گەشتێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و ئەنتاڵیا دەکرێتەوە

Sunday, 20/03/2016, 2:04

1962 بینراوە


بەئامادەبوونی کۆنسوڵی تورکیا لە شاری هەولێر و چەندین سەرمایەداری کورد٬ بۆ یەکەمین جار لە شاری هەولێر پێشانگەی هوتێلەکانی ئەنتاڵیا کرایەوە و بڕیاریش درا لە مانگی داهاتووەوە هێڵی راستەوخۆی فڕۆکەوانی ئەنتاڵیا و هەولێر بکرێتەوە.
ئەمساڵ کۆمپانیای (Dream Holidays) جیاواز لە ساڵەکانی دی٬ گەورەترین پێشانگەی هۆتێلەکانی ئەنتاڵیای لە هۆتیل ڕۆتانای شاری هەولێر کردەوە، کە تیایدا 25 لە گەورە بەرپرسانی هۆتێلەکانی ئەنتاڵیا بەشداربوون، ئامانج لە کردنەوەی ئەو پێشانگەیەش وەک ئیبراشیم کەمال بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ڕوونی کردەوە ئەوەیە چیتر گەشتیارانی کوردستان لە وڵاتی تورکیا نەفرۆشرێنەوە، بەڵکو لەمەودا بەمیکانیزمێکی پێشکەوتوو کار بکرێت کە سەلامەتی گەشتیارانی کوردستان پێش هەموو شتیک لە بەرچاو بگیرێت".
هەرچەندە ئێستە بەهۆی کێشەی ڤیزەوە٬ گەشتیارانی کوردستان کەمتر دەچنە وڵاتی تورکیا. بەڵام ئیبراهیم کەمال لەبەردەم ڕاگەیاندنەکاندا گوتی "ئێستە لەگەڵ بەرپرسانی حکومی لە هەرێمی کوردستان و تورکیا لە گفتوگۆدان تاوەکو بیر لە وەرگرتنی ڤیزەیەکی تایبەت بۆ گەشتیاران بکەنەوە کە بێ بەرامبەر بێت بۆ گەشتیاران، بە خۆشحاڵییەوە بەڵێنی ئەوەمان وەرگرتووە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا وردەکاری زیاتر لەسەر ئەو ڤیزەیە بۆ گەشتیارانی کوردستان دەخرێتەڕوو".
سەبارەت بە کردنەوەی هێڵێکی فڕۆکەوانی تایبەتیش لە نێوان شاری هەولێر و ئەنتالیا، ئەم بەرێوەبەرە گوتی لە مانگی داهاتوودا بۆ یەکەمین جار لە کوردستاندا هێڵی راستەوخۆی نێوان شاری هەولێر و ئەنتاڵیا دەکرێـتەوە، ئەمەش مژدەیەکی خۆشە بۆ گەشتیارانی کوردستان، چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی کوردستان بە مەبەستی گەشت کردن دەچنە ئەنتاڵیا و پێشتر گەشتیارانی کوردستان دەبوایە لە رێگەی ترانزێتەوە بگەیشتبوونایە ئەنتاڵیا، بەڵام لەمەودوا ئەو کێشەیە نامێنێت.
وڵات جەلال

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە