لەچکی دیلی

Thursday, 17/03/2016, 1:23

1902 بینراوە


چاوەکانم: کانەکەی تۆ، زێڕی جۆری بیستوچوارە
بێ رتوش و ئاڵو واڵا، گەوهەرێکی تاک و دیارە
تا فریشتەی سادەبێ، زیاتر رەهایە خۆری گۆنات
ئەو بزەو گۆشەی نیگایەت، کاری دەستی کردگارە
با نەبێ دەف، تەپڵی بۆشی بیری نامۆی کۆنەخوازی
پێکەنینت: ئاهەنگێکە، هەڵپەڕینە، جازو تارە
رێنەدەی روی وەک بلورت دڕکی ریشی بێبەسەردا
گەر بڕوشێ، کارەساتە! سەرجەمی ئەم ناوە، تارە
ئەو چرای دو چاوە جوانەی رێنمای شەوگاری رێیە
دەرکەوێ، ئەستێرە مات و بێ جریوەو شەرمەزارە
گەردنی بێگەردو سافت، سایەقەی ساماڵی رونە
دو کەوانەی جوتە ئەبرۆت، پەلکەزێڕینەی بەهارە
تاڵەکانی پرچ و ئەگریجەی سروشتی و پەرچەمی خاو
با رەهابن، نەبنە بەندی سیستمێ خۆی کۆڵەوارە
نازەنینم: رێگەگربە، بزنە ریشەی چاخی بەردین
نەیوەرێنێ لالەزارت، تۆ گوڵی، ئەو خۆڵ و خارە
ئەم بەهاو بەهرەو خەڵاتە،بەخشش و دیاریی سروشتە
داینەپۆشیت، گوڵشەنی بەر چڵکە هەورێ، وەک دەوارە
ئەی بەڕێزم: بزنەڕیشە وەک وڵاخێ تۆی مەبەستە
تۆ مرۆڤی، بیری سەردەم لەچکی دیلیی لا گوشارە
من پەڕەی پەرتوکی دنیام خستە بەرچاو نەمدی رستێ
جۆرە بەرگێ داسەپێنێ ئێستە پەشمەو نالەبارە
فەلسەفەی ئەم ژینە وایە ئێمە دو گیانی بزورگین
چونیەکی، رێبازی راستە، بزنەڕیشە هێڵی خوارە
دەی فڕێیدە کۆت و زنجیر، تۆ بە ئازادی مرۆڤی
سەرنەوی بۆ باری دیلی، ئاژەڵێکی کۆڵ و بارە
ئەو ئەگەر راستگۆیە، ئەمڕٶ، کار بەئیشە نەک بەڕیشە
یا لەژێر هەر تاڵە مویەک، گورگە بۆرێ، دەسبەکارە!
-------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە