دانانى پێوەرى میکانیکى ئاو پێویستە؟

Saturday, 19/03/2016, 20:21

2295 بینراوە


ئاو سەچاوەى ژیانە. لە هەرکوێیەک شوێنى نیشتەجێ بون هەبێت ئاویش هەیە، لەهەرشوێنێک ئاو هەبێت ژیانیش هەیە. بۆیە پاراستن و بە فیڕۆ نەدانى ئەرکى سەرشانى هەمو تاکێکە. 
بەڵام تاکەکانى کۆمەڵ بەردەوامن لە پیسکردنى سەرچاوە ئاوییەکان. ڕۆژانەش لەباشورى کوردستان بەهۆى نەبونى وشیارى و کەمتەرخەمى حکومەت زیاتر لە هەزاران لیتر ئاو لە بەلوعەى ماڵانەوە بەفیڕۆ دەدرێت. کە لەلایەن میراوەکانەوە ئاو بۆ ماڵان هەڵدەکرێت ڤیستیڤاڵى بەفیڕۆدانى ئاو دەست پێدەکات، ڕەنگە هەریەک لەئێمە ڕۆژانە لە کۆڵانەکانى شاردا بینەرى دەیان ڤیستیڤاڵى بەفیڕۆدانى ئاو بوبین، بەتایبەت لەلایەن ژنانەوە. 
بەفیڕۆدانى ئاو و نەبونى پێوەر. وە دابەشکردنى ئاو ئەم سیستەمەى ئێستا نادادپەروەرى دروستکردوە. بۆ نمونە خێزانێک کەلە دە ئەندام پێکهاتوە و خاوەنى 200م شوێنى نیشتەجێ بونە مانگانە بەپێى ڕوبەرى زەوى تەنها(10،000)دە هەزار دیناریان بۆ دێتەوە، وە خێزانێکیش کەلە دوو ئەندام پێکهاتون و خاوەنى 200م شوێنى نیشتەجێ بونن هەربە تەنها(10،000)دە هەزار دیناریان بۆ دێتەوە؟! بەڵام بەپێى ستاندارى جیهانى دابەشکردنى ئاو بەپێى قەبارەى بەکارهێنانە، نەک بەپێى ڕوبەرى زەوى و بەشێوەیەکى هەڕەمەکیانە! کەتەنانەت نەشزانرێت بەشداربویەک یان (هاوبەش)ێک چەنێک ئاو بەکاردەهێنێت؟.
هەروەک چۆن پێوەرى کارەبا بۆ ماڵان دانراوە بە جیاوازییەوە! پێویستە پێوەرى ئاویش بۆ ماڵان و شوێنەگشتیەکان دابنرێت بەبێ جیاوازى؟ چونکە دانانى پێوەرى میکانیکى،  ئاو بەپێى بەکارهێنانى مانگانەى(م3)دابەشدەکات و ڕێگە لە بەفیڕۆدانی ئاوێکى زۆر دەگرێت و (هاوبەش) ناچاردەکات بەگوێرەى پێویست ئاو بەکاربهێنێت. ئەگەر هەموو هاوبەشەکانیش بون بەخاوەنى پێوەرى میکانیکى ئەوکات حکومەت دەتوانێت ڕۆژانە ئاو دابەشبکات. ئیدى ڕەنگە هاوڵاتیان پێویستیان بەتەنکى ئاویش نەبێت. 
لەدواى کەمتەرخەمییەکى زۆر. حکومەت لەڕێگەى دوو کۆمپانیاوە لەمانگى هەشتى ساڵى 2015وە دەستیان بە بەستنى پێوەر کردووە و زیاتر لە (%40)یان تەواوکردووە. لە بەرامبەرکڕین و بەستنى لە لایەن (هاوبەش)ەکان حکومەت وەک هاوکارییەک هەڵدەسێت بە قەرەبووکردنەوەیان بەبڕى(40،000)چل هەزار دینار ئەوەش بە داشکاندنى بڕى مانگانە بە(10،000)دە هەزاردینار لە پسوڵەى ئاو بۆ ماوەى چوارمانگ. 
دواى تەواوبون و دانانى پێوەر بۆ هەموو هاوبەشەکان. پێویستە حکومەت  کاربکا بۆ دانانى پێوەر لەگەڕەکەکان تا بتوانێ ونبونى ئاو لە تۆڕەکاندا دیارى بکات و ڕێگە لەبەفیڕۆدانی بگرێت. ئەو کات لەڕێگەى پێوەرى گەڕەکەکانیشەوە دەزانرێت، چەنێک ئاو دابەشکراوە بۆ هەر گەڕەکێک.
 پارێزەرى ژینگە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە