دەسەڵاتداری مەزن و شکۆدار دەست و پێوەندی مەزن و شکۆدار ھەڵدەبژێرن

Monday, 11/04/2016, 23:53

2046 بینراوە


کەس گومانی نەماوە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەوتۆتە گێژاوێکی بەھێزەوە، شەڕو کوشتن و دابڕاندنی سنوورو دروست کردنی واقیع و دەوڵەتی نوێ لەو ناوچەیەدا لەگەرمەیدایە!!  ئەو گۆڕانانەی ڕووش ئەدات دەوڵەت و ھێزی زۆر گەورەو دیارو نادیاری بەدواوەیە! زۆر روونە ئەوەی ڕوو ئەدات سیناریۆی پتەوی بۆ کێشراوە، ھەندێک جاریش لە سیناریۆ لا دراو بەدەستی پیلاندانەران نەبووە بەڵکو ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە لەوان گەورەتربووە. بێگومان ھێزو تونای خوای باڵا دەست بەسەر ھەموو ھێزو زلھێزێکی دونیادا ھەیە، بەڵام با لەبیر نەکەین یاساو و ڕێچکەی خواش لەگەڵ دەست گرتنە بە ھۆکارو خۆ ئامادەکردن، بەواتا ئەوەی بەدوای پلان و کارو ھۆکارەکاندا بڕوات جێ بەجێ ی بکات ئەوە یاسای ژیانە سەر دەکەوێت.
کوردستانی باشوور لەو ئان و ساتە ھەستیارەدا لە گێژاوی زۆر گەورە ئەژیت، خەڵکانێکی زۆرینە لە ئاستێکی زۆر خراپن، بێنە بەرچاوتان خێزانێک تەنیا یەک موچە خۆری ھەبێت ئەو حەوت مانگەی ڕابردوو چۆن ژیاوە لە چ ئاستێکی تەنگانەیی ژیانی بەڕێکردووە؟!! کەچی سەیرو سەمەرەی ئەو دەڤەرە لەوەدایە دەسەڵاتدارەکان خەریکی زات و کەسایەتی خۆیان و لە عەبەسیەتی نەکەوتوون. ھەتا بەناو ئۆپۆزیۆنیش بە ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی دیسان لەھەمان ئاستی ناپاکین، بۆیە دەڵێم ناپاک چونکە شەریکن لەھەموو گەورەو بچووکی کە بەسەر ئەو کوردستانەدا دێت دەیان ساڵە تەنیا خەریکی خۆیان و دەست و پێوەندە نزیکەکانیانن ھیچی تر پاشەکەوت نەبوو لێیان، خوا ھەڵناگرێ زۆربەی سەرکردەکانیان لە یەک ژنە کردوویانە بە دووانە و سیانەو چوار، خۆ ئەگەر لەبەر عەیبەی خەڵک نەبا نە وەکو لە ترسی خوا ئەوا ئەچوون لە بەناو ولایەتی ڕقە و حلب ھەندی کچە موسلمان و یەزیدو مەسیحی کۆیلەشیان دەکڕی؟!! چونکە بە کورتی و کوردی ئەخلاق و شەرمیان نییە و نەمایە، پێغمبەری مەزن دەفەمووى (من نێردراوم بۆ ئەوەی بنج و بنەماکانی ئەخڵاق تۆكمە بکەم) بەڵام ئەوانە بەکارو ڕفتاریان دەلێن ئێمە نێردراوین بۆ کورد تا بنج و بنەماو ئەخڵاق لە ناو ببەین ئینجا بەناوی ئاین یان بێ ئاین. 
بۆیە دەبينن ھەر خەریکی مووچەی خانەنشینی زەبەلاحن، بەڕێوەبەری گشتی یان ئەندام پەرلەمان و یان وەزیر..ھتد لە تەنگانەو ئەزمەی بێ مووچەیی دزی و چەتەیی کوردستان دێن دیبیتمان بۆ ساز ئەدەن! كۆمەنيست و سۆشیاليستێكى مەشەخۆرى كۆن و ئورستقراتێکی نوێى كوردو چلکاو خۆر، لەگەل کەلەکە ئیسلامییەکی ئێکسبایەرو کەڕو ئاسا بەسەر کوردو مزگەوت مینبەردا؟! ھەی ناپاکینە ئێستا وەختی دیبەیت و چلە عانێی پیرێژنانە؟!! لەبەر ئەوە ئەبینین بەشی ھەرە زۆری ئەو سەرۆک حیزبانەو ئەو دەسەڵاتدارانە چونكە پیاوی بیر تەسک و دواکەوتوو بێ مستەوان و قوڵبين نين، ھەردەم پیاوی قەزم بە بیرو فیکر بەدەوری خۆیان کۆ ئەکەنەوە چونکە ئەگەر وانەکات نا توانێ سەرۆکایەتی بەسەر دەور بەریدا بکات! بەڵام پیاوی مەزن و بیرمەندو دوور بین کاتێک دەسەڵات وەردەگرێت دەبێ ھەردەم لەدوای پیاوە مەزنەکاندا بگەڕێت تاوەکو لەکارو پلانەکان و بیرو بۆچوونەکانی کە ھەیەتی لە دەسەڵات سەرکەوتوو بێت. ئەگەر وانەبێت بە تەئکیدی تووشی شکستی گەورە دێت تەنیا پیاوە ناپاک و داوێن پیس و دزو چەتەکان دەوریان ئەدەن قوڕ بەسەر ئەو وڵاتەی ئەو جۆرە پیاوو ژنانە حوکمی ئەکەن کە بەس خەریکی باغەڵیان ونەفسيانە.
ئەو ھەموو داتایەی بەردەست خراوە لە ئاماری نەوت فرۆشتن و داھاتی کوردستان کەچی کورد گوتەنی ھەروەک نە بایە و نەبارانە، بەھەموو پێوەرێک دەتوانرێ مووچە لەکاتی خۆی بدرێ بەڵام چەند گەندەلێکی بەناو بەڕێوەبەری گشتی و ئەندام پەرلەمان و وەزیرو ووتەبێژ گاڵتە بەو خەڵکە ئەکەن یەک دەڵی کەی پارە ھەبوو ئەیدین؟! گەلحۆیەکی دەسەڵاتداڕی تر گاڵتە بە مامۆستایان ئەکات کە بێ مووچەن؟! یەکێکی تر  لە مینبەری عاجیەوە بە خەیاڵی حلولی سیحری بەردەست ئەخات؟ ئەو مەھزەلەیە دەبێ کۆتایی بێت، ئەو گاڵتەجاریە بە خەڵکی کوردستان دەبێ بن بڕ بکرێت. 
بەڕێوبەری گشتییە یان ئەندام پەرلەمانە یان وەزیرە یان سەرۆک حیزبە ھەمووی خەریکی سیاسەتەو مینبەری خۆی ھەیە قسەی تیابکات، کەچی بێ شەرمانە دێن بابەت ئەنووسن لە سایت و ڕۆژنامەکان ھەمووی لەسەر ئەوانە!! سیاسەتمەدار تەنھا چاو پێکەوتن لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندن ئەکات نەوەکو بابەت نووسین! ئەی ئەفڵاتونەکانی کوردستان!! بابەت و لێکدانەوە بۆ کەسانێکن بەشدار نین لە دەسەڵات!! کەچی ئێوە ھەر زاتەو خەریکی خۆیەتی بڵێ من فەیلەسوفی کوردانم ھەمووی حلول و پاکجی سیحری پێیە بۆ چارەسەر کردن!؟ دەشبینن حالێ کوردستان چۆنە لەچ مەھزەلەیەک ئەژی؟!! ئینجا یەکیان پۆخڵاواتی خۆی پاک ئەکاتەوە، ئەو تریان دزیەکانی ئەشارتەوە، کەلەکە ژنێکی تر لێمان بووە بە جیفاراو بەسەر ھەژاران و شەھیدان فەلسەفە ئەبارێنێ و شیعر ئەھۆنێتەوە ھەروەک خەڵک نەزانی خۆیی و خێزانەکەی چ گەندەڵ و دزێکی نەقوڵان لە دەﭭەركەياندا؟!! بەس بڵێين چی کە پیاو و ژن شەرم و عەیبەی نەما ھەموو شتێک ئەکات. 
کوردستانی باشوور سەرکردە گەورەکان! ئەگەر پێتان خۆشە لە مێژوو بە مەزنی و گەورەیی بمێنەوە ھێشتا ھیچ لەدەست نەچووە! چارەی ئێمە لەوەدایە پیاوو ژنە عاقڵ و پڕۆفیشناڵ و مەزن و شکۆدارو داوێن پاکەکان و دەست پاکەکان و خەمخۆرەکانی ئەم وڵات و خەڵکە بێنە پێشەوە، کەسانێک چاویان لە دینار و درھەمی پیس نەبێ دەست بۆ ماڵ و موڵکی خەڵکی درێژ نەکەن ئامادە بن بۆ خزمەتی کوردو کێشەی ڕەوایان و خۆشگوزەرانی ئەوان ئاسايشى نەتەوييان کار بکەن، ئەگینا بەو گەندەڵیەو ناپاکیەو بێ سەروبەریەی لە کوردستان روو ئەدات بەتامای کڵاوەکانی سەریشتان نەبن! کڵاوەكانیش فڕی سەرەكانیش ئەفڕێ!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە