ئێوە چەکوشەکەتان دایە دەست دزەکان،تا دەرگای قاسەکانی نیشتیمان بشکێنن و تاڵانی بکەن (بەشی یەکەم)

Saturday, 09/04/2016, 20:35

10514 بینراوە


سەرەتا:
ئەوەی هانیدام  بۆ نووسینی ئەم بابەتە، نووسینێکی  نەبەز گۆران بوو، بە ناونیشانی (ئاسنگەرەکەی ماڵی برایم ئەحمەد) تێیدا باس لە دوو کەس دەکات، یەکێکیان نەوشیروان مستەفا و ئەویتریان عەمید شانازی برایم ئەحمەد. چەند برادەرێک داوایان کرد، واز بهێنم و لەسەری نەنووسم، لێ من بە پێچەوانەوە بە پێویستم زانی کە لەم باسەوە هەندێک نهێنی ئاشکرا بکەم، قسەش لەسەر ناوەرکی مەبەستی نووسینەکەی نەبەز و کەسێتی خۆی بکەم، چونکە بێدەنگبوون لەم جۆرە نووسینە کوشندەیە، وەک ئەو برینە وایە، کە بە بچوکی لێی بگەڕییت دوایی تەشە دەکات بۆ بەشەکانی دیکەی لەش، بیرکردنەوە لە نووسینی وەک ئەمەی نەبەز گۆران کە خەریکە دەبێتە باو لە ناو نووسەرە مشەخۆرەکانی باشووردا، بە مەرامی دڵسۆزانە و بە بەرپرسیارێتیی نەنووسراوە، بنەمایەکی  زانیستی لە پشتەوە نییە، برینێکی پیسە  لە سەرەتادا بچوک دەبینرێت، کە گەورەتر بوو،  لەشی مرۆڤ دادەڕزێنێت، ئەو نووسینەش بیری کۆمەڵگا دادەڕزێنێت، هەرچەندە بە لای منەوە ئەوەی نەبەز گۆران کردوویەتی، خۆماندووکردنە بۆ فرۆشتنی لەشی وشەکان، بە نرخێکی هەرزان، ئەوەتا تەنانەت دەڵێت کە دوای رێنووسی مامۆستایان، (باڵدار) و (پیرە مێرد) و (ئیبراهیم ئەحمەد)یش کەوتووم. نایشارێتەوە  دەڵێت رەنگە لە پاشەڕۆژدا پەیڕەوی رێنووسی عەمید شانازیش بکەم. لێرەدا مرۆڤ هەست بە هێڵنجدان دەکات، چونکە ئەم کەسە وا خۆی سووک کردووە خۆی گەیاندۆتە تروپکی ریا و ماستاوکردن بۆ هێرۆ و شانازی برایم ئەحمەد. نەبەز گۆران دەیەوێت ئەو پەیامەش بە خوێنەر بدات، گوایە تەنیا نەوشیروان مستەفا و عەمید شانازی برایم ئەحمەد، دیاردەی رەخنەگری ناو حیزبە کوردییەکانن، بێ ئەوەی هەوڵ بدات کەڵک لەو تەمەنە کورتەی ئەزمونی نووسینی خۆی وەربگرێت، خۆی سووک و بێ ئەرزش نەکات، راستییەکان بە ویژدانەوە ببینێت، زیاتر بخوێنێتەوە و بنووسێت، لە خۆیەوە قسە ریز نەکات، پارچە پەخشانمان بۆ نەهۆنێتەوە، دەبوو لە مانای قووڵی حیزب و رەخنەگرتن و مێژووی کەسایەتییەکان بکۆڵایەتەوە، مێژووی ئەوانەی کە ناوی هێناون لە رێگای پۆست و کردار و هەڵوێستی رۆژانەیانەوە بخوێنانیەتەوە و هەڵیبسەنگێنێت، لایەنی کەم خۆی لەو جۆرە باسانە هەڵنەقوڵتاندایە، نەک بۆ ئەوە بنووسێت چاوەڕوان بێت، تا بانگ بکرێت و خەلاتی بکەن. ئەوانەی نەبەز ناوی هێناون دەسەلاتی سیاسییان هەیە، لە ناو مێژووی نوێی گەلەکەماندان هێندە پێویستیان بە خوێندنەوەی رابردوویان نییە، چونکە رۆژانە هەڵسوکەوت و خیانەتەکانیان بۆ مێژوو تۆمار دەکرێت، ئەو نووسینە زیاتر ریاکاریی لێدەچۆڕێت، باسێکی جدی و ئەکادیمی نییە. رابردووی نەبەز گۆرانیش ئەوەمان پێ ناڵێت، کە ئەو بۆی هەیە لەسەر ئەم باسانە قسە بکات، لەسەر کەسانێک قسە بکات نەخوازا کەسێکی پۆخڵی دزی وەک شانازی برایم ئەحمەد، ئەم بێت بە جوانی ماکیاجی بکات، بە رەخنەگری دابنێت، چەکوشێک بداتە دەستی، بڵێت فەرمو خانمەکەم تۆ تاکە ژنی رەخنەگری حیزبیت. رەخنە تەنیا قسە و نووسین نییە، رەوشت و موڕاڵە، نووسەری ئەو وتارە بۆ خۆشی وەکو ئەوان بێموڕاڵە، لە زۆربەی نووسینەکانییدا عەورەتی خۆی دەردەخات، رابردووشی دیارە، کە لە بەشەکانی داهاتوودا دێمە سەری، هەوڵ دەدەم لەسەر ئەمە زیاتر قسە بکەم، ئەم هەویرەش ئاو زۆر دەکێشێت، بۆ چوونە نێو باسەکە لێرەدا بە پێویستی دەزانم پێشەکی قسە لەسەر مامۆستا برایم ئەحمەدەکەی کاک نەبەز گۆران بکەم، ئەو بەشەی کە لای زۆر کەس شاراوەیە بیخەمە سەر بەڕە:
• شاکر مەجروم، کە لە سەردەمی شێخ مەحموددا، بەڕێوەبەری پۆست و تەلەگرافی حکومەتی کوردستان بووە، پاش گرتنی شێخ مەحمود و نەمانی حکومەتەکەی، ئەمیش سلێمانی جێدەهێڵێت و بە ماڵەوە دەچێتە رەواندوز، زۆربەی نەوەکانی ئیستا دانیشتووی رەواندوزن، یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی فەرهاد، کە ئیستا لە ژیاندا ماوە لەسەر فڕانسۆ حەریری دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
کاتی خۆی  فڕانسۆ حەریری لە ناوچەی رەواندوز مامۆستا دەبێت! رۆژێک فڕانسۆ دەچێتە لای فەرهاد، داوای لێدەکات بەڵکو یارمەتی بدات تا ببێتە پێشمەرگە، چونکە فڕانسۆ موسڵمان و کوردیش نەبووە، لەو سەردەمەدا ساڵانی 1960ەکان، فەرهادیش وەکو زۆربەی خەڵکی باشوور لەو سەردەمەدا دۆستی شۆڕش و نزیکی پارتیی بووە، لای کەسێکی گەورەی پارتیی واستەی بۆ دەکات، تا متمانە بە فرانسۆ حەریری بکەن، وەک پێشمەرگە وەریبگرن! ئەو بەرپرسەی پارتییش دەڵێت خەمت نەبێت ئێمە لەسەر متمانەی تۆ دەیکەن بە پێشمەرگە! فەرهادی شاکر مەجروم دەگێڕێتەوە، کە پاش ماوەیەک دەچێت تا بزانێت حاڵ و گوزەرانی فڕانسۆ لە چییدایە، لە دوورەوە دەبینێت فڕانسۆی مامۆستا لای مەلا مستەفا وەک چایچی دامەزراوە و هەڵدەسوڕێت! ئەمەی زۆر پێ ناخۆش دەبێت، بە ناسیاوەکەی دەڵێ: باشە ئێوە وتتان ئێمە دەیکەین بە پێشمەرگە، ئەی بۆچی کردووتانە بە چایچی؟ بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: بڕوا بکە کاک فەرهاد، خۆی داوای ئەمەی کردووە، وتی دەمەوێت خزمەتی جەنابی مەلا مستەفا بکەم! فەرهاد دەڵێت کە تەماشای فڕانسۆم کرد، راست بوو، لەوە نەدەچو بەم ئیشەی ناڕەحەت و پێی ناخۆش بێت، زۆر بە گەرموگوڕییشەوە کارەکەی دەکرد!
با خوێنەر لەم رووداوەوە تێبگات، کە چۆن کەسە سووک و نەفسنزمەکانی وەک فڕانسۆ حەریری لە چ دەرگایەکەوە خۆیان دەکەن بە ژووری دەسەڵاتدا و پۆستی باڵا وەردەگرن، ئەم تاکتیکە سووکە، نووسەرانیشی گرتۆتەوە، قەلەمی زۆربەی نووسەرانی باشوور، قەلەمەکانیان پیس و چروکە، کەسیانی سووک بۆ پارە پێی دەنووسن. ئەم بەرپرس و باڵادەستانەی ناو حیزبەکانی ئەمڕۆی باشووریش هەر یەکەیان هاوشیوەی فڕانسۆ حەریریین، کە بە هەموو سووکایەتییەک رازیین بۆ خاتری ئەوەی  بە دەسەڵات و پارە و پۆستی باڵا بگەن، یان ببنە بازرگان و ملیاردێر، ئەمڕۆ ئەمانە کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی باشوورن، ناپاکی و خیانەتیان لێدەچۆڕێت، فڕانسۆ هەریری کە کەسایەتییەکی سووک بوو، لێ ئەمان لە فڕانسۆ سوکترن.
• هەمزە عەبدوڵلا، (بۆ ناسینی کلیکی ئێرە بکە) مێردی خوشکی برایم ئەحمەد و سکرتێری پارتیی بووە، لە ساڵی ١٩٥٨پۆستەکەی بۆ برایم ئەحمەد جێ دەهێڵێت، گومان زۆرە ناچارکرابێت، تا وازبهێنێت، بە بەڵگەی ئەوەی هەر لەو ساڵەدا کە مەلا مستەفا لە سۆڤییەت دەگەڕێتەوە، برایم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتیی دەچێتە لای و لێی دەپاڕێتەوە تا ببێت بە سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، مەلا مستەفا، کە نەیدەزانی سیاسەت و حیزبایەتیی چییە، گاڵتەی بە پێشنیارەکەی برایم ئەحمەد دێت، تەنانەت جنێو و قسەی بازاڕیش بە پارتیی دەدات دەڵێت: من ببم بە سەرۆکی (xx) نابم بە سەرۆکی پارتیی، دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان، بە ئاگاییەوە ئەمەیان کردووە، ویستوویانە مەلا مستەفا بکرێتە سەرۆکی ئەو حیزبە. پێش ئەوەی کورد بە ئاگابێتەوە، حیزب و رێکخراوی خۆی دروست بکات، سەرکردەی خوێنەوار و دڵسۆز و وڵاتپارێز لە خۆی هەڵبژێرێت، ئەمان کەسەکانیان بۆ حازرکردووە و حیزبەکەشییان بۆ دروستکردوون، ئەوەتا لە رێگای جاسوس و پیاوەکانی خۆیانەوە کابرایەتی عەشایری و نەخوێنەوار دەهێنن،  شۆڕشیشی بۆ رێکدەخەن، بە میللەتیش دەڵێن فەرمو ئەوە حیزب و ئەوەش سەرۆک، ئەوەش شۆڕش بڕۆ چەکی بۆ هەڵبگرە، لە کۆتایی فلیمەکەدا سەرەنجامەکەی بە ئاشبەتاڵ دەشکێتەوە  و بەرهەمەکەشی ئەوەیە کە ئیستا دەیبینیت و بەردەوامیشی هەیە! ئەم سیاسیی و خەباتگێڕ و نووسەرانەی ئەمڕۆش، تەواوکەر و بەرهەمی عەقڵی داگیرکەرانە. کە لە ناو فیکر و هزری کورددا چیندراوە، نەبەز گۆرانەکان تا بێن لەسەر ئەم جۆرە نووسین و پێداهەڵدانە، لە گەشەکردندا دەبن، ئەمەش ئەو پلانانەیە کە نایەوێت کورد لە باشووردا گۆڕانکاری بە سەر خۆیدا بهێنێت، ئەوانەی ئیستا  سیاسەت دەکەن و کۆمەڵگای کوردی بەڕێوە دەبەن، درێژکراوەی ئەو مێژووەیە، کە نەهێڵن کورد بچێتە سەر هێڵی راستەقینەی خۆی و  بەرەو رزگاری هەنگاو بنێت! ئەوانەی کە ئەمانە وەکو قارەمان و خەباتگێر ناو دەبەن، نەوەکانی ئەو خائینانەی رابردوون، کە بۆ داهاتوو گەرنەتی نووسینەوەی مێژوویەکی ساختە بە خائینەکان دەدەن، مێژوو بە درۆ دەنووسنەوە، تا نەکەونە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوو، دادگایی نەکرێن، ئێمەش تەنیا ئەوەندەمان لە دەست دێت نەفرەت لە کوردبوون و لە رابردوو بکەین لە داهاتووی خۆشمان نائومێد بین.
• دوای ئەوە لە ساڵانی ١٩٦١کە پارتیی و مەلا مستەفا دژی عەبدولکەریم قاسم چوونە شاخ و شۆڕشیان هەڵگیرساند، رووداوێکی دیکەی هاوشێوەی رووداوەکەی فرانسۆ حەریریی دەگێڕمەوە:
لە شاخ پێشمەرگەکان چادرێک بۆ مەلا مستەفا هەڵدەدەن، دوایی دەیانەوێت چادرێکیش بۆ برایم ئەحمەد لە ریزی چادرەکەی مەلا مستەفاوە دابنێن، برایم ئەحمەد رازی نابێت داوا دەکات چادرەکەی ئەم لە خوار چادرەکەی مەلا مستەفاوە بێت! لێی دەپرسن بۆچی؟ لە وەڵامدا دەڵێت: جەنابی مەلا مستەفا سەرۆکە، نابێت لە ریزی ئەو چادرەکەم بۆ دابنێن!؟ رەفیق چالاک ئەو سەردەمە لە ئیستگەی شۆڕش دەبێت زۆر جار ئەمە وەکو نوکتە بە پێکەنینەوە دەگێڕێتەوە.
با پێکەوە برایم ئەحمەد بناسین
•  باوکی برایم ئەحمەد بە ئەحە رەش ناسراوە! ئیستا زۆربەی کوڕ و کچەکانی لە دەرەوەی وڵات ناوی رەشیان کردووە بە پاشناوی خۆیان، دایکی برایم ئەحمەد کچی ئاغایەکی ناوداری پێنجوێن دەبێت، بە بێ رەزامەندی دایک و باوک و کەسوکاری شوو بە ئەحە رەش دەکات! ئەوانیش هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ کچەکەیان دەبڕن، ئیتر تا دەمرێت لەکەسوکارەکەی دادەبڕێت و نایان بینێتەوە، پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر نزیکەی پەنجا ساڵێک کەمتر یان زیاتر، باپیری برایم ئەحمەد کە تەمەنی زیاتر لە هەشتا و نەوەد ساڵێک دەبێت، بە نەخۆشییەکی قورس دەبرێتە خەستەخانەی سلێمانی، چەند رۆژێک لە خەستەخانە دەمێنێتەوە و لە گیانداندا دەبێت، کەسێک بە دەمامکەوە دەچێتە سەری و لە سەر قەرەوێڵەکەی خەستەخانە دەیکوژێت! کەس نازانێت ئەم پیاوە پیرە نەخۆشە بۆچیی و باوک و باپیری کێیە؟ تەنیا د. جەمال رەشید نەبێت، کە دکتۆرێکی بەناوبانگی ئەو سەردەمەی سلێمانی  دەبێت. ئەو بەمە دەزانێت، وەک دەڵێن نەخۆشەکە خۆی بۆی گێڕاوەتەوە، د. جەمالیش لای چەند کەسێکی نزیکی خۆی باسی دەکات، بۆیە دوایی هەڕەشەی کوشتن لە د. جەمال رەشید دەکەن،  لە ترساندا و بە بێدەنگی خۆی نەقڵی بەغدا دەکات! گومان زۆرە برایم ئەحمەد دەستی لە کوشتی باپیریی خۆیدا هەبووبێت!.
•  مامی ئیبراهیم ئەحمەد ناوی رەمزی فەتاحە و بە (رەمزی ئەفەندی) ناسراوە، ماسۆنیش بووە! رەمزی فەتاح ئەفسەری سەردەمی عوسمانییەکان دەبێت! پاش رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، یەکەم کەس دەبێت، کە دەبێتە جاسوسی ئینگلیزەکان، عەلی وەردی لە یاداشتەکانی خۆیدا باس دەکات، کە چۆن رەمزی فەتاح پەیوەندیی پێوە کردووە، داوای کردووە کار بۆ ئینگلیزەکان بکات!
• رەمزی فەتاحی مامی ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی ئەو سەردەمە، دەستی لە دروستکردنی سوپا و دەوڵەتی عێراقدا هەبووە، دژی شێخ مەحمود و حکومەتی کوردیش کاری کردووە، کاریگەریی رەمزی فەتاح بە سەر ئیبراهیم ئەحمەدی برازایەوە زۆر دیار بووە، سەرەنجام توانیوێتی کار بکاتە سەر برایمیش لە ژێرەوە بۆ ئینگلیز کار بکات، ببێت بە جاسوس و لە سەریشەوە وەک خەمخۆرێک بۆ کێشەی نەتەوەکەی خۆی دەربخات، کاری سیاسیی و گرتنەکەی لە ساڵی ١٩٤٧، شیعر و رۆماننووسین، دەرکردنی گۆڤار، لە سەردەمی مەلکییدا ئاسان نەبووە، مۆڵەت نەدراوە هەموو کەسێک گۆڤار و رۆژنامە دەربکات تا دۆست و دڵسۆزی پادشا و دەوڵەتی عێراق نەبووبێت، ئەمە بۆ برایم ئەحمەد ئاسانتر بووە، رێگای پێدراوە هەموو شتێک بڵێت، گۆڤار دەربکات، سیاسەت بکات، بە گاڵتەوە بیگرن، تا متمانەی لای خەڵکی کوردستان پێ پەیدابکات. کەسی جاسوس وەک مار دوو سەری هەیە، سەرێک بۆ گەستن، ئەویتریان بۆ سەماکردن لە کاتێکدا شمشاڵی بۆ لێبدەن. بە دانپێدانانی نەوشیروان مستەفا، تا ئەو رۆژەی برایم ئەحمەد ماڵئاوایی لە ژیان کردووە، لە سەفارەتی عێراق لە لەندەن موچەی خانەنشینی وەرگرتووە.
•  وەک وتمان ئیبراهیم ئەحمەد زۆر لە مامییەوە نزیک بووە و لە ژێر دەستی ئەودا پەروەردە کراوە، هانی داوە بچێت لە کۆلێژی یاسا بخوێنێت، ببێت بە پارێزەر، هەوڵیشی بۆ داوە لە بەغدا وەربگیرێت! برایم ئەحمەد وەکو هەموو نیشتیمانپەروەرێکیش لە ساڵی ١٩٤٧ دەگیرێت، وەکو شاعیر، نووسەر، روناکبیر، رۆژنامەنووس و سیاسیی ناوبانگ دەردەکات. ئەو دەزانێت لە ناو گەلێکی نەخوێنەوار و ناوشیاردا، نرخی کەسەکان بەو قەوارەیە دەخوێنرێتەوە و کێشانی ژمارەی شیعر و نووسینەکانی کەسایەتیی دەخەمڵێنێت، لەوێوە کەسەکان بەرز دەبنەوە، بەتایبەتی ئەگەر شیعرەکانی حەماسی و نیشتیمانیی بن، خەم و ئازاری لێبچۆڕێت، زۆربەی شاعیر و نووسەرانی ئەمڕۆی باشوور هۆنراوەی زۆر و رۆمانی دوور و درێژ و قەبە دادەنێن، دیدار و چاوپێکەوتنی زۆر دەکەن، لە سەر شاسەی تەلەفیزیۆنەکان چەنەی زۆر دەدەن، نمونەمان نەک تەنیا برایم ئەحمەد نییە، لە نووسیندا شیرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی و دەیان کەسی دیکە هەن، کە پێیان وایە پاش نەمانی خۆیان بەرهەم و نووسینەکانیان فریایان دەکەون بە جوانی دەچنە نێولاپەڕی مێژوو، هەڵبەت بنەماڵەی برایم ئەحمەد لە رێگای پێدانی خەلاتی بلە، کردنی چیرۆکەی بە فلیم و کۆمەڵێک کاری دیکە، وا دەزانن دەتوانن رابردووی رەشی بۆ بسڕنەوە، بەو مەبەستە خۆشیان دەخەنە پاڵی، کە مێژوویەکی درۆی بۆ دروست بکەن، ئەوەی رابردووی پێداپۆشن، برایم ئەحمەد لای خەڵکی کوردستان و ئەم نەوە نوێیەی، کە هیچ ناخوێننەوە و ئاگاداری رابردووی نەتەوەکەیان نیین، کچەکانی دەیانەوێت باوکیان لای نەوەی نوێ ئاشنا بکەن بە کەسێکی خەباتگێڕ و تێکۆشەر، لاپەڕە ڕەشەکانی بشارنەوە، بەڵام کەسێک کە خۆی رەش بوو، ئیتر چۆن دەکرێت هەروا بە ئاسانی سپی بکرێتەوە لە کاتێکدا کچ و کوڕ و نەوەکانی رۆژانە  دزیی و خیانەت بۆ خۆیان تۆمار دەکەن؟!
•  دەزگا سیخوڕییەکان بۆ ئەوەی متمانەی زیاتر بۆ جاسوسەکانی خۆیان پەیدا بکەن، وەک خەمخۆری گەل ئەمانە تێکەڵ بە خەڵک دەکەن، دەیانگرن و لێشیان دەدەن، نانیان دەبڕن لە ژێریشەوە کولێرەی چەوریان پێدەدەن، بەرهەم ساڵح نمونەیەکی دیکەی ئەو سیاسەتەیە کە لەگەڵ گرتنەکەیدا بەو شێوەیە مامەڵەیان کردووە، ئەمیش وەکو برایم ئەحمەد لەسەر ئەو رێڕەوە خەباتی  خۆی دەکات.
هەموو کارێک سەرەتا و کۆتاییشی هەیە، کاری سیخوری برایم ئەحمەد دوای ساڵی ١٩٧٠ کۆتایی پێدەهێنرێت و ئەو رۆڵە دەدرێت بە جەلال تالەبانی زاوای ، وا ئیستا پاش تالەبانی کوڕەکانی خۆشە دەکرێن بۆ ئەوەی  شوێنی باوک و باپیریان بگرنەوە.
با لێرەدا بگەڕێینەوە بۆ ساڵی سییەکانی سەدەی رابردوو باسەکەمان تەواو بکەین:
•  ساڵی ١٩٣٠ بە پلانی ئینگلیز بۆ ئەوەی بیانووەیەک لە شێخ مەحمودی حەفید بگرن و لێی بدەن، بە شەڕی بەردەرکی سەرا ئاژاوە و خوێنڕشتن دەخەنە ناو شاری سلێمانییەوە. ئەم ئەرکە ئینگلیزەکان بە رەمزی ئەفەندی مامی برایم ئەحمەد و چەند پیاوێکی جاسوس هاوشانی خۆی دەسپێرن، تا بچن خەڵکی هان بدەن بۆ راپەڕین،  پەلاماری دامودەزگاکانی حکومەت بدەن. لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی بەردەرکی سەرا، رەمزی فەتاح دەزانی بە دوایدا چی دەقەومێت، خۆی دەچێتە ماڵەوە! دوایی دەبیستێت، کە برایم ئەحمەدی برازای لە ناو خەڵکەکەدا ماوەتەوە، زوو دەنێرێت بە شوێنیدا و بە بیانوی ئەوەی  چەکی پێ نییە  دووری دەخاتەوە.
• رێکەوتی ٦ی ئەم مانگە، کەناڵی تەلەفیزیۆنی کوردسات، بە بۆنەی رۆژی شەڕی بەردەرکی سەراوە، بەڵگەنامەیەکی برایم ئەحمەدی پیشاندا، باس لەوە دەکات، چۆن لە ٦ی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٠ خەڵکی سلێمانی رژانە بەردەرکی سەرا، ئەمیش لەگەڵ رەشۆلی هونەرمەندا پێکەوە دەبن، ئاشکرای دەکات، کە رەمزی فەتاحی مامی دەنێرێت بە دوایدا، تا دەمانچە هەڵبگرێت و ئەوسا بگەڕێتەوە بۆ ناو خەڵکەکە، وەک برایم ئەحمەد دەیگێڕێتەوە، کە دێتەوە لای مامی، ئیتر ناهێڵێت بچێتەوە دەرێ، پێی دەڵێت: مەڕۆ ئیستا دەبێت بە تەقە! قسەکەی رەمزی فەتاح راست دەردەچێت، رەشۆل یەکێک دەبێت لەوانەی لە بەردەرکی سەرا بریندار دەبێت! ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە کە مامی برایم ئەحمەد جاسوس و پیاوی ئینگلیز بووە، زانیوێتی ئینگلیزەکان تەقە لە خۆپیشەندەران دەکەن، کە بۆ خۆی هانی خەڵکی سلێمانی داوە، بەزمەکەشی هەڵگیرساندووە، هەر خۆشی دوورکەوتۆتەوە، دوایی بلەی ئەحە ڕەشی برازاشی بانگ کردۆتەوە تا هیچی لێنەیەت
ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی ٨٦ ساڵ بە سەر شەڕی بەردەرکی سەرا، جاسوس و خائینەکان بە زمانی خۆیان راستییەکانمان بۆ دەدرکێنن و ئاشکرای دەکەن.
چەکوش مەدەرە دەست دز، با دەرگای قاسەکان نەشکێنێت و تالانی بکات.

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە