ئەنفال و ژیانی دیسپۆزەبڵ(١)

Friday, 15/04/2016, 19:22

2793 بینراوە


ئەنفال و نەژادپەرستی، دوو دەستەواژەن کە بە نزیکی بوونەتە هاولفی یەکتری، زۆر بەسادەیی لەبەر ئەوەی هەموومان دەزانین کە ئەنجامدەرکەی رژێمێکی سیاسیی نەژادپەرست بوو. ئەوەی جێگەی تێڕامانە چەمکی نەژادپەرستی هەمیشە وێنای خودێکی یەکپارچەی لە ئەندێشە و وشیاریی کۆمەڵایەتیی کوردیدا لە بەرامبەر ئەوێکی دەرەکیدا دروست کردووە. بۆیە لە پرسی ئەنفالدا، شۆڤێنی و نەژادپەرست وەک سیفەتێک دراوەتە پاڵ سیاسەتی دەوڵەت و کەمتەرخەم، نابەرپرس و بێباکیش دراوەتە پاڵ مامەڵەی حزب و دەسەڵاتی کوردی لە تەک ئەم پرسەدا. هەر ئەم تێگەیشتنەیشە کە فاکتەرێک بووە بۆ دروستبوونی وەهمی هەستی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش. وەهمێک کە پەردە بەسەر ئەو جیاکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەدا دەدات کە لە نێوان پێکهاتە و گروپەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە. واتە ئەنفال بەرلەوەی لە جیاکارییەکی رەگەزپەرستانەی دەرەکییەوە سەرچاوەی گرتبێت، دەرەنجامی جیاکارییەکی قووڵی ناوەکییە کە ژیانی مرۆڤەکان دەخاتە نێو روانینێکی سوودخوازانەی (النفعیة) سیاسی ـ  کۆمەڵایەتییەوە.
بەم مانایە ئەنفالکراوان و کەس و کاریان بە تەنها قوربانیی نەژادپەرستییەکی دەرەکی نین بەڵکو قوربانیی نەژادپەرستییەکی ناوەکیشن. ژیانی ئەو خەڵکە لەلایەن بەعسەوە بۆیە کرایە ئامانج، چونکە لە روانگەی ئەوەوە ئەم گروپانە لە دەرەوەی سیستمی سیاسی، قانونی و کۆمەڵایەتین، فەزایەک کە هەم خەڵکەکە و هەم ژینگەکەی بەنیسبەت بەعسەوە زیادە و دیسپۆزەبڵە، لە بنەڕەتدا شیاوی ئەوەنین کە تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە (شتێک کە جیاواز بوو لەگەڵ هەل ومەرجی دوای ئاشبتەڵی ١٩٧٤ کە دەوڵەت ئەو دەمە پرۆسەی راگوستنی گوندەکانی کوردستانی لە ژێر ناوی تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ ژیانی شارستانی و نیشتەجێکردنیان لە ناو ئۆردوگاکاندا بە ناوی گوندی هاوچەرخەوە ئەنجام دا) بۆیە ژیانی ئەم گرووپە مرۆییانە کەڵکی نییە. حزبی کوردیش بە پێی رێبازی فەلسەفەی نەفعی مامەڵەی لەگەڵ ژیان و مەرگی قوربانییەکاندا کرد، لە کوێدا پێویست بووبێت هێناونییەتە ناوەوە و لە کوێشدا پێویستی نەبووبێت فڕێی داونەتە دەرەوە. مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئەنفال بە تەنها وەک کەرەسەیەکی سیاسیی بەرژەوەندخوازانە نەک مرۆیی راستەقینە و کردنی بە کەرەسەیەک بۆ موزایەدەی سیاسی، لەو روانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژیان و مەرگی قوربانییەکان وەک ژیان و مەرگێکی دیسپۆزەبڵ سەیر دەکرێت. واتە لەو کاتەدا کە یەکێتی و پارتی (و حزبەکانی تریش بەگوێرەی قەبارەی خۆیان) پێویستیی ماددی و لۆجیستییان بە خەڵکی گوندەکان بوو، وەک پەناگەیەک و دواتریش لە پرۆسەی ئەنفالدا وەک درعێکی مرۆیی بەکاریان هێنان، ئەوان خەڵکانێکی سوودمەند بوون.
بەڵام بە نەمانی ئومێد بەو سەرپەنایە و لاسەنگبوونی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی حکومەت، ئیدی ژیانی ئەم گروپە لە مرۆڤەکان لە لای حزبی کوردی دەبێتە شتێکی زیادە کە قابیلی دەستبەرداربوونە بۆیە بە سانایی بەجێدەهێڵرێن. لە دوای پرۆسەی ئەنفالیش لەو شوینەدا کە پرسی ئەنفال سوودێکی ماددی یا سیاسی بۆ ئەم دوو حزبە تیا بووبێت، پرسەکەیان هێناوەتەوە ناوەوە، دەنا ئەم پرسە هەمیشە وەک پرسێک لە دەرەوەی دنیای خۆیان سەیریان کردووە. ئەمە ئەو شۆڤینیزمەیە یا نەژاد پەرستییە شاراوەیەیە کە ژیژەک ئاماژەی بۆ دەکات و جیاوازە لە چەمکە تەقلیدییەکەی نەژادپەرستی. 
بێدەنگی دەوڵەتان و ناوەندەکانی بڕیاریش هەر لەو روانگە بەرژەوەندخوازانەوەیە کە مرۆڤی پێ دەکات بە دوو بەشەوە، گروپێک لە ناوەوەی سیستم کە بازاڕ پێویستییەتی وگروپێک لە دەرەوەی پێویستییەکانی بازاڕ و ئابووری. بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سیستم، ئەنفالکراوان و کەس وکاریان ئەو بەشە زیادەیەی مرۆڤایەتین کە لە ناوچوونیان لە ناو جەنگەکان، قەیرانەکان، شەپۆلی برسێتی و کارەساتە سروشتییەکانیدا جێی بایەخ نییە، چونکە پێگەیەکی بەهێزیان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ماددی و ئابووریی سیستمەکەدا نییە، بۆیە دەکرێت دەستبەرداری ماف و تەنانەت ژیانیشیان بین. 

1. Disposable Life: چاوپێکەوتنێکی سڵاڤۆی ژیژەکە کە سەرچاوەیەکی ئەم وتارەیشە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە