زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی وڵاتی ئێران، لە دابەشکاریی نەتەوەییدا پۆلێن و ناسێندارن

Sunday, 27/03/2016, 20:29

4590 بینراوە


بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، زانیاری دیجیتاڵ سەبارەت بە ٨٥٢ زیندانیی سیاسیی ئێران کە لە ١٥٠ گرتووخانە ڕاگیراون، بە هەوڵی ڕێکخراوێکی ناحکوومەتی لە ئەتڵەسێکی دیجیتاڵدا بڵاوبوویەوە.
لەو ئەتڵەسەدا، گرووپی یەکگرتن بۆ ئێران، زیندانیانی سیاسییان دابەشی حەوت نەتەوەی نێشتەجێی ئێران کردووە کە لە ٨٥٢ زیندانی پێک دێت.
سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی کورد، ناوی ٣٣٩ کەس هاتووە کە بێجگە لە وێنەی ئەو زیندانیانە، زانیاری سەبارەت بە چالاکی ئەو کەسە، کورتەی ژیاننامە، شوێنی گیران و تۆمەتی وەپاڵدراوی هاتووە.
هەروەها لە بەشی زیندانیانی کورد، ناوی ١٨٤ چالاکی مەزهەبی، ٤٣ چالاکی مەدەنی، ٧٨ چالاکی مافی مرۆڤ و زیاتر لە ٣٠ ڕۆژنامەوان و چالاکی کرێکاری هاتووە.
ماڵپەڕی ئەو ڕێکخراوە کە لە ئامریکادایە نووسیویەتی: زانیاری ٢٠٠٠ زیندانی کە لەم ئەتڵەسەدا تۆمارکراوە، وەک پڕۆژێکتورێک لەسەر کاروکردەوەی دەزگای دادوەریی ئێرانە. هەرکاتێ دادگا، ئازادیی هاووڵاتییەک بە تاوانی کەڵک وەرگرتن لە مافەکانی زەوت دەکات، ئەو کارە تۆمار دەکرێت و هەموو جیهانیش دەیبینێت.
هەرلەو ئەتڵەسەداکە زیاتر لە ٥ ساڵە کاری بۆدەکرێت، زانیاری ورد لەسەر ١٥٠ گرتووخانەی ئێران و ٢١٦ دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاوکراوەتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو ئەتڵەسە بە دابەشکاریی نەتەوەکانی فارس، تورک، کورد، عەرەب، بەلووچ، تورکمەن و لوڕ لە شێوازی خۆیدا کەم وێنەیە.
پێشتریش ناوەندی بەڵگەكانی مافی مرۆڤی ئێران، ئاماری ٨٢٠ چالاکی سیاسی، مەدەنی و عەقیدەتی لە زیندانەکانی شارەکانی ئێراندا بڵاوکردبووەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا ناوی ٢٩٠ هاووڵاتیی کورد کە لە زیندانەکانی ئێراندا بە تاوانی “چالاکیی سیاسی و مەدەنی” دەستبەسەر و حوکمی زیندانیان بۆ بڕابوویەوە، هاتبوو.
كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە