لە ڕۆژی شەهیدانی گۆپتەپەدا چی بكرێت؟

Friday, 06/05/2016, 2:34

6209 بینراوە


وەك هەمو ڕۆژە پڕ لە خەم و چاوەڕوانی و نائومێدی وكارەسات بارەكانی تر،ئەمڕۆ 3\5\2016 ڕۆژی كیمیا بارانكردنی گوندی گۆپتەپەو دەوروبەری بو، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە سەرجەم یادەكانی قوربانیەكانی كوردستاندا ئەوەی هەمیشە وەك خۆیەتی  و گۆڕانكاریەكی لێبەدی ناكرێت و زۆر ئازار بەخش و دڵ هەژێنە تەنها ڕشتنی فرمێسكی دایكان و خەم و ئازاری كەس و كاری بەشمەینەتی شەهیدان و قوربانیەكانە بەبێ جیاوازی لە هەمو یادێكدا بەدەكرێت و هیچ گۆڕانكاریەكی دڵخۆشكەر بونی نیە ، ئەو تاوانە گەورانەی ڕژێمی بەعسی ڕوخاو لە كوردستان ئەنجامیداوە برینێكە زۆر قوڵ و بەئازارە كە لە دوای 28 ساڵ هێشتا نەك ساڕێژ نەكراوە بەڵكو ساڵانە دەكولێنرێتەوە، تەنها سێ ساڵ لە دوای تاوانەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی بەشێك لە شارو گوندەكانی كوردستان دەسەڵاتی بەعس لە باشوری كوردستان بونی نەما، لە دوای دەس بەكاربونی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارێتی كورد لە ساڵی 1992وەدیان و سەدان بەڵێن بە خەڵكی قوربانی بەخشی كوردستان دراوە بەڵام هیچ بەڵێنێك جێبەجێ نەكراوە، لە كاتێكدا یادی 28مین ساڵەی تاوانی كیمیابارانكردنی گۆپتەپە دەكرێتەوە كە زیاتر لە 500 قوربانی لێكەوتەوە، لە چوار لای كوردستاندا دوژمنانی ماف و ئازادی كورد زۆر دڕندانەو بەعس ئاسا لە دژی گەلی كورد تاوانی قێزەوەن ئەنجام دەدەن، لە ئێستادا تیرۆریستان و چەتەكانی داعش و حەشدی شەعبی كوتونەتە هێرش و پەلاماردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەو سوتاندن و بەتاڵان بردنی ماڵ و حاڵی هاوڵاتیانی سڤیلی كورد بەتایبەتی ئاژاوەگێڕیەكەی خورماتو نمونەیەكی هەنوكەییە، هەروەها سەڕەڕای بونی سوپای داگیركەری تورك لە باشوری كوردستان  بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی ڕژێمی توركیا لە گوندەكان ولە ناوچە شاخاویەكانی باشوری كوردستان یەكێكی ترە لە تاوانەكانی دوژمنانی كورد، هاوكات زیاتر لە پێنج مانگە بەردەوام پەلاماردانی بەشێك لە شارو شارۆچكەكانی باكوری كوردستان لە لایەن چەتەكانی ئەكەپە و ئەردۆگان و بەكارهێنانی چەكی یاساخی فسفۆڕ لە دژی خەڵی سڤیل و وێرانكردنی هەزاران ماڵ و ئاوارەكردنی زیاتر لە نیو ملوێن كەس لوتكەی وەحشی گەرێتی ئەو دەسەڵاتە دەردەخات، بێگومان هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوای كوردستانیش كە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتدارانی توركیا و میرو پاشاكانی كەنداوهاوكاری تیرۆرستان دەكەن بۆ لە باربردنی ئەو دەسكەوتانەی بەخوێن بەدەس خراون ڕون و ئاشكرایەو تاوانی كیمیابارانكردنیش لە حەلەب لە گەرەكی شێخ مەقسودی كورد نشین ئەوەمان پێدەڵێت كە هێشتا هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەی كورد لە ئارادایە، هەڵبەتە تاوانەكانی ڕژێمی ئێرانیش لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە گرتن و سەركوتكردن و لەسێدارەدان و شەهیدكردنی كۆڵبەرەكانی سەرسنور كۆمەڵە تاوانێكن لە هەمبەر گەلەكەمان ئاشكرایەو پەردە پۆش ناكرێت، بەداخەوە مانگەكانی ئازار و نیسان و ئایار بۆ ئێمەی كورد  ئەومانگانەن كە زۆرترین تاوانی دژ بەگەلەكەمان تێدا ئەنجامدراوە، لە ئێستاشدا كە یادی تاوانەكانی دوژمنان و مەرگی قوربانیەكانمان دەكەینەوە، پیلانگێڕی زۆر گەورە لە سەر تەواوی كوردستان هەیە، بۆیە پێویستە هەرچی زوتر لایەنە سیاسیەكان دەسبەرداری بەرژەوەندیە تایبەتەكانیان بن و بێنەلای یەكتر و بەتەبایی و یەكڕیزی ڕوبەڕوی پیلانەكان ببنەوە، لە دۆخێكی وەك ئەمڕۆ هەستیاردا هەرلایەنێك لە سەنگەری كوردایەتی خۆی بەدور بگرێت و دەست بخاتە ناودەستی پیلانگێڕان و دوژمنان جگەلەوەی بەرنەفرەتی مێژوو دەكەوێت پێویستە بەهەمولایەك دەستی بشكێنن، هەتا دەستی ناپاكان نە بڕن و دەستی دۆستایەتی و یەكێتی و تەبایی نەخینە ناودەستی یەكتر كورد وكوردستان بە ئاسودیی و سەقامگیری نابینرێت، ئەگەر دەسەڵاتدارو سیاسیەكانی كورد هەرچی زووە نەخشە ڕێەكی كارو خەباتی ئامەدەنەكەن و پێكەوە كاری هاوبەش ئەنجام نەدەن بێگومان دیان تاوانی وەك ئەو تاوانانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێكراوە دووبارەو چەن بارە دەكرێتەوە، ناكرێ دڵ بەوە خۆشكرێت ئێستا خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی دەكەین و لە قۆناغێكی تری تێكۆشاندین، ئەوەی لە پەرلەمانی بەغدا و ئەنقەرە ڕویدا لە ڕۆژانی ڕابر دوو ئەوەی پێوتین كە دوژمنانی كورد چ كرەسەیەكی ناجۆرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە