ئـاگردانەکەی دەسەلات

Tuesday, 17/05/2016, 17:58

2089 بینراوە


ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ بزوتنەوە و ڕێکخراوە بە ناو شۆڕشگێڕ و رۆشنبیرییەکانیان دوکەڵدانەکەن و لێ ناگەڕێن ئەو ئاگرە  بکوژێتەوە کە لە ئاگردانی دەسەلاتدا خەلکی پێ سور ئەکرێتەوە  و بەردەوامی بە  ئاگرەکە دەدەن، بەشێکی زەرور و مایندەن لە نێو موئەسەسەی دەسەلاتدا، تێگەیشتن لەوە تۆزێک دژوارە بەڵام لە کۆتاییدا  پێویستییێکە بۆ ئازاد بوون و نەکەوتنە نێو تۆڕ و داوەکانی دەسەلاتەوە لە ژێر ناوی جوان و بریقەدار.
 تا ئێستا لە باشوری کوردستاندا هیچ رێکخرا و پارتێکی ئاپۆچی مۆڵەتی کارکردنی نییە! چونکە ئەوان وەک ڕێکخستن بەشێک نین لە دەسەلات و سیستەمی باشور بۆیە ڕێگایان پێ نادرێ! دەنا خۆ  خەلکی ئەم هەرێمەن، هەموو ئەوانەی کە ڕێگایان پێ دەدرێ کار بکەن و خۆ با بدەن و مەسروفیان لەسەر دەکرێ بە گۆڕان و ئیسلامی و سەلەفی و زەحمەتکێش و راست و چەپ ..هتد، بە ڕەهایی بەشێکن لەو سیستەمە گەندەڵە و دەسەلاتە خێڵەکیەکە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین زۆر جوان و ڕوون دیارە کە دەسەلات چۆن یاری بەگەل دەکا بۆ ئەوەی جوڵە نەکا و نقەی نەیەت، یارییەکان زۆر قێزەوەنن و جیهانی ئەو یارییانە شوێنی مرۆڤە دەمامکدار و لۆتییەکانە، ئەو جیهانە شوێنی بەرنامەداڕێژیییە بۆ هاڕینی کۆمەلگا و ئاراستە کردن و کۆیلە کردنی. 
ئەو ڕوداوانەی ئەو دواییە نیشاندەر و بەڵگەی حاشا هەلنەگر بوون لەسەر ئاخاوتنەکانم، بە تایبەت یەک گرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، بە جۆرێک كە گەڵی کوردیان لە باشور خستۆتە دۆخێک کە شانازیشیان پێوە بکا! لە جێی خۆیەتی بپرسین کە ئایا یەکێتی نشتیمانی بووە بەو هێزە دیموکرات و چاک و لەبار و مرۆڤ دۆستە؟  تا گۆڕان لەگەلی بچێتە ناو ڕێکەوتنێكەوە کە دەیانکاتە هێزێکی هاوبەش لە سیاسەت کردن و هەنگاو ناندا، ئایا  زۆنی سەوز بە ئێستاشەوە بە هەموو کەم و کورتییەکانییەوە لە ژێر دەسەلاتی یەکێتی دا نەبووە؟ وە ئێستاش نییە؟ ئایا گەندەلییەکان بنبڕ یا سنوردار کراون؟ ئایا جادەکان قیرتاوێکی باشتر لە جاران کراون؟ ئایا ئیدی گرتن و لێدان و دەزگا چەکدارییە حیزبییەکان وەلا نراون؟ بە دڵنیایەوە نەخێر! زۆنی زەرد چییە زۆنی سەوزیش ئەوەیە، نەک هەر لە زولم و لە خزمەتگوزاریدا بەڵکو لە خزمەت کردن بە دوژمنیش هاوتان، زیندوترین ڕوداو تیرۆر کردنی دوو ئەندامی تەڤگەری ئازادی بوو لە شاری پێنجوێن بە دەستی ئیتلاعات، جگە لە سەدان ئەندامی تری دژبەری ئێران کە لە زۆنی سەوزدا لە ڕابردوو تیرۆر کراون! ئەدی ئەوەی کە زۆنی سەوز دانیشتوانی پشکی شێریان لە شەهادەت و ئەنفال و کیمیا باراندا بەر دەکەوێ، چەند جاش و مستەشار دراونەتە دادگا؟ دەی کەوایە لە سەرانی گۆڕان بپرسن: ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی یان یەکێتی کامەیە جیاوازییەکەی؟ یان ئەوە ئێوە بوون و لە سەرەتاوە خەلکتان چەواشە کرد و خۆتان شاگردەکانی قوتابخانەکەی  جەلالی بوون و لە دواییش دەگەڕێنەوە نێوی، بۆیە خەلک بێ هیوا و ڕەنج بە خەسار دیسانەوە ئاشەکەی دەسەڵات دەیهاڕێتەوە و ئێوەش بەشێک بوون لەو ئاشە و هەر ئاواش دەمێننەوە.
شتێکی تر کە لە دەرەوەی ئەحزاب و لە ناو ناوەندە ئەکادیمیاکان دەرکەوتۆتە پێش, ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵانەن کە بە ناو شۆڕشگێڕن لە  ناوەڕۆکدا هیچ نین جگە لە یارییەکی چەپەلی دەسەلات و بەڵاڕێدا بردنی خەتی شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە کە دیموکراتی جەوهەری و ژینگە پارێزی و یەکسانی رەگەزییە، ئەوەندە بەسە کە ڕێگایان دراوە کار بکەن و کەس لەمپەر نییە لە بەردەمیان، ئەوانە زیاتر لە زۆنی سەوز هەن و کار دەکەن تاوەکو زۆنی زەرد چونکە پارتی دیکتاتۆرێکی دوو ڕوو نییە و قسە لە ڕووە و دەلێ تا ماوین دەبێ خۆمان سەرۆک بین، بەڵام کێشە ئەوانەن کە لە ژێر ناوی شۆرش و ئۆزسیۆن و دیموکراتیدا خەلک چەواشە دەکەن و وەک خوێن مژێک تاواناکانی گەنجان و باوەڕییەکانیان دەمژن و تاکی مارژیناڵ و بێ کاریگەر و لە پەل و پۆ  کەوتوویان لێ بەرهەم دێنن، گرنگە گەنجان درک بەم بابەتە بکەن و بە گەمەکانی دەسەلات هەلنەخەلەتێن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت چرکەیەک نزیکتر بینەوە لەو ئازادی و ئارامییەی کە خەوی پێوە دەبینین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە