نامەیەك بۆ مەلامستەفا، تكا دەكەم هەستەوە كاتیەتی ئەو ئاوەی تۆ رشتت ئێستە رێڕەوەكەیان گۆڕیوە

Sunday, 23/08/2009, 16:30

2941 بینراوە


تێبینی: کوردستانپۆست ئه‌م نووسینه‌ی نه‌به‌ز گۆرانی له‌ ماڵپه‌ڕی جیهان پرێسه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ پێویستمان نه‌زانی هه‌مان نووسین بهێنینه‌ لای خۆمان و له‌ ئه‌رشیفه‌که‌یدا بیپارێزین، بۆ ئه‌مڕۆکه‌ خۆمان قسه‌ی له‌ سه‌ر ناکه‌ین، ته‌نها بۆ خوێندنه‌وه‌ و زانیاریی هه‌موو لایه‌ک ده‌یخه‌ینه‌ به‌ر چاوتان.
****************************************************
سڵاو پیاوی بەشكۆ
خەونێكم هەیە دەستی لێ هەڵناگرم، یا دەبێت بە وشە ئەم وڵاتە بگۆڕین یا دەبێت زۆربەمان بمرین، ئەوانەی خەیاڵی گوللەكان داگیری كردوون با هەنگاوێك لەتفەنگەكانیان دووربكەونەوە و هەنگاوێك لەكتێبەكان نزیك ببنەوە تاپێكەوە ئەم وڵاتە بكەینە ماڵێك بۆ هەموومان، چەند شەرەفمەندانەیە لەكاتێكدا بمری هەژارێك دەموچاوی پڕ بووبێت لە پێكەنین، ئەركی ئێمە تەنها وتن نییە، بەڵكو نووسینە بەخوێنی خۆمان، ئەمانە بەخوێنی ئێمە هاتوونەتە سەر حوكم، دەبێت خوێنیش بڕێژن ئەوسا بەجێی دەهێڵن، هیچ تروسكایەك نەماوەتەوە رووی تێكەین جگە لەهەڵگرتنی قەڵەمەكان بەرامبەر بە توڕەبوونی ئەوان، دەكرێـت ئەوكاتەی هەڕەشەی مەرگمان لەسەرە بیر لە شكاندنی بتێكی تر بكەینەوە نەك بێدەنگی دامانگرێت، پایەدار ...ئێمە لەئێوە فێربووین سەرمان كز نەكەین بۆ هیچ كەس و شوێنێك، كەچی ئەمانە دەیانەوێت فێری سەركزیمان بكەن!! بۆیە پێیان دەڵین جارێكی تر دەچینەوە سەر ئەسڵی خۆمان و بەمانەی ئێستە دەڵێین ئەگەر پێتان ناكرێت خۆتان بگۆڕن ماڵەكانی خۆتان باشترین شوێنە بۆتان، ئێمە لەرابردوودا هەموو ژیانمان وێستگەی شكست و هەڵسانەوە بوو، ئومێد دەكەم ئەمجارە بەیەكجاری هەڵسینەوەو ئیدی شكستێك نەیتە رێگەمان، هەرچۆن ئێوە لەسەردەمێكدا كوردتان هەڵسانەوە لەئێستاشدا لەناو خۆماندا تووشی شكست بووین و پێویستمان بەهەڵسانەوە هەیە، ئەوەی كە هەڵماندەسێنێـتەوە ئیمانی راستەقینەمانە بە پاكی نەك بەمانەی دوای تۆ جڵەوی دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئەمانە جگە لەشكست بۆ ناوخۆمان كارێكی مەردانەیان لەدەست نایەت، گەر باوەڕیشم پێناكەیت بامن كەمێك لەچیرۆكی ئەمانەت بۆ بگێڕمەوە.
بمبورە جەنگاوەری بەهێز.. شەرم دەكەم دەنگم بەرز بكەمەوە دەرهەق بەتۆ دەڵێم نەكا راچڵەكێیت، بەڵام چارەمان نییە ئیدی ئەوەندە عەزیەتیانداوین ناچاربووم ئەمجارە پەنا بۆ تۆ ببەم، پەناهێنانم بۆ تۆ پەناهێنانە بۆ رۆحێكی جوامێر، بۆ كوردێكی رەسەن، هەرچەندە ئەوانەی ئێستە جڵەوی ئەم وڵاتەیان بەدەستە ناگەنە ئاستی سێبەری چۆكی تۆ، وەلێ كەزیندانیەك نائومێد بوو بەدەنگی پێی زیندانەوانەكەش ئومێدی بۆ دێت، راستە تۆ لەو بناری گوندەی خۆتاندا راكشاوی، بەڵام باوڕ بكە بەو راكشانەی خۆشتەوە كە لەگەڵمان نیت زۆر لەمانە گەوەرتری كە ئێستە بانگەوازی دەسەڵات بۆ خۆیان دەكەن، تكا دەكەم بمبەخشە هەق نەبوو بەم درەنگوەختە تۆ راچڵەكێنم چونكە هەمیشە پێموایە تۆ هەم سەركردە بوویت و هەمیش جەنگاوەرێكی بەهیز و هەمیش گەریدەیەك كە بەشوێن كوردا دنیات تەیكرد، سەیركە ئەوەندە موحتاجی هاواركردنین تەنانەت نامە بۆ تۆش دەنووسین، ئەوەندە دەستیان خستووەتە قورگی ئەم میللەتە هەژارەوە ناچار دەبێت نەهێڵین بە ئاسودەیش راكشێیت، نەدەبوو وابكەن، بەڵام كردیان، بۆیە ئەم نامەیەش بۆ تۆ دەنێرم ئیدی ئەمانە ئەوەندە كاری ناشیرینیان كردووە دەڵێم بەشكوم بەناو هێنانی تۆ كەمێك شەرم بیانگرێت، بەڵام باوەڕ بكە نە شەرم لەتۆش دەكەن و نە لە قازی و نە لەهیچ كەسێكی بە هیمەت، من نازانم ئەم رووە قایمەی ئەمانە چییەو و بۆ بە هیچ شتێك باكیان نییەو لەكەیف و سەفای خۆیان ناكەون؟! موسیبەتی گەورەش ئەوەیە تێر نابن، تەنانەت ئەوەندە بێ ئابڕو بوون خۆیان دەدەنە پاڵ هەیبەتی تۆ و لەوێوە دەست بۆ كەرامەتی نیشتمان دەبەن، كەسێكیش نییە ئەو دەستانە ببڕێتەوە و تەمبێیان بكات، ئاشەكە تائێستەش بەدەست خوداوەیەو خاوەنی نییە، نە كەسێك هەیە بمانباتە بەردەم ئەشكەوتەكەو نە كەسێكیش هەیە لە ئەشكەوتەكانەوە بێتەدەر، ئێمە لێرەین لەم لێرەوارە سەختەداو ئەوانیش لەسەر ئەو قولەیە بای باڵی خۆیان دەدەن، سەیركە چەند دوورین لەیەك و چەند بێزارین لەیەكدی.
پایەدار...
ئەو میللەتەی تۆو هاوكارەكانت شۆڕشتان بۆ كرد ئێستە ئەوەندە بەدەست شۆڕشگێڕەكانەوە نیگەرانە خەریكە گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی نەفرەت لەشۆڕش بكەن گەر ئەمە بەرهەمەكەی بێت، خۆزگەم بەخۆت كە لەئێستادا لەناوماندا نیت، چونكە شۆڕشگێڕەكانی جاران لەئێستادا بوونەتە خوێن خۆری ئەم خەڵكە، بوونەتە میراتگرەوەی خودا لەم سەرزەمینەی ئێمەدا، كەسیان نییە لەسەر داهاتی ئەم وڵاتە نەبووبێتە سەرمایەدارێكی گەورە، كەسیان نییە ئارەزووی شەوی سوور نەیدابێت لەسەری، كەسیان نییە توانیبێتی كەرامەتی ئەم وڵاتە بریندار نەكات، من زۆرم پێ سەیرە بەم هەموو پیسیەی خۆیانەوە شەرم ناكەن دایم ناوی تۆ لەسەر زمانیانە، هەركاتێك لێیان دەقەومێت بەسەر كزیەوە دێنە سەر گۆڕەكەت تا بچووكی خۆیان بشارنەوە، هەركاتێكیش غروور گرتنی هەموو شتێك لایان غەریزەیە، ئەو حیزبەی كاتی خۆی تۆ دروستتكرد ئێستە بووەتە گەوەرترین مەترسی لەسەر ژیانی هەموومان، كاتێك یەكێكمان قسەیەك دەكات ژیانی دەكەوێـتە مەترسییەوە، دەزانی بۆچی چونكە ئەوەندە لاوازن بەرگەی دوو قسەی راستەقینە ناگرن، حەیف كە لەتۆ ناچن و پێیان ناكرێت حورمەتی ئەوە بگرن بەشوێن جێپێكانی تۆدا نەبێت كەس هەنگاوەكانیان ناخوێنێتەوە، ئەو رۆژەی تۆ كوردت بەجێهێشت لەم وڵاتەدا پارچە زەوییەك نەبوو ناوی تۆی لەسەر بێت، كەچی ئێستە وەرە سەیركە بزانە دوای تۆ چیدەكەن، بزانە پارچە زەوییەك ماوە بۆ میللەت ناوی ئەوانی لەسەر نەبێت، بزانە ئەوەی تۆ خەونت پێوە دەبینی ئەوە بوو كە ئەمان لەسەری دەژین؟ بزانە هەرگیز تەحەمولی ئەو ناعەدالەتییە دەكەیت دوای تۆ بەجێما؟ چەند دڵخۆشیت لەم سەردەمەدا نەژیات، چەند سەربەرزیت توانیت بەپاكی بمریت و چاوت بەچاوی ئەم هەموو پیاوە پیسەی ئەم زەمەنە نەكەوێت، جارێكیان وتبوبت حەزدەكەم ببم بە سەپانی میللەتەكەی خۆم، وەلێ ئێستە بەپێچەوانەی ئەو قسەی تۆوە ئەوانەی شۆڕشگێڕبوون میللەت ئەكەن بە سەپانی خۆیان، گەر باوەڕیشم پێناكەی تەنها بۆ یەك سات هەڵسەوەوە ببینە چ حەشرێكە ئەم مەملەكەتە، چەند خۆش دەبوو لەمەسیح بچوویتایەو بۆ چەند رۆژێك بهاتیتایەوە، كۆشك و سەرمایەی شۆڕشگێڕەكانت بەچاوی خۆت بدیبایە، بدیبایە چ شەڕێك دەكەن بۆ دەسەڵات و خۆشگوزەرانی، بدیبایە خانەوادەی ئەنفالەكان چۆن بە پێڵاوی لاستیكەوە بەماندوویەتی رێگە ئەبڕن و خانەوادەی بەرپرسەكانیشت بدیبایە لەچ مەلیكیەتیكدا سەیری ژیان دەكەن، من ژنێكی ئەنفالدیدەم بینی ماڵەو ماڵ ئەگەڕا بۆ لەتێك نان، كوڕە شەهیدێكیشم بینی لەهەژاریدا رەش هەڵگەڕابوو، پێشمەرگەیەكی دێرینی نەناسراوم بینی رۆژەكانی ماندوویەتی خۆی ئەژمارد بۆ درۆزەكەرێك و جاشێكیشم بینی لەسەر كورسییەكانی دەسەڵات سەرقاڵی ژماردنی خیانەتەكان و سەرمایەكانی ئێستەی بوو!! لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی دوای تۆش ئەبینم چەشنی ئیمپراتۆرەكانی رۆما خۆیان دەنوێنن، حاكمێك نییە لەم مەملەكەتەدا بەشوێن ئەم ئازارانە بكەوێت تا تیماریان بكات، ئیدی ناچار دەبێت هەموومان بەدیار سێبەری توڕەبوونەوە دانیشین و ئەسەف بۆ كورد بخوازین كە چەند بەدبەخت و بێ خاوەنە.
خاوەن شكۆ...
شەڕی تۆ بۆ نەمانی ستەم بوو، شەڕی ئێستەی ئێمەش بەهەمان شێوە بۆ نەمانی ستەمە، تۆ لەگەڵ عەرەبە بێگانەكان شەڕت دەكرد تا ستەم لەكورد نەكەن، كەچی ئێمە لەگەڵ شۆڕشگێڕە كۆنەكاندا شەڕ دەكەین تاكو دەست لەو ستەمە هەڵگرن دەرهەق بەم میللەتە بەكاری دەهێنن، تۆ ریگەكانی غەریبیت بڕی تا تروسكایەك بكەوێـتە ناو ماڵی كورد، ئەمان هەموو چراكان دەكوژێننەوە تا كورد بەكوێری بژیت، تۆ لەگەڵ پێشمەرگەكان دەژیایت، ئەمان لەگەڵ خانمە جوانەكاندا دەژین، من نازانم چیت پێبڵێم بەس باوەڕ بكە ئەمانەی پاش تۆ هەرچی بن شایەنی ئەوەنین وەك شۆڕشگێڕ تەماشایان بكەیت، پێشیان وایە بە لەشكر و سوپا و داگیركردنی زەوی وسامانی ئەم وڵاتە دەبن بەدەسەڵاتدارو ودەبن بەگەورەی ئێمە، كەسیان بیر لەوەناكەنەوە تۆ و قازی هیچ كام لەو شتانەتان نەبوو، بەڵام چوونە ناو دڵی ئەو جیلەوە كە لەسەردەمی ئێوەدا ژیان، نازانن كورسی كەس ناكاتە پاڵەوان، تێناگەن سەركردە رۆح دروستی دەكات نەك دەسەڵات، ئەمانە ئەوەندە گوناهن وەهمی لەشكرو سەرمایە هەمووشتی لەبیر بردوونەتەوە، ئیدی خۆ نازانن ئەو میللەتە درەنگ توڕە دەبێت، كە توڕەش بوو وەك _با_ هەر چییان هەیە تێك و پێكی دەشكێنێ، لەپێش چاومە رۆژێك دەبینم هەرچۆن دامودەزگاكانی رژێمی پێشوو بەسەر شانی خەڵكەوە دەبرانەوە بۆ ماڵ بەهەمان شێوەش دامودەزگاكانی ئەمانیش دەبرێتەوە ماڵ، ئەوەی لەخەڵكیان سەندبوو لێیان دەسەنرێتەوە، بمبورە گەر ئەم قسەیە دەكەم ئێستە وای لێهاتووە قسەكردن لەسەر شۆڕشگێڕە بەدەسەڵاتەكان واتای هەڵبژاردنی مەرگێكی حەتمیە، ئەوەندە غروور گرتوونی قبوڵی هیچ ناكەن، بڕێكجاریش واخۆیان پیشان دەدەن بەوێنەی تۆ سادە سادەن كەچی زۆری پێناچێت دەچنەوە ناو قاڵبەكەی خۆیان، دەزانی بۆ وایە چونكە ئەوان ناتوانن سەركردە بن و پێشیان ناخۆشە دان بەم حەقیقەتەدا بنێن، باوەڕبكە، پێشمخۆشە هیچ نەبێت یەكێكیان لەتۆ بچێت بەس بۆ بەدبەختی ئەوانەیان دەیانویست لەتۆ بچن زوو مردن، ئەوەشیان دەیەوێت لەتۆ نزیك بێتەوە زۆربەیان رێگرن لەبەردەمی و پێیان خۆش نییە مەترسییەك بێتە رێگەیان!
بەراست جارانیش لەسەردەمی تۆدا مەكتەب سیاسییەكانی حیزب وەك ئەمانەی ئێستە بوون؟ ئەگەر وەك ئەمانە بووبن بەراستی تەحەمولێكی باشتكردووە لەگەڵ ئەو هەموو پیاوە لاوازەدا دانیشیت، باوەڕ بكە كەسی وایان تێدایە بەراوردكردنی لەگەڵ مەیمونێكدا شەرمەزارییەكی گەوەریە، مەخلوقی وای تێدایە جگە لە تۆپەڵێك غەریزەی پیس هیچی تر نییە، شتی وای تێدایە مەیلی بەلای هەموو شتێكدا دەچێت جگە لەشەهامەت، ئەمانە چین و لەكوێوە هاتوون بۆ لە مرۆڤی ئەم سەردەمە ناچن؟ ئەگەر تۆ بمایتایە دڵنیام قبوڵت نەدەكرد ئەم هەموو بێحورمەتییە لەلایەن ئەم مەخلوقە بۆگەنانەوە بەرامبەر بە خەڵك بكرێت، كەچی زۆربەیان پێكەوە وەك تیمێكی هەڵپەركێ دەستیانگرتووەو خەریكی بەتاڵانبردنی هەموو شتێكی نیشتمانن. گەورەیان نییە بۆیە بەو هەموو لاوازییەی خۆیانەوە بوونەتە گەورەی خەڵك.
باتفەنگەكانیان دانێن چونكە ناتوانن لەتۆ بچن
جەنابی سەركردە...
برێكجار حەز دەكەم بێمە سەر گۆڕەكەت بەدەنگی بەرزپێت بڵێم بەوانەی دوای خۆت بڵێ بۆ وادەكەن بەم میللەتە، بەڵام ناوێرم لێت نزیك بكەومەوە دەترسم مۆركی حیزبێكم پێوە بكەن، لەئێستاشدا ئەو حیزبە ئەوەندە ناشیرین بووە زەحمەتە پیاوێكی گەورە جورئەتی ئەوە بكات لەدووریشەوە سەلامێكی لێبكا، بۆ بەدبەختیش دوای مەرگی تۆ هەر بەزۆر تۆیان لەخەڵك سەندەوەو كردیتیان بەئەندامی حیزب، دەزانی بۆ؟ چونكە خۆیان هیچ نەبوون دەیانویست لە پەنای تۆدا سەر بەرزبكەنەوە، لەوەتەی ئێمەش هاتووین دەمانەوێت خەونەكەت بهێنینە دی و لەو حیزبە بێمانایە بسەنینەوەو بتگەڕێنینەوە بۆ خەڵك كەچی پیاوە لاوازەكان ناهێڵن، هەمیشە بۆ ئەوەی مەعنایەك بەخۆیان بدەن خۆیان دەخزێنە ژێر ناوەكەی تۆوە.
هەندێك بۆ ئەوە هاتوونەتە دونیاوە ژینگە پیسكەن، كەچی هەر ئەوانەشن بوونەتە میراتگرەوەی شۆڕش!! ئارەزوومە پیاوێكی گەورە بێت و لەماڵی دەسەڵات ئەو بێكەڵكانە بكاتە دەرەوەو رێگە نەدرێت ناوی تۆ شەرمەزار بكەن بەكارە خراپەكانیان، كەچی پەتای بێدەنگی و چاوپۆشی لەهەڵەكان لەوڵاتی ئێمە بووەتە عادەتی ژیان!! باشترین كەس لەمرۆدا ئەو كەسەیە لەوانە دووربكەوێتەوە، چونكە نزیك بوونەوە لێیان واتە تووش بوون بە دەردی كوشندەوە، خۆت دەزانیت كاتێك خۆشە بچیت بۆ قودس كەبزانی خودا لەوێیە تا قسەی لەگەڵ بكەیت، بێمانایە بچت بۆ قودس و خۆدا لەوێ نەبێت، من نازانم ئەو خەڵكە بەستەزمانە بەشوێن چی كەوتوون، بەڵام باش دەزانم رۆژێك تۆیان لێبسەنرێتـەوە ماڵێكی چۆڵیان بۆ دەمێنێت، خۆ ئیدی هەموومان لەوە تێدەگەین كاتێك بازەكان فڕین گێلییەتییە دۆستایەتی كردن لەگەڵ قەلەڕەشەكاندا.
جەنگاوەری بەرێز...
جارێكیان وتبووت دەترسم رۆژێك بێت دەسەڵات و پارە بەرپرسەكان بگۆڕێت و هەموو شتێكمان لێبسەنێتەوە، هێشتا قسەكەت كاڵ نەبووەتەوە لەنزیكترین كەسەكانی خۆتەوە ئەم حاڵەتە سەری هەڵداوە، بەتەواوەتی باسی ئەوانی تر ناكەم چونكە شایەنی ئەوە نین هەموو كارە نابەجێیەكانیان باسكەم بۆ تۆ، شەرمیش دەكەم بڕێك جار چیرۆكی هەموویانت بۆ بگێڕمەوە، چونكە باش دەزانم لە ئێستای ئەم وڵاتەدا بۆ ئەوەی پیاوێك پیس بدۆزیتەوە باشترین شوێن ماڵی ناكەسێكە نەك شوێنێكی پیرۆز، وەلێ برێكجار دەبێت تەحەمولی ئەوە بكەین بۆنی پیاوە خراپەكان تابەردەرگای شوێنە پیرۆزەكانیش دەچێت، سەیركە ئەوەندە خراپەكارییەكانیان زۆرن حەز دەكەم بیانناسیت چ توخمێكیان لێدەرچووە، خۆ ئێستە وەك سەردەمی تۆ نییە هەر بابایەو دێت بەناوی ئاشنایەتی بەمێژووی تۆوە خەڵك دەچەوسێنێتەوە، ئەوانەیان هیچیان نەبوو ئێستە كتێبی خەلیفەكان و حەرەمسەراكان دەخوێننەوە، لاوازەكان لاوازتربوون، بەهێزەكانیش بەهێزتر، گەر باشتر لەم خەڵكە نزیك ببیتەوە دەزانی لە كەوێك دەچێت لەناو قەفەزێكدا پەڕوباڵی هەڵكەنراوە، بەدەستی كێش بەدەستی شۆڕشگێڕەكان!! كەس نازانێت شكستی ئەمجارە چ كارەساتێك دەهێنێت بەسەرماندا، بۆیە باسی شكست دەكەم چونكە گەر تۆش ئەمانە بناسیت تەنها بیر لەشكست دەكەیتەوە.
ترسێك باڵێ كێشاوە بەسەر نیشتماندا لە تارماییەكانی بەعس دەچێت، كەچی بەعس نییەو ترسی كۆنە شۆڕشگێڕەكانە!! زۆرێك لەنووسەركانیان كردە كۆیلەو نێردران تا هەرەمی شكۆی ئەوان بنووسنەوە، بڕێكیشیان بەچەشنی ئاسنگەرێك هەرخەریكی شكاندنی ئەو قفڵانەن دەسەڵاتدارەكانی ئێرە بۆ خەڵكی دروست دەكەن، لەبری ئەوەی لەناو رۆحی گەنجەكاندا بۆ نەتەوە بگەڕێیت، دەبێت بچیت لەناو بەیتەكانی حاجی قادردا بۆی بگەڕێیت!! تەنانەت رۆحی نەتەوەشیان كوشت و كردیانە رۆحی حیزب، تۆ سەیركە شەقام و كۆڵان و گەڕەكەكانیشیان ناشیرینكرد، ئەگەر كەسێك نەیەت بیانوەستێنێت هەموو شت دەشێوێنن، تكایە هەڵسەوە بەچاوی خۆت ببینە بزانە چیمان لێدەكەن ئەم كوردە ناڕەسەنانە.
جەنابی پایەبەرز...
چی پیاوكوژی شەڕی ناوخۆ و چی جاش و كۆنە بەعسی هەیە خزاندویانەتە ناو زانكۆكانەوە تا كەرامەتی زانست بكشێنن، ئەوەی رۆژێك بەعسییەتی كردبێت بووەتە باشترین هاوڕێیان و ئەوەی رۆژێك نانێكی بە پێشمەرگەیەكیش دابێت لەسوچێكی ئەم وڵاتەدا فەرامۆشیانكردووە تا رۆحی كوردانەی بمرێت!! چی مزگەوت هەبوو پڕیانكرد لەخانەی سیاسەت، جا چ سیاسەتێك دیوە بۆگەنەكەی، كەچی ئەوەندە سەیرن بڕنەوەكان دەكەنە شانیان و جامانەكان دەكەنە سەریان بۆ ئەوەی لەتۆ بچن!! نازانن كەسانێك هەیە پێیاندەڵێت بڕنەوەكان دانێن ئێوە لەو ناچن.
كاتی خۆی ئەوانەی جاشایەتیان خولقاندو لەتۆ هەڵهاتن نەدەبوو بیانبەخشی، ئەوەی ئەوكاتە بەخشیت ئێستە یەكێكە لە كێشە گەوەركانی ئەم وڵاتە، سەچاوەی ئاوەكەت وشك بكردایە لەسەردەمی خۆیدا ئێستە رێرەوەكەی نەدەگۆرا، سەیركە ئێستە هەر ئەوانن لەگەڵ شۆڕشگێڕەكاندا وڵاتیان دابەشكردووە و هەر ئەوانیشن دەتوانن ئاشوبێكی باش بن، پێم سەیر بوو چۆن توانیت كاتی خۆی ئەو كەسە ناڕەسەنانە ببەخشی كە دەتزانی لەكۆتاییدا ئەو جەوهەرە پیسەیان دەبێـتە هۆی شێواندنی زۆر شت لەم نیشتمانەدا؟! كەچی بەو ناڕەسەنیەی خۆیانەوە لەگەڵ خەباتگێرەكاندا بوونەتە تیمێك بۆ پارچە پارچەكردنی كەلاكی نیشتمان، كەس تێناگات پیاوێك دێت نیشتمان دەكاتە گۆڕەپانی گەمەكانی خۆی و یەكێكی دیش دێت هەموو شتێك وێراندەكات لەپێناوی خۆیدا بۆ ئەوەی كورسییەكەی لەدەست نەچێت كەسیش نییە دەستیان بگرێت و بیانوەستێنن، ئیدی ئەو خەڵكە ئەوەندە بێكەس بووە قیبلەیەك نەماوە رۆی تێكات بۆیە دەڵێیت عاشورایە وڵات، كاتێكیش دەم دەكەنەوە شۆڕش دەكەنە قوتێك و دەیخۆن، بەڵام بەهەر هەموویانەوە ناتوانن قسەیەكی تۆ بهێنە دی كە بۆ كەركوكت كردبوو، سەیركە چەند لاوازن!! چەند بەدبەختن بەهەموو هێزو توانای خۆیانەوە بەقەت قسەیەكی تۆ قورساییان نییە بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە، نە توانای سیاسەتێكی پڕ بەرهەمیان هەیە، نە پێیان دەكرێت حوكمێكی عادیلانە لەوڵاتدا پەیڕەو بكەن، نە دەهێڵن خەڵك بەبێ ئینتیما بۆ حیزبەكانی ئەوان شەرەفمەندانە بژیت، نە كورسییەكان بەجێدەهێڵن و نە دەشتوانن ببنە حاكم، كەچی پێماندەڵێن نابێت قسە بكەن ئەوەی بەدەست هاتووە ئێمە دروستمانكردووە، بیریان چووەتەوە ئەگەر خەڵك نەبوایە ئەوان توانای هەنگاوێكی مەزنیان نەدەبوو، هەر كاتێكیش بە وشەیەك رووبەڕوویان ببیتەوە خەیاڵی تفەنگەكانیان دەكەن، بەس كەدەچنە سەر مێزی بێگانەیەك بۆ كێشەكانی وڵات بە دۆڕاوی دەگەڕێنەوە، دڵنیابە جەنابی سەركردە، هەمیشە ئێمە لە لێرەواری شكستدا دەژین و هیچ كەسێك نەیتوانیوە دڵنیامان بكاتەوە كە ئیدی ناكەوین و بەردەوام دەبین لەم ژیانە، هۆكەشی ئەوەیە خاوەنێكی راستەقینەمان نییە، بشمبورە بەناوی خۆتەوە نامەم بۆ ناردی، راستییەكەی لەئێستادا ئەوەندە خەڵكی خراپ نازناوی بارزانیان هەڵگرتووە پێم شەرمێكی گەورەیە تۆ تێكەڵی ئەوانە بكەم، ناوەكەی خۆتم پێباشتربوو تا وشەی بارزان بخەمە تەنیشت ناوەكەت لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوانەی بەم ناوەوە ستەم لەخەڵك دەكەن و دەیانەوێت سێبەری ناوەكەشت بكەنە حوكمی دەسەڵات، چەن ئەسەفێكی گەوەرەیە جورئەتی ئەوە دەكەن بەناوی بارزانەوە خراپە دەكەن و شەرم لەتۆ ناكەن، دەشزانم تۆ بۆ ئەوەت نەكرد رۆژێك ئەم نازناوە ببێتە خەیرو بڕژێت بەسەر ئەواندا كەچی ئێستە وای لێهاتووە، ئەو ماندوو بوونانەی تۆ بەو نازناوەوە ئێستە كۆشك وتەلاری لەسەر بنیات دەنرێت، لەم ئاخریەدا دەڵێم حیكایەتی ئەم میللەتە لەگەڵ ئەمانەدا ئەوەندە سەختە زەحمەتە بتوانین هەمووی بگێڕینەوە، وەلێ تەمەنا دەكەین گۆڕانێك بێتـە پێشەوە چیدی ئەو دەموچاوە ئازاراویانە نەبینن و رۆژێك بێت لەرۆژەكانی حوكمڕانی ئەمانە نەچێت، تۆش نیگەران مەبە راكشێ تۆ لەمانە ناچیت و حەیفیشە بكەویتە بابی ئەمانەوە، ئێمە هەر هیچمان پێنەكرێت دەتوانین تۆ و قازی لەم مەخلوقانەی ئێستە جیابكەینەوە، دڵنیاشم زۆری پێناچێت درزێك دەكەوێتە دەسەڵاتیان و مۆدێلێكی دی سەر هەڵدەدات كە لەمەی ئێستە نەچێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە