بایكۆت بۆچی ؟ شكاندنی بۆچی؟

Sunday, 03.06.2016, 23:11

1146 بینراوە


چه‌ند راستیه‌ك له‌ بایكۆتی ده‌وامی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌راندا وه‌كو رۆژی رووناك ده‌ركه‌وت كه‌بریتین له‌مانه‌:
1ـ ده‌سه‌ڵاتی كوردی بایكۆت و داخستنی خوێندنگه‌و فه‌رمانگه‌ نایانجوڵێنێ (1)  ، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو داواكاریه‌كانی خه‌ڵك بریتی بێت له‌وه‌ی‌ بایكۆت ده‌كه‌ین، تاوه‌كو بۆمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی كوردی مه‌منوونه‌ به‌ بایكۆتێكی بێده‌نگ و بێسه‌نگ، چونكه‌ ده‌ركه‌وت بایكۆت ته‌مه‌ڵی خه‌ڵكی به‌دوا دێت و به‌ردێك ناخاته‌ سه‌ر به‌ردێك بۆ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی هه‌ژار و ئاسایی. 
2ـ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران تاوه‌كو ژیانی كوله‌مه‌رگی و نه‌بوونی ئێخه‌ی نه‌گرتن، نه‌یانزانی ژیانی فه‌قیری و نه‌بوونی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سایه‌ی سه‌ری حیزبی كوردییه‌وه‌ یانی چی؟(ئه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستمان دوای روخاندنی به‌عسه‌ له‌ دوای ساڵی 2003وه‌) كه‌واته‌ ئه‌صڵی بایكۆته‌كه‌ بۆ یه‌كسانی و مافی گشتی وراگرتنی پێچكه‌ی دیموكراسی و پته‌وكردنی ژێڕخانی ئابووری و داڕنین و بڕینه‌وه‌ی ده‌ستی حیزب نه‌بووه‌ له‌شاده‌ماری ئابووری كوردستان،  بایكۆت بۆ چاكسازی نه‌بووه‌، به‌ڵكو ته‌نها بۆ مووچه‌ بووه‌و به‌س. ئالێره‌دا ده‌سه‌ڵاتی كوردی هینی جه‌ماوه‌ری پێوا، یه‌عنی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی بكوژوببڕ بێت، سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل تاوه‌كو رۆژی قیامه‌ت بدزێ و ئاودیوی وڵاتانی بكات، كێشه‌ نیه‌، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ مه‌عاشی خه‌ڵك بدات،ئالێره‌دا ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر بایكۆت و ناڕه‌زایی جۆراوجۆریش ته‌نها بۆ مه‌عاش بێت، ئه‌وا وه‌ك كورد ده‌ڵێت قازانج سه‌ری مایه‌ی خوارد،  له‌ ئێستادا راسته‌ بایكۆت بۆ ژیانه‌، نه‌ك بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ ده‌رس و ده‌وام، به‌ڵام له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی بێته‌وه‌ هۆش خۆی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ ناخۆشه‌ تێپه‌ڕێت و جارێكی تر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی خۆكرده‌  خواكرد نیه‌. 
3ـ لقی سلێمانی یه‌كێتی مامۆستایان له‌ت بوو
ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ یه‌ك ده‌نگ بڕیاری بایكۆتی ده‌وامی خوێندنی دا، له‌ 26/1/2016 تاوه‌كو 21/2/2016 بایكۆتی خوێندنی كرد، له‌پڕ بێئه‌وه‌ی هیچ خاڵیكی كۆنكرێتی جێ به‌جێ كرابێت رێكخراوه‌كه‌ بوو به‌ دوو كه‌رته‌وه‌ و به‌شه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات بایكۆتی شكاند و به‌شه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام بوو له‌ بایكۆت كردن. ئیتر لێره‌وه‌ به‌زمی نیشتمان په‌روه‌ری ده‌ستی پێكرده‌وه‌ وه‌كو به‌رپرسێكی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات وتی : (هیوادارین مامۆستایان هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری هانیان بدات ده‌وام ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌) ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌گه‌ر كه‌مێك په‌روه‌رده‌یی بوایه‌، ده‌بوایه‌ هێرشێكی توندی بكردایه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و مه‌سئولانه‌ی داهاتی كوردستانیان دزیوه‌، هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری شۆڕشگێڕانی دوێنێ و تاڵانچیه‌كانی ئێستای بهێنایه‌ته‌ له‌رزین، نه‌ك هێرش بكاته‌ سه‌ر مامۆستایان و به‌ ناوی هه‌ستی نیشتمانیه‌وه‌ برینداریان بكات. ئێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌رچی هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری بڵێیت تیاتاندا نه‌ماوه‌، به‌چ حه‌قیك خۆتان ده‌كه‌ن به‌ كوێخای به‌خشینه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانی، ئێوه‌یه‌ك كه‌ میلله‌تێكتان خسته‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری نه‌ك نیشتمان په‌روه‌رنین، به‌ڵكو ته‌نها یه‌ك شوێن جێگه‌تانه‌ ئه‌ویش زبڵدانی مێژووه‌،چونكه‌ خۆتان شه‌رمه‌زاری خواو خاك و میلله‌ت و دیموكراسی كرد.
4ـ بایكۆت بۆچی ؟ شكاندنی بۆچی؟  
بایكۆت وه‌كو خه‌باتێكی مه‌ده‌نی و سه‌رده‌م زۆر ره‌وایه‌و له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی تری خه‌باتی مه‌ده‌نی دوور له‌ توندوتیژی و خوێن رشتن و تاڵانی، یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ده‌ستی به‌ بایكۆت كرد، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی داواكاریه‌كان جێبه‌جێ كرابن (به‌شه‌كه‌ی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات) بایكۆته‌كه‌یان شكاند، ده‌بوو وه‌ك چۆن به‌یه‌كه‌وه‌ بایكۆتتان كرد، ئاوه‌هاش به‌یه‌كه‌وه‌ بایكۆتتان بشكاندایه، ئێمه‌ رامان وایه‌ بایكۆت مه‌كه‌ به‌ڵام كه‌ كردتت خۆت سووك مه‌كه‌ بۆ شكاندنی، یان به‌سوكه‌ وه‌عدێكی ده‌سه‌ڵات باوه‌ڕ مه‌كه‌ن با دوایی پێتان نه‌وترێ به‌دۆش ئه‌یژه‌نن، به‌ده‌ست ئێمه‌ بێت حه‌زناكه‌ین یه‌ك رۆژ ده‌وامی خوێندن بفه‌وتێ، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی مامۆستایانی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵات ته‌نها بۆ سووك كردنی خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ی مامۆستایان بوو.   ‌
1ـ (چونكه‌ ئیشی حیزب ناوه‌ستێ)‌
نووسینی: مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی  و كه‌مال مه‌حمود صاڵح