لە دایکبوونی دایکێکی نوێ

Tuesday, 15/03/2016, 22:33

3087 بینراوە


مێژوی دایک مێژویەکی گەردونیە و واتایەکی پڕ تەواوی ئەخلا‌قی دەداتە ئافرەت و تەواوکەری بونیەتی بە شێوەیەکی گشتی. دایک بوون ڕۆحی ئەم بونەوەرەیە و هەیکەلی مرۆڤێکی مەزنی پێدەبەخشێت و دەیکاتە سەرچاوەی ژیان. ئەوەشمان لە بیر نەچیت هەموو ئافرەتێک ناتوانێت یاخود نایەوێت ببێتە دایک، یاخود بەشێک لە بوونی خۆی دەفرۆشێت.
مێژوی ئافرەتی کورد مێژووی خواکانی جوانیە و هاوەڵێکی دانەبڕاوی پیاوی کوردە. لە مێژوی خۆشی و پڕ ناخۆشی ژیانی کوردا، ئافرەتی کورد هەمیشە شانبەشانی پیاوەکانیان بە شێوەی جۆراو جۆر تێکۆشاوان. هەرچەندە هەموو کاتێک وەکوو دایک تەماشایان ناکرێت و زۆر جاران دوژمن و بکوژەکانی خۆیان دە‌هێنە دونیاوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ژیانیان پێدەبەخشن و خۆیان دەکەنە قوربانی ڕۆڵەکانیان. ئەو ڕۆڵانەی پاشان دەست لە گەردنی ژیانیان دەنێن و بونیان بە ناوی جۆراو جۆری شەرەفەوە لێدەستێنەوە. بەڵام لەم ڕۆژانەدا دایکێکی نوێ لە دایک دەبێت، ئەو دایکەی چیدی نایەوێت ببێتە قوربانی داب و نەریتێک کە سەدان ساڵە هەوڵی لێسەندنەوەی مافە مرۆڤیەکانی دەدات. ئەم دایکە نوێیە جیدی بوکوژەکانی خۆی نا هێنێتە دونیاوە، بەڵکو نەوەیەک ئاشنا بە بەهاکان پەروەردە داکات کە هەمووانی پێسەرسام دەکات. ئافرەتی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژئاواو و باکوری کوردستان لە هیچ سەردەمێکدا ئەوەندی ئەمرۆ خۆی لە سروشت و رابوردووی خۆی جیانەکردۆتەوە. ئافرەتی کورد تا دێت پێشەنگی شۆڕشێکی مەزن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕازێنێتەوە.
ئەوەی ئەم شۆڕشە مەزنە پیمان دەڵێت، جیاوازە لەو پەیامەی سەدانساڵە لەم ناوچەیەدا بڵاو دەکرێتەوە. ئەم دایکە نوێیە کوردە شەڕی بەهاکان دەکات و ڕۆڵەی کاراما و سەربەست بە نرخ و بەها گەردونیەکان پەروەردە دەکات. ئەم دایکە نوێیە جەنگی ئەو سروشتە نامۆیە دەکات کە سەدان ساڵە هەوڵی لێسەندنەوەی ئەو مافانە دەدات، کە مرۆڤ بوونی پێیبەخشیوە. ئەم دایکە نوێیە سەری چیاکانی بۆ ئاسمان بەرزکردۆتەوە و ئەو پەیامە بە گوێی مرۆڤایەتی دا دەدات، چیدی هیچ هێز و باوەڕێکی کۆنەپەرستانە و وەحشیگەری لەم ناوچەیەدا جێگەی نابێتەوە و کوردستان بۆتە مەڵبەندی شۆڕشێکی گەورەی ئازادیخوازی یەکسانی و بەها گەردونیەکان.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێی کوردا، وەها دایکێک لە دایک دەبێت کە تاسەر ئێسقان بە گژ کلتوری خێڵ و پیاوسالاریدا دەچێتەوە، چیدی ناهێڵیت وەکوو جاران گیرۆدەی کۆدێکسی عەشایری و داب و نەرێتی قەرەچانە بێت. بوونی خۆی نوێدەکاتەوە و بەهاو نرخی نوێ نەک بە ئافرەت بوونی خۆی دەبەخشێتەوە، بەڵکوو نەوەیەکی ژن و پیاوی نوێ پەروەردە و دروست دەکات، کە تاسەر مایەی شانازی مرۆڤی کورد دەبێت.
لە دایک بوونی ئەم ئافرەتە دایکە نوێیە لە دایکبوونی شارستانیەتێکی نوێیە کە ئەم ناوچەیە تا ێستا بە خۆیەوە نەدیوە و بەسەرتای شۆڕشێکی مەزن دادەنرێت، کە بۆ سەدان ساڵان دەبێتە مایەی شانازی ڕوناک کردنەوەی ناوچەکە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە