جەلەمۆرد ، گەورەترین قوربانی فەرامۆشكراو !

Wednesday, 11/05/2016, 22:21

2758 بینراوە


گەلی كورد خاوەنی چەندین قوربانی مەزن و كارەساتی دەڵتەزێنە كە دەرخستن و ناساندن و بە ڕۆژڤكردنی وێژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێت، بەڵام جێگەی داخێكی گرانە بەشێكی زۆری هێشتا بە بێدەنگی و شاراوەیی ماوەتەوە نەك بە مرۆڤایەتی نەناسێنراوە بەڵكو خەڵكی كوردستانیش وەك خۆی ئاگادارینین وئاشنای مەرگەسات ونەهامەتیەكانی گەلەكەی خۆیان نەبوونە، ئەوەی دەمەوێت باسی بكەم یەكێكە لەگوندەكانی سنوری شوان و نزێكی چیای خاڵخاڵان، ئەویش گوندی جەلەمۆردە ئەو گوندەی خاوەنی گەورەترین كارەسات و مەزنترین قوربانیدانەو فرامۆشكراوترین كوندی كوردستانە، گوندی جەلەمۆرد وەك تەواوی ئەوگوندانەی كوردستان كە شاڵاوی بەدناوی ئەنفال وێرانی كردن نەهامەتی بەرۆكی گرد، بەڵام نەهامەتیەكەی جەلەمۆرد وەك هێچ گوندێكی تری كوردستانی خاپوركراو نەبوو، بەرلەوەی ڕژێمی بەعسی دڕندە دەستی جەلادەكانی بگەیەنێت بە گوندەكە ژمارەی ئەو خێزانانەی ژیانێكی ئاساییان دەبردەسەر (130) خێزان بون ، بەڵام تاوانی ئەنفال بێبەزەیانە وەك خەزانێك چۆن گەڵاكان دەوەرێنێت بەجارێ هەڵیوەراندن، تەنها لەو گوندە بچوكەدا (480) مرۆڤی بێتاوان ڕاپێچی دۆزەخەكەی نوگرەسەلمان كران، ئەوەی زانراوە لەو ژمارەیە تەنها حەوت كەس ڕزگاری بووە، جەلەمۆرد تاكە گوندی كوردستانە زیاتر لە سەدا نەوەدی دانیشتوانەكەی لە شاڵاوی ئەنفالدا بون بە خۆراكی بیابان، چەمی" بابەروشە" ئەو چەمەیە كە نزیكی گوندەكەیەو ژمارەیەكی زۆر خەڵكی ئەو دەڤەرە خۆیان تێدا حەشاردابوو، بەڵام لە مانگی پێنجی 1988دا بەكرێگیراو خیانەتكاران دەستی جەلادەكانیانگرت و گەیاندیان بە ڕۆحی دووهەزار مرۆڤی بێتاوان و ئەوانیش هەروەك و دانیشتوانی گوندی جەلەمۆرد پێكەوە بیابان ونی كردن، گوندی جەلەمۆردو چەمی بابەروشە شوێنی گەورەترین قوربانی و جینۆسایدی گەلی كوردن بەپێی بچوكی سنوری جوگرافیای گوندەكە، بەڵام ئەو قوربانیە مەزنە لە پەرتوكی قوربانیەكانی كوردستاندا شوێنێكی شایستەی پێنەدراوە و ئەو كەسانەش كە ماونەتەوەو نەیان هێشتووە گوندەكەیان بۆ هەمیشە بە وێرانەیی بمێنێتەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ئاوەڕیان لێ نەدراوەتەوەو باری خەمەكانیان لە سەرشان لانەبراوە، بیست و هەشت ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو تاوانە بێوێنەیەدا كە گوندێك لە سەدا دەی خەڵكەكەی لە شاڵاوی مەرگ دەربازیان بووە، بەڵام لە سەدا یەكیش ئاوەڕیان لێ نەدراوەتەوە، هەرچەندە بەشێك لە ئەو بەرپرسانەی ساڵانێكە لە سایەی خوێنی ئەوشەهیدانەو ژیانی شاهان دەبەنەسەرلەكاتی پێشمەرگایەتیاندا خەڵكی ئەو گوندە خزمەتی خویان و ماڵ و منداڵیانی دەكرد، بەڵام ئەوان ڕابردویان لە یادكردو بەسەردانیش ناچنەوە بۆ ئەو دەڤەرە وێرانە، لە دوای بیست و هەشت ساڵ هێشتا جەلەمۆرد لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەشە، تەنها دوو سێ ساڵە یادی ئەو تاوانە گەورەیە دەكرێتەوە ئەوەش بە هەوڵی چەند گەنجێكی دڵسۆزی گوندەكە نەك بەرپرسە نابەرپرسیارەكان، سێ ساڵ لەمەوبەر مۆنۆمێنتێك لەسەر ئەركی كەسێكی خێرخواز دروستكراوە جێی دەسخۆشیە، بەڵام دەبوو حكومەت ئەو گوندەی وەك سیمبولی قوربانی بەخش و ئەنفالكراوی تەواوی گوندەكانی كوردستان بناساندایەوە مۆنۆمێنتێكی شایستەی ئەو قوربانیە گەورەیەی دروستبكردایەو خزمەتێكی بەگوندەكە بكردایە كە نەك لە كوردستانەوە لە تەواوی جیهانەوە هەرمرۆڤدۆستێك خوازیاری ئەوە بوایە سەردانی بكات، هەموساڵێك خەڵكی قوربانی بەخشی فەرامۆش كراوی كەس و كاری ئەنفال كراوەكان بەرلەوەی یادی مەرگی خۆشەویستانیان بكەنەوە دەڵێن پێویستە حكومەت ئاوڕمان لێبداتەوە، بەڵام حكومەت ئەوەی لە یادی نەبێت كەس و كاری قوربانیەكانن، بە پێچەوانەوە ئەنفال چی و جاش و خۆفرۆشەكان ژیانیان ئەوەندە لە ژیانی قوربانی بەخشەكان خۆشترە كە هەرگیز بەراورد ناكرێت، 10\5\2016 یادی ئەوتاوەنە مەزنەی بەعسی ڕوخاوو ئازارو مەینەتیەكانی گوندی جەلە مۆردی بێناز و فرامۆشكراوە، بۆیە پێویستە ڕێگە نەدرێت بە بەرپرسە دەسڕۆیشتۆكانی وڵات لە دوریشەوە فرمێسكی ساختە بڕێژن، ئەگەر دیانەوێت هاوبەشی خەمی ئازار چەشتۆكان بن و یادی ئەو ڕۆژە ڕەشە بكەنەوە پێوێستە پێشتربرینەكان ساڕێژبكەن و جەلەمۆردێك بەسەربكەنەوە كە شایستەی قوربانیەكانی بێت هیچ لەوە زیاتر نا، كە پێشتان ناكرێت ئیتر بێدەنگ بن و كولانەوەی برینەكان بەسە بەڕاستی شەرمەزاریە بۆ دەسەڵاتداران لە ساڵی 2016 و لە یادی 28 ساڵەی ئەو تاوانە گەورەیەدا موژدەی دەسەڵات بۆ خەڵک ئەوەیە کە تەنها قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەک بۆ ئەو خەڵکە دڵ بریندارو قوربانی بەخشە دروستکرابو بەڵام لە سایەی قەیرانی دروستکراودا دەرگاکانیان قفڵ دراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە