لەیادی ٢٨ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، جینۆسایدی کورد بەردەوامە

Tuesday, 03.15.2016, 22:44

1290 بینراوە


ئەمساڵ بیست و هەشت ساڵ تێ دەپەڕێ بەسەر تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، هێشتا زامەکانی هەڵەبجە و شارو گوندە کیمیابارانکراوەکانی تری کوردستان وەک پێوست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە چونکە:
1. سەدان بەرکەوتووی کیمیایی دەنالێن و چارەسەری گونجاویان بۆ نەکراوە
2. ژینگەی هەڵەبجە  وەک پیوست کاری لەسەر نەکراوە
3. ناو شارو گوندەکانی هێشتا سیمای وێرانەیان پێوە دیارە
4. چارەنوسی دەیان مناڵی وونبووی هەڵەبجە هێشتا نادیارە
5. قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەویەکانی خەڵکی هەلەبجە و شوێنەکانی تر بەتەواوی نەکراوەتەوە
6. تائیستا حکومەتی عیراق دانی بە  جینۆسایدی هەڵەبجەدا  نەناوە، تا نەچێتە ژێر باری قەرەبوەکانەوە
7. لەسەر ئاستی ناوچەکەو  جیهان هەولەکان بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی هەلەبجە  هێشتا لە سەرەتادایە
8. تا ئیستا ئەو کەلوپەلانەی هەلەبجە ئاودیوکراون (نمونە کتێبخانەی هەلەبجە) لەئێران وەرنەگیراونەتەوە
9. تائیستا ناوەندێک لە هەڵەبجە  یان لە کوردستان نیە  بۆ بەدۆکیومێنتکردنی بەڵگەکانی جینۆسایدی کورد، بە زمانە جیهانیەکان
10.  پەیوەندی و هاوکاری حکومەت و ڕیکخراوەکانی بواری جینۆساید لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانیەکان کە گرنگی دەدەن بە کەیسی جینۆساید لەئاستێکی زۆر لاوازدایە یان هەر نییە
ئەو خاڵانەی سەره‌وە هۆکاری کەمتەرخەمی حکومەتی هه‌رێم و رێکخراوه‌کانی ئه‌و بواره‌ن که‌ بوونه‌تەهۆی ئەوەی نەتوانین کار له‌سه‌ر کەیسی جینۆساید ی کورد بکه‌ین لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەره‌وە، هاوکات ناکۆکی شەخسی و بیری تەسکی حزبایەتیش لە نیو ڕیکخراوەکانی بواری جینۆساید ڕەنگی داوەتەوە. ئەمەش وای کردووە، کارەکان پەرتەوازەو  بێ کاریگەر بن.
لەم یادەدا دەبێ چیتر کات بەفێڕۆ نەدەین و هەموو هەوڵەکان دەبێ یەکانگیر بکرێنەوە و بەیەک ئاراستە ببرێنە پێش.
 لە دوای هەلەبجەو ئەنفال، جینۆسایدی شەنگال ڕوویدا، لە ڕۆژئاوای کوردستان چەندین تاوانی جەنگ و دژ بەمرۆڤایەتی ڕویان داوە و بەردەوامیان هەیە، هەر لەم ڕۆژانەدا لەحەڵەب بۆمبی فسفۆریی دژی کورد بەکار هاتووە، لەباکوری کوردستان، هێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنی شارەکان  و کۆمەڵکوژکردنیان بەردەوامە، هەواڵەکانیش دەڵێن کە  چەکی کیمیایی بەکار هاتووە لە شاری جزیرە، پێش چه‌ند رۆژێک لە ناحیەی تازە لەباشوری کوردستان داعش بۆمبی کیمیایی بەکارهێنا، و سێ کەس گیانیان  سپاردوە، شەش سەد  بریندار هەیە، لەڕۆژهەلاتی کوردستان له‌سێداره‌دانی کوردان درێژەی هەیە و هێرش بۆ سەر خەڵکی کۆڵبەری هەژار و بێ دەرامەت بەردەوامە.
لەیادی مەرگەساتی گەورەی سەدەی بیستەمدا ده‌بێ مرۆڤایەتی هەڵوەستەیەک بکات، بەخۆیدا بچێتەوە، چیتر کوشتوبڕ واز لێ بهێنێ و رێگای ئاشتی و پێکەوە ژیان بگرێتە بەر.