ئەوەی دەگوزەرێت لە ڕۆژهەڵاتدا جەنگی سێیەمی جیهانە

Monday, 14/03/2016, 22:16

1580 بینراوە


جەنگی یەکەمی جیهانی دەرئەنجامی ئەو قۆناغانەی سەدەی نۆزدەهەم بو،کە ململانێی نێوان زلهێزانی بۆرژوازی لەسەر چنگ هاویشتنیان لە داگیرگەکاندا و لەنێو خۆیشیاندا،قۆناخی نەگەیاندە وەستان و ئارامی. بەڵکو کێشمەکێشەکان هێندە ترسناک و تەماح کارانە بوو،بەناچاری دەبوا جەنگێکی نێو نەتەوەی بەرپا بکرێت لەنێو ڕکابەرەکاندا. ئەڵمانیا وەک ئیمپراتۆری نوێ لەسەردەمی پاشا ولهێلمی دوەم و بسمارکی ڕاوێژکاری گەورە،پێویستیان بەسەپاندنی هەیمەنەی خۆیان هەبوو لەڕێی دەست بردن بۆ داگیرگە نوێکان و کۆنەکانیش. هاوپەیمانی نێوان ئەڵمانیا و نەمساو هەنگاریا،وای کرد فەرەنساو ڕوسیا و بەریتانیا کە سێ زلهێزی کۆن بون،بەخۆیاندا بچنەوە و حسابێک بۆ زلهێزی نوێ بکەن. خۆ پڕ چەک کردن و دروست کردنی کەشتی گەلی دەریای پێویستی بەخەرجی زۆر دەکرد،ئەو باجەش درا بەسەر چین و توێژە زەحمەتکێشەکاندا و قەیران بەدوای قەیراندا لەساڵی 1904 وە دەستی پێ کرد.(پەرتوکی مێژوی سەردەمی نوێ لە دوو بەرگدا بەڕونی ئەو قۆناغانە دەگێڕێتەوە) لەم نێوەشدا سەرهەڵدان و شۆڕشە کرێکاریەکان بۆ ساتێکیش بێ کاریگەر نەبوە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئیمپریالیست،هەر لە ڕوسیاوە تا دەگات بەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا. دابەش کردنەوەی جیهان لەسەر دەستی زلهێزانی ئیمپریالیستی وای دەخواست کە بێ گەڕانەوەیەو تەنها پێویستی بە داگیرساندنی دەنکە شقارتەکەیە. دواتر لەڕێی تیرۆر کردنی ئەرشەدۆقی نەمسای لە سربیا،جەنگ بەرپا کراو،وەک مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە،چەندین ملیۆن مرۆڤ لەجیهاندا باجەکەیان داو، زلهێزانیش جیهانیان بەپێی سەرکەوتن و هێزی کاریگەرترین دابەش کرد لەنێو خۆیاندا.
کوردستانیش لە پەیمانی سایکس بیکۆی 1916 دا دابەش کرا و وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریقاو دەتوانین بڵێین دابەش کردنەوەی کۆی وڵاتانی ژێر دەستەی زلهێزان چوە بواری جێ بەجێ کردنەوە.
لەنێو سیستەمی سەرمایەداریدا،هاوپەیمانێتیەکان،دۆستانە و هاوڕێیانە نیە،بەڵکو بەرژەوەندیە مادی و سیاسیەکانە. لەوێشدا نەقەیران تەواو دەبێت وەنەژیانێکی دڵ خوازانە بونی دەبێت بۆ گشت چین و توێژەکان. ئەوەی بونی دەبێت،هەردەم نانەوەی تەڵەکانە بۆ تەقینەوە بەوی بەرانبەردا.
جەنگی دوەمی جیهانیش هەردەرئەنجامی ئەو ململانێیانەی نێوان ئیمپریالیزمی جیهانی بوو،بەتایبەتیش دژی دەوڵەتی شورەوی لەڕێگای هیتلەرەوە.
ئێستایش بۆدابەش کردنەوەی وڵاتانی ژێردەستە کەئێمە ئێستا لە عێراقەوە تا سوریاو یەمەن و لیبیاو ئەفغانستان و تا دەگات بەوانەی هێشتا سەرەیان نەهاتەوە،دەیانبینین،بەرپاکردنی جەنگی سێیەمی جیهانیە.
ڕێزدار ئاپۆ لەیەکێک لەپەرتوکەکانیدا شیکردنەوەیەکی بەپێز دەڵێت لەسەر دەرکردنی خۆی لەسوریاو ئیعدامی سەدام. ئەو دەڵێت؛کاتێک لویسی شازدە ئیعدام کرا،سەرەتای دروست کردنی دەوڵەت نەتەوە بوو،کاتێکیش سەدام ئیعدام کرا،کۆتای دەوڵەت نەتەوە دەستی پێ کرد. جەنگی سێیەمی جیهانیش لەو ساتانەوە دەستی پێ کردوە،لەژێر هەیمەنەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیدا لە دژی وڵاتانی زلهێزی ڕوسیاو هاوپەیمانەکانی،بەڵام جەنگەکە لەنێو خۆیاندا نیە،بەڵکو گوازراوەتەوە بۆ نێو وڵاتانی ژێر دەستە. ئەم جەنگە دڕندانەو کاول کاریە هێشتا ئایندەکەی دیار نیە و قەیرانی قوڵیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. 
دروست کردنی بزوتنەوەی توند ڕەوی داعشی ئیسلامی سونی،بۆخۆی ئامرازێکی هێندە بەهێزە،کەئیتر هیچ پاساوێکی نەهێشتەوە تا ئەوەی جەنگ فراوان نەکرێت و گشت دڕندەکانی کاپیتاڵیزم نەکەونە خۆیان بۆ نێو جەنگ و چۆنێتی بەش بچڕینی خۆیان لە ئایندەی ئەو وڵاتانەدا.
وڵاتانی ڕۆژهەڵات بەکۆی گشتی،وڵاتێکی تێدا نیە زۆر دەوڵەمەند نەبێت بەچەندین سەرچاوەی سروشتی کە بۆ زلهێزانی خاوەن سەنعەت مایەی مانەوەیان درێژتر دەکات. دابەش کردنەوەی ناوچەکە کاری دو تا سێ ڕۆژ نیە،بەڵکو زەمەن دەخایەنێت و تا درێژ دەبێتەوە بۆ کاری سەدە،چونکە لەلایەک لەبەردەوامی جەنگدا،چەک و جبەخانەکانی وڵاتانی ژێر دەستە خاڵی دەکرێت و ناچار دەبن بەردوام ئەوەی هەیانە بیدەن بەچەک،وەلەلایەکی تر کوشتارێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و تەواوی سەرلێشێواویە کۆمەڵایەتیەکان وا تێک دەدات بەسەریەکدا،کەنەپەرژێتە سەرئەوەی دەست ببرێت بۆ ڕاپەڕین و بەرپاکردنی شۆڕش بەدژی سیاسەتی ئیمپریالیستیانەی زلهێزانی جیهان. لەلایەکی تر بێدەنگە کردنی چینی کرێکارانی جیهان لەبەرانبەر دەسەڵاتە دڕندەکانی زلهێزاندا،هێندەی تر بێ ئومێدی لەگەڵ خۆیدا دێنێت لەم سەردەمە پڕ لەزانیاری و تێکەڵاویە خێراکاندا. 
کاتێک قۆناخ پێویستی بە بەرپاکردنی شۆڕش دەکرد،شۆڕشی 1905 -1907 ی ڕوسیا گەورەترین کاریگەری لەسەر گشت کۆمەڵگاکان داناو بوە هۆی سەرهەڵدان و یەکێتی نێوان کرێکارانی جیهان. پرسیار ئەوەیە؛ئاخۆ هۆکارەکەی بۆ ئەو قۆناخە دەگەڕایەوە کەخودی چینی کرێکار لەوڵاتانی سەردەستدا لەهەل و مەرجێکی سەختی ژیاندا بوون و ئێستا ئەو چینە ئەو قۆناخەی تێ پەڕاندوە؟ بێدەنگە کردنی ئێستای ئەو چینە شۆڕشگێڕە بۆخۆی جێگای پرسیاری گەورەیە کە بەو ئەندازەیە بێ دەنگەو وەک ئەوەی ئەوەی ڕودەدات دورە لەئەم و ئاگرەکەی پێی ناگات،یان ئەوەتا هیچ هێزێک نیە بتوانێت ئەم جەنگە کاول کاریەی ئیمپریالیزمی جیهانی بوەستێنێت!
هەرچۆنێک بێت،ئەوانەی دەکوژرێن لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا مێشولە نین و مرۆڤە بێ تاوانەکانن،وادیارە لای دڕندەکانی چینی قازانج خۆر،مرۆڤە زەحمەتکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی تەنها بەهای مێشولەیەکیان هەیە و کوشتنی ملیۆنی و ئاوارە بونی بەکۆمەڵ نابنە ڕێگر لەبەردەم تەماحکاری و دەست درێژیەکانی ئیمپریالیزمی جیهانیدا. دەسەڵاتدارە نێو خۆیەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا کەلەبەرەی قەومی و دینین،هیچ کات سەر بەخانە پێشڕەوی نەبوون و ناشبن،بەڵکو ئەو دەسەڵاتانە بەکۆی گشتیان سەر بەخانەی خائینان و هەردەم دوژمنی کۆمەڵگاو چین و توێژە زەحمەتکێشەکان بوون و لەپێناو چەتەگەرێتیەکانی خۆیاندا،ئامادە بوون هەردەم وەک وەکیلێکی باشی دەوڵەتانی ئیمپریالیزم هەڵسوڕێن و خواست و ئامانج و بەرژەوەندیەکانی ئەو دەوڵەتانە ببەنە پێشەوە لە ناوچەکەدا. ئەوەیش یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی وا تائێستا ئەو کۆمەڵگایانەی هێشتۆتەوە لەنێو قۆناخی دواکەوتووی و نەزانین و کۆنەپەرستیدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە