پارتیی و دەزگای پاراستن، ئەو پیاوکوژەیان شاردۆتەوە

Wednesday, 05.11.2016, 23:04

15619 بینراوە


هەر تاوانێک دەسەڵاتی کوردیی، پارت و بەرپرسەکان لە باشوری وڵاتدا ئەنجامیان دابێت، بە ئاسانیی بۆیان چۆتە سەر، چونکە بە پێی یاسای دارستان کۆمەڵگایان بەڕێوە بردووە، و خێڵەکیانە چارەسەریان کردووە، راگەیاندنەکانی هەرێمیش کە بەشێکن لە دامەزراوی سیستەمی دەسەلاتی کوردی، لە سوچێکدا ئەو تاوانانەیان وەک هەواڵێکی بچوک بڵاوکردۆتەوە، بایەخیان پێ نەداوە، پاش ماوەیەکی کەم لە بیر چوونەتەوە، کوشتنی بارزان رەشید ، کە پیاوێکی پاراستنی سەر بە پارتیی و پاراستن ئەنجامی دا تا دوو رۆژ بەچەند دێڕێک راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە، بەڵام کاتێک کوردستانپۆست کەیسەکەی گرتە ئەستۆی خۆی، (کلیکی ئێرە بکە) ئیتر ئەو تاوانە، نەتوانرافەرامۆش بکرێت وەکو زۆربەی تاوانەکانی دیکە، بۆیە ئەوانیش بە ناچاری شوێن پێی کوردستانپۆستیان هەڵگرت، ئازایەتییان دا بە خۆیان، ناوی توانابارەکەیان ئاشکرا کرد، بەڵام هێشتا زۆری ماوە کە بە نێو ناخی رووداوەکەدا رۆچینە خوارێ و نهێنی دیکە لەسەر ئەم رووداوە و کەسەکان هەڵبدرێتەوە.
ئەمەی سەرەوە قسەی ئەو سەرچاوەیەی کوردستانپۆستە، لە هەولێر جارێکی دیکە بە بەراوردکردن بە هەموو تاوانەکانی دیکەی بنەماڵەکانی دەسەلات، قسەی بۆ کردین، کە چۆن هەر کەیسێک بکەوێتە دەست کوردستانپۆست، وەکو کەیسی ژارخواردنکردنی جەوهەر نامق، کوشتنی فەرەیدون جوانڕۆیی، ئەردەڵانی هونەرمەند، شێخ زانا، ناز یەعقوبیی پارێزەر، تا دەچێتەوە سەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و دەیان تاوانی دیکەی وەک ٣١ی ئاب و ١٧ی شوبات بەشی شێر بەر کوردستانپۆست دەکەوێت.
بۆیە جارێکی دیکەش بە دوای هەواڵەکەی پێشووی کوردستانپۆست لەسەر کوشتنی خوێندکار (بارزان رەشید)، راگەیاندنەکانی هەرێمیش ناچار هاتنە سەر خەت، زانیاری زۆرتر خرایە سەر رووداوەکە.
سەرچاوەی ئەم هەواڵەشمان کەسێکە لە ناو دەزگای پاراستن و هاریکاریی کوردستانپۆستە، لە سەر داوا و رێنمایی خۆی، ئێمە ناچاربووین زانیاریی و هەواڵەکانی بە کەمێک دەستکاریەوە بڵاوبکەینەوە، تا چاو نەخرێتە سەری و نەدۆزرێتەوە، پاراستن و دامودەزگاکان نەیدۆزنەوە، لەبەر پاراستنی گیانی ئەو سەرچاوەیە، ئەم زانیارییانەی خوارەوە، وەکو راپۆرتە هەواڵێک بڵاودەکەینەوە.
سەرەتا لەوێوە دەست پێدەکەین، کە هەواڵی یەکەم لەسەر چۆنێتی کوشتنی بارزان رەشیدی خوێندکاریی زانکۆ، تا نووسینی ئەم راپۆرتە هەواڵەکە: لە کوردستانپۆستدا، زیاتر لە (36) هەزار کلیک کراوە. لە فەیسبوکدا نزیکەی (118) هەزار و (500) کەس بۆی نێردراوە ، سوپاسی ئەو بەڕێزەش دەکەین کە ئەرکی تێچوونی بڵاوکردنەوەی لە فەیسبوکدا بە پارە خستە ئەستۆی خۆی.
-------------------------------
بارزان ره‌شید عوسمان خوێندکاری قۆناغی یه‌ک بووه‌ له‌ زانکۆی جیهان له‌ شاری هه‌ولێر و له‌کاتی رووداوه‌که‌دا برازایه‌کی خۆی له‌گه‌ڵدا بووه‌. پیاوکوژەکەی پارتییش کە ناوی نەقیب جەمال جەبارە سەیارەیەکی لە جۆری (لاند کرووزەر)ی پێ بووە، سەرچاوەکەی کوردستانپۆست دەڵێت لە دواوە ئافرەتێکی عەرەبی پێ بووە، ئیستا پاراستن دەیەوێت کەیسەکە ناشرین بکات، بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی بەرێت, گوایە مەسەلەکە فول لایتەکە نەبووە! ئەو رووداوە کێشەی کۆمەڵایەتیی لە پشت بووە، ئەو دوانە پێشتر یەکتریان ناسیوە! بەڵام سەرچاوەکە دەڵێت سەیارەکەی جەمال جەبار لەبەر ئەوەی بەرزە و بە خێرایی لە سەر فوللایت رۆیشتووە، لەو کاتانەدا سەیارەی بەرامبەر لە بینین نابینا دەکات، تەماشای ڤیدیۆکە بکەن، کە هیشتا فول لایتەکەی نەکوژاندۆتەوە! بۆیە ئەمەش وا لە بارزان رەشید دەکات لایتی بۆ لێبدات تا خێراییەکەی خاو بکاتەوە و لایتەکەشی کز بکات، بەمە تاوانبارەکە توڕە دەبێت و لە سایدی ئەو بەر پێچ دەکاتەوە و دوای دەکەوێت تا دەیوەستێنێت، جەمال جەبار چونکە پێشینەی لە کوشتن و تاواندا هەیە، هەرزەکارانە دەست دەکات بە لێدانی ئەو گەنجە و بەرچاوی خەڵکی و ژنە عەرەبەکەی ناو سەیارەکە ئازایەتیی خۆی دەنوێنێت.

ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێم ویستیان ڤیدیۆکە بشارێنەوە
رووداوی کوشتنی بارزان رەشیدی خوێندکار، بە کامێرای چاودێریی تۆمار کراوە، بە پەلە ئاژانسی پاراستن و زانیاری هەرێم هۆشداری دەداتە ئاسایشی هەولێر کە تۆمارە ڤیدیۆییەکانی کامێراکانی چاودێری ئەو فولکەی کە (بەرزان ڕەشید عوسمان)ی تێدا کوژراوە ڕادەستی دادگا نەکات و تەواویی تۆمارە ڤیدیۆییەکان بسڕێتەوە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پاراستن و بنەماڵەی بارزانی رێگری یاسایی دەکەن، نایانەوێت رێوشوێنێک بەرامبەر بەو تاونبارە بگیرێت! خۆشبەختانە چەند کامێرایەکی دیکە وێنەی رووداوەکەی گرتوبوو، بۆیە فەرمانەکەی دەگای پاراستن بەڕێوە نەبرا و لە چەند شوێنێک بلاوکرایەوە!

دەنگی نارازیی بەرز دەبێتەوە
گەيلان سلێمان عەلی، لێکۆڵەری دادی هەولێر لەو بارەیەوە دەڵێت: بکوژەکە، خزمی یەکێکە لە بەرپرسەکان، دەبوو بەرپرسەکە بۆ سەروەرکردنی یاسا، خۆی بکوژەکەی رادەست بکردایە، بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە ئەگەر بەرپرس ببێتە پارێزگاری بکوژ، ئەمە حاڵەتێکی زۆر ترسناکە، رادەست نەکردنی بکوژ رەنگە کەیسەکەی قورستر بکات، هەرچەندە بەخۆ بەدەستەوەدانی و لێکۆڵینەوە، رەنگە ئەو کەسە بە تاوانکاریش دەرنەچێت". ئەو لێکۆڵەرە دادییە، ئاماژە بەوە دەدات "یاسا بەرامبەر هەموو کەسێک جێبەجێ دەکرێت، بەس ئەو کەسانەی کە گوایە یاسا جێبەجێ دەکەن، کێشەکە لەواندایە، ئەوجا لە سیستەمە سیاسییەکە و بگرە تا دەگاتە دەسەڵاتە دادوەرییەکان، بۆیە ئەگەر گرفت لە سیستەمە سیاسییەکە هەبێت، یاسا سەرەوەر نابێت".

وته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێریش (فازل حاجی) ره‌خنه‌ی توند له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دەگرێت و له ‌باره‌ی کوژرانی ''بارزان ره‌شید'' ده‌ڵێت: پێویسته‌ حکومه‌ت به‌خۆیدا بچێته‌وه‌، بزانێت ئێستا چ نه‌وه‌یه‌کی په‌روه‌رده‌ کردووه‌.
سه‌رۆکی فراکسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی کوردستانیش هۆکاری ده‌ستگیرنه‌کردنی بکوژی بارزان ره‌شید ئاشکرا ده‌کات و رایده‌گه‌یه‌نێت '' له‌م هه‌رێمه‌دا نرخی مرۆڤ زۆر سوک و هه‌رزان بووه‌''.

چەند نمونەیەک کە چۆن بکوژەکان داڵدەدەدرێن!
سەرچاوەکەی کوردستانپۆست چەند نمونەیەکی هێنایەوە وتی: پێشتریش پێش ئه‌م تاوانه‌ دەیان تاوانی دیکە روویان داوە، تا ئیستا كه‌س باسی نەکردووە، بۆ نمونه‌:
وه‌ستا ئاشتی له‌ پیشه‌سازی باكور فیته‌ر بوو، برای وریا زیاره‌تی دوای كچه‌كه‌ی دەکات، وه‌ستا ئاشتی كچەکەی خۆی پێ نادات، دواتر دەیکوژن، بكوژه‌كه‌ نەقیبی ئاسایشه‌ و ناوی فه‌رهاده‌، برای وریا زیاره‌تی به‌رپرسی سوپایی پارتیه‌ له‌ یه‌كه‌ی 80 ی پارتی، تا ئیستا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌ و به‌ ئازادی ده‌سورێته‌وه‌
تاوانێکی دیکە بارزان محسن له‌ هه‌ولێر كوژرا، ئەویش كورێكی ئاسایش كوشتی له‌ سه‌ر هیچ و خۆرایی كه‌ ئێستا بكوژه‌كه‌ لای نجات علی فاتمه‌ و به‌ ئازادی ده‌سورێته‌وه‌ .....
هەروەها پێش دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر مناڵیك له‌ كۆیه‌ كوژرا، ئیستا بكوژه‌كه‌ لای كۆسره‌ت رسوڵ خۆی شاردۆتەوە و سزا نه‌دراوه‌.
تاوانەکان زۆرن، کە نەک بە لیستێک بەڵکو لە کتێبیکیشدا جێگایان نابێتەوە و بنووسرێتەوە.
سۆران عومەر سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی‌ کوردستان لەم بارەیەوە تیشک دەخاتە سەر ئەم رووداوە و و تاوانەکانی هاوشێوەی ئەم تاوانە، لە خوارەوە گوێ لە قسەکانی بگرە:

سەرچاوەکەی کوردستانپۆست لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەمە یەکەم تاوان نییە کە بەرپرس و منداڵ و پیاوە نزیکەکانی پارت و بنەماڵە بەرامبەر بە هاوڵاتییان و خەڵکی کوردستان دەیکەن، دەیان تاوانی هاوشیوەی کوشتنەکەی بارزان رەشید رووی داوە، کەس باسی نەکردووە، رێوشوێنی یاسایی بۆ نەگیراوە، بەتایبەتی پارتیی و بنەماڵەی بارزانی وا بیر دەکەنەوە، بەو شێوەیە دەیانەوێت چارەسەری ئەو تاوانانە بکەن، کە دەڵێن بۆ ماوەیەک قسەی لەسەر دەکرێت، لە سەرەتادا پیاوکوژەکە دەشارنەوە، ئەگەر زۆر فشاریان خرایە سەر، ئەوا تاوانبارەکە تەسلیم دەکەن، دوای ئەوە شانۆگەرییەکی بۆ دروست دەکەن و بەڕەلای دەکەن، لەو نێوانەشدا خەڵک چەند کەسێک دەهێنن و عەشایرانە چارەسەری کێشەکە دەکەن. بۆیە لە هەرێمدا یاسا هیچ رۆڵێکی نییە، ئەمە کەلتور و یاسای بنەماڵەی بارزانییە، کە بەو شێوەیە بەڕێوە چووە، بەو شیوەیەش چارەسەری تاوان و کوشتن دەکەن. سەرچاوەکە دەڵێت ئەم تاوانبارە کە ناوی جەمال جەبارە پیاوکوژی پاراستن و بنەماڵەی بارزانییە، هێندەی من ئاگاداربم هەروا بە ئاسانی نایدەن بە دەستەوە.
ئەو دوو کەسەی دیکە کێن، کە ئەم تاوانبارە کوشتوونی؟!
لە لایەکی تر هەواڵەکانی ئەم چەند رۆژە بڵاویان کردەوە، کە بکوژەکەی (بەرزان ڕەشید عوسمان) پێشتر دوو هاوڵاتی دیکەی کوشتووە کە بەپێی یاسا ماددەکەی (406)ە کوشتن بە ئانقەست بووە، نابێت ئازاد بکرێت، بەلام جەمال جەبار بۆ یەک ڕۆژ لەلایەن دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسەوە بۆ ئەو دوو تاوانەی پێشتووتریش لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا نەکراوە و نەگیراوە.
سەرچاوەکە بە کوردستانپۆستی راگەیاند، ئەو راگەیاندنانە ناوی ئەو دوو قوربانییەیان بڵاونەکردۆتەوە! بەڵام من ئاشکرای دەکەم، کە یەکێک لەوانە کوردێکی رۆژئاڤایە، هەروا بە خۆڕایی کوشتی و لە ناوچوو، دووەم کەس ناوی ئازاد خالید شینكییە، کە ساڵی 2011 به‌ فەرمانی عه‌لی حسێنی خاڵی ئەم کارەی کرد. ئازاد خالید شینكی برای نه‌وزاد شینكی بووه‌، بنەماڵەی شینکی یه‌كێكە له‌ بازرگانه‌كانی هه‌ولێر. نه‌وزاد شینكی ركابه‌ری عه‌لی حسێن بووه‌ بۆ وه‌رگرتنی زه‌ویه‌كانی گوندی ئیتالی دوو، عەلی حسێن سورچی لە رێگای جەمال جەباری خوشکەزایەوە ئازاد شینکی کوشت. پاش ئەو تاوانە به‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری كۆتاییان به‌ دۆسیه‌كه‌ هێنا.
ئەم تاوانبارە پیاوکوژی تایبەتی پارتیی و بنەماڵەی بارزانیی و عەلی حسێنە!
سەرچاوەکە درێژە بە باسەکە دەدات و دەڵێت، ئەم توانبارە تەنیا ئەو دوانەی نەکوشتووە، بەڵکو چەندین کەسی دیکەی بۆ پاراستن و پارتیی، هەروەها بۆ خودی عەلی حسێن سورچی کوشتووە، لەو دواییەشدا بنەماڵەی بارزانی پلانی ئەوەیان بە دەستەوە بوو، کە شێخ بەهرامی شێمەی هارونیش بە دەستی نەقیب جەمال جەبار بکوژن، تا دوژمنایەتی بخەنە نێوان ئەو دوو عەشرەتەوە. ئیستا شێخ بەهرامی شێمەی هارون رایکردووە و لە ئەڵمانیایە، لەوێ بۆتە پەنابەر. (لە درێژەی باسکەدا زیاتر قسە لەسەر ئەمە دەکەین).
چۆن بەرپرسی لقی دووی پارتی لێدوان دەدات و پینەی تاوانەکە دەکات!؟
عەلی حوسێن، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتیی کوردستان، کە خاڵی بکوژەکەیە دەڵێت: جەمال جەبار خوشکەزای منە، هەوڵم داوە و ڕازیمان کردووە کە بدرێتە فەرماندەیی و خۆی ڕادەستی فەرماندەیی کردووە، بەڵام پاشان چۆن لە فەرماندەیی بەر بووە، ئەوە نازانین؟
هەروەها لەلایەکی تر بە پێچەوانەی قسەکانی پێشوتری و لە لێدوانە بێسەرو بەرەکانییدا درۆیەک دەکات و دەڵێت پاش ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌ قێزه‌ونه‌، خوشکه‌زاکه‌م له‌ فه‌رمانده‌یی هه‌ولێر ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه‌ و دواتر هه‌ڵهاتووه‌، به‌ڵام لەم بارەیەوە فەرماندەیی هەولێر قسەکانی عەلی حسێن بەدرۆ دەخاتەوە و لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: تاوانبار بەهیچ شێوە یەك دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی لە هیچ بارەگایەك نەبووە، تەنها بە پێی پەیوەندی تەلەفۆنی كەمتر لەیەك كاتژمێر گەڕِاوەتەوە بۆ ڕەبایەكەی خۆی لە گوندێكی قەراج دواتر خۆی ون كردووە و نادیارە. واتا عەلی حسێنی بەرپرسی لقی دوو، درۆی فەرمو. 
بە درۆوە دەڵێن باوکی تاوانبارەکە لە پیرمام دەستبەسەرە
هەروەها کەسوکارەکەی درۆیەکی دیکەیان بۆهۆنیوەتەوە، گوایە جەبار خەیلانی باوكی بكوژەكە، ئێستا لە بارەگای هەواڵگریی لە پیرمام، دەستبەسەرکراوە، تا ئەو كاتەی كوڕەكەی خۆی رادەست دەكات، هەرچەندە ئەمەش بۆ خۆی ددانپێدانانە کە باوک و خاڵ و کەسوکارەکەی لەگەڵ دەزگای پاراستن، ئەو تاوانبارەیان شاردۆتەوە، کە هەرچەندە وا نییە و دەستبەسەر نەکراوە، بەڵام رۆژنامەی رووداو ئەو درۆیەی بۆ دەکات و دەڵێت پێش ئەوەی دەستبەسەر بكرێ سەبارەت بەو تاوانە بە رۆژنامەی رووداوی وتوە: "ئەو كارە نەك زوڵمە بەڵكو تاوانێكی زۆر گەورەی سەر زەوییە". دەڵێت کوڕەکەم کارێکی خراپی کردووە، منیش پێم گوت کە لەگەڵ ئەوە دام بگیرێت، بەڵام کوڕەکەم ئامادە نەبوو خۆی ڕادەست بکات، تا رۆحم تێدا مابێت بەدوایدا دەچم تابزانم لە كوێیە، هەر لە زاخۆ هەتا خانەقین لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی رادەستی یاسای بكەین".
هەموو ئەو قسانە درۆ و دەلەسەن و لە راستییەوە دوورن
سەرچاوەکەی کوردستانپۆستیش لەم بارەیەوە دەڵێت، کەوا لێدوان و قسەکانی عەلی حسێن سورچی بەرپرسی لقی دووی پارتیی، کە خاڵی تاوانبارەکەیە، هەروەها باوکی توانبارەکەش، ئەوانەیش کە دەزگای پاراستن و راگەیاندنەکانی سەر بە خۆیان قسەی لێوە دەکەن، قسەکانیان دوورن لە راستییەوە و هەموویان بۆ کات کوشتن ئەو قسە و لێدوانانە دەدەن! جەمال جەباری تاوانبار بە یارمەتی سیداد و دەزگای پاراستن، خاڵ و باوکی رێ و شوێنیان ونکردووە و خۆیان شاردوویانەتەوە. 
عەلی حسێن بەرپرسی لقی دووی پارتیی لەگەڵ خوشکەزا پیاوکوژەکەی
چۆن عەلی حسێن سورچی خاڵی تاوانبارەکە دەربازی کردووە؟! 
سەرچاوەکەی کوردستانپۆست دەڵێت ئه‌و شه‌وە دوای ئه‌وه‌ی گه‌نجەکە‌ ده‌كوژێت و به‌سه‌یاره‌ به‌سه‌ر لاشه‌كه‌یدا ده‌روات به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ سه‌عدونی خاڵی و برای عه‌لی حسین پیی راده‌گه‌یه‌نێت فریای بكه‌وێت، ئه‌ویش پێی ده‌ڵێت برۆ بۆ لقی 2 منیش دێمه‌ ئه‌وێ پاش چه‌ند خوله‌كێك نەقیب جەمال جەبار سه‌یاره‌كه‌ی له‌ كۆڵانی پشته‌وه‌ی لقی 2 كه ‌ده‌رگای پاراستنی هه‌ولێر و سكرتاریه‌تی لاوانی لێیه‌ به‌جێ دێڵێت و ده‌چێته‌ ناو لقی 2 . عه‌لی حسێنی خاڵییشی به‌ته‌له‌فۆن قوه‌ی ته‌واری هه‌ولێر (هێزی ماده‌ و به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر عه‌بدولخالق) مه‌شغوڵ ده‌كات، گوایه‌ بكوژ له‌ فه‌رمانده‌ییه‌ بچن بیگرن، دوای ئەوە به‌ فرمانی علی حسین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س گومان نه‌كات به‌ سه‌یاره‌ی ئاریان سه‌لاحه‌دین كارگێری لقی2 به‌رپرسی رێكخستنی لق، جەمال جەباری خوشکەزای ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وی لق ده‌كات، ئه‌و شه‌وه‌ له ‌ماڵی ئاریان ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌یاره‌كه‌ی نەقیب جەمال جەباریش به‌فرمانی عه‌لی حسین، پاسه‌وانێكی نزیکی خۆی رادەگەنێت، کە ژماره‌كەی لێبکاتەوە و ژمارەیەکی دیکەی لێبدات، دوایی بیبات له‌ یه‌كێك له‌ خانوه‌ نه‌فرۆشراوه‌كانی گوندی ئیتاڵی دوو رایبگرێت.
ئاریان سلاحدین، كارگیری لقی2
بنەماڵەی تاوانبارەکە بناسە!
سەرچاوەکە دەڵێت: ئەوەشتان پێ بڵێم، کە بنه‌ماڵه‌ی بكوژ نەقیب جەمال جەبار خه‌یلانی قێزه‌ونترین بنه‌ماڵه‌ی هه‌ولێرن و باوكی بكوژ جه‌بار خه‌یلانی پێشانگای سه‌یاره‌ی هه‌بوو به‌ناوی (خه‌لان) به‌ ده‌یان ده‌فته‌ر دۆلاری خه‌ڵكی هه‌ولێری خواردووه‌ و ته‌عه‌دایان له‌ چه‌ندین عه‌شایه‌ری مه‌زره‌عەكان كردووه‌ و زیاتر له‌ 3 ملیۆن دۆلاری هاولاتیانیان خواردووه‌، ئه‌مانەشیان به‌ پشتی عه‌لی حسێن کردووە دوایی وازیان له‌ ئیشی پیشانگا هێنا. ئاشكرایه‌ عه‌لی حسێن شه‌ریكی شێخ نیهاد برای مه‌سعود بارزانیه‌ و به‌رده‌وام سیدادیش هاوكاری عه‌لی حسین ده‌كات له‌ روی كاری حیزبی، بۆیه‌ عه‌لی حسین له‌ نێو پارتی پیگه‌ی به‌هێزی هه‌یه‌ و ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر جومگه‌ هەستیارەکانی پارتییدا، لە ژێریشەوە لە رێگای خێردار و سه‌عدونی برایەوە بازرگانی دەکات، پێشتر (كوردستانپۆست) لەسەر ئەمەی نووسی. کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
هۆکارى بەرزبوونى نرخی بەنزین لە هەولێر فایلدارێکی سورچییە
لە کوێ تاوانبارەکەیان شاردۆتەوە؟!
سەرچاوەکە دەڵێت: جەمال جەبار لە چەند شوێنێک خۆی شاردۆتەوە جێگۆرکیی پێدەکەن، یەکێک لەو شوێنانە، کە خۆی تیا حه‌شارداوه‌ له‌ مه‌زره‌عه‌ی عه‌لی حسینه‌ له‌ هه‌ریر له‌ زنجیره‌ چیاكانی هه‌ریر. عه‌لی حسین 15 خانوو لەگەڵ مه‌زره‌عه‌یه‌كی هه‌یه‌، هەروەها وەکو ئێمە ئاگادار بیین ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ لای جه‌مال مورتكه‌ش خۆی حه‌شاردا بێت، چونكه‌ جه‌مال مورتكه‌ زۆر جار كاری عه‌شایه‌ری و سوڵح ده‌كات و له‌ عه‌لی حسینەوە نزیکە.

پاراستن ویستی لە رێگای جەمال جەبارەوە شيخ بارامي شيمەی هارون بکوژێت!
سەرچاوەکە ئەو زانیارییە گرنگەشی پێداین، کەوا ماوه‌یه‌كه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌ول ده‌ده‌ن ئازار و سوكایه‌تی به‌ ماڵی شێمەی هارونی كۆنه‌ جاش و خزمه‌تكاری ده‌یان ساڵه‌ی پارتی بكه‌ن، بۆیه‌ ئەو تاوانبارە، (جەبار خەيلاني) یان لە مەلا ئۆمەر نیشتەجێ کردووە بەرامبەر بە مالی شێمه‌ی هارون، ئەویش‌ دەستی بەسەر هه‌ندێ ماڵ و موڵکی شيخ بارامي شيمەدا گرتووە و له ‌چه‌ندین شوێن سوكایه‌تی به ‌بنه‌ماڵه‌ی شێمه‌ دەکات، ئه‌و كارانه‌ش به‌پاڵپشتی مالی بارزانی دەکات‌، لەو بارەیەوە بارامی شیمه‌ی هارونی گوتویه‌تی من ده‌زانم ماڵی بارزانی ده‌یانه‌وێ ئازارم بده‌ن، بەڵام من نامه‌وێ خۆم وه‌ك حسین ئاغای سورچی توش بكه‌م، بۆ ئەمە رایكردوه‌ ئیستا لە ئه‌ڵمانیا خۆی کردووە بە پەنابەر، چونکە پلانی دوای ئەم سووکایەتییە کە لە رێگای بنەماڵەی خەیلانییەوە بە بنەماڵەی شێمەی هارونی دەکرێت، ئەوەیە کە بە نیازبوون ئەرکی کوشتنی شيخ بارامي شيمە بە جەمال جەبار بسپێرن.
نەقیبی نەخوێندەوار جەمال جەبار پیاوی بنەماڵەی بارزانییە، بە ئاسانی نایدەن بەدەستەوە!
سەرچاوەکە دەڵێت: ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه جەمال جەبار پیاوکوژێکی ئاسایی نییە و خزمه‌تكارێكی بنه‌ماڵە‌ی بارزانییه‌، چەند تاوانی دیکەی بۆ ئەنجام داون و چەندی کەسی دیکەی بۆ کوشتوون، هەروەها ئەم کارە ئەوەش دەردەخات، كه ‌بنەماڵەی بارزانی وه‌فایان بۆ كه‌س نییه‌، گه‌رنا مالی شێمه‌ی هارونی ده‌یان ساڵە‌ خزمه‌تی ماڵی بارزانییان کردووە، ته‌نانه‌ت له‌شه‌ڕی ناوخۆدا بەرەنگاری یەکێتیی بوونەوە، نەیانهێشت ئه‌و هێزه‌ی یه‌كێتی مه‌لا ئومه‌ر بگرێت.
لە کۆتاییدا سەرچاوەکە دەڵێت: هەروەکو چۆن بنەماڵەی بارزانی وەفایان بۆ بنەمالەی شێمەی هاروون نەبوو، هەروا بۆ بنەماڵەی عەلی حسێن سورچییشان نابێت، هەر کاتێک کاریشیان بە عەلی حسێن سورچی نەما، ئەوا بۆ خۆیان بیانوییەک دەدۆزنەوە، جەمال جەبار لەناو دەبەن، چارەنووسی عەلی حسێن سورچییش لە فەرەیدون جوانرۆیی باشتر نابێت!
سەرچاوە:
هەندێک لە لێدوانەکان لەم سایت و رۆژنامانەی خوارەوە وەرگیراوان:
رووداو
باس نیوز
میللەت
لڤین
کەی ئێن ئێن


بابەتی پەیوەندییدار: