هەموو ئەم وشە و پەندانە تانە و تەشەر و توانجن، لە کەسانێکی ریاباز و خۆهەڵواس و دەڵەچە و کلک لەقێن و نەفس سووک و، لە بەرژەوەندیخوازێکی تایبەتی، دەگیرێن .
ریاباز و خۆهەڵواس، بەو کەسانە دەوترێت، کە بە وشەی خۆشەویسی و نەرم و نیان و ناسک و شیرین و چەور، یا کورد وتەنی : ترش و خوێ و بەهـارات بە قسەکانیانەوە دەکەن .. بە شێوەیەکی هەڵەبەستراوی دوور لە راستییەوە، بە زیادەڕۆییەکی زۆرەوە، ستایشی کەسانی بەرپرس و دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەر و کاربەدەستان دەکەن و، زۆریش بە شان و باڵیاندا هەڵدەدەن و هەڵیان دەنێن، زۆر فشیان دەکەنەوە .. کە شایەنی ئەو هەموو ستایش و هەڵنان و پیاهەڵدانانە نین .. لە راستیشدا، خۆشەویستی و نەرمەبڕی و ستایشەکانی ریابازان و خۆهەڵواسان، درۆی نەقشێنراون و، لە ناخی دڵیانەوە نایەن، خۆشیان باوەڕیان پێیان نییە بۆیە وشەکانیان رووکەشین و، بازرگانین و، زۆر بێ تام و چێژن و، دوورن لە راستییەوە .. تەنها بۆ باوەڕپێکردن رازیکردنی پیاهەڵدراوەکانیانن .. بۆ بەدەست هێنانی مەبەست و مەرامی تایبەتیی خۆیانە، بۆ نزیکبوونەوەیە لێیان .. بۆ وەرگرتنی پلە و پایە و پۆستە، بۆ دەستکەوتی تایبەتیی خۆیانە کە مامە حەمەیی و مێچە مێچە دەکەن .. بە پشتی ئەوانیشەوە دەخوڕن و دەنازن .
ریابازان و خۆهەڵواسان، بۆ گەیشتن بە خواست و بە مەرامەکانیان .. هەموو رێگایەک دەگرنەبەر، نە شەرمیان بە خۆیانە و، نە گوێش بە سوکایەتی و بە توانـج و بە پلار و ناتوورە و شەقڵشکاندن و ئابڕووچوون دەدەن .. تەڕ نابن و تەریق نابنەوە .. چونکە ریایی و مەرایی و دەڵەچەیی، بۆنەتە پیشەیان و، کارێکی ئاسایی بە لایانەوە و، بوونە بە هۆکارێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکـانیان و، نزیک بـوونەوە لە پیاهەڵـدراوەکـانیان .. تا ئەو رادەیەی، دروشمیان : " گەر پێویستیت لای سـەگ بێت .. پێی بڵێ گـەورەم "
هەر بۆ ئەم مەبەستەش، ریابازان دەیانەوێت کەسانی دڵسۆز و راستگۆ و دەستپاک و دادپەروەر و سەرڕاست و کوردستان پەروەری راست و دڵسۆز، لە رێی خۆیان لابدەن، پیلانیان بۆ دادەڕێژن و تەڵەیان بۆ دەنێنەوە و، و، توومەت و بوختانیان بۆ هەڵدەبەستن و سیخوڕییان لەسەر دەکەن و، لە لای بەرپرس و ئاغاکانیان درۆیان بۆ هەڵدەبەستن .
پێویستە حکوومەتی ئێستای باشووری کوردستان هەڵبوەشێتەوە و، حکوومەتێکی تازەی تەکنۆکرات بە ناوی (حکوومەتی رزگارکردنی کوردستان ) حکوومەتێکی کاتی بێت، تا هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو لە کوردستاندا دەکرێت .. حکوومەتێک وەزیرەکانی لەسەر بنەمای توانا و پسپۆری بیت .. دوور لە مەحسووبیەت و لە مەنسوبیەت لە خزمایەتی و لە بنەماڵەیی و لە عەشیرەتگەری و لە ناوچەگەری .. چونکە لە راستیدا حکوومەتی ئێستای کوردستان لاوازترین حکوومەتە و شکستی هێنا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و، لە سنووردان و بۆ گەندەڵی و، بۆ نا شەفافییەت لە پارەی داهاتەکانی سامانە سروشتییەکانی کوردستان .. بە تایبەتیش پارەی فرۆشتنی و نەوت..؟ پێویستە یەکسەریش پەڕلەمانی سڕبووی کوردستان بکەوێتەوە کار و شەرعیەتی و دەسەڵاتی بۆ بگەڕێننەوە .. ئەگینا باردۆخی کوردستان خراپتر دەبێت و .. حیزبە سیاسییەکانیش لەیەک دەترازێن و .. وقەیرانی داراییش خراپتر دەبێت .. ئەم ئەنجامە نەخوازراوەش، لە ئەستۆی حکوومەت و حیزبەکانی کوردستان دایە .. تەنهاش رۆڵەکانی گەلەکەمان باجی ئەم ئەنجامەش دەدەنەوە .
هەندێ ریابازان و خۆهەڵواسان، پاساو بۆ کڕنۆشبردن و لەگاوی و مێچکە مێچکیان دەهێننەوە .. بەڵام کەس نابێت ( پێویستی ) بکات بە بیانوو و پاساو هێنانەوە بۆ ریایی و مەرایی .. پەندێکی ( باسکی ) هەیە دەڵێت : " ریابــاز خـزمی ناپــاکە "
کەسانی جوامێر و نەفس بەرز و باوەڕبەخۆ و رەنجدەر و کۆڵنەدەر و سەبەرز .. گەر لە برسیشدا بمرن ریای و مەرایی لەبەر کەس ناکەن .. ناوبانگ و رەوشت بەرزی و ئابڕووی خۆیان بۆ پۆست و پلە و پایە لەکەدار ناکەن .. هەمیشە بە ماندوو بوون و بە ئارەقی ناوچەوان نانی خۆیان پەیدا دەکەن .. کاسەلێسی کەس ناکەن و، نان و پیـازیان پێخۆشترە .. لە گوشت و پڵاوی بە منەتی ئاغا و ماغا و بەرپرسان و دەسەڵاتداران .
ئەفسوس لە ئەمڕۆدا ـ هەرچەندە کەمیشن ـ کۆمەڵێک لە رۆشبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان و میدیاکاران .. دوای بەرژەوەندی و دەستکەوتی تایبەتی خۆیان کەوتوون و، بوونە بە پاشکۆی کاربەدەستان و بەرپرسان و، ستایشیان دەکەن و بە پیاندا هەڵدەدەن .. لە راستیشدا راست ناکەن و خۆشەویستییەکی ناخیان بۆیان نییە .. خۆیان و ئەو کەسانەش دەخەڵەتێن .. چونکە باش دەزانن کە پیاهەڵدراوکانیان شایانی ئەو ستایش و خۆشەویستی و پیاهەڵدانانە نین .. ئەمەش لادانە لە پرانسیپ و لە پەیامی پیرۆزی رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئازاد و بوێر و دڵێر .
لە کاتی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕ ( سەدام حوسێن ) دا مانگ نەبوو کە ئاهەنگ و کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە لە دیوانی کۆشکی کۆماری عێراقدا، بۆ پیاهەڵدان و ستایشی سەدام رێک نەخرێت .. گەلێ شاعیر و نووسەر و هونەرمەندی خۆفرۆش و بەرژەوەندی پەرست زیادە رۆییەکی زۆریان لە هەڵکێشانی سەدامدا کرد و، زۆر فوویان دا، تا وایان لێکرد، زۆر لە خۆیی بایی بێت .. تەنانەت ( ٩٩) نازناویان بۆ سەدام هەڵبەست، وەک :