ئێوە چەکوشەکەتان دایە دەست دزەکان،تا دەرگای قاسەکانی نیشتیمان بشکێنن و تاڵانی بکەن (بەشی دووەم)

Sunday, 17/04/2016, 16:05

14567 بینراوە


سەدەی پێشوو ساڵی هەشتاکان، پێشمەرگەکان لە شاخ بە گاڵتەپێکردنەوە قسەیەکی گەلاوێژ خانی دایکی هێرۆ و شانازیان دەگێڕایەوە، گوایە لە لەندەن دانیشتووە دەستی بە سەر قوباد و پاڤێلدا هێناوە وتوویەتی: نەنکتان بمرێت بە خوا هەر لە ناو تەیارەدا شەو و رۆژتان کردۆتەوە... خۆشییتان لە ژیان نەدیوە!
ئەم قسەیەی گەلاوێژخان بۆ شاناز و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی راستە، بەتایبەتی شاناز، کە یەکێک بوو لە کچە بەدبەختەکانی برایم ئەحمەد، باوکی بە سەیارە و تەیارە زۆر وڵاتانی پێکرد، هەر لە هەمەدانەوە بۆ تاران، تا دەچێتە، شام، دیمەشق و بەیروت، لە دواییدا کە چوونە ئینگلتەرا لە فلاتێکی بچووکدا بوونە کرێچیی، کاتێکیش شووی کرد، ئەم کچە خێرنەدیوەی برایم ئەحمەد، لەتیفی مێردی بە وڵاتاندا گێڕای، پێیەکی لە ئەفەریقا، پێکەی تری لە سعودییە و وڵاتانی عەرەبیی بوو. بنەماڵەی برایم ئەحمەد بەناوبانگن بۆ ئەم جۆرە خەبات و کوردایەتییە، ماندووبوونیان نەناسیوە، لە تاو کوردبوونیان سووتاون: (ئێمە کوردبووین و کوردیش ئەبین) بەڵگەی خەبات و تێکۆشانیانە! ئینجا لێرە بەدواوە با لە بەشێکی کەمدا روویەکی شاراوەی شانازتان پێ بناسێنم، ئەوەی کە رێگە پێدراوە بۆ بڵاوکردنەوە.
عەمیدی رەخنەگر، شانازی برایم ئەحمەد، کە نەبەز گۆران بە ئاسنگەرەکەی ماڵی برایم ئەحمەد ناوی دەهێنێت، یەکێکە لە ئەندامە هەرە دز و خائینەکانی بنەماڵەی برایم ئەحمەد. پلەی خوێندنی وەک مەسعود بارزانیییە، واتە تا پۆلی ناوەندیی خوێندووە، لە دایکەوە ئەتروشییە! زاراوەی کوردییەکەی وەکو "مەسعود" کرمانجییە، بەڵام کرمانجییەکەی مەسعود لە شاناز باشترە، هەردووکیان کەمێک ئینگلیزیی دەزانن و تەقەی پێدەکەن! هەردووک دز، پیسکە و پارەپەرست، بەهۆی بازرگانییکردن بە کوردەوە، سامان و پارە و موڵکی زۆریان دەست کەوتووە، بە ئارەقی نێوچەوانی خۆیان پەیدایان نەکردووە، لە ژیانیاندا کارێکی شەریفانەیان نەکردووە، جیاوازییەکەی نێوان مەسعود و شاناز لەوەدایە، کە مەسعود دەیتوانی بە ئارەزووی خۆی وەکو کوڕەکانی کۆمەڵێک ئەستێرەی بکردایە بە شانی خۆیدا، ببێت بە عەمید و گەورەتریش، وەکو شانازی نەکردووە، بچێت پارەی عەمیدی وەربگرێت، ئاخر مەسعود ئەو هەموو پارە بەلاشەی لەبەر دەستدایە، چ پێویست دەکات شانازئاسایی پارەی عەمیدیش وەربگرێت!؟ کەسانی سووک و نەفسنزم، هەر وەکو شانازیان لێدەردەچێت، لەوە زیاتر چاوەڕوانی چی لە دز و سەرسواڵکەرێک دەکەیت؟! شاناز چونکە وەکو هێرۆی خوشکی وا پەروەردە کراون، هەر شتێکیان بە دڵ بێ دەبێت دەستی بەسەردا بگرن، ئەگەر نەیانتوانی ئەوا دەیدزن، بۆیە دەست بۆ دەغیلەی سواڵکەریش دەبەن، خۆیان دەکەن بە شەریکی موچەخۆر، هەر وەک چۆن دەستیان بۆ قووت و پارووی خەڵکی هەژاری کوردستان بردووە! ئاوا شەرم ناکەن، دەست بۆ سواڵی عەمیدیش دەگرنەوە!
کاتی خۆی برایم ئەحمەدی باوکیان لەگەڵ سەفیری ئیسرائیل لە پاریس کۆدەبێتەوە، یەکەم قسە، داوی پارە دەکات، سەفیری ئیسرائیلیش وەڵامی دەداتەوە، دەڵێت ئەو پارەیەی کە دەوڵەتی ئیسڕائیلی هەیەتی، پارەی رەوەندی جولەکەیە، ئەو پارەیە موڵکی دەوڵەتە، ئێمە ناتوانین، لەو پارەیە یارمەتی ئێوە بدەین! ئێمە میللەتی خۆمان فێری ئیش دەکەین، نەک سواڵکردن، میللەتێک بۆ ئازادیی و سەربەستی خەبات بکات، نابێت بەو شێوەیە سواڵی پارەی بۆ بکەن! 
سەرانی کورد لە مەلا مستەفاوە تا دەگاتە برایم ئەحمەد و تالەبانی، چونکە سیخوڕ و پیاوخراپ بوون، بە پارە و بۆ پارەش کاریان کردووە، هەمیشە لە دانووساندا دەستیان گرتۆتەوە، داوای پارەیان کردووە، ئەم جاسوس و خیانەتکارانە بۆ پارە هەموو شتێکیان کردووە و فرۆشتووە! پارە داخوازی سەرانی کورد بووە، نەک ئازادیی بۆ گەلەکەیان، ئەم خەسڵەتە لە سەرانی کوردی باشوور و رۆژهەڵاتیشدا وەکو یەکە، کچەکانی برایم ئەحمەدیش لە باوک و زاواکانیانەوە فێربوون، بۆیە کاتێک هاتنە شاریش، شەرمیان نەکرد، یەکەم چالاکییان دزیی و داگیرکردنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان بوو، هەرچی موڵکی حکومەتیش بوو یاسایەکیان بۆ دەدۆزییەوە و دەیانخستە سەر خۆیان. ئاخر وشەی هەتیوچە و چەتیوچە لە رەفتاری چەند سەرسواڵکەرێکی ئاواوە دروست دەبێت، دەبێتە جنێو و دەکەوێتە سەر زمانی خەڵکی سەرجادە، دوایی لە فەرهەنگدا دەنووسرێتەوە! هەرچی بەرپرس و سەرکردەکانی کوردە، تێکڕاچاوبرسیی و دزن، هەموو شتێک لە پێناو پارەدا دەکەن، وەکو لە باسەکەی د. عیزەدین مستەفا رەسوڵدا قسەم لەسەرکردووە لێرەشەوە دەبنە جاسوس و پیاوکوژ و هەموو کارێکی خراپیان لێدەوەشێتەوە، تا لە دەسەڵاتیشدا بن دوا پارووی لێدەگلێنن. شاناز خان ئەو هەموو پارەیەی لە بەردەستدایە و هەرچی منداڵ و ئەندامی بنەماڵەکەیەتی دامەزراون و موچەیان هەیە و پۆستی بۆ وەرگرتوون، بە ئارەزووی خۆیان دێن و دەچن، دەخۆن و دەدزن، کەچی شاناز بە ناوی عەمیدیشەوە نقورچ لە پارەی خانەنشینی ئەو خەڵکەش دەگریت! کەسێک سووک نەبێت چۆن بیر لە کاری وا دەکاتەوە؟!
شانازی برایم ئەحمەد وەکو خۆی!
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا کۆمەڵێک زانیارییم لەسەر شاناز کۆکردۆتەوە، زۆربەیان مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ئێران، شام و ئینگلتەرا، دەگەڕێتەوە، من ئەم بەشەیان واز لێدەهێنم، تەنیا باس لە بەشێکی کەمی ماڵ و موڵک و ئەو سامانەی دەکەم، کە بە ناشەرعی پێکی ناوە، هەڵبەت ژمارەکان لەوە زۆرترن، من تەنیا دەستم بەوەندەیدا گەیشتووە!.
1‌ زه‌وییه‌ك لە ئینگلتەرا له‌ رێگای فرۆكه‌خانه‌ی (گاتویك) به‌ بری ٥ ملیۆن پاوه‌ند.
2. خانویه‌ك لە به‌غدا ‌به‌ناوی شێخ لەتیفی مێردی، بایی ٢٥ ملیۆن دۆلارە، ئەم خانووە موڵکی دەوڵەتی عێراق بوو، کە سەددام تیاچوو، لەتیفی شێخ جەمالی خەزێنە، کە مێردی شانازە، ئەو کاتە وەزیر بوو فرسەتی هێنا و داگیری کرد. ئێستا ئەم خانووە دراوه‌ بە سه‌فاره‌تی كوه‌یت مانگانە به‌ بری ٥ ده‌فته‌ر دۆلار.
3. ڤیلایەک لە له‌نده‌ن بایی ٣٥ ملیۆن پاوه‌نده، وەک شێخ لەتیفی مێردی باسی دەکات، دەیان ئاودەست و حەمام و ژووری نووستنی تێدایە. هاوار حاجی و هاوەڵەکانی کاتی خۆی باسیان دەکرد، کاتێک پەردەی پەنجەرەکانی چڵکن دەبن، تۆز دەیانگرێت بۆ شووشتنی دەیان نێرێت، پەردەکان ئەوەندە زۆرن، بە قسەی ئەوان هەقی شتنەکەی پارەی دوو هەفتەی کرێکارێکی ئینگلیزی تێدەچێت.
4. نزیکەی ١٠-١٢ دۆنم زەوی لە دەباشان داگیرکردووە و کردوویەتی بە ناوی خۆیەوە.
5. چەندین دۆنم زەوی دەیکەیان داگیرکردووە لە گوێژە بە ناوی خۆی و شیخ لەتیفی مێردی و منداڵەکانی: (دێرین، ئاسۆس و سارا).
6. لەگەڵ زۆربەی کۆمپانیا و بازرگانەکاندا پشکی هەیە، بەتایبەتی کۆمپانیای قەیوان، شێخ فاخر تەنیا بەناو خاوەنی کۆمپانیای قەیوانە، لە راستییدا خاوەنەکەی هێرۆ و شاناز و چەند کەسێکی دیکەی ناو یەکێتییە.
7. دوو فلات له‌ كۆمه‌ڵگای (به‌هاران)، هه‌ردووكیان لێكدراوه‌، نرخه‌كه‌یان بە چەند ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
8. شوقه‌یه‌كی تر له‌ فاروق گروپ نرخه‌كه‌ی نازانرێت.
9. هەڵبەت ئەمانەی سەرەوە کەمترین خانوو و موڵکن، کە تەنیا موڵکی خێزانی شانازە و تا ئیستا دەستم پێیان گەیشتووە.
10. هەر یەک لە مناڵەکانی شاناز (دێرین ئاسۆس و سارا) لە ئینگلتەرا سەرو خانوو و سەیارە و موڵکی تایبەت بە خۆیان هەیە.
11. لە سلێمانی و شوێنی دیکە چەندین دۆنم زەویی و باخچە و موڵ و موڵکی داگیرکراویان هەیە.
12. بەشێکی زۆر لە پارەی یەکێتیی کە لەسەردەمی شۆڕشەوە، تالەبانی بۆ شێخ لەتیفی هاوەڵزاوی و میردی شانازی ناردووە، بە دانپێنانی فوئاد مەعسوم و پێشتریش د.کەمال فوئاد، تا ئیستا نازانرێت ئەو پارانە چەندە و چی لێبەسەر هاتووە.
جگە لە دزێتیی و دەستپیسی، شانازی برایم ئەحمەد، وەکو باوک و هێرۆی خوشکی و تالەبانیی زاوای، کۆمەڵیک تاوانی نەتەوەییشی بۆ مێژوو تۆمارکردووە، لەوانە یارمەتییدانی تاریق رەمەزانی فڕۆکەوان و بردنی بۆ بەریتانیا، ئەو تاریق رەمەزانەی، کە کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد. لە ئینگلتەرا یەکێک لە پیاوەکانی بە ناوی عەدنان کۆچەر، کە راوێژکارە و سەر بە دەزگای دژەتیرۆر و پیاوی لاهورە، ئەویش لەو تاوانەدا یارمەتی شانازی داوە، ئەو بەڵگانەی لە فەیسبوکدا بە کۆمێنت لەسەر تارق رەمەزان نووسرابوون، عەدنان کۆچەر فریاکەوت و کۆمێنتەکانی سڕییەوە، ئەمیش بە دانپێدانانی کەسێکی ناو دەزگای زانیاریی:
کلیک لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
لەسەر مەسەلەی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەکانی تر، کە ئەمڕۆ یەکێتیی و دەسەلاتی پارتەکانی باشوور یادی دەکەنەوە، شاناز یەکێکە لەوانەی بازرگانی پێوە دەکات، جەلال تالەبانی ئامادە نەبوو واژوو لەسەر سزادانی هاشم سوڵتان بکات، ئەو تاوانبارەی کە تالەبانی بە ئەستێرەی گەشاوەی سوپای عێراق ناوی دەبرد، شاناز وەک لێپسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی، یارمەتیی زۆربەی تاوانبارەکانی ئەنفال، جاش و پیاوەکانی بەعسی داوە دەرگای دەرەوەی وڵاتی بۆ کردنەوە و دەربازی کردن.
بنەماڵەی برایم ئەحمەد، وەک بنەماڵەی بارزانی شەرم لە درۆکردن و خیانەت ناکەن، ئەو هۆنراوەیەی برایم ئەحمەد دەڵێت (هەر کوردین و کورد دەبین) کە ئاوازەکەی شاناز دایناوە، لە سەرەتادا پێیان گوتم ئەنوەر قەرەداغی بۆی داناوە، بەڵام دوای پرسیارکردن و بەدواداچوون، وتیان هی شاناز خۆیەتی، رەنگە وەکو دابەشکردنی مۆسیقا و کاری تەکنیکی پێویست، دەستی تێخرابێت و بۆی چاک و جوان کرابێت، ئەمەش ئاساییە زۆر کەس لە پڕدا گۆرانی، ئاواز، یان هۆنراوەیەکی بۆ دێت، شانازیش شتێکی وای بۆ هاتووە، وتیشیان ئەو نووسین و میعرانەش کە ئاستیی هونەریی نووسینیان نزمە، هی خۆیەتی، دیسان من گومانی ئەوەم لا دروست بوو، د. شێرکۆ عەبدوڵڵا، کە بە کوڕی هێرۆ خان ناسراوە، ئەو یارمەتی بدات، سەرچاوەکەم وتی: شێوازی داڕشتنی میعرەکە، رەنگە کاریگەری شێرکۆ عەبدوڵڵای تێدا بێت، بیەوێت لاسایی ئەو بکاتەوە، بەڵام ئەوە خۆی نووسیوێتی، واتە هەمووی راستە، تەنیا ناوەرۆکی هۆنراوەکەی برایم ئەحمەد راست نییە و  درۆیە، کە دەڵێت هەر کوردین و کورد دەبین، درۆکە لەوەدایە، کە ئەوان هەموو شتێک بووون تەنیا بە کردار و بە رەوشت کورد نەبوون و لە کوردبوونیاندا دروزن و ساختەچیی بوون.

ئاپۆ و برایم ئەحمەد، لەدواشەوە محەمەد رەسوڵ هاوار
سەرچاوەی ئەو زانیارییانە، ئەوەشی بە بیرهێنامەوە، کە برایم ئەحمەد لەو دواییەدا پیربووبوو، چەند جارێک سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد، وەکو جاسوسێک گفتوگۆکانی ئەنجامداوە، بە بەڵگەی ئەوەی کاتێک ئۆجەلان گیرا و برایەوە بۆ تورکیا، پاش سێ رۆژ، برایم ئەحمەد بانگ کرا بۆ کۆنگرەی موعارەزە (ئۆپۆزیسیۆن)ی عێراقی لە ئەمەریکا، ئەو کۆنگرەیەش بە سپۆنسەری ئەو وڵاتانە بوو، کە زۆربەیان هاریکاریی گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کردبوو، هەروەها تورکیاش دەستی لە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی ئەو کۆنگرەیەدا هەبوو.
عەمیدی رەخنەگر شانازی برایم ئەحمەد
وەشانی چەکوش، سیمبوڵی تووڕەبوون و بویرییە، لە نووسینیشدا بە مانای رەخنەی توند دێت. بەکارهێنانی چەکوش بەرامبەر بە دەسەڵات دەربڕینێکی مەجازیی و خواستراوە، دوا پلەی گەیشتنی ناڕەزاییەتییەکانە، پەیوەستە بە مێژووی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و ئەم پەندەشی لێکەوتۆتەوە کە دەڵێت:(دیکتاتۆرەکان نە گوێیان دەبیستێ، نە چاویان دەبینێ، وەکو مرۆڤ هەستیان دەمرێت، لە بیریان دەچێتەوە وەکو مرۆڤێکی ئاسایی لە رابردوودا چۆن بوون، ئاوا هەڵسوکەوت بکەن، تا ئەو کاتەی رقی جەماوەر ئەستور و ئەستورتر دەبێت، ئەوسا بە هۆش دێنەوە کە خەڵکی هەڵدەکەوتنە سەریان و سەریان پان دەکەنەوە).
دەسەڵاتی ستەمکاری کوردیی و بەرپرسەکانی باشووریش، سەر هەمان رێچکەی شێوە دیکتاتۆر رەفتار و بەو عەقڵەوە وەک داگیرکەر و بێگانەیەک لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا هەڵسوکەوت دەکەن، خۆیان بە هاوڵاتییەک نازانن، لەم نیشتیمانەدا وەک میوان دانیشتوون، باکیان بە پاشەڕۆژی نیشتیمان و چارەنووسی گەلەکەیان نییە، چاوەڕوانن پێش ئەوەی کەللەیان پان بکرێتەوە لە بچوکترین دەرفەتدا هەڵبێن و رابکەن. راگەیاندن و نووسەرە دەربارەکانی باشووریش، دیاردەیەکی ناشرینیان هێناوەتە نێو هەواڵ و نووسینەکانیان، بایەخ بە قسە و لێدوان و نووسینی ئەم بەرپرسانە دەدەن، بۆ ئەوەی جوانیان بکەن، هانیان دەدەن، دەمامکیان بۆ دروست دەکەن، تا وەک خەڵکی ناڕازیی خۆیان پیشان بدەن و رەخنە بگرن، پردێکیان بۆ دروست کردوون لە رێگای رەخنە و نووسین و قسەکانیانەوە دەیانپەڕێننەوە بۆ ناو جەماوەر، تا ئەمانیش وەکو قوربانی سەیر بکرێن، نمونەی زیندوومان شانازی برایم ئەحمەدە، کە نەبەز گۆران بە ئاسنگەرەکەی بنەماڵەی برایم ئەحمەد ناوی دەهێنێت، دەڵێت لە ناو حیزبەکەی یەکێتییدا ژنێک هەڵکەوتووە بە دەست و قەڵەمەکەی رەخنە لە دەسەڵات دەگرێت، وەک ئەوەی شاناز بەشێک نەبێت لە دەسەڵات. ئەم گێلێتییە لە نووسیندا، پانتاییەکی زۆری لای نووسەر و راگەیاندنەکانی باشوور داگیرکردووە، بۆتە بەشێکیش لە سیاسەتی دەسەڵاتداران، بەردەوام راگەیاندنەکان ریکلامیان بۆ دەکەن، بایەخ بە گوتە و قسەکانیان دەدەن. لێرەدا مافی رەخنە لە رەخنەگرە رەسەنەکان دەسەندرێتەوە، دەدرێت بە کەسانی ساختەچی و بەرپرس و پیاوانی نێو دەسەڵات، ئەوە لە بیر دەچنەوە، کە خۆیان هەموو کارەکانن، خاوەنی سیستەمی بەڕێوەبردن و ئەو کارەساتانەن کە دەخوڵقێنرێن، ئەو مافە سروشتییەش کە من و تۆ هەمانە، لە رێگای راگەیاندن و نووسەرە دەربارەکانەوە لێمان دەسەندرێتەوە، رەخنەکانی ئێمە تێکەڵ بە رەخنەگرە ساختەچییەکان دەکەن، هێندەی دیکە خەڵکی بێئومێد و بێ هیوا دەبن، سەریان لێدەوەشێنرێت، نازانن کێ تاوانکارە و کێ قوربانی، کێ رەخنەگرە و کێ رەخنەلێگیراو، ئەم سیاسەت و تێکەڵ کردنە جیاوازییەکی نییە لەگەڵ تێکەڵکردنی جاش و ئەنفالچییەکان بە پێشمەرگە و قوربانییەکانیان، کاتێک هەموو ئەمانە تێکەڵ بە یەکتر دەکرێن. شانازی برایم ئەحمەدیش یەکێکە لەو دیاردانە قێزەوەندانە، کە دەیەوێت رەخنە پۆخڵ و رەخنەگر گوماناوی بکات، دەیەوێت پێوەرێک نەهێڵێت بۆ هەڵسەنگاندن و جیاکردنەوەی جەلادێک لە قوربانیی، خائین و دزێک لە کەسێکی دڵسۆز و دەستپاک، مەترسییەکە لێرەدایە، کە نووسەرە دەربار و خۆفرۆشەکان بۆ مشتێ پارە، لەشی قەلەمەکەیان وەک سۆزانییەک بۆ بەرپرسێک دادەماڵن. من سۆزم بۆ لەشفرۆشێک هەیە، دەزانم بۆچی ناچار دەکرێت لەشی خۆی بفرۆشێت، لێ بۆ نووسەرەکانی وەکو نەبەز گۆران، ئەو سۆزەم نییە، لە ئاستی هەرە نزمی نێو گۆمەڵگا دەبێت سەیر بکرێن، مێشک و بیروباوەڕ و هزری مرۆڤ کە مامەڵەی پێوەکرا، ئیتر لەشییش ئامادەیە فەرمانی پێبکرێت بفرۆشرێت،لەگەڵ قەلەمەکەیدا جلەکانیشی دابکەنێت، نووسەرێک کە ئەوەی کرد، ئامادەشە هەموو شوێنێکی دیکەی خۆی تەسلیم بکات، من هیچ نووسەر و روناکبیرێکی خۆفرۆش بە کەسی شەریف و بە ئەخلاق نازانم، سۆزانییەک جێگای رێزە، نەک نووسەرێکی خۆفرۆش. شانازی برایم ئەحمەدیش یەکێکە لەو دیاردانەی، کە لە ناو دەسەڵاتەوە سەری دەرهێناوە، دەیەوێت بە پەلاماردانی پارتیی، وەسڵی پۆخڵی بنەماڵەکەی لە رێگای نووسین و رەخنەگرتنەوە دەربکات، مێژوویەکی نوێی پڕ لە ساختە بۆ خۆی و هێرۆ و تالەبانی و بنەمالەکەی بنووسێتەوە.
کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ فەرمانی کارگێڕی خانەنشینکردنی شاناز بە پلەی عەمید
https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/Talebani/Emid_shanaz.jpg

بەشێک لە پۆستی دەسەڵاتدارەکانی بنەماڵەی تالەبانی و برایم ئەحمەد
ئەوەی خوارەوە ناوی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی برایم ئەحمەد و تالەبانییە، کە پۆست و پلەیان لە حیزب و دەسەڵاتدا هەیە، یان لەوەو پێشتر هەیان بووە:
1. جەلال تالەبانی/ سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق بوو
2. هێرۆ ئیبراهیم ئەحەمەد / ئەندامی مەکتەبی سیاسی 
3. شاناز ئیبراهیم ئەحەمەد / لێپسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی 
4. ئاڵا تالەبانی / ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق .
5. بێگەرد تالەبانی / ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان .
6. قوباد تالەبانی / جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
7. لاهور شێخ جەنگی / دەزگای زانیاری، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند، سەرپەرشتیاری دژەتیرۆر.
8. بایز تالەبانی / وەزیری دارایی لە چەند کابینەیەکی حکومەتی هەرێم .
9. لەتیف جەمال رەشید / مێردی شاناز ئیبراهیم، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە 3 کابینەی حکومەتی عێراق .
10. پۆڵات شێخ جەنگی / بەرپرسی ئۆپراسیۆنی دژەتیرۆر .
11. باڤێڵ تالەبانی / بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆر .
12. محەمەد سابیر / مێردی خوشکی شاناز ئیبراهیم، سەفیری عێراق لە چین .
13. عیزەت سابیر / برای محەمەد سابیر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان .
14. ئاواز شێخ جەنگی / ئەندام پەرلەمانی کوردستان .
15. دێرین لەتیف رەشید / سەرپەرشتیاری کوردسات .
16. ئاسۆس لەتیف رەشید / سکرتێری یەکەمی سەفارەتی سویسرا .
17. سارا لەتیف رەشید / لێپرسراوی مناڵپارێزان
18. ئاراس شێخ جەنگی / لە دەزگای نۆکان سەرپەرشتیاری ژووری نەوت و گەرە.
19. ئاسۆ شێخ جەنگی / لیپرسراوی نوینەرایەتی حکومەتی هەرێم لە رووسیا .
20. شیخ جەمال تالەبانی / ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند، جیگری مەڵبەندی پیشوو سلیمانی .
21. مەحمود تالەبانی / برای شێخ جەمال، بەرپرسی ئاماری سلێمانی .
22. سەلاح شێخ شەرەف / ئەنجومەنی ناوەند، قایمقامی پێشووی کۆیە.
23. هیوا سەلاح شیخ شەرەف / بەرپرسی کۆمپانیاکانی نەوتی گەرمیان .
24. شێخ عەلی حەمە ساڵح / لیپرسراوی مەڵبەندی پێشووی کۆیە.
25. ژوان سابیر / خوشکی محەمەد سابیر، بەرپرسی نووسینگەی جێگری حکومەت .
26. هاشم عەلی / بەرپرسی ئیدارەی هێزەکانی 70 
27. مەزهەری خالقی / مێردی پوری هێرۆ و شاناز، بەرپرسی دەزگای خاک و بەڕێوەبەری ئینستیتۆی کورد.
تێبینی:
زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە سەرەوە ناویان هاتووە: ژن، مێرد، کەسوکار، کچ و کوڕ، خوشک و برا، خزم و دۆست و هاوڕێی خۆیانیان دامەزراندووە، یان خانەنشینییان بۆ بڕیونەتەوە، یاخود موچەی بن دیوار وەردەگرن .
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
بەشی سێیەم تایبەت دەبێت بە نەبەز گۆران
کوردستانپۆست بڵاوکردنەوەی ئەم بەشەی دواخست بۆ کاتێکی دیارینەکراو

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە