بەشاری ئەسەد و حەکیمی بەشار

Tuesday, 26/04/2016, 0:07

1927 بینراوە


بێگومان وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هیچ جیاوازیان نیە لە دوژمنایەتی کردنی گەلی کورد ، مەگەر کردەوە دژەمرۆڤایەتیەکانیان ئاستی پێوانەیی کەم و زیادی هەبێت، بەهەمان شێوەی یەکتر سەرۆکە دیکتاتۆرەکانیان جیاوازیان نیە و لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورەترو سڕینەوەی نەتەوەی کورد، ئەوەی لە قامیشلۆ ڕویدا ئەوڕاستیە ئاشکرا دەکات کە دوژمنانی کورد لە کاتی بێ هێزیاندا بڕوایان بە ئاشتی و بێدەنگ کردنی چەك هەیە، بەڵام لە هەرکاتێکدادەرفەتێکی زۆر کەم شک بەرن هەوڵی لەناوبردنی کورد و دەسکەوتەکانی دەدەن و باوەڕیان بە پێکەوەژیان نیە، مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی بەشار ئەسەد لە قامیشلۆ لەو شوێنەی پێی دەوترێ چوار گۆشەی ئەمنی لە بەرخاتری چاوی کاڵی بەشار ئەسەد نەبو، بەڵکو ڕەوشی خەراپی خەڵک و ئبڵۆقەکانی سەر ئەو بەشەی کوردستان پێویستی فڕۆکەخانەی قامیشلۆی بۆ خەڵکی شارەکە و دەڤەرەکانی دەوروبەری زیاتر دەکرد، بۆیە باشتر وابو ئەوهێزە دەستی بۆ نەبردرێت، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان تائێستاش لە چوار لاوە گەمارۆدراوە هێرشی چەتەکان و داخستنی دەروازەکانی باکوری کوردستانی ژێردەسەڵاتی تورکیا و تەنانەت دەروازەی باشوری کوردستانیش لەبەر خاتری تورکیا داخراوە، بێگومان سەدان خوێندکار لە زانکۆکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد دەخوێنن، جگەلەوەی ڕۆژانە نەخۆشی گران بۆ نەخۆشخانەکانی شام ڕۆیشتون بۆ چارەسەروەرگرتن، بۆچەندین پێویستی دیکەش ئەو فڕۆکەخانەیە پێویست بو بۆ خەڵکی ڕۆژئاڤا، هەرچەندە جاری تریش تێکهەڵچون ڕوی داوە لە نێوان هێزی ئاسایشی ڕۆژئاڤاو هێزەکانی ئەسەد، بەڵام ئەوەی لە 19\4\2016 وە دەستی پێکردوو تا ڕۆژی هەینی بەردەوام بو، لە کارێکی نەخشەبۆکێشراو دەچێت، نزیک بونەوەی ڕژێمی ئەسەد و ئەردۆگان بە ناوبژیوانی جەزائیر ڕەنگە پەیامی نیازپاکی ئەسەد بێت بۆ ئەردۆگان کە ئەوان هەر دوژمنەسەرسەختەکەی کوردن ئەگەر بۆیان بڕەخسێت، دیارە سەرەتای ئاریشەکە بەوەدەستی پێکرددووە کە هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد شەڕڤانێکی یەپەگەیان دەسگیر کردووە و ڕەوانەی دیمەشقیانکردووە، لە کاتی بەدواداچونی ئاسایشی ڕۆژئاڤا تەقە لە ئەندامانی ئاسایش دەکرێت و دوو شەهیدی لێدەکەوێتەوە، بۆیە هێزەکانی ئاسایش وڵامیان دەدەنەوەو شەڕ دێتەئاراوە، لە ماوەی شەڕەکەدا زیاتر لە 31 سەربازی ڕژێمی ئەسەد کوژراون و ژمارەیەکی زۆر بریندارکراون جگەلە بەدیل گرتنی دیان سەرباز، تەنها لە گرتوخانەی عەلا 67 سەرباز هەبووە کە بەتەواوی گرتوخانەکە کەوتۆتە دەست ئاسایشی ڕۆژئاڤا، هێزەکانی ڕژێم لە دوای شکستەگەورەکەیان کوێرانە خەڵکی سڤیل تۆپباران دەکەن، بەداخەوە زیانەکان زیاتربوو، فەرماندیی گشتی ئاسایشی ڕۆژئاڤا لە بەیان نامەیەكدا ئاماژەی بە شەهیدبوونی 3 شەڕڤانی یەپەگە و 7 ئەندامی هێزەكانی ئاسایش و 17 كەسی مەدەنی كردووە، هاوکات دەیان بریندار هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەو ڕەوشەنالەبارو خوێناویە ، ئەوەی مایەی سەیروسەمەرەیە قسەکانی حەکیم بەشاری ئەنەکەسەیە، ئەوبەڕێزە خۆی پەروەردەی کۆشکی ئەردۆگانەو هاوپەیمانی ئەوگروپانەیە کە چەندین ڕۆژە گەڕەکی کوردنشینی شیخ مەقسود بەدڕندانەترین شێوە تۆپباران دەکەن و هێرشی دەکەنەسەر و نزیکی 140 هاوڵاتیان شەهید کردووە، کەچی حەکیم بەشار ئەو شەڕوخوێن ڕشتن و پەلامارەی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد بە شانۆگەری ناودەبات?! بەڕاستی ئەوپەڕی بێ وێژدانی و نامرۆڤانەیە شەڕێکی خوێناوی کەدەیان مرۆڤ تێدا بونەبەقوربانی بەشانۆگەری پێناسەی بکەی، ئەوکەسانە تەنها بۆئەوەی لەسەر تۆمەتەکانی خۆیان پێداگری بکەن ڕاستیەکان سەروبن دەکەن، سیاسەتکردن لە سەرخوێنی خەڵک کارێکی زۆر نامەردانەیە و تەنها لە خزمەتی دوژمناندایە، وتار و کردار کە نامرۆڤانەبێت هەمان شێوازی ستەم و دڕندایوتیە، مەرگی مرۆڤەکان بە شانۆگەری پێناسەکردن وتارێکە هاوشێوەی کرداری دیکتاتۆرەکان، ئیتر دەبێت جیاوازی بەشاری ئەسەد و حەکیمی بەشار چی بێت لە ستەمکاری

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە