به‌های ئازادی له‌ فه‌زای كوردی دا

Monday, 18/04/2016, 12:21

1035 بینراوە


دوای بیست و پێنج ساڵ له‌ڕاپه‌ڕین ، به‌های ئازادی ئینسانه‌كان و به‌تایبه‌ت تاكی كورد له‌ ناو ئه‌زمونێكی سنورداری ده‌سه‌ڵاتێكی شمولی پاوانخوازیدا ده‌خولێته‌وه‌ ، هێشتا ئازادی وه‌ك به‌هایه‌كی سیاسی و مافێكی سروشتی هه‌رتاكێك جێگه‌ی خۆی نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ، هۆكاری ئه‌مه‌ش هوشیاری و تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ خودی ئازادی ، تێنه‌گه‌یشتن له‌ ئازادی هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌های ئازادی وه‌ك زه‌روره‌تێك نه‌ناسرێـت ، بزر بیت له‌ ناو كایه‌ی رۆشنبیری و كۆمه‌لایه‌تی و سیاسی دا .
 ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ ده‌گوزه‌رێت پاشه‌كشێی ئازادی یه‌ له‌ فه‌زای گشتی و سیاسی دا ، هاوكات خۆدزینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ گرنگی و ئه‌رك و ئامانجه‌كانی ئازادی دا ، یاسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواست و وویستی حیزبه‌ ، نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و یاساناسان مافه‌ یاساییه‌كان ، ده‌سه‌ڵاـی كوردی كه‌ پاشخانێكی كلتوری هه‌یه‌ له‌ ترس له‌ ئازادی وه‌ك مافێكی سروشتی و خۆرسك بۆ تاك ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبی و ئه‌و حكومه‌ته‌ حیزبۆكراتیه‌ش واده‌خوازێت كه‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیركردنه‌وه‌ له‌ میدیای بیستراو بینراو نوسراو به‌ خۆپیشاندانیشه‌وه‌ بخرێـته‌ چوارچێوه‌ی فلته‌رات و ته‌سكه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش كاریكی سه‌یر نییه‌ ، چونكه‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی فاشیل له‌ هه‌رێمی كوردستان میكانیزم و شیوازی خۆی هه‌یه‌ بۆ پینه‌و په‌رۆ و ڕوپۆشكردنی كاره‌ قیزه‌ونه‌كانی به‌ عه‌قلیه‌تێكی  شمولی و پۆلیسی . 
له‌ هه‌رێمی كوردستان ئازادی له‌به‌رده‌م قه‌یران و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدیدایه‌ له‌ ڕووی تێۆرییه‌وه‌ ، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی پێناسه‌ی ئازادی به‌ شیوه‌یه‌كی ئامرازخوازیانه‌ داده‌ڕێژێت ، دواتر ده‌یسه‌پێنیت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی دا له‌ ڕیگه‌ی كۆمه‌ڵێك یاساوه‌ كه‌ بۆ گه‌وجاندنی میلله‌ت ئاماده‌كراوه‌ ، ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئازادی وه‌ك ئامرازێك بۆ ڕوو سوركردنه‌وه‌ی ده‌موچاوی خۆی له‌ ڕوو ره‌شی شیواندنی راستییه‌كان له‌ رای گشتی به‌كار ده‌هێنێت .
له‌م ڕه‌وش و دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ی ئیستا ئازادی له‌به‌رده‌م ئیفلیج كردن و ترس و تۆقاندندایه‌ ، هه‌میشه‌ ده‌زگا داپلۆسینه‌ره‌كانی ئه‌منی ئازادی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانیان و تیكدانی ئاسایشی گشتی وێنا ده‌كه‌ن ، له‌ كاتێكدا ئاسایشی تاك له‌ ئاسایشی گشتی گرنگتره‌ و ئاسایشی تاك سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ بۆ زه‌مانه‌تی ئاسایشی گشتی .
ئازادی بنه‌مایه‌كی گرنگی مافه‌كانی مرۆڤه‌ ، چه‌مكێكی ناجێگیرو ناڕوون و نه‌چه‌سپاوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ، بۆ تێگه‌یشتن له‌ گرنگی و بایه‌خی  ئازادی له‌كۆمه‌ڵگای كوردیدا ، پیویسته‌ (تسنیف) یان بكه‌ین بۆ دوو قۆناغ ، كه‌ ئه‌وانیش قۆناغی پێش و پاش ڕاپه‌رینه‌ ، به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین چه‌مكی ئازادی به‌رئه‌نجامی به‌ره‌نگاری و به‌رگری نه‌ته‌وه‌یی یه‌ ، به‌مه‌به‌ستی ڕزگاربوون له‌ چه‌پۆكی دیكتاتۆریه‌ت و چه‌وساندنه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عسی ڕوخاو ، به‌ڵام له‌ دوای ڕاپه‌ڕین و به‌ ئیستاشه‌وه‌ ئیمه‌ له‌ هه‌ریمی كوردستان له‌ قۆناغی مه‌ده‌نیداین ، هه‌ربۆیه‌ له‌ پاش ڕزگاربونمان له‌ چنگی ڕژێمی به‌عسی ڕوخاو ، هێشتا ئازادی وه‌ك به‌هاو ئامانجیكی سیاسی ، وه‌ك مافێكی سروشتی و خۆرسك بۆ مرۆڤ  له‌ ژانی بوندایه‌ و ده‌شكرێ‌ له‌ بار بچێت وه‌یان له‌ بار ببرێت !
له‌ پێش راپه‌ڕین ئه‌وانه‌ی شۆڕش و ئامانجیان بۆ ئازادی بوو ، ئێستا  ناتوانن  پاریزگاری له‌ ئازادی بكه‌ن و هه‌ربۆخۆیشیان ئیبداعی له‌ بار بردن و ئیفلیج كردن و لاوازكردنی ئازادین ، چونكه‌ له‌ دیدی شۆڕشگیره‌كانی شاخه‌وه‌ ، شتێك نه‌ماوه‌ به‌ ناوی خواستی ئازادییه‌وه‌ ، ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ داگیركردن و چه‌وساندنه‌وه‌و شكاندنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ نه‌ماوه‌ ، له‌ كاتێكدا به‌ دیزاین و به‌ فۆرمێكی ترسناكتر پێشیلكاری مرۆیی و ئه‌تككردن و له‌ ناو بردنی مرۆڤ له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی كوردییه‌وه‌ بونیاتنراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ قۆناغێكی تری شۆڕش و خه‌باتی مه‌ده‌نیدایه‌ ، كه‌ ئه‌ویش ده‌سته‌به‌ركردن و ئیستسماركردنی بونیادی فكری و ئازادی یه‌ بۆ هه‌موو تاكیك به‌ جیاوازی ئیتنی و ئایینی و ره‌نگ و بیرو باوه‌ڕو ئینتیمای سیاسییه‌وه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە