پارتى لە چەقى قەیرانەکاندا (بەشى یەکەم)

Wednesday, 02/03/2016, 18:18

2209 بینراوە


ڕەنگە هیچ شتێک هێندەى ئەوە بەئازار نەبێت کاتێک وڵاتێکى دیموکراسى دەبینیت سیستمێکى ڕێک و پێکى هەیە و دەسەڵات بەشێوەیەکى دادپەروەر لەبەڕێوەبردنى حوکمێکى شەفاف لەگەڵ بەرجەستەکردنى ماف و ئازادى بۆ هاوڵاتیانى وڵاتەکەى لەوپەڕى خۆشگوزەرانیدایە، ڕێک ئەو وێنەیە دێتە بەرچاوت کە لە نیشتیمانەکەى خۆتدا هاوڵاتى چۆن لەسایەى  حکومەتێکى قەرەولى دزدا ژیان دەگوزەرێنێت، چونکە ئەوەى لەم هەرێمەدا بوونى هەیە ڕەنگە هاوشێوەکانى لە ولاتانى جیهانى سێدا بوونى هەبێت، لەبرى ئەوەى وڵات بەدەست کۆمەڵێک خەڵکى تەکنۆکرات و بێلایەنەوە بێت ، کۆى جومگەکانى حکومەت بەدەست کۆمەڵێک مافیاو سەرۆک خێڵ  و بازرگانى سیاسییەوەیە. ئەمە جگەلەوەى موستەشارەکانى سەردەمى ڕابردوو لە بەرزترین شوێنى وڵاتدا قەسر و پۆست  وڤێلایان هەیە،چى منداڵى شەهید و ئەنفال و هەژارە، هەر مەپرسە لەسایەى ئەم دەسەڵاتەدا قەسر و ڤێلاکانیان کوخێکە کە ڕەنگە ناوەکەى بەتەواوى یان هەورەبانەکانیان تەواو نەکرابێت. لەبەرئەوە هەرچەندە لەم دەسەڵاتە ورد دەبیتەوە هیچ تروسکاییەک نابینى ئاماژەبێت بۆ ئەو کێشانەى دەسەڵات خۆى سەرچاوەى بەرهەمهێنان و هاوردەکردنیەتى، چونکە قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان ڕۆژ لەدواى ڕۆژ، لەبرى دۆزینەوەى چارەسەر ڕوو لە بەرزبوونەوەى زیاتر دەکات، هەروەها ئەم دەم و چاوانەى ئێستا وڵات بەڕێوەدەبەن، هەمان ئەو ڕوخسارانەن کە بەشدارى سەرەکى و فیعلى شەڕى ناوخۆ بوون. چونکە پێناچێت جگە لە قەیران هیچى تریان پێبێت بۆ کۆمەڵگاى کوردى، کاتێکیش باس لە چاکسازى سیستمى بەڕێوەبردن دەکەن، ئەوە لامان سەیر نەبێت قەیرانێکى تر توشى کۆمەڵگا بکەن! نیشتیمانێک سەرۆکە نا شەرعیەکەى لەگەڵ وڵاتانى نەیارى کورددا پەیوەندى بنەماڵەکەى لەسەر حسابى بەرژەوەندى نەتەوەکەى پتەوتر دەکات! کە هەر دەوڵەتانە بوون (پەیمانى سیڤەریان کردە قوربانى بۆ لۆزان و لەوێشەوە بۆ سەعد  ئاباد، دواتریش بۆ ڕێککەوتننامەى جەزائیر ) کە بارزانى باوک و شۆڕ شە نەتەوەییەکەى باشوریان کردە قوربانى، هەموو ئەو پەیمان و ڕێککەوتننامەانەى لەسەدەى ڕابردوودا لەهەر شوێن و وڵاتێک بەسترانبێت ئەگەر لایەنى سەرەکى کورد نەبووبێت، ئەوا هەر لەسەر مێزى گفتوگۆى پەیماننامەکە پلانێکى وایان داڕشتووە کە کوردو خاکەکەى بوونەتە نێچیر و پاروى خواردنى وڵاتانى دراوسێى، تراژیدیایەکى وایان بۆ کورد خوڵقاندووە  هەرگیزا و هەرگیز مێژوو لەبیرى نەکات کەچى بارزانى لەپێناو کورسیەکەى و  بەرژەوەندى بنەماڵەکەى لەهەوڵى ترازاندنى کوردەکانى پارچەکانى ترە بەسەرپەرشتى ئاغا و سوڵتانەکانى تورک؟ چ جاى ئەوەى بارزانى و حزبەکەى یارى بە موقەدەساتى شوناسى نەتەوەیەکەوە دەکەن لەبرى ئەوەى لەناوخۆدا هەوڵى مسۆگەرکردنى بەرژەوەندییە کەسى  و بنەماڵەکەیانن، ئامادەن بۆ هێزە داگیرکەرەکانى کوردستان هەموو هاوکارییەک بکەن، وەک ئەوەى لەڕابردوودا بینیمان کە بارزانى لە هەڵمەتى کۆکردنەوەى دەنگى کوردانى باکوربوو بۆ سوڵتانەکانى تورک لە هەڵبژاردنەپەرلەمانیەکەدا، چونکە بەئێستاشەوە هەمان هێزى داگیرکەرى ڕابردوون، چ جای ئەوەى ئەمانە دان بە کوردى پارچەکانى تردا بنێن، چونکە لە زاکیرەى داگیرکەردا کورد هەر کوردە لەهەر پارچەیەک بێت. لێرەوە کەسەیرى جوڵەکانى بارزانى و حزبەکەى دەکەى ڕێک ئەو وێنەیە دێتە بەرچاوت کە لەوڵاتانى جیهانى سێدا سەرۆک و دارو دەستەکەى مومارەسەى دەسەڵات دەکەن، کەچى سیستمەکەى بە دیموکراسى ناودەبات!؟ وەکو لاى خۆمان کە بارزانى و حزبەکەى بانگەشەى دیموکراسى و ئازادى و مافى مرۆڤ دەکات، بەڵام لاتان سەیرنەبێت کورسی سەرۆکایەتى ڕابردووى خۆى بووەتە هۆى پەککەوتنى هەموو دامەزراوەکانى بەڕێوەبردن. کەسەیرى دامەزراوەکانى بەڕێوەبردنى حوکم دەکەی، هیچ مەکینەیەکى بەڕێوەبردن نیە لەکار نەکەوتبێت  تەنها لەبەرئەوەى بارزانى لە پۆستى سەرۆکایەتى هەرێمە و هەر ئەویش دەبێت بە فریادڕەسى هەموو ئەو قەیرانانەى کە بەرۆکى هەرێمى گرتووە!؟ بۆیە ئەگەر سەیرى ئەم چەند ڕۆژەى ڕابردوومان کردبێت تازە سەرۆکى حکومەتە قەیراناویەکەى بارزانى هەوڵ بۆ ڕوکەشکردنى قەیرانەکانى دەدات، لەبرى ئەوەى بۆ تەنها جارێکیش زات بکات بە بارزانى مامى بڵێت مانەوەى تۆ لە سەرۆکایەتى هەرێم هیچ پاساوێکى یاسایی و لۆجیکى تێدا نیە جگە لە ناشەرعیبوون و زەوت کردنى ئەم پۆستە، ئەمە لەکاتێکدا مافى هاولاتیانى هەرێمى کوردستانە کە بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەن.
بەکالۆریۆس لە زانستى سیاسەت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە