ڕیشه‌ی مێژووی داعش و ڕۆڵی بانگخوازانی ئیسلامی سیاسی

Sunday, 06/03/2016, 22:21

1382 بینراوە


مرۆڤ به‌ گورگی له‌ دایك نابێت ، به‌ڵكو ده‌كرێت به‌ گورگ  ، داعش ئه‌و ڕێكخراوه‌ توندره‌وه‌ جیهادییه‌یه‌ كه‌ خۆی گه‌یانده‌ دوا پله‌و لوتكه‌ی وه‌حشیگه‌ری و ترۆپكی توندوتیژی  ، داعش زاده‌ی هه‌لومه‌رجی مێژووی و سیاسی و سایكۆلوژیای كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی  و ده‌سه‌ڵاتی فاشیزم و دیكتاتۆری و  نیزامی شمولی ئوممه‌ی عه‌ره‌بی یه‌ ، كه‌ ڕیشه‌ی مێژووی ململانێی مه‌زهه‌بی له‌پشت فۆڕمی داعشه‌وه‌یه‌ ، داعش په‌یامێكی ئاسمانی  نیه‌ و له‌لایه‌ن خوداوه‌نده‌وه‌ بۆمرۆڤایه‌تی هاتبیته‌ خواره‌وه‌ ، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك مرۆڤی خوێنمژ و خوێنڕێژ و گومڕاو سه‌رلێشێواو بیدعه‌چی خولقاندوویانه‌ ، هه‌ربۆیه‌شه‌ دزێوترین مرۆڤ له‌راسته‌وه‌ بۆ چه‌پ له‌ نێو ئه‌م ڕێكخراوه‌دا كۆبووه‌ته‌وه‌ .
خۆلادان له‌ ماهیه‌ت و ده‌رخستنی هه‌قیقه‌تی داعش له‌لایه‌ن گروپ و ڕێكخراوه‌  ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ ، به‌ دیوێكدا ڕاكردنه‌ له‌ به‌رپرسیاره‌تی و به‌ دیوه‌كه‌ی تریش خۆگه‌وجاندن و خۆڵكردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌ ، داعش ئه‌گه‌ر ئیسلام ناشیرین ده‌كات و  له‌ بنه‌ماكانی ئیسلام لایداوه‌ خۆ ئه‌گه‌ریش دروستكراوه‌و پیلانگێره‌ و ئیسلام دزێو ده‌كات ، خۆ ئه‌گه‌ر موسڵمانه‌ یان كافر ، ده‌رخستنی ڕووی ده‌مامكدراوی داعش كه‌ ئاییین  ده‌كه‌نه‌ ئایدۆلۆژیا و له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی و جیهادی و ته‌كفیری دا له‌ فالبی ده‌ده‌ن ، پاشانیش وه‌كو بزوتنه‌وه‌ و كروپ و ڕیكخراوێكی هه‌م سیاسی و هه‌میش ئیرهابی به‌ده‌رده‌كه‌ون ، وه‌زیفه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و حیزب و ڕیكخراوه‌ ئیسلامیانه‌یه‌ كه‌ خۆیان به‌ سوچی قورئان و تیزه‌ ئاینیه‌كاندا هه‌ڵواسیوه‌  كه‌ گه‌نگه‌شه‌یه‌كی  ووردو زانستیانه‌ی ئه‌م فۆڕمه‌ بكه‌ن .
داعش دیارده‌یه‌كه‌و پێویسته‌ خویندنه‌وه‌یه‌كی وورد درشت و به‌ ناو ڕیشه‌ مێژووییه‌كانیدا شۆڕبینه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ناویدا داعشی پێگه‌یاندووه‌  بۆ ئه‌مڕۆ ، بانگخوازانی ئیسلامی سیاسی له‌بری دیراسه‌و لیكۆلینه‌وه‌ بۆ شوناسی داعش ، له‌ هه‌وڵی دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ی فۆڕمی داعشن و ناخوازن خۆیان له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و باسه‌ بده‌ن ، چونكه‌ به‌شێك له‌ بانگخوازانی ئیسلامی سیاسی  هه‌ڵگری هه‌مان فۆڕم و ده‌رهاویشته‌ی داعشین !!
له‌دوای تێكشان و ڕیشه‌كێشكردنی گروپی تیرۆریستی القاعیده‌ له‌ ئه‌فغانستان و كۆچی ئه‌ندامانی قاعیده‌ بۆ هه‌ردوو ولاتی سوریاو عیراق دوباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌یان له‌ سه‌ر ده‌ستی ( زه‌رقاوی ) كه‌ بێگومان ژینگه‌ی سیاسی و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچه‌كه‌ له‌بار بوو بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و جموجۆڵ و چالاكی ئیرهابی ، چونكه‌ شه‌ڕو ململانێكانی نێوان هه‌ردوو مه‌زهه‌بی ( شیعه‌و سوننه‌ ) ئه‌و ده‌رفه‌ت و هه‌له‌ی ڕه‌خساند بۆ ( زه‌رقاوی و ابوعمر بغدادی ودواتر ابوبكری بغدادی ) كه‌ ( قاعیده‌ داعش له‌ عێراق و نوسره‌یش له‌ سوریا ) بنیات بنێنه‌وه‌ .
زه‌رقاوی فۆڕمیكی نوێی هینایه‌ ناو هاوكێشه‌كه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌نگاونان و ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕێكی توند و نامرۆڤانه‌ و له‌ ناوبردنی سه‌رو ماڵێ‌ هه‌ڵگرانی مه‌زهه‌بی شیعه‌گه‌ری بوو ، هه‌ربۆیه‌ زۆر بئ به‌زه‌ییانه‌ و كوێرانه‌ ده‌ستدرێژی توندوتیژی و ده‌ستی لێده‌وه‌شاندن ، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌وتی سه‌له‌فی  له‌راسته‌وه‌ بۆ چه‌پ ، له‌ ڕووی عه‌قیده‌ییه‌وه‌  مه‌زهه‌بی (شیعه‌ ) به‌ ده‌رچوو له‌ ئیسلام ده‌زانن .
به‌ڵام زه‌رقاوی نه‌یتوانی پرۆژه‌كه‌ی  ته‌واو بكات و كوژرا ، دوای زه‌رقاوی ئه‌ركی ڕێبه‌رایه‌تی ( قاعیده‌ ) سپێردرا به‌ ( ابو عمر بغدادی ) وه‌لئ ( ابوعمر بغدادیش ) له‌ ئۆپراسیۆنێكدا له‌ ئه‌نبار له‌ ساڵی ( 2010) كوژرا .
(ابراهیم بن عواد بن ابراهیم البدری ) ناسراو به‌ ( ابوبكر بغدادی ) سه‌ره‌تا سوپای ( ئه‌هلی سونه‌و جه‌ماعه‌) یان پێك هینا ، پاشانیش به‌هۆی ئالۆزی سیاسی ساڵی (2011 )  سه‌ردانی سوریای كردو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆسته‌وه‌ و سه‌رپه‌رشتی دامه‌زراندنی ( به‌ره‌ی نوسره‌) ی كرد و ( ابومحمد جولانی ) كرده‌ ئه‌میری به‌ره‌ی نوسره‌ ، دیاره‌ ( ابوبكر بغدادی ) به‌ر له‌ چوونی بۆ سوریا پێشتر ( ده‌وله‌تی ئیسلامی عیراقی ) دامه‌زراندبوو ، به‌ڵام له‌ ساڵی ( 2012) ناوی ڕیكخراوه‌كه‌ی گۆڕی بۆ ( ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام )  سه‌رئه‌نجام به‌ ڕاگه‌یاندنی ( خه‌لافه‌تی ئیسلامی  له‌ ( 29 حوزه‌یرانی 2014 )  خۆیان به‌یانكرد ، به‌ڵام ڕیشه‌ی مێژووی دروستبوونی (داعش ) زۆر كۆنه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی (1999)  چونكه‌ به‌ر له‌ داعش چه‌ندین گروپ و بزوتنه‌وه‌و ڕێكخراوی قیتالی و  ته‌كفیر یه‌كیانگرت و چونكه‌ هه‌ناوی ( ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام ) نمونه‌یش  : كۆمه‌ڵی یه‌كخستن و جیهاد  ( جماعه‌ التوحید والجهاد  1999-2004 ) و  ڕێكخستنی بنكه‌ی جیهاد له‌ ووڵاتی دوو ڕوبار ( تنڤیم قاعده‌ الجهاد فی بلاد الرافدین  2004 – 2006 ) و ئه‌نجومه‌نی شورای موجاهید  (مجلس شوری المجاهدین  2006 ) و ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی (دوله‌ العراق الإسلامیه‌  2006- 2013 ) و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام (الدوله‌ الإسلامیه‌ فی العراق والشام 2013 – 2014 ) .
له‌ سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا جیهانگه‌رای ئیسلامی له‌ كاروان و خه‌باتی شارستانی و پێشكه‌وتن و هوشیاری عه‌قلی دا دواده‌كه‌وێت و به‌هۆیه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك بزوتنه‌وه‌ و بزاوتی جۆراو جۆری له‌ ژێر چه‌تری ئیسلامی سیاسی و میرات و گه‌رانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و دواجاریش ره‌وتی ئیرهابی و جیهادی و ته‌كفیری كۆمه‌ڵگا خۆیان به‌ چه‌مكی ئایین و موسلمان هه‌لده‌واسن و ئایدۆلۆژیای توندوتیژی و تیرۆرو تۆقاندن و ته‌كفیر ئه‌بڕن به‌ باڵای ئیسلام و قورئان و فه‌رموده‌ی په‌یامبه‌رو تێزه‌ دینیه‌كان له‌ پێناو سه‌رخستنی مه‌هام و ئامانج و ئایۆلۆژیای سیاسیدا ته‌فسیر ده‌كه‌ن .
هه‌ربۆیه‌ ( ره‌وته‌ توندڕه‌وه‌كان و میانڕه‌وه‌كان ) له‌ ناو ئیسلام دا له‌ كانیاوی قورئان و حه‌دیس  ئاوده‌خۆنه‌وه‌ هه‌رلایه‌ك و هه‌ربه‌ره‌ك ئه‌ویتر به‌ ساخته‌و خیانه‌تكارو تیكده‌رو تیرۆریست ده‌شوبهێنێت ، وه‌یان به‌ ده‌ستكردو به‌رهه‌می ڕۆژئاواو ماسۆنیه‌تیان ته‌فسیر ده‌كه‌ن ، له‌كاتێكدا هه‌مویان له‌ منالدانی ( ئیخوان المسلمین ) به‌ربونه‌ته‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌می بزاڤه‌ ئیسلامیه‌كانی ئه‌مرۆن 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە