوسێنەرەکانن، بۆیە ئەرکی کۆمەڵگا ئەوەیە لەو جیاوازیە چینایەتیە تێ بگەن.
خەڵکی زەحمەتکێشی هەرێم نابێت چاوەڕێی دەستی ساتو سەودای بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبە ئیسلامیەکان بن. ئەو حیزبانەیش سەر بەهەمان بنەماڵەن و ئەوانیش شینی هەریسەکە دەکەن،نەک شیوەن بۆ حسەین.
چاوەڕوانی بۆنێو ئامانجەکانی ئەو بەرە بەناو شۆڕشگێڕە،بەغەیری هەڵچنینی بێ ئومێدی، چیتری لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئەو بەرەیە، لەنێو پاکێجی چاک سازیەکەیدا بەشوێن بەرژەوەندیەکانی چینی بۆرژواکانەوەیە و ئامادەی شۆڕش کردنی نیە بەسەر حکومەت و حیزبەکاندا،ئەوان ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان،بەکار دەهێنن لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا،هەروەک ئەوەی لە 17ی شوباتدا کردیان.
ئەرکی جەماوەری ئازادیخوازی باشور،تەنها بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی مەزنە کە تەواو کەری شۆڕشی ساڵی 1991 بێت،چونکە ئاماجی کۆتای ڕاپەڕین یان شۆڕش هێشتا نەگەیشتۆتە دوا مەنزڵی خۆی. مێژوی مرۆڤایەتی لەو قۆناغە جۆراو جۆرانەی زۆرە. ڕەنگە ڕونترینیان شۆڕشی بۆلشەویکی ڕوسیا بێت. بەرپاکردنی ئەو شۆڕشە لە ساڵی1905 وە دەستی پێکرد،دژی دەسەڵاتی قەیسەری پاشای ڕوسیاو، لەپێکدادان و ململانێی نێو باڵە جۆراو جۆرەکانی حیزبە بۆرژوازی و قەومی و سۆسیالیستیە جۆراو جۆرەکاندا درێژەی کێشا،تا دواجار لەساڵی 1917 دا کە بەشۆڕشی ئۆکتۆبەر بەناوبانگە توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت بەسەر کۆی حیزبە قەومی و بۆرژوازیەکاندا و وەک مەزنترین شۆڕشی چینایەتی،چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، ئەژمار کرا لە جیهاندا.
کۆمەڵانی خەلکی باشوریش تا دەگات بەوڵاتانی بەناو بەهاری عەرەبی و ئێرانی ئێستا،پێویستیان بە بەرپاکردنی شۆڕشی کۆتای هەیە،تابتوانن ئامانجە ڕەواکانی شۆڕشێکی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بەدەست بهێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە