دایه‌ شه‌نگێ ئه‌شکه‌نجه‌دانی له‌زیندانی پارتی ده‌گێڕێته‌وه‌

Wednesday, 27/04/2016, 3:20

3845 بینراوە


رۆژنیوز ـ ناوه‌ندی هه‌واڵه‌کان
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی دایه‌ شه‌نگێ، ئه‌ندامی رێکخراوی دایکانی ئاشتی و دایکی دوو شه‌هید و هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی که‌س و کاری شه‌هیدان له‌ئه‌ڵمانیا سێ رۆژ له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشی سه‌ر به‌پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عیراق ده‌ستبه‌سه‌رکرا، له‌دیدارێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ژنها سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیرکردنه‌ی له‌لایه‌ن ئاسایشی پارتیه‌وه‌ ده‌ڵێت:"هێزه‌کانی ئاسایشی پارتی ماوه‌ی سێ رۆژ من و کچێکی گه‌نجیان له‌ژێر قادرمه‌ی زیندانێکی سه‌ربازیدا هێشته‌وه‌ و کاربه‌ده‌ستانی پاراستنی پارتی سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌د ره‌وشتیه‌ک به‌رامبه‌رمان، هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌سلیمکردنه‌وه‌یان لێمانده‌کرد به‌تورکیا و ره‌خنه‌ی توندی له‌پارتی گرت"
دایه‌ شه‌نگێ ده‌ڵێت:"ماوەی سێ ساڵە شەڕێکی قورس لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، ئێمەش لە دەرەوەی وڵاتین و دەرفەتی بینینی شۆڕشمان نەبوو، بۆیە ویستم جارێکیش بێت بێم و لە نزیکەوە وڵاتەکەم لە دۆخێکی شۆڕشدا ببینم، شۆڕشی ڕۆژئاواش سەرکەوتنی بەدەست هێناوە ئەمەش مایەی خۆشحالی هەموومانە، ئامانجی سەرەکیشمان لەنزیکەوە گفتوگۆکردن بوو لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان."
دایە شەنگێ بە نیگەرانیەوە باسی لە ڕێگرییەکانی ئاسایشی پارتی ده‌کات و ده‌ڵێت:"بە پاسپۆرتی خۆم و بەشێوەیەکی فەرمی هاتم و لەدەروازەی نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چووم بۆ ڕۆئاوای کوردستان، ئەو کاتە هیچ پشکنین نەبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەمدا ڕێگەیان لێگرتم و داوای پاسپۆرتیان کرد، کاتێک پاسپۆرتم پێدان لە ئۆتۆمبێل دایانبەزاندم و دەستبەسەریان کردم، پرسیارم کرد بۆ وادەکەن، مەگەر لای ئێوە نەپەڕێمەوە بۆ ڕۆژئاوا، وتیان؛ تۆمان نەبینیوە!. ئاگاداری چونی تۆ نین، چۆن بەبێ مۆڵەتی ئێمە دەچیت بۆ ڕۆژئاو و شەنگال. پێم وتن ئێوە بێخەم و بیچاره‌ن، کارەکانتان بەڕێکوپێکی بکەن. دوای دووکاتژمێر منیان لە وێ ڕاگرت، پاشان بردمیان بۆ ئاسایش، لەوێشەو منیان برد بۆ ئاسایشێکیتر، پاشان منیان برد بۆ زیندان، پێموایە زیندانێکی سه‌ربازی بوو، چونکە کەلوپەلی سەربازی زۆری لێبوو، کچێکی گەنجیشم لەگەڵ بوو چالاکونێک بوو، ئێمەیان بۆ سێ ڕۆژ لە ژێر قادرمەکانی ئەو زیندانەدا هێشتەوە، هەر پێیان دەگوتین چاوەڕوانی بەرپرسەکەیانن کە بێت قسەیان لەگەڵ بکات."
دایه‌ شه‌نگێ سه‌باره‌ت به‌ده‌ستبه‌سه‌رکردنی له‌وماوه‌یه‌دا ده‌ڵێت:"له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ژێرچاودێر ئاسایشی پارتیدا بووم. لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە هەرچی پاسەوان و سەرباز و ئاسایشی ئەو ناوە هه‌بوو، بەلامان تێپەڕ دەبوون و جنێوی ناشرین، بێرێزی و دوور لە ئەخڵاقی کۆمەڵگەیان پێدەوتین، چونکە شوێنەکە لەبەرچاوی هەمووان بوو، شوێنێک نەبوو بۆ مانەوەی مرۆڤ، هه‌رکاته‌ ده‌مپرسی بۆچی منتان گرتوە، مەگەر بە فەرمی نەهاتووم، وەڵامیان نەدەدامەوە و لە جیاتی وەڵامدانەوە گاڵتەیان پێدەکردین، چەندجار نان و ئاویان هێنا نان و ئاوی ئەوانم وەرنەگرت و وتم؛ منتان بەبێ هۆکار دەستگیرکردوە تا وەکو پێم نەڵێن؛ بۆچی منتان گرتوە، هیچ شتێک ناخۆم، بۆیە ئەو سێ ڕۆژەی لای ئەوان بووم هیچم نەخوارد."
دایە شەنگێ لەبەردەوامی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی پاراستنی پارتی چەندین جار کوڵمیان بەرزکردۆتەوە بۆ ئەوەی لێی بدەن و جەختی کردەوە: "دوای سێ ڕۆژ پیاوێک لەدەرەوە هات و جلی مەدەنی لەبەر بوو دیار بوو پاراستن بوو، کاتێک بانگی کردم و دۆسیەی منی بەدەستەوە بوو، دەیزانی ناوم چیە؟ بەڵام بە توڕەییەوە پرسیاری کرد ناوت چیە؟ وتم ناوم لەسەر ئەو دۆسیەیەی دەستت نوسراوە، دۆسیاکەی فڕدایە سەر مێز و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە زمانم ببڕێت ئەگەر قسەبکەم، هەرچی هاتە سەرزاری پێ وتم، قسەکانی ئەوەندە بێڕێز بوون ناتوانم لێرەدا باسیان بکەم، چەندین جار کوڵمی بەرزکردەوە لێم بدات هەنێک پیاویتر نەیانهێشت، منیش وەڵامی خۆمدایەوە پێم وت؛ بۆچی بێڕێزی دەکەیت؟ من لە تەمەنی دایکی تۆم، مەگەر ئێوە بەو ئەخڵاقە پەروەردەکراون، مەگەر ئێوە لەگەڵ دایکی خۆشتان بەو شێوەیە قسەدەکەن، پێم وتن؛ ئەمە کەلتور نیە، کە ئێوە فێرکراون، ئێمە هەردووکمان کوردین شەرم ناکەن بەو شێوەیە قسەم لەگەڵ دەکەن."
دایە شەنگێ سه‌باره‌ت به‌هۆکاری ده‌ستگیرکردنه‌که‌شی ده‌ڵێت:"ئەو کاربەدەستەی پاراستنی پارتی پێی وتوە تۆ فەرماندەی پەکەکەیت! بۆیە تۆمان دەستگیرکردەوە و ده‌ڵێتیش:"ئەو پاراستنەی پارتی کە زۆر بەبێڕێزی هەڵسوکەوتی دەکرد هەرشتێکی پێوتم، تیرۆرستی، فەرماندەی پەکەکەیت و...هتد، هەورها پێی وتم تۆ چوویت کۆنگرە و کۆنفرانس، ساز بکەیت، هەرچەند پێم دەوت، من هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدانم لە ئەڵمانیا سەیری پاساپۆرت بکە، پەیوەندی بە ئەڵمانیا وە بکەن، بەڵام هیچ گوێی نەدەگرت، وتی تۆ فەرماندەیەکی گەورەیت، پێم وت؛ هەردایکێکی کورد فەرماندەیەکە، ئەگەر فەرماندە نەبوونایە ئەو هەموو ئازایەتیەی دایکانی کورد کە ئێستا لە بەرخۆدانی دان لە کوێ هاتووە، ئێمەی دایکان خۆمان بە خاوەنی ئەو وڵاتە دەزانین. نەک پارتی هیچ کەسێک ناتوانێت پێشمان پێبگرێت، پێشم وت؛ نە لەزیندان دەترسم نە لە دەنگی تۆ، چونکە تۆ شەرمەزاری ناو لاپەڕەکانی مێژووی کورد و مرۆڤایەتیت، ئێمە مەرگمان کوشتوە."
دایە شەنگێ ده‌ڵێتیش:"کاربەدەستانی پارتی هەوڵیان داوە کە بەزۆر کاغەزێکی پێ واژو بکەن لەکاتێکدا خۆی نەیزانیوە چی لێنوسراوە بۆیە واژۆی نەکردوە. پاش ئەوەی زانیم کەلەسەر کاغەزەکە بەناوی منەوە نوسراوە؛ بەڵێن بێت بەبێ مۆڵەتی ئێوە سەردانی هێچ دام و دەزگایەکی پەکەکە نەکەم، پێم ڕاگەیاندن کە خۆم پەکەکەم و دایکی دوو شەرڤانی پەکەکەم واتا دایکی پەکەکەم، بۆیە دەچم بۆ هەر شوێنێک و هیچ پێویستی مۆڵەت وەرگرتنیش نابینم."
دایە شەنگێ لەدرێژەی وتەکانی دا ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو کاربەدەستەی پارتی هەڕەشەی لێکردوە و پێی وتووە تەسلیم بە توکیای دەکات. دوای ئەوەی پێم وتن من پەکەکەم، هەڕەشەی ئەوەیان لێکردم تەسلیم بە تورکیام دەکەن و سنورەکانیان پیشاندەدام! منیش پێم وتن ئەمە کاری هەمیشەییتانە، گومانم نەبوو لەوەی ئاخۆ کارێک وا دەکات یان نا چونکە ئەمە ئەرکێک بوو پێیان ڕاسپێردرابوو، پاشان جانتا و کەلوپەلەکانمیان فڕێدایە بەردەرگاو وتایان بڕۆ بۆ جەهەنەم و هەتا کۆتایش هەموو قسەیەکیان بێڕێزی و سوکایەتی پێکردنی مرۆڤ بوو."
دایە شەنگێ لە کۆتایدا بانگەوازیەکی ئاراستەی کاربەدەستانی پارتی ده‌کات و ده‌ڵێت:"ئێمە خاوەن باوەڕیێکین کە لەسەر ڕێز و پێکەوە ژیان، فێرکراوین، دەمەوێت لێرەوە بانگەوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی و سەرجەم کاربەدەستانی ئەو پارتە بکەم کە ئەگەر دەیانەوێت سیاسەت بکەن، با سیاسەتی چەوت لەبەرامبەر گەلی کورد بەڕێوە نەبەن، ئەوەی ئەوان دەیکەن سیاسەتی براکوژیە، چۆن پێشتر ڕێبەر ئاپۆ داوای ئاراستەی بەڕێز مەسعود بارزانی کردبوو کە کارێک نەکات ناوی لە مێژوو بە خراپی تۆماربکرێت، منیش لەسەر ئەو بنەمایە داوادەکەم کە پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتی خۆیاندا بکەن، ئەگەر پەکەکە نەبێت، ئەگەر تێکۆشانی پارچەکانیتری کوردستان نەبێت دوژمنان لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا لەنێویان دەبەن."
ئا ـ ك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە