شەڕی مووسل گەمەی زاڕۆکان نییە

Sunday, 08/05/2016, 11:38

3832 بینراوە


 لە چەند هەڤپەیڤینێکدا پار و ئەمسال لەگەل میدیاکاری هێژا مستەفا خەلیل بۆ رادیۆی کوردیی ئوسترالیا ، هەر وەها لە گۆتارێکمدا لەسەر رووپەلی ئەم دیوارەی خۆم لە رۆژی ٢٥/١، ٣٠/٣ ی ئەمسالدا، لەژێر سەرنێوی (کورد وەک کەواسۆری هیچپێنەبڕاوی بەرلەشکر ) ، بێپیلانیی و هەلەشەکارییی سەرکردەکانی هیزبە کوردییەکانی باشوورم خستنەبەرچاو ، کە بێ هەلسەندگاندنی هەلومەرجی نێوەکیی و دەرەکیی و ، بێ ئامادەکارییی سەربازیی و دارایی، کوردیان لەشەڕی (دەولەتی ئیسلام) ەوە گلاند و لە ئەنجامی ئەوەوە کۆمکوژیی لە کورد کرا و، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە پێشمەرگەی گەنج و ئازا ، کە لە جیاتیی زلهێزەکان و دەولەتە دراوسێکانی کوردستان رووبەڕووی لەشکرێکی پشتیواندار و پڕچەک بوونەوە و، ژیانیان لەدەستچوو ، بێ ئەوەی لە (ئافەرین ئافەرین کردن) وپێدانی هێندەک چەک و چۆڵی سووکەلە بەولاوە هیچ جۆرە نرخێکی بەرچاو بۆ خوێنبەختکردنیان دیاریکرابێ ، تەنانت بەلێنێکی جێێ باوەڕ بۆ چارەنووسی خەلکی کوردستان وەک پاداشتێک نەدراوە. بە پێچەوانەوە ، ئەمریکا و ئەورووپا و رووسیا ، لەجیاتیی پاداشت هەر باسی (یەکێتیی خاکی ئێراق ) و (پاراستنی سەروەرێتیی دەولەتی ئێراق دەکەن) ئێستەش ماوەیەکە باسی (رزگارکردنی مووسل) زۆر بەگەرمیی لەلایەن دەسەلاتدارانی دژبەیەکیی شییئەو سوننی ئێراقەوە هاتووەتە پێشەوە ، کە هەردووکیان چاویان بڕیوەتە پێشمەرگە بۆ یارمەتیی ، ئەگەرچی هیچ لایەکیان توێژاڵێکی گچکەی کێکەکە بەکورد رەوا نابینن ، بەلکو هەڕەشەی ئەوە دەکەن ، ئەگەر کورد واز لە (ئیبتزاز- کە بە زمانی کوردیی رووتاندنەوە دەگەیەنێ ) نەهێنن ، ئەوا واز لە بەشداربوونی پێشمەرگە دەهێنن . واتە پێویستیان بە کورد نییە . کاک مەسئوود بارزانیش کە ماوەیەکە کەوتووەتە باسی (گشتپرسیی) و (سەربەخۆییی کوردستان ) و چەند جارێک گوتوویەتی (شەڕ و خوێنڕێژیی ئەمجارە دەبێ هەر بۆ سەربەخۆییی کوردستان بێ) و ، لە بارەی بەشداریی کوردەوە لەشەڕی مووسلدا گوتوویەتی ، کورد بە مەرج بەشداریی شەڕی مووسل دەکا و ، پێشنیازی ئەوەی کردووە ستانی مووسل ( کە سەددام نێوی نا نەینەوا: ج.ن) هێندێکی بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و، ئەوی دیی بکرێ بە چەند هەرێمێک ، یکێکیان بۆ ئێزدیی و شەبەک و ، ئەوی دیی بۆ دیانەکان و ترکمانەکان ،و ، ئەوەی دەمێنێتەوە وەک ستانی مووسل ببێتە هەرێمێک .. ئەوەی راستیی بێ دابەشکردنی (نەینەوا) چارەسەری هیچ کێشەیەک ناکا، وەک چۆن جیاکردنەوە ی دهۆک و چەند نێوچەیەکی دیکەی بادینان لە مووسل ،هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکرد. ستانی مووسل لە رووی مێژوویی و جۆگرافیایی و ئابۆریی و ژیارییەوە بەشێکە لە باشووری کوردستان و ، لەسەردەمی کۆن و تەنانەت لەسەردەمی ئۆسمانیشدا هەروا بووە .لەسەردەمی شانشینییشدا زۆربەی خەلکی ستانەکە کورد بوون و ئارەبزمانەکان بەزۆریی هەر لەنێو شارەکەدا نیشتەجێبوون . رێی راست ئەوەیە هەموو مووسل بخرێتە سەر هەرێمی باشووری کوردستان و، ئەوجا بکرێ بە چەند نێوچەیەکی نابنکەیی (سەرنج: وشەی نابنکەیی بەرامبەر لامەرکەزیی بەکاردەبەم :ج.ن) . کە سیستەمی نابنکەیی بۆ هەموو کوردستان ، نەک هەر بۆ یەک شوێن بەلای منەوە سیستەمێکی گونجاوە. دیانەکان و سوننە ئارەبزمانەکانی مووسلیش دەزاننن کە لە رۆژانی تەنگانەدا کێ فریایان کەوتووە و کێ دالدەی داون . لەبەر ئەوە ترسیان نەبێ لەدواڕۆژی خۆیان . جا ئەگەردەسەلاتدارانی کورد گوێنەدەنە چارەنووسی کێشەکە و هەروا تێبڕە و تێکوتە بکەونە شەڕەوە ، بە دلنیاییەوە ، کوێرەوەرییەکی دیکە تووشی کورد دەبێ و، بە لێدانی پارلەمەنتارانی کورد لە بەخدا تەواو نابێ . ئەوانەش کە خەیالیان ئەوەیە ، بێ کورد مووسل بخەنەوە ژێر دەست خۆیان ، دەبێ بزانن شەڕی مووسل و (دەولەتی ئیسلام) ،گەمەی زاڕۆکان نییە و، وەک داگیرکردنی (نێچەی سەوز) ی بەخدا ش نییە ، پێویستە جارێ لەخۆیان بپرسن : باشە بە کوێدا دەیانەوێ بچنە مووسل؟
پەیجی نووسەر لە فەیسبوک:
https://www.facebook.com/jemal.nebez?fref=nf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە