شادی لە منداڵیدا .. شادییە لە گەورەییدا

Monday, 11/04/2016, 13:57

4151 بینراوە


هەموو دایک و باوکێک، حەزدەکەن منداڵەکانیان، لە ئەوپەڕی خۆشی و شادیدا بژین . هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دابینکردنی هۆیەکان و، پێویستییەکانی شادی منداڵەکانیان . شادی منداڵان، لە دڵپاکی و بێتاوانی و ساکاری بیرکردنەوەیانەوە هەڵدەقوڵێت . دەبینین بە بێ سنوور و مەرج و، بێ هیچ بڕیارێکی پێشوەخت، یاری دەکەن و هەڵدەبەزنەوە و پێدەکەنن و دەزروقێنەوە .. منداڵان ئەو ساتانەیان بەلاوە گرنگە، کە تێیدا شادن. ئەوان بیر لە داهاتوو ناکەنەوە .. منداڵان سەرچاوەی شادی و نهێنی جوانی ژیان لە جیهاندا.
دابینکردنی شادی و خۆشی بۆ منداڵان ئەرکێکی گەورەیە .. پێویستە هەموو دایک و باوکێک، لە ئاستی لە ئەستۆگرتنی ئەم بەرپرسێتییەدابن .. خۆیان ببن بە پێشەنگ بە نموونەی باش بۆ منداڵەکانیان .. کە منداڵانن ببین کە زەردەخەنە و پێکەنین، لەسەر لێوەکانی دایکان و باوکانیان دا ئاوانابن .. بە دڵنیاییەوە منداڵانی ئەو دایک و باوکە رووخۆشانە، گرژ و مۆنی لە دەموچاویاندا بەدی ناکرێن و، بە درێژایی تەمەنیشیان هاودەمی شادی و خۆشی دەبن و، بە چاوێکی پڕ لە هیوا و گەشبینیشەوە لە ژیان و لە داهاتوویەکی گەشتر دەڕوانن .
پسپۆرانی دەروونناسی دەڵێن، تەنها ئەوەش بەس نییە، کە منداڵان هەست بە گەشبینی بکەن .. بەڵکو پێویستیشە پەیڕەوی شێوازێکی پەروەردەییش بکەن، بۆ ئەوەی هەست بە شادی و بە خۆشی ژیان بکەن .. هەست بەوە بکەن کە لەژیاندان و رۆڵیان هەیە . 
ئەنجامی ئەو توێژینەوە دووقۆڵییەی، کە لە لایەن دکتۆر ( جان ئیمانۆیـل دی ئیف ) لە زانکۆی ( کۆلیدج ئۆف ـ لە لەندن، بەریتانیا ) و، دکتۆر ( واندرۆ ئوزولد ) لە زانکۆی ( واویک ) پێی گەیشتوون .. ئەوەیە : تا ئاستی شادی منداڵان زۆرتر بێت و، تا زیاتر لە ژیانی خۆیان رازیبن .. ئەوەندە داهاتوویان گەورەتر و پایە و پلەیان بەرزتر دەبێت. 
راستە لە ئەمڕۆدا بەشێکی زۆری منداڵان، بە شادی و کامەرانی دەژین .. بەڵام ژیانیان پڕە لە فەرمان و لە جێبەجێکردنی پلانی داڕژێراو و، لە وابکەن و وامەکەن و، وریابن ئەمانە سنووری سوورن و بڤەن .. ژیانی واش بە لای منداڵانەوە، بێزاری و پەستییە و خۆش نییە .. چونکە تەنگ بە چەژی شادی و، بە خۆشییەکانی منداڵییان هەڵدەچنن .. بێگومان قۆناغەکانی منداڵێش دووبارە نابنەوە .. هەموو ویست و خەون و حەزەکانی بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان، تەنها ئەوەیە، کە منداڵەکانیان لە قوتابخانەدا، بە نومرەی باشەوە سەربکەون و، بە پێی ئارەزووەکانی خۆیان ئاراستەیان بکەن و، بە کۆمەڵێک یاسا و رێساوە پەیوەندیان بکەن .. بێ ئەوەی بایەخ بە حەز و ئارەزوو و، بە تواناکانی منداڵەکانیان بدەن .. بێ ئەوەی هیچ بایەخێک بە شادی منداڵەکانیان بدەن. شادی هەستێکی خۆش و شیرینی ناخییە، هیچ هەستێکی تر نییە کە هاوشانی بێت .. شادی خواست و هیوای منداڵان و گەورەکانیشە، نهێنی ژیانێکی خۆش و، داهاتوویەکی گەشە .. مرۆڤی شاد وا هەست دەکات کە گەنجینەی هەموو جیهان هی ئەون .. پێویستە ئەوەش بزانین کە شادی ماددەیەکی قەوارەیی بەرچاو نییە کە وەکو دیارییەکی جوان بە کاغەزی رەنگاوڕەنگ و بە شریتی جوان پێچرابێتنەوە و پێشکەش بە منداڵان بکرێت . ( کاری جۆنز) دەڵێ : " نهێنی شادی لە ئازادی دایە .. نهێنی ئازادیش لە ئازایی دایە ", ( جیان باول ) یش دەڵێ : " شادی باڵەکانمانن .. ناخۆشیش شوێن پێیەکانمانن " 
تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان، بڕوایان وایە، کە شادی منداڵەکانیان لە دەوڵەمەندی و سامان و پارە دایە .. لەوە دایە کە جلوبەرگی جوان و، بابەتی سەیر و سەمەرە و ئەنتیکەی یاری بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن .. بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نین، کە شادی منداڵان پەیوەندیی بە دەوڵەمەندی و هەژارییەوە هەبێ .. راستییەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو منداڵانەی هەمیشە دەستەمۆی نازن و خواردەی لامێژن و، بێبەرهەمن و، بە ئاسانی و بەبێ هەوڵ دەکرێ بە قوڕگیانەوە .. ئەو منداڵانە شادنین .. بە دڵنیایشەوە هەموو منداڵان حەزدەکەەن، کە هەموو خواست و داواکانیان بۆ جێبەجێ بکەن .. بەڵام ئەمە بابەتێکی پەروەردەیی نییە .. لەوانەیە بابەتێکی یاری یا پێدانی نوقڵ بە منداڵان تەنها لەو ساتەدا شادییان پێ ببەخشن .. بەڵام ئەو شادییەی کە دایکان و باوکان دەیانەوێ، کە فێری منداڵەکانیان بکەن و، لەسەری رابێن و، ببێت بەشێک لە ژیان و لە گوزارشتیان .. ئەوەیە کە منداڵەکانیان، لە خۆیان و، لەو ژیانەی کە تێیدان رازی بن و .. کەسانی تر قبووڵ بکەن .. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ، کە منداڵان هیواخوازی باش و باشتر نەبن .. منداڵانی شاد و بەختەوەر، ئەو منداڵانەن کە خۆیان دەناسن و، توانای ئەوەیان هەیە، کە درێژە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوڕێکانیان و لەگەڵ کەسانی تردا بدەن، لەگەڵ پێویستییەکانی ژیانی ئەمڕۆدا رابێن و قبووڵیان بکەن .. پێویستە ئەوەش بزانن، کە لە ژیاندا خۆشی و ناخۆشی هەیە .. تاڵی و شیرینی هەیە .. سەرکەوتن و شکستی هەیە .. پێویستە گەشبین و هیواداربن و، هەردەم بە روونی لە ژیان بڕوانن .. ئا لێرەوە پێویستە، شادییەکی راستی، فێری منداڵە چاوگەشەکانمان بکەین .. وا پێیان بگەیەنین و پەروەردەیان بکەین، کە بڕوایەکی تەوایان بە خۆیان هەبێت .. هەست بە بەرپرسێتی بکەن و، بە شێوەیەکی کاراش، توانای بەشداریکردنیان لە ژیاندا هەبێت .. بەم شێوەیە شادی بۆ منداڵە خۆشەویستەکانمان دروست دەکەین و.. دەیان کەین، بە ژنان و پیاوانی شاد و شادیدۆست و هیواخواز .. دەیان کەین بە تاکی هەمیشە گەشبینی داهاتووی کۆمەڵی کوردیمان .. بەڵام پێویستە کە خۆمان لەم رووەوە بە کردەوەیی نموونەیەکی باش و دروست بین .. تا منداڵەکانیشمان چاو لە ئێمە بکەن .
( یوسف یۆبێرت ) دەڵێ : " منداڵان زیاتر پێویستییان بە نموونە هێنانەوە هەیە، لەوەی کە رەخنەیان لێبگرن "  
گرنگترین پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی پەروەردەکردنی منداڵانی شاد :
١ـ بەر لە شادی منداڵان، پێویستە دیاکانیان شادبن : چونکە دایکانی ناشاد، ناتوانن منداڵانی شاد پێبگەیەنن .. کەواتە شادی خێزانەکان، هۆیەکی گرنگی شادی منداڵانن، چونکە منداڵانیش بەشێکن لە خێزانەکانیان . کەشوهەوا و دۆخێکی پڕ لە خۆشەویستی و ئازادی و پێکەوە سازان و، رێزگرتن و، پەیوەندییەکی باشی خێزانی، بە تایبەتیش لە نێوان دایکان و باوکان دا، مایەی شادین بۆ منداڵان و بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزانان . 
٢ـ بەخشینی خۆشەویستی دایکان و باوکان بە منداڵەکانیان : گرنگترین و بەهێزترین هۆکاری شادی منداڵانن خۆشەویستییە.. خۆشەویستی کلیل و نهێنی شادین بۆ منداڵانن .. ئەوە رەنگدانەوەی خۆشەویستیی دایکان و باوکانە، کە منداڵان هەست بە شادی و بە خۆشەویستی دەکەن .. بە گەلێ شیوازیش دایکان و باوکان دەتوانن گوزارشت لە شادی و لە خۆشەویستیی خۆیان بۆ منداڵەکانیان بکەن وەکو : لە باوەشکردنیان، ماچکردنیان ، دەست هێنانیان بە سەریاندا، بە نەرم و نیانی گرتنی روومەتەکانیان، بە زەردەخەنە و پێکەنین لە روویان دا، بە وشە و بە رستەی زاری شیرین وەک : ئێمە بە دڵ ئێوەمان زۆر خۆشدەوێت، ستاییش و ئافەرینکردن و، هاندانیان، چەپڵەلێدان بۆیان، ... هتد . بەڵام پێویستە زیادەڕۆیش نەکەن لە گوزارشتکردن لە سۆز و خۆشەویستیتان، لە زۆر نازپێدان بە منداڵەکانتان .. چونکە لەوانەیە کە منداڵەکانتان دووچاری لە خۆبایبوون و، نێرگزییەت ببن .. ئێمە لە نووسینێکی پێشترماندا، باسمان لە زیانەکانی زیادەڕۆیی لە نازپێدان و لە خۆشەویستیی منداڵان کردووە .. باشتر وایە، پێویستە مامناوەندی بن لە خۆشەویستیتان بۆ منداڵەکانتان .. پەندێکی کوردیمان هەیە کە دەڵێ : " هەموو شتێک بە خوێ، خوێش بە مانا " واتا هەموو شتێك ئەندازەی تایبەتی خۆی هەیە .. ئەگەر لەو سنوور و ئەندازەیە تێبپەڕێت، خراپ و زیانبەخش دەبێت . هیچ مەرجیکیش دامەنین بۆ پێشکەشکردنی خۆشەویستی بە منداڵەکانتان .. ئەوەش بزانن کە وشە شیرینەکانتان و، شێوازی دروستی گوزارشتکردنتان لە خۆشەویستیتان، کارتێکردنێکی زۆر گرنگ و ئەرێنییان لەسەر دەروونی منداڵەکانتان هەیە .. لە داهاتووشدا رەنگدانەوەیان دەبێت .
( ریتشارد لیارد )ی بەریتانی، کە توژێنەرە لە چەمکی شادی دا، ئەوەی لا بەرجەستە بووە، کە " تەندروستی دەروونی منداڵان، هۆکارێکی گرنگە لە هۆکارەکانی شادی و خۆشنوودی لە لای گەورەکان " شادیش لە منداڵیدا دەبێتە مایەی شادی لە گەورەییدا. 
٣ـ بڕوابەخۆبوونی منداڵان و هەستکردنیان بە هێز و توانا و بە بەهرەکانیان : رۆڵێکی بەهێزیان لە رووبەڕووبوونەوەی لەمپەڕ و ئاستەنگییەکانی ژیان و، لە هێنانەدی شادی هەیە .. بە بڕوا و بە متمانەوە رێی ژیانیان دەگرنەبەر .. بە پێچەوانەوە ئەو منداڵانەی کە راڕا و دوودڵ و داماون و، بڕویان بە تواناکانی خۆیان نییە، هەست بە شادی ناکەن.
٤ـ وا لە منداڵەکانتان بکەن، هەست بەوە بکەن، کە هەمیشە داهاتوو باشتر و شادترە : منداڵان بە سروشتی بیر لە داهاتووی باش دەکەنەوە .. بۆ نموونە دەڵێن : کە گەورەبم دەبم بە پزیشک، بە ئەندازیار، بە مامۆستا، بە ملیاردێر، خانوویەکی گەورە و قەشەنگ دروست دەکەم، ئۆتۆمبیلێکی جوان دەکڕم ... هتد. ئەم زیندەخەونانەش، خەیاڵ گوشادی و دڵخۆشی و شادی بە منداڵان دەبەخشن و .. بە گەشبینیشەوە لە داهاتوویان دەڕوانن . زۆربەی هیـوا و ئاواتەکانیش، لە رێی خەون و خەیاڵەکانی منداڵییەوە هاتوونەتەدی . 
٥ـ هەستکردنی منداڵان بە شادی، هاندەر و پاڵنەرە بۆ بە پەرۆشبوون و خۆشەویستی ژیان : پێویستە دایکان و باوکانیش لەم رووەوە رۆڵێکی باش ببینن و، منداڵەکانیان بە پەڕۆش بکەن بەرەو ئەو شتانەی حەزیان لێیانە و لە بەرژەوەندییان دایە، هانیان بدەن بۆ ئەوەی شارەزایی زیاتریان لێیان هەبێت، وەکو : وێنەکێشان، وەرزش، خوێندنەوە، نووسین، گۆرانی وتن، هەڵپەڕکێ ، شانۆ ... هتد .. ئەم بەهرە و چۆست و چالاکییانە شادی پەرۆشی و گەرم و گوڕییەکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشن بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان، دەبنە تاکە کاراکانی کۆمەڵێ کوردیمان، کراوە و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر دەبن .
(هیلین کیلەر ) دەڵێ : " ئەی ئەوە شادی زانستی نییە .. کە پاڵ بە منداڵانەوە دەنێ بۆ فێربوون ؟ " 
٦ـ لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو منداڵانەی کە زیاتر لە منداڵانی تر شادترن : ئەو منداڵانەن کە پەیوەندییەکی بەهێز و جێگیریان لەگەڵ هاوڕێکانیان و لەگەڵ کەسانی تردا هەیە .. توانای سازان و درێژەدانیان بە هاوڕێتی و بە خۆشەویستی و بە هاوکاری هەیە .. بێگومان پاڵپشتی و هاندانی خێزانەکانیان بە تایبەتیش ( دایکان و باوکانیان )، خاڵێکی پێویست و ئەرێنین بۆ هێنانەدی شادی و خۆشی بۆ منداڵەکانیان، بۆ بەهێزکدنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، مایەی شادین، بناغەی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی بەهێز و شاد و تەبان .. دڵڕاوکێ و نا ئارامیش کەمتر دەکەنەوە .. منداڵان هەست بەوە دەکەن کە خۆشەویستن و، رێزیان لێدەگرن و، پێزانینیان بۆ کارە جوان و باشەکانیان هەیە . 
٧ـ شادی یارمەتی منداڵان دەدات، کە لە داماوی و لە نائارامی رزگار بێت : گرنگترین کلیلی شادی ژیانیش، ئەوەیە کە منداڵەکانتان تێبگەیەنن .. مەرج نییە هەموو شتێک کە هیوای بۆ دەخوازین بێنەدی .. ناشبێ هەست بە نائومێدی و، بە دبەختی و، بە رەشبینی و غەم و بێزاریش بکەن .. ئەگەر هاتو هەندێ لە هیوا و لە خواستەکانیان نەهاتنەدی .. نابێت ئەمە بە کۆتایی ژیان و، بە گرتنی هەموو دەرگاکان بزانن .. بۆ نموونە ئەگەر نیازتان وابوو کە رۆژی هەینی، بۆ گەشتێک یا سەیرانێک بچن .. بەڵام بە هۆی باران بارین و، سەرمایەکی چاوەڕوان نەکراوەوە، نەتان توانی گەشتەکەتان بکەن .. دەتوانن بە منداڵەکانتان بڵێن .. دەی ئەمڕۆ پێکەوە پۆپ کۆرن ( گەنمە شامی ) دەبرژێنین و، لەگەڵ سەیرکردنی فیلمێکی منداڵان کە هەمانە و، سەیرمان نەکردووە دەیخۆین .. منداڵەکانتان لەمەوە تێدەگەن کە ( هەندێ جار با بە ئارەزووی کەشتییەوە هەڵناکات ).. دونیا تەنها رۆژێک و دوو رۆژ نییە .. ئەمڕۆ باران و ساردە .. سبەینێ، هەفتەکەی تر، خۆشی دەکات .. ئەم هەستە خۆڕاگری و گەشبینی لە دڵی منداڵەکانتان دەڕوێنێت و، خۆشیان نادەن بە دەستی بێ هیوای و نائومێدییەوە .
هەر ( هیلین کیلەر ) دەڵێ : " دەرگاکانی شادی زۆرن .. بەڵام هەندێ جار ئادەمیزاد لە بەردەم دەرگا داخراوەکەدا دەوەستن و.. لە دەرگا کراوەکانی تر ناڕوانن "
٨ـ راستکردنەوەی تێگەیشتن و هەڵەکانی منداڵەکانتان : بە هۆی تێکەڵاوبوون لەگەڵ منداڵانی جیاوازدا .. هەندێ بیرۆکەی و بۆچوونی و بڕوای و زانیاری هەڵە و نێگەتیف دەربارەی خۆیان، لە لای هەندێ لە منداڵان دروست دەبن .. وەکو : من جوان نیم، من ئازا نیم، من بێبەختم، من گەمژەم، من، من، ... هتد .. پێویستە دایکان و باوکانی ئەم منداڵانە، ئەم بۆچوون و تێگەیشتنە نەرێنیانە لە مێشکیاندا بڕەوێننەوە .. وەک، پێیان بڵێن ئێوە زۆر جوانن، ئەگەر پێبکەنن جوانتریش دەبن، قسەکانتان هێندە قوت و خۆش و شیرینن دەمان هێننە پێکەنین .. ئێوە بە لە وێنەکێشاندا بەهرەیەکی باشتان هەیە .. ئێوە بە دەنگتان خۆشە .. ئێوە لە خوێندنەوەدا توانایەکی جیاوازتان هەیە .. ئێوە لە قوتابخانەدا زیرەکن .. لەم بابەتە رستانە .. بۆ لە بیربردنەوەی بیرۆکە هەڵەکانیان . 
٩ـ لە منداڵەکانتان بگەڕێن با بە ئارەزووی خۆیان و.. بەبێ هیچ مەرجێکی سەپێنراو یاری بکەن : یاری پێویستییەکی سەرەکییە بۆ منداڵان .. لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردنی بەسوود و خوادنەوەی ئاوی خاوین و نووستن .. ریزبەندی دێتە سەر گرنگی یاری بۆ منداڵان، یاری بەشێکە لە ژیانیان .. یاری شادی و خۆشی و سوودێکی زۆری جەستەیی و دەروونییان پێدەبەخشێت .. زۆر گرفت و گرێی دەروونیی منداڵان بە هۆی یارییەوە چارەسەر دەکرێن .. بڕوانن لە کاتی یاری دا، منداڵەکانتان چەند شادن . 
١٠ـ دایکان و باوکان دەتوانن ژیانی خێزانیان بکەن بە ئاهەنگی هەمیشەیی : هاودەمی هەمیشەیی شادین و خۆشی بن .. دەتوانن شادی دروست بکەن .. شادی هەستێکە لە ناخی دەروونی مرۆڤدا دروست دەبێت .. نە کەس دەتوانێت بیبينێت و .. نە بیگرێت .. نە بۆ فرۆشتنە و.. نە بۆ كڕینە .. نە دیارییە و .. نە بەخشینە .. هەستێکی خودییە و بە کارە ئەرێنییەکانی دەرەوە تێردەرکرێت .. بە خۆشی و بە زەردەخەنە و پێکەنین و، بە گەشی و بە نەرم و نیانی و شیرینی گوزارشتی لێدەکرێت. 
١١ـ بەری ئازادی لە منداڵەکانتان مەگرن : دایکان و باوکان رێ لە ئازادی منداڵەکانتان مەگرن .. هەلی پێویستیان بۆ سەرکەوتن و بۆ داهێنان و پێشکەوتن بۆ بڕەخسێنن .. لەسەر هەڵە بي مەبەستەکانیان و تاقیکردنەوە سەرنەکەوتووەکانیان لۆمەیان مەکەن و .. چونکە سەرجەم کاری منداڵێتی لەسەر تاقیکردنەوە و هەڵە بنیاتنراوە .. هانیان بدەن کە ژیان بریتییە لە سەرکەوتن و شکستی .. لە هەڵە و لە راستکردنەوەی .. بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەن کە خۆشتان دەوێن و، لە هەموو بارودۆخێدا لە گەڵیان دان و پشتیان دەگرن .. بۆ ئەوەی لە تاقیکردنەوەکانیان بێزار و نائومێد نەبن و، درێژە بە خۆڕاگری و هیوای سەرکەوتنیان بدەن، لە دواییدا هەست بە شادییەکی گەورە دەکەن .
١٢ـ مندداڵان و خواردنی شیرینییەکان : لە لیکۆڵینەوەیەکی پزیشکی تازەدا، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە خواردنی جۆرەکانی شیرینی وەک : ( گەزۆ، نوقڵ، باسووق، سجووق، چوکلێت، ئایس کرێم، ... ) شادی و خۆشییەکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشن .. هەموومان ئەوە دەزانین، کە زۆر خواردنی شیرینی کاریگەریی تەندروستی لەسەر منداڵان هەیە، لە بارەی تێکچوون و کلۆربوون و ڕەشبوونەوەی ددانەکانیان و، زیادبوونی کێشی لەشیان و، زیادبوونی چالاکییەکانیان .. بەڵام پزیشکە دەروونییەکان، بە تۆژینەوەی پراکتیکی .. ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە خواردنی شیرینییەکان بە رادەیەکی مامناوەندی کاریگەرییەکی باشیان لەسەر دەروونی منداڵان و، لە شادی کردنیان هەیە .
لە هەموو مارکێتەکان و دووکانەکانی تایبەت بە خواردەمەنی، لە ئەوروپا و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، چەند رەفتێک، بۆ جۆرەکانی نوقڵ و نەستەلە و شیرینییەکانی منداڵان هەیە .. خێزانەکانیش وا منداڵانیان فێرکردوون و راهیناون، کە تەنها رۆژانی شەممە بۆیان هەیە نوقڵ و شیرینییەکان بخۆن .. منداڵانیش دەقیان بە ئەم مەرجەوە گرتووە و لە رۆژەکانی تردا، داوای شیرینی ناکەن، خۆشیان دەڵێن، شەممە بۆمان نییە داوای شیرینی بکەین .. بە مافی خۆشیان دەزانن کە لە شەمەکاندا شیرینییەکان بخۆن .
من لەگەڵ ئەم راستییەدام، کە شیرینی شادییەکی زیاتر بە منداڵان دەبەخشێت .. منداڵ بووم، ماڵمان لە دێی ( گۆگجە ـشوان ـکەرکوک ) بوو .. کە باوک دەچوو بۆ شاری کەرکوک، کە دەگەڕایەوە، یەکسەر بۆ نوقڵ و شەکرە سوورە دەچووین بە پیرییەوە .. باوکیشمان یەکسەر نوقڵەکانی بە یەکسانی بە سەرماندا دابەش دەکرد .. لەو ساتانەدا روومان زۆر گەش دەبووەوە و.. هەستمان بە شادی و خۆشییەکی زۆر دەکرد . 
١٣ـ شادی لە منداڵیدا .. بە دوای خۆیدا دەوڵەمەندی لە تەمەنی گەوربووندا دێنێت : لێکۆڵینەوەیەکی تازە جەختی لەسەر ئەوە کردووە، کە تا مرۆڤ لە قۆناغی منداڵیدا زیاتر شاد بێت .. هەلی دەڵەمەندبوونی لە تەمەنی سی ساڵیدا زیاتر دەبێت .. منداڵانی شاد هەلێکی باشتریان هەیە، کە گەورە بوون، پارە کۆبکەنەوە .
ئامادەکەری سەرەکی لێکۆڵینەوەکەش ( ئاندرۆ ئوسفالد) لە زانکۆی ( فارڤیک) دەڵێ : " کارەکەمان ئاماژە بەوە دەکات، کە دەستەبەرکردنی شادی بۆ منداڵان، لە تەمەنی منداڵیدا .. ئەوە دەگەیەنێ کە لە دواییدا زیاتر دەوڵەمەند دەبن .. دەکرێ ئەم کارەش تەواوی ئابووری بگرێتەوە .. واتە بوونی ئەمریکایەی شاد، بە ئەمریکایەکی زیاتر دەوڵەمەند لێکدەدرێتەوە " 
١٤ـ شێلان شادی بە منداڵان دەبەخشێ : گەلێ لێکۆڵینەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەدان کە بە نەرمی شێلانی منداڵان، ئاسەواری ئەرێنی نەهاتنە ژماردن دێنێتەدی .. چ بۆ منداڵان و چ بۆ دایکان .. بەر لە هەموو شتێک، شێلان پەیوەندیی نیۆان دایکان و منداڵان خۆشتر دەکات .. واش لە منداڵان دەکات کە هەست بە شادی و خۆشی و ئارامی بکەن . 
١٥ـ ستایش و پێزانین شادی رێزگرتن منداڵان دەبەخشن : دایکان و باوکانی دڵسۆز، ئەوە بزانن کە رێزگرتن و پێزانین و ستایش لە هەموو شتێک زیاتر بڕوابەخۆبوون و شادی و خۆشی بە منداڵان دەبەخشن .. کاتێ کە منداڵان کارێکی باش ئەنجام دەدەن .. پێویستە دایکانیان یا باوکانیان پیرۆزبایی و دەستخۆشی و ستایشیان بکەن .. ئەم رێزلێنانە زارەکییانە شادی و خۆشی دەخاتە دڵێ منداڵانەوە و دەبێتە هاندەرێکی زیاتر، بۆ ئەوەی منداڵان کاری جوانتر و داهێنانی باشتر و بەرهەمی پوختر پێشکەش بکەن .. بۆیە پێویستە هەمیشە کاری منداڵەکانتان هەڵبنێن ئەگەر بچووک و ساکاریش بن .. بەڵام زیادەڕۆیی لە ستایش و هەڵنان و پێاهەڵدانیان مەکەن .
(شکسپیر) دەڵێ : " هیچ شتێک هێندەی ستایش و پیاهەڵدان، کار ناکاتە سەر منداڵ " 
١٦ـ منداڵەکانتان مەڕووخێنن : دایکان و باوکانی خۆشەویست، ئەگەر منداڵەکانتان هەڵەیان کرد .. ئەوە بزانن کە لۆمە و توانج و قسەی ناشیرین و نەشیاو و توندوتیژی و هاوار و قیژان بە سەریاندا، بەم قسە ناشیرینانەتان، تواناکانیان دەڕۆخێنن و، دڵشکاو هەست بریندار و سەرکوێر و ترسنۆکیان دەکەن .. لە داهاتووشدا دەبنە کەسێتی هیچ لەبار و رووخا .. بە درێژی ژیانیان، چەژی شادی و خۆشی و سۆز و خۆشەویستی نازانن چییە .. لەوانەشە ببنە کەسانێکی توندڕە و شەڕانی و دڵڕەق .. تۆڵەی ئەو سزا و توندوتیژییانەی کە ئێوە لە منداڵیدا لێیانتان کردوون، ئەوان تۆڵە لە کاسنێکی بێتاوان بسێننەوە .. وەکو لە خاڵی یانزەمدا باسمان کرد، کە لە قۆناغەکانی منداڵێیدا، ژیانی منداڵان لەسەر تاقیکردنەوە و هەڵەی بێ مەبەست پێکهاتووە .. منداڵان دەیانەویت بزانن و نهێنییەکانی گەردوونی دەور و بەریان بدۆزنەوە و بپشکنن .. جا ئەگەر لە منداڵیدا لۆمە و سەرکوێر بکرێن، بە درێژایی ژیانیان هەموو شتەکانیان لێ دەبن بە بڤە و هەست بە شکستی و بێزاری و بێدەسەڵاتی دەکەن و رقیان لەم گەردوونە دەبێتەوە . دایکان و باوکانی وریا و دانا، هەرگیز هەڵەکانی منداڵەکانیان بە هەڵە و بە هەڕەشە و توندوتیژی و لۆمە ڕاست ناکەنەوە .. بەڵکو بە سۆز و بە خۆشەویستی و بە هێمنی و زانستی و، بە هێنانەوەی نموونەی باش و دروست هەڵەکانی جگەرگۆشەکانیان راست دەکەنەوە و، شادی و هیوای بەردەوامی دەخەنە دڵە قنجەکانییانەوە .. هانیان دەدەن بۆ ئەوەی خۆڕاگربن و کۆڵنەدەن و زیاتر سووربن لەسەر هەوڵ و تاقیکردنەوە و فێربوون و وەرگرتن و بەخشین .. نەسرەوتن تا سەرکەوتن بکەن بە دروشمی ژیانیان .
ئێمە لە نووسینێکی ترماندا، بۆ نموونە باسمان لە سەرگوڕشتە و لە تاقیکردنەوەکانی کەڵە داهێنەری جیهانی ( تۆمـاس ئەدیسۆن ) کرد، کە چۆن بە هەڵە مامۆستاکانی بە منداڵێکی گەمژە و مێشک بۆگەن و هیچ لەبار ناویان برد . بەڵام دایکی دڵسۆز و وریای هیوای پێبەخشی و پشتی گرت و هانی دا، بۆ ئەوەی کۆڵنەدات و درێژە بە هەوڵ و بە تاقیکردنەوەکانی بدات .. دوای (٩٩٩) تاقیکردنەوەی سەرنەکەوتوو و شکستهێنان بۆ درووستکردنی گڵۆپی کارەبایی .. ئەدیسۆن کۆڵی نەدا و بیزاریيش نەبوو .. تا لەسەر هەزارەمین تاقیکردنەوەیدا توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنی و بە هیوای بگات و گڵۆپی کارەبایی دروست کرد .. تا هەتایە تێکڕای ئادەمیزاد لە هەموو جیهاندا، قەرزاری ئەو کەڵە داهێنەرە مەزنەن .. ( ئەدیسۆن ) یش هەردەم خۆی بە قەرزارباری دایکی دڵسۆز و دانا و میهرەبانی دەزانی . 
١٧ـ پێشکەش کردنی دیاری بە منداڵان شادییەکی زۆریان پێدەبەخشێ : گەر دیارییەکان ساکاریش بن .. بە ڵام نابێت بۆ ئەنجامدانی هەموو کارێک، دیارییەکی باش بە منداڵان بدەن .. بەلکۆ بەپێی ئاستی ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن .. لە خاڵی پانزەمیندا باسمان لەوە کرد .. دەشکرێ بە وشە و بە رستەی هاندان پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لێبکەن . 
١٨ـ مامۆستایان دەتوانن شادی و هیوایەکی زۆر بخەنە دڵی منداڵانەوە : دڵنیاشم کە مامۆستایان ئەم راستییە دەزانن و درێغیان نەکردووە و ناکەن .. کە قوتابییەک لە پۆلدا وەڵامێکی راست و جوانی پرسیارەکان دەداتەوە .. مامۆستاکەی ئافەرین و دەستخۆشی لێدەکات و پێی دەڵێت هەر بژی .. یا کە ئەرکەکانی ماڵەوەی بە جوانی جێبەجێ کردوون .. مامۆستا لەسەری دەنووسێ ( باشە .. زۆر باشە .. نایابە ) یا( جوانە .. زۆر جوانە) .. یا کە نمرەیەکی باشی بۆ دادەنێ .. ئەو قوتابییە لەو ساتەدا و، دواتریش زۆر شاد و دڵخۆش دەبێت و، دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی جوانتر و باشتر و زیاتر ئەنجام بدات. 
١٩ـ بەشدارپێکردنی منداڵان لە ئیش وکارەکانی ماڵەوەدا : پێویستە دایکان و باوکان، بە پێی تەمەنی منداڵەکانیان، ئەگەر کارێکی ساکاریش بێت، زۆر بەسوودە لە ماڵەوەدا لە ئیش و کارەکانیادا منداڵەکانیشیان بەشداری پێبکەن، بۆ نموونە : دانانی قاپەکان لەسەر خوانی نان خواردن .. گسکدانی ژوورەکان بە گسکی کارەبایی .. قەدکردنی جلەکان، سڕینەوەی کەرەستەکان، یا هەر بەردەستی و یارمەتیدانێکی دایکان و باوکان لە ماڵەوەدا.. منداڵەکانتان لە میانەی بەشداریکردنیان لەم کارانەدا، گەلێ شارەزایی لە بارەی ژیانەوە فێردەبن و.. بەهرەی هاوبەستەبوونی خێزانی و کۆمەڵایەتیشیان گەشە دەکات و، بە بەشداری کردنیش، هەست بە شادی و بە خۆشییەکی زۆریش دەکەن . 
٢٠ـ زۆر پێویستە لە پشووی کۆتایی هەفتە، یا لە پشووەکانی قوتابخانەدا : منداڵەکانتان بەرن بۆ گەشت و گەڕان، بۆ نموونە بۆ پارکێکی نزیک، بۆ شاری یاری، بۆ سەیرانێک ، بۆ سەردان و میوانداریی خزمێک لە دێیەکدا، چون بۆ هاوینەهەوارێکی کوردستان، ... هتد .. بێگومان ئەم گەشتانەتان، شادی و خۆشی و سوود و زانیاری و شارەزایی بە منداڵەکانتان دەبخشن و، پەیوەندی خێزانی و کۆمەڵایەتیشتان خۆشتر و بەهێزدەکەن .
(جاکسۆن بـراون ) دەڵێ : " کاتی گەڕان و یاری لەگەڵ منداڵەکانت دا دوامەخە، ئەو کاتانە چۆن بۆ تۆ گرنگن، ئاوها بۆ ئەوانیش گرنگن " 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە